ئەرێ بەنیاز نین بارگەتان تێك بنێن و بڕۆن ؟
Tuesday, 20/10/2009, 12:00
هەرچەندە ئامارێكى دروست لەبەردەستدا نیەو ئەگەر بشتەوێ دەستت ناكەوێ، بەڵام بەپێى هەندێ سەرچاوە نزیكەى 150 خێزان لەم ماوەى رابردوودا بارگەى خۆیان تێك ناوەو ماڵیان بەرەو هەولێرو دەوروبەرى گواستۆتەوەو، تازەترین مۆدێل لە مەخموور سەرهەڵگرتنە، ئێستا ئەگەر رووبەڕووى هەر كەسێك ببیتەوە لە دواى چاك و چۆنى راستەوخۆ پێت دەڵێ "ئەرێ بەنیاز نیت بارگەت تێك بنێیت و بڕۆیت؟"، ئەو رێژەش بەردەوام لە هەڵكشاندایەو لەبەرامبەریشدا خەڵكى عەرەب بە ئاراستەى پێچەوانە روو لە دەڤەرەكە دەكەن و خانوو دەكڕن.
دیارە هۆكارى سەرەكیش لە چۆلكردنى دەڤەرەكە، نەبوونى پڕۆژە خزمەتگوزارى پێویستەو تەنانەت هەندێ لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانیش بۆ بەسەربردنى ژیانێكى سادە لەو دەڤەرەدا نیە، بایكۆتكردنى موسڵ و تا ئێستا نەگەڕانەوەى مەخموور بۆ سەر ئیدارەى هەولێر بەدبەختیەكى ترى دەڤەرەكەیە، ئەمەش جێگەى نیگەرانى خەڵكەكەیەو هیچ ئومێدێكى بۆ بەدیهاتنى خۆشگوزەرانى لاى خەڵكەكە نەهێشتووە، لەولاوەش بەڵێن و پەیمانەكانى بەرپرسان بۆ ئەنجامدانى پڕۆژە گەلێك، جا چ حكومەتى هەرێم چ ئیدارەى موسڵ بێت، هێندە زۆرن بەڵام هەر لە قسەى رووت تێپەڕ ناكەن و نەخراونەتە وارى كردارییەوە.
لەلایەكى تر لەشوێنى ئەوەى هەوڵ بدرێت بۆ گەڕانەوەى ئەو خەڵكەى كە لە شارەكانى سەر بە ئیدارەى حكومەتى كوردستان نیشتەجێن و خەڵكى ئەو دەڤەرەن، كەچى رێگە بەو خەڵكانە دەدرێت كە لە مەخموور نیشتەجێن و ماڵیان دەگوازنەوە بۆ هەولێرو دەوروبەرى، ئاخر ئەگەر ئەو خەڵكە پشتگیرى ئاسایش یا قایمقامیەتى مەخموورى لانەبێ چۆن دەتوانێ ماڵى بگوازێتەوە، كەواتە بەرپرسانى ئیدارى بەپلە یەك رێگە خۆشكەرن بۆ گواستنەوەى خەڵكى دەڤەرەكە بۆ هەولێرو دەوروبەرى، ئەگەر من لەو سیاسەتەى ئیدارەكە تێنەگەیشتبم كە ئایا ئەو رێگە پێدانە لە بەرژەوەندى دەڤەرى مەخموورو تاكى كوردە یا پێچەوانەكەى راستە؟، ئەوا بێگومانین لەوەى كەمبوونەوەى رێژەى كورد بەرامبەر بە عەرەب مەترسى لەدەستدانى ئیدارەكەمانى لێدەكەوێتەوە لەهەر هەڵبژاردنێك كە بۆ ئەنجوومەنى قەزاكە بكرێت.
دەسا كەوایە پێویستە رێگە چارەى گونجاو بگیرێتە بەر بۆ گەڕاندنەوەى خەڵكەكە لە شارەكانى ترەوە بۆ سەر زێدى خۆیان، نەك رێگە خۆش بكرێ بۆ گواستنەوەى پێچەوانەى خەڵك، بێگومانم كە سەركردایەتى كوردو پەرلەمان و حكومەتى كوردستان دەتوانن ئەو رێگە چارانە بدۆزنەوە بەرلەوەى كارلەكار بترازێ، دەنا بۆى هەیە بەرپرسانیش رۆژێ دابێ لەم رووەوە لاسایى خەڵكەكە بكەنەوە، هەرچەندە كارەكە بۆ ئەوان ساناترەو ماڵ و حاڵیان لەو دەڤەرەنیە، تا ئەگەر ئەوانیش بەنیازبن بڕۆن بارگەیان تێكبنێن، ئەوا تەنیا كورسیێكەو هیچى تر..!
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست