لە یادی، کاک ئازاد مستەفادا
Wednesday, 19/03/2014, 12:00
2338 بینراوە
لە ١٩/٣/١٩٨٩ وە، و هەر ساڵێ لە دامێنی بیرەوەرییەکانی "شینی هەڵەبجە و شایی نەورۆز"دا، بۆ ئێمەی هاوبیرانی نەتەوەیی، خەمێکی تریش دێتە سەر کۆی خەمەکان. بەژنەباڵای کاریگەریی ئەو خەمە، تا بێت، بەرزتر هەڵدەچێ و بازنەی ژان و ئازاری فراونتر دەبێت.
٢٥ ساڵ بەر لە ئێستا، لە نەخۆشخانەی کارۆلێنسکا/ستۆکهۆڵم،دڵی سکرتێری گشتی "پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک " هاوبیر کاک ئازاد مستەفا" لە لێدان کەوت.
کاک ئازاد، دوای ئەوەی دووچاریی نەخۆشییەکی کوشندە دەبێت، و مەرگ بە جددی هەڕەشە لەسەر ژیانی دروست دەکات. بە ناچاریی و بەزۆریی هاوبیران، ئەو بستۆکە خاکە ئازادە(نێو ئەشکەوت و بن دارودەوەن و پەنا تاشەبەردەکانی کوردستان)،کە هێشتا بەر شاڵاوی ئەنفالی بەدناو نەکەوتبوون، بەجێدێڵێ بە ئاواتی چارەسەرێکی خێڕا و گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی خەبات دێتە وڵاتی سوید. دوای دووساڵ ململانێی سەخت و دژوار،سەرئەنجام مەرگ بەسەر ژیانی جەستەییدا زاڵ دەبێت و کاک ئازاد چاوەکانی بۆ هەتاهەتایی لێک دەنێت. کاک ئازاد، بە کردەیی هەموو ژیانی تەرخان و بەخشییە نەتەوە و نیشتمانەکەی. هەربۆیەشە بۆ ئێمەی هاوبیران،لە بیرکردنی ئەم سەرکردەیە، مەحاڵ و ئەستەمەوە.
کاک ئازاد، لەتەک دووساڵی پڕ لە ژان و ئازاردا لە سوید، توانی چەند سەمینارێک پێشکەش بکات و بەشداری چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی بەرەی کوردستانی و حیزبی و رۆشنبیریی بێت و رۆڵ لە دەرکردنی کۆمەڵێ بڵاوکراوەدا بگێڕێ و بە نووسین لە چەندین بڵاوکراوەدا بکات و پێوەندییەکی تۆکمە لەگەڵ کەس و لایەنە کوردیی و کوردستانییەکاندا دابمەزرێنێ. هەرلێرەدا هاوشان لەگەڵ کۆمەڵێ کەسایەتی و لایەنی کوردستانی گەڵاڵەی بەرەیەکی کوردستانی سەرتاسەریی ئامادە کرد.
یەکێ لە خەونەکانی دۆزینەوە و پەیداکردنی کەناڵ و دەرفەتی راستەوخۆی پەیوەندیی بوو بە جەماوەرەوە. مەرگی دیوزمە دەرەتانی نەدا،ئەم زەمینەیە بڕەخسێ و بە سووتی کوردایەتی چاوهەڵهێنێت.
ئازاد مستەفا،دوای ئەوەی دەبێتە داینەمۆی هەڵسوڕاندنی(پاسۆک) ،هەر زوو،دوای دووساڵ ڕسکانی پاسۆک ساڵی ١٩٧٧ ، دەکەوێتە بەرچەپۆک و شاڵاوی دڕندانەی بەعس و بە (١٠)ساڵ زیندانی لە زیندانی (ئەبوغرێب)حوکم دەدرێ... پاش ئازادبوونی ساڵی ١٩٧٩،هاوبیرانی شاخ، چەندجارێ داوای لێدەکەن،سلێمانی بەجێبهێڵێت و بەهانایانەوە بچێتە شاخ. کاک ئازاد باوەڕی وابوو، ـ بڕیاڕی نێوەندی سەرکردایەتی پاسۆکیش ئەوەبوو نێزیکی (١٠)ساڵ خەباتی ژێرزەمینی بکەن، بۆ سازدانی زەمینەیەکی دروست و لەبار و تۆکمەی شۆڕش ـ هێشتا ئەرکی هۆشیارکردنەوە و پرینسیپی چەکدارکردنی جەماوەر بە هزر و هۆشی خەبات و شۆرش دروست بە ئەنجام نەگەیشتووە. بۆیە مانەوەی خۆی بۆ خەباتی نهێنی لەناو شار و مەحکەمکردنی خەباتی ژێرزەمینی و توندوتۆڵکردنی ریزەکانی رێکخستنی بە ئەرکی سەرەکی و گرنگ دەزانی.
هاوکات لەو زەمینە ئاڵۆزەی، پاش هەرەسی شۆرشی ئەیلوول و سەرهەڵدانی حیزب و لایەنی جۆراوجۆر ، بە گەرمی وەک ستراتیژ سەرقاڵی کار بوو بۆ دروستکردنی" بەرەیەکی کوردستانی هاوتا" بوو. لەم رووەوە بە پرۆژەیەکی تێر و تەسەل،ئەم پرسە هەستیارەی وەک پاسۆک خستەبەردەم لایەنە سیاسییەکان. لێ مخابن،بە هۆی گەڕەلاووژێی حیزب حیزبێنەوە، سیاسەت و ئەقڵێتی پارتی پێشڕەو و پاڵەوانی گۆڕەپانەوە، نەویسترا پێشوازیی پێویست، لەم دەستپێشکەرییە گرنگە بکرێت.
لە ئەنجامی گوشارێکی زۆری هاوبیران و پێداویستی قۆناخەکە، کاک ئازاد خێزانی و (٥) منداڵی سەروپێچکە و وەک تاقانەی کۆشێ خوشک و دایک و باوکێکی هەژاری پەککەوتە ، جێدێڵێت و لە بەهاری ١٩٨٠ دا دەچێتە شاخ .
ئیدی لە شاخیش،بە وورەیەکی پۆڵایینی نەتەوەییەوە و بەوپەڕی لە خۆبووردووانە،رۆژ بە شەوەوە تەقەڵ تێهەڵدەدات و چالاکانە دەکەوێتە کار. هەر زوو لە بارودۆخێکی یەکجار دژواردا،بە نەداریی و گەمارۆدراویدا، دەکەوێتە دەرکردنی بڵاوکراوە و کاری هزریی و رۆشنبیریی و پەروەردەکردنی هاوبیران. ئەوەی بە یادگار،لە پاش خۆی بۆی بەجێهێشتووین، ٣٣ ژمارەی گۆڤاری (ئاڵای سووری کوردایەتی)،دەیان ژمارەی رۆژنامەی (سەربەخۆیی) و ٤ ژمارە لە گۆڤاری (روانگەی ئازاد) و دەیان نامیلکە و سەدان بابەتی وەرگێڕدراو و هەزاران هەزار نووسینی هەمەجۆری هزریی،مێژوویی،سیاسی،ئەدەبی و ساتیرئامێز و بابەتی دیکەیە...
ئەم شەهیدە سەرکردە،هەرچی ووزە و توانا و هێزی ماکی و مینۆکی خۆی هەبوو،گوشی و بەخشی بە پاسۆک و لە رێی پاسۆکیشەوە بە بیر و هزری کوردایەتی بۆ "کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان"ی پێشکەش کرد. لەم نێوەدا، تەنیا چەند بەرهەمێکی بەناوی خۆیەوە بڵاوکردۆتەوە.
کاک ئازاد، سیاسییەکی کارامە و رۆشنبیرێکی زرنگ و لێپرسراوێکی بەتوانا بوو،کە هێشتا لەهەڕەتی بەرەو پێگەیشتن و کامڵبووندا هەنگاوی هەڵدەهێنا. مەرگ لە ناوادەدا، لەتەمەنی جوانیدا،فرسەتی لێهێناو بەرەو گۆڕستانی دوا مەنزڵگا پێچایەوە، دەنا هێشتا دەیان و سەدان خەون و پرۆژەی مابوو،پێشکەشمان بکات.
شایانی ئاماژەپێدانە،حیزبایەتی و خەباتی چەکداریی لەو قۆناخ و بارودۆخە ئاڵۆز و پڕ لە ململانێی ناپیرۆزەدا، کە بە مەبەست گۆڕەپانی کوردایەتی پێی مەحکوم کرابوو!!، گەلەک جارانیش کەمئەزموونی و سادەییش، کۆمەڵێ ناجۆریی و کێماسی بەدوای خۆیدا هێناوە،و هەندێ فەرمان بە نیوەناچڵی و ناپێویست جێبەجێ دەکرا، کاتێ بەچاوی ئیمڕۆ لێیان دەڕوانین کورت دێنن ودەچنە خانەی هەڵە و گوناهەوە. بەڵام ئەوەی گرنگە، جەوهەر و ئامانج و بیرکردنەوەیە، کە بەراستگۆیی لە پێناوی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەدا دەخرێنە گەڕ. دیارە، کاک ئازاد، بە قەناعەتەوە خەمخۆر و پەرۆشی ئەم داوا و ئاواتە بوو.
شەهید کاک ئازاد، لەسەر وەسێتی خۆی، بە باربوو و کۆمەکی هاوبیران و کوردانی ئابڕوومەندیی سوید و لایەنە سیاسییەکان، تەرمەکەی برایەوە بۆ کوردستان و لە گوندی زەڵی بە کاتی بە خاک سپێردرا. دوای راپەڕین لە رێوڕەسمێکی شایستەدا،لە لایەن هاوبیران و بنەماڵەکەیی و جەماوەریی دڵسۆزی شاری سلێمانییەوە، تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ شاری سلێمانی و لە گردی شەهیدان نێزیک بە هاوبیران و لە تەک گشت شەهیدانی دیکەی رێی رزگاریی و سەربەخۆیی کوردستان دا بە خاك سپێردرایەوە.
یادکردنەوەی کاک ئازاد،کە لەگەڵ سەرەتاکانی بڵێسەی ئاگری نەورۆزدا ساڵوەگەردی دێتەوە، بەرلەهەرشتێ، وەبیرهێنانەوەی مێژووی خەبات و تێکۆشانی کەسایەتییەکی سادە و ساکار و بێنیاز و لەخۆبووردوو و دڵسۆزی کوردایەتی و قەڵەمێکی رەنگینی بە بڕشت و دەیان و سەدان بیرەوەری دیکەی رۆژانی خەباتی سەختی هەوراز و نشێوەکەی کوردایەتییە. ئەمەکێکە بەرامبەر بە قوربانی تاکێکی ئەم نەتەوەیە و تۆماری مێژوویەکە، بەدەستی خۆمان بۆ نەوەکانی دوارۆژ. ئەم چەند پەیفەش پاداشتی خەبات و قوربانییەکی گەورەی لەبیرکراوە.
کاک ئازاد،هەردەم رەوانشاد و بیری کوردایەتیت گەشتر و رێبازت ئاوەدانتر بێت.