پارتی پلانی چی داڕشتووە بۆ دوای هەڵبژاردن !
Saturday, 06/04/2013, 12:00
ئامارەکان وخوێندنەوەی باری سیاسی کوردستان ئەوەمان پێدەڵێن کە لە هەڵبژاردنی ئایندە وچاوەڕوانکراو بنەماڵەی بەرزانی گەورەترین شکست بەدەستدەهێنێت وتووشی شەرمەزارییەکی زۆر گەورە دەبێت. ئەمە ڕۆژی حیسابە، ئەمە توانا وئیرادەی گەلە، ئەمەش خەو وهیوای دڵسۆزانی میللەتەکەمانە. ئەمەش مزگینی ومژدەبەخشە بۆ گەلی کوردستان، مژدەی لەناوچوونی حوکمی عەشایری دواکەوتوو، ڕزگاربوونی میللەت لە دکتاتۆر وزوڵمی ئەژدەهاک، سەرکەوتن بەسەر کۆمەڵە دز وجەردەیەک بە تەزویر وحیلە حوکمیان بەدەستهێنابوو. مزگینی لە رزگاربوون لە سەردەمێکی ڕەش وتاریک بۆ ماوەیەکی درێژ باڵی بەسەر کوردستاندا کێشابوو، مژدەی ڕۆژێک وئایندەیەکی ڕۆشن وڕووناک.
ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پارتی لە پلەی سێ یان چوار دێت ئەگەر ئیسلامیەکان یەکبگرن وبەیەک لیست دابەزن. ئەمەش هۆی ترس ونائارامی بنەماڵەیە.
ئەمە ڕای من بە تەنها نییە ، بنەمـاڵە خۆی باش بەمە دەزانێت وهەستیپێکردووە. بۆیە دەستی داوەتە چاوسوورکردنەوە وهەڕەشەکردن بێجگە لە سەختەکاری، بۆیە دەڵێت کەس ناتوانێت پارتی پەراوێزبکات.ئەمەش داننانە بەدۆڕان، ئەمە پارتی لە خەوێکی خۆش بۆ دەمێکی تاڵ وناخۆش بەئاگادێنێتەوە. لە خەوی حوکمی هەتاهەتایی بۆ واقعێکی ترسێنەر ودۆڕان وحوکم لەدەستدان.
ئەم هەڕەشەیەی پارتی ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە هەروەها زۆر لە ڕەوشت وبنەماکانی دیموکراسییەتەوە دوورە، کە لە بنەڕەتدا باوەڕی پێینییە. لە ساڵی نەوەدودووش سەرکەوتنەکەی تاڵەبانی بەسەر مەسعود بەرزانیدا ڕەتکردەوە وقەبووڵینەکرد.
باشە پارتی چی لەدەستدێت، توانای چی هەیە، لەم حاڵەتە چیدەکات؟ قەیرانێکی سیاسی دروستدەکات ودان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نانێت ووەکوو مالکی وعەلاوی دەکەوێتە شەڕە کەڵەشێر، یان ئەنجامەکان هەڵدەوەشێنێتەوە وهێزی زێڕەڤانی ومیلیشیاکانی دەجووڵێنێت وپەرلەمان داگیردەکات وهێڕش دەکاتە سەر بارەگای پارتە سەرکەوتووەکان وئاگریان تێبەردەدات وڕێگای سلێمانی هەولێر دەبڕێت وهەڵەیەکی مێژوویی تر، شەڕی براکوژی ودووحکوومەتی دادەگیرسێنێت ودووبارەدەکاتەوە؟ یان جارێکیتر پەنا بۆ لەشکر وجەندرمەی تورک دەبات؟
ئەم پارتەی مەسعودبەرزانی سەرۆکیەتی، ئەم حوکمە گەندەڵەی بنەماڵە بەڕێوەی دەبات چاوەڕوانی هەموو شتێکی نابەجێ وناماقووڵی لێدەکرێت، وادیارە یەکێتی نیشتمانیش چاوەڕوانی سیناریۆیەکی وا دەکات بۆیەش پەنای بردۆتە بەر زیندووکردنەوەی هێزی سوورداش وخۆئامادەکردن بۆ هەموو پێشهاتەکان.
دنیا لە سەردەمێکی نوێدا دەژی وگٶڕانێکی گەورەی بەسەرداهاتووە، پەیامە ئاشتیخوازەکەی ئۆجەلان، شەڕڕاگرتن لەلایەن پەکەکەوە، تێکدانی پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر وبەغدا، هەولێر تاران لە بەرژەوەندی میللەتی کورد ودژی خەو ونیازەکانی بناماڵە دەشکێتەوە وهەموو پلانە پیس وگڵاوەکانی بنەماڵە پووچەڵ دەکاتەوە وبێجگە لە سەرشۆڕکردن وقەبووڵی حوکمی واقع هیچیتری پێناکرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست