کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بیرەوەرییەكانی "جەمیل مەردۆخیی" سەبارەت بە قۆناغێكی گرنگی شۆڕشی كوردستان (5)

Wednesday, 26/12/2012, 12:00


بەشێكی كەم لەكارەكانمان لەنێو شۆڕشی كوردستان لە باشوور

لەدەوروبەری مانگی حوزەیرانی 1962دا، لەلایەن بارزانیەوە داوامان لێكرا هەوڵی بینینی كەسایەتییەكی ئەمەریكیی بەناوی "ویلیام ئیگڵتن" بدەین. بۆئەو مەبەستە منیان دیارییكرد، بەمەرجێك بچمە سنەو لەگەلأ شێخ موعتەسەم لەسەری رێكەوین، ئەگەر ئەویش بە باشی زانی ئەو كاتە من هەوڵی دیدارەكە بدەم، وەك ئەحمەد تۆفیق و سلێمانی موعینی بۆمنیان باسكرد گوایە ئیگڵتن كەسێكی پسپۆڕە لەمێژووی كوردو دۆستی بارزانییەو پێشتر لە كەركوك بووەو ئێستا لە ئەسفەهان دادەنیشێت. من داوام لە ئەحمەد تۆفیق كرد بەڵگەیەك یان نامەیەكی بارزانیم بداتێ تاكو بیدەمە ئیگڵتن، بەڵام ئەو وتی پێویست بە هیچ نامەو بەڵگەیەك ناكات، هەرئەوەندە سڵاوی بارزانی پێ بگەیەنەو پێی بڵێ كە بارزانی داوایكردووە بێتە سنوور بۆئەوەی چاوی پێبكەوێت.
لەسەر داوای برادەران ملی رێگام بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە گرتەبەرو لەهەورامانەوە چومە تەوریوەرو بەهۆی مەرحوم شێخ سەلامی ئامۆزامەوە شێخ موعتەسەمم ئاگاداركردەوەو دوای دەستنیشانكردنی شوێن و كاتی دیارییكراو، چاومان بە یەكتركەوت، شێخ رازی بوو بۆ دیدارەكە، بەڵام وتی ئەتوانم تەنیا هاوكاریت بكەم كە بچیتە تاران و لەوێوە بۆخۆت كەسێك بناسیت تاكو بتباتە ئەسفەهان، وتم لەڕاستییدا من لەتاران كەس شك نابەم، ناشكرێت ئەو داوایەی بارزانی جێبەجێنەكەم، ئەویش وتی بگەڕێوە بە ئەحمەد تۆفیق و سلێمان بڵێ با یەكێك لەوان بێت دەیبەمە تاران و ئەوان كە ناسیاویان لەتاراندا هەیە دەتوانن بچنە ئەسفەهان. كەگەڕامەوە ئەحمەدو سلێمانم بینی و باسەكەم بۆ گێڕانەوە، زۆریان پێناخۆش بوو كە كارەكەم بێئەنجام بووە، بەتایبەت ئەحمەد لەسەر رۆیشتنبوو بۆ ناوچەی بادینان بۆلای بارزانی و نەشیدەتوانی بڕوات و داواكەی بارزانی جێبەجێنەكردبێت. ئەوەبوو ئەحمەد تۆفیق خۆی ئەو ئەركەی گرتەئەستۆ، من لەگەڵی رۆیشتم لەرێگای تەوێڵەوە چووینە نوێن و لەوێوە ئەحمەد چووە سنەو بەهۆی شێخ موعتەسەم و شێخ عەبدوڵاوە كوڵەباڵێكی هەورامیان كردبووەبەرو بە ماشێن بردبوویانە تاران. ئەحمەد لەم سەفەرە 25 رۆژی پێچوو، پاش گەڕانەوەی یەكسەر چووە لای بارزانی، لەوێشەوە بارزانی رەوانەی لوبنانی كردبوو، لەرێگای سوریاوە، ئەحمەد لەسەفەرەكەی لوبنان ئەم كارانەی ئەنجامدابوو:
- بانگێشتی عیسمەت شەریف وانلی، لەوێ بەنوێنەرایەتی بارزانی بەیاننامەیەكیان بڵاوكردبووەوەو باسیان لەهەموو ئەو رووداوانە كردبوو كە لەو ماوەیەدا لەعێراق روویدابوو.
- چاوپێكەوتنی روژنامەوانیان ئەنجامدابوو بۆ راكێشانی بیروڕای جیهان سەبارەت بە كێشەی كورد.
- لەكاتی گەڕانەوەدا بۆ كوردستان، (دانا ئادەم شمیدیت)ی رۆژنامەنووسی رۆژنامەی ئەمەریكی نیۆرك تایمزی هێنابوو بۆ كوردستان ، شمیدت 20 رۆژ لەكوردستان مابووەوەو زۆر بابەت و وتاری لەبارەی كوردو شۆڕشەكەیەوە نووسی. لەیەكێًك لە وتارەكانیدا باسی لە بۆردومانەكەی گوندی(مندیر) لەناوچەی خۆشناوەتی كردبوو، باسی فڕۆكەكانی عێراقی كردبوو كە ماڵێكیان بۆمباران كردبوو، لەماڵەكە منداڵێك لەناو بێشەكە جێمابوو كەلەنێو گڕو چڕە دوكەڵدابوو، ئەحمەد تۆفیق و عومەر نگڵی چووبونە ماڵەكەو پەلاماری بێشەكەكەیاندابوو، ئەم وێنەیە لە نیۆرك تایمزدا بڵاوكرابووەو دیمەنێكی زۆر بەرچاوی هەبوو.
سەبارەت بەهەڵوێستی پارتی دیموكراتیش، بەناچاری لەژێر زەبرو فشاری خەڵك هەڵسان بەگرتنی كۆنفرانسێك لە عەواڵان و بڕیاری بەشداریان لە شۆڕشداكرد، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە بەغدا گەڕابووەوە سلێمانی، لەدەوروبەری مانگی حوزەیرانی 1962 بارەگایان لەماوەت و عیساوى كردەوەو پێشمەرگەكانی پارتی بەسەركردایەتی حەمید كاوانی شەڕی پردی تەگەرانیان كردو بەرە بەرە تەنزمی پێشمەرگە دەستیپێكردو لەسەرەتادا بەگەرمیی شەڕیان لەگەلأ حكومەت كرد، لەو لاشەوە بارزانی لەبادینان باڵادەستبوو، ئەوێی بەجێهێشت بۆ ئەسعەد خۆشەوی و خۆی رووی لەناوچەی سۆران كرد. دوای چالاكبوونی پارتی لە سلێمانی و دەوروبەری، ئێمە لەژێر رەحمەتی پارتیدا بەتەنگ هاتین و رێگای سەرسنوورو پەیوەندییگرتنمان بە كوردستانی ئێرانەوە لێبەسترا، هەر زووش ئەحمەد تۆفیق و سلێمانی موعینی لەشار دەرچوون و خۆیان گەیاندبووە لەشكری بارزانی، ئێمەش جگە لەخۆشاردنەوە لە پارتی رێگایەكی ترمان نەبوو، هەربۆیە بڕیارماندا لەگەڵ عومەر نگڵی لە تەوێڵەوە خۆمان بگەێنینە ئێران، عومەر وتی من لە كرماشان برادەرم هەیە، دەچمە ئەوێ هەم كاریش ئەكەم و هەم رێكخستنی حیزبیش، منیش رێگەی هەورامانم گرتەبەرو چوومە نوین، پاشتر گەڕامەوە سلێمانی لەوێ مەلا عەبدولڕەحمان و مەلا سەید رەشیدیش هاتبوونەوە سلێمانی كە پێشتر چووبوون بە سەرشیوی سەقز، هەرسێكمان خانوویەكمان گرت و خۆمان تێدا شاردەوە، هەم لەپارتی و هەم لە حكومەتی عێراق قاچاخبووین!!نەماندەتوانی لەهیچ رێگایەكەوە خۆمان بگەیەنینە لای ئەحمەد و سلێمانو قادر شەریف كە لای بارزانی بوون، هەر لەو دەمەدا كە ئێمە چاوەڕوانی ئەحمەدو سلێمان بووین شتێكمان بۆ بكەن، عومەر نگڵیش گەڕایەوە سلێمانی و هاتەلامان.
وابزانم مانگی تشرینی یەكەم بوو كە نامەیەكی ئەحمەد تۆفیقم بەدەست گەیشت، لەگەلأ نامەیەكی تردا كە بۆ سەركردایەتی كاژیك (كۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوەو یەكسانی كورد) نووسرابوو، لەنامەكەی مندا، ئەحمەد تۆفیق نووسیبووی : لە قۆخەكەی قادر تەگەرانی لەنزیك تەگەرانەوە چاوەڕوانی هاتنی خۆت و هاوڕێیان ئەكەم لەگەلأ چاپەمەنی و كەلوپەلی حیزبدا، هەروەها داوایكردبوو نامەكەی كاژیك بدەمە دەست كاك قادری پینەچی. ئەم نامەی شادمانی كردین، كاتێك زانیمان ئەحمەد تۆفیق بە پەلێ پێشمەرگەوە لەتەگەران چاوەڕێمانە، دوای ئەوەی نامەكەی كاژیكم گەیاند، برادەران كەوتنەخۆ، رەشەی قاچاخچی چاپ و مەرەكەب و كاغەزو پێویستییەكانی تری بەقاچاخ گەیاندە تەگەران، ئێمەش (من و عومەرو مەلاسەید رەشیدو رەئوفی مەلاحەسەن) چاوەڕێی وەڵامی كاژیك بووین، دواجار كاك قادر دیدارێكی لەگەلأ كاك محەمەد عەزیز(ناسراو بە حەمەی عەزە دۆم) بۆ سازكردین، من چووم بۆ دیدارەكەو بۆ یەكەمجار ناوبراوم بینی، ئەو وتی كە نامەكەی ئەحمەد تۆفیق وەڵامی ناوێ، سبەی شەو دووكەس لەگەڵتان دێین بۆ تەگەران، شەوی دوایی ئێمەو دوو برادەری كاژیك كە محەمەد عەزیز و شێخ محەمەدی هەرسین بوون، بە بناری گۆیژەدا هەڵگەڕاینو لەكاتی هەتاوكەوتن گەیشتینە قۆخەكەی قادر تەگەرانی، لەوێ سوتفەی كۆنە برادەرێكمان كرد كە ناوی فەقێ حەسەن بوو، ئەو برادەرە بۆ ماوەی چەند رۆژ خزمەتیكی باشی كردین كە ناكرێ لەبیربكرێت. دیارە ئەحمەد تۆفیق هەواڵی ئێمەی گەیاندبووە بارزانی، ئەویش وەرەقەیەكی مۆركراوی خۆی دابووە ئەحمەد و وتبووی بڕۆ هاورێكانت بێنەوەو بەو چەكانەی بەم دواییە مەحمود كاوانی لە سوپای عێراقی گرتبوو چەكداریان بكە. ئەحمەد تۆفیق، قادر ئاغای نورەدینی و پێشمەرگەی هێنابوو، كەس نەیدەوێرا رێگەی لێبگرێت، ئێمە لە تەگەرانەوە چووینە چوارتا لەوێ سەدیق ئەمین بەرپرسی پارتیمان بینی زۆر پاڕایەوە، دواتر لەرێگەی دۆڵبێشكەوە ناوچەی شارباژێڕمان جێهێشت، پاش بڕیاری هاتنەدەرەوەی پارتی، ئێمە ئیدی نەماندەتوانی لەناوچەی دەسەڵاتی مەكتەب سیاسیی كارو چالاكیی خۆمان بەرینەپێش، چونكە:
- لەبەر دەزگای ساواك كە لەسنوورەكانەوە یارمەتی هەندێك خۆراك و پۆشاكی دەكردن، بۆ دڵخۆشكردنی ئەوان ئێمەیان دێشاند.
- هەر لەكۆنەوە رقیان لە ئەحمەد تۆفیق هەڵگرتبوو، مامۆستا برایم فایلێكی بۆ ئەحمەد كردبوو لەپشتەكەی نووسیبووی (ئەحمەد تۆپیو)
- حیزبی دیموكراتی كوردستان لەكاتێكدا كە سەرانی پارتی بۆماوەی چەندین مانگ خۆیان لەو شۆڕشە بەدوورگرت كە بارزانی رێبەری بوو، بە ئیعلامیەو دەركردنی بڵاوكراوەی دیسان بارزانی، پشتگیریی گەرمی جووڵانەوەكە بوون و وهێرشی توندیان دەكردە سەر بێهەڵوێستی سەرانی پارتی و تەنانەت سلێمانی موعینی (فایەق) لەوتارێكدا ئەو هەڵوێستەی سەرانی پارتی بە خیانەت لەگەلأ كوردو شۆڕش نێوزەدكردو پێی وتبوون"سنگ شێر".!
هەموو ئەمانەو پەیوەندیی بەهێزی رێبەرایەتیی دیموكرات بە بارزانییەوە وایكرد پێشمەرگەكانی حیزب ناچاربن روو لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بارزانی بكەن. هەربۆیە پاش مانەوەی چەند رۆژێك لە چەمی تەگەران، تێكڕا بەرەو لای بارزانی بەرێ كەوتین. كاك محەمەد عەزیزمان برد لەگەڵ خۆمان بۆ چاوپێكەوتنی بارزانی لەڕێی قامیشەوە، بەدۆڵی سەفرەو زەروندا شۆڕبوینەوە، یەك دوو شەو لە گەناو بۆ پشوودان ماینەوە، هەر لەوێ ژمارە 7و8ی دیسان بارزانیمان چاپ و بڵاوكردەوە، ئنجا چووینە پشدەرو لەگوندی نورەدین دوا ژمارەی ئەم بڵاوكراوەیەكان چاپكرد كە ژمارە 9 بوو.
لە كۆتاییەكانی مانگی تشرینی دووەمی 1962دا بووین، وتیان بارزانی و هێزەكەی روو لە ئاكۆو پشدەر دەكەن، بەڵام بەزوویی نەهاتن، من بەدیار كەلوپەلی چاپەوە لەگوندی وەرتێ مامەوە، محەمەد عەزیزیش چوو بۆ دەرگەڵە، لەگەلأ عەلی مەدەنی كە هاورێمان بوو، ئەحمەد تۆفیق و سلێمان بەرەو لای بارزانی رۆیشتن. دیارە هۆكاری درەنگ هاتنی بارزانی، ئەو شەڕە بوو كە لەناوچەی برادۆست و لۆلان لەگەلأ جاشەكانی شێخ رەشید تووشیان هاتبوو، ئەوەی كە بەسەركەوتنی پێشمەرگە كۆتاییهات و هێزەكانی سوپای عێراق شێخ رەشیدیان بە هێلیكۆپتەر گواستبووەوە بۆ رەواندز، پاش ئەو شەڕەو پاككردنەوەی ناوچەكە، لەشكری بارزانی رووی لە دێگەڵەو وەرتێ كردو هەموومان لە وەرتێ یەكمان گرتەوە. هەر لەم كاتەدا رۆژنامەنووسێكی رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف هاتبوو، ماوەی 10 رۆژ لەوێ بوو نەیتوانیبوو چاوپێكەوتن لەگەڵ بارزانی بكات، ئێمەش دەمانگێڕا بەنێو گوندەكاندا تاكو چاوی بەهەلومەرجی گوندنشینانی كورد بكەوێت.
لەسەركەبكان گەڕاینەوەو زستانی 1963مان لەناوچەی خۆشناوەتی لەگەلأ بارزانی بەسەربرد، بەردەوام فڕۆكە دەهاتەسەر ناوچەكە، بارزانی بەرۆژ لەگوندەكاندا نەدەمایەوە، شەو دەهات و هەر شەویش دەردەچوو، هەر لەو ماوەیەدا سلێمانی موعینی و مینە شەم و چەند پێشمەرگەیەك بەرەو لای موكریان رۆیشتن، پاش گەڕانەوەیان لەلایەن مەكتەب سیاسییەوە دەستبەسەركرابوون، جگە لە سلێمان و قادر شەریف، سەلاحی موهتەدی و محەمەدی ئیلخانی زادەش كە سلێمان لەئێرانەوە هێنابوونی، ئەوانیش گیرابوون، قادر شەریف خۆی دەربازكردبوو هاتە لامان لەگوندی چێوەی خۆشناوەتی چیرۆكی گرتنەكەی ئەوانی پێ راگەیاندین، ئەحمەد تۆفیقیش رۆیشتە لای مەلامستەفاو شكاتی لەم ئاكارەی مەكتەب سیاسیی كرد. مەلامستەفاش هەر لەوێ نامەیەك بۆ مەكتەب سیاسیی دەنووسێت و دەڵێت بیدەنە دەست قادر شەریف با ئەو بیباتەوە، لەنامەكەدا هاتبوو: بۆ برایانی مەكتەب سیاسیی... ، تكایە لە تەنیشت جەماعەتی حیزبی دیموكرات جێگایەكیش بۆ من دابنێن"! ئەم نامەیە بووەهۆی بەردانی سلێمان و هاوڕێكانی و ئەوانیش لەماوەتەوە گەیشتنە ناوچەی خۆشناوەتی، بۆ یەكەمجار سەلاحی موهتەدی و محەمەدی ئیلیخانی زادەم بینی و بووینە هاورێی نزیك.
لەشوباتی 1963دا، جەلال تاڵەبانی لەلایەن مەكتەب سیاسییەوە لەماوەتەوە بۆ پێشوازیی بارزانی هاتە ناوچەی خۆشناوەتی، مەلا ئەورەحمانی سێفەتاڵەیش كە هەر لەسلێمانی بوو، چووبووە ماوەت و لەگەلأ تاڵەبانیدا هاتبوو، لەرێگا لەگەلأ تاڵەبانیدا كەوتبووە موناقەشە، تاڵەبانی بە مەلا ئەورەحمانی وتبوو: ئەم قسانەی تۆ ئەیانكەی قسەی كوردكوژەكانە(ئەوسا پارتی بە كاژیكەكانی ئەوت كوردكوژە). ئێمە لە گوندی ئەندیك میوانی ئەنوەر بەگی بێتواتە بووین، ئەوناوە بە پێشمەرگە جمەی دەهات، رۆژی 1ی شوبات بارزانی داوای لە پێشمەرگە كردبوو كۆببنەوە قسەیان بۆ بكات، ئەوەبوو دەمەو ئێوارە هەموومان لە گوندی ئەندیك كۆبووینەوە، بارزانی وتاری خۆیدا، بەدرێژی باسی دەرچوونی خۆی لەبارزان و بۆمبارانی بارزان لەلایەن فڕۆكەكانی قاسم و شەڕو رووادوە ناخۆشەكانی ناوچەی بادینانی كرد و چەند خاڵێكی خستە روو، وتی:
- من ئاگاداری شۆڕش نەبووم لە ناوچەی سلێمانی و كەس لە حیزبی و غەیرە حزبی پەیوەندیی پێوە نەكردووم!!
- پاش ئاگاداربوونم لە بۆمبارانكردنی فرۆكەكانی قاسم بۆسەر كۆبوونەوەكەی دەربەندی بازیان و دەربەندیخان، وەك بێلایەنێك بەرقیەكەم نارد بۆ عەبدولكەریم قاسم و وتبوم كە ئەو كوردانە فەقیر و نەزان بوون نەدەبوو بۆردومانیان بكەیت، ئەویش بەتوڕەییەوە وەڵامی بەرقیەكەی دامەوە، منیش كەزانیم جوابەكەی هەڕەشەیە، داوامكرد هەموو دێهات چۆڵبكەن و زۆری نەبرد فڕۆكەكانی قاسم ناوچەكەمانی بۆمبارانكرد، ئێمەش دامان بەسەر مەخفەری بارزان و چەكمانكردن، كە شێخ ئەحمەدی بارزانی زانی بانگیكردم، وتی ئەبێت چەكی هەموو پۆلیسەكان بدەیتەوە و خۆشت بارزان جێبهێڵیت و بڕۆ بۆ كوێ دەچیت كەیفی خۆتە!!
- هەر زوو بەیانی تەنیاو تاق لەمالأ چوومە دەرەوە بەرەو پێرس، لامنەكردەوە هەتا گەیشتمە سەر چیاكەو كە ئاوڕمدایەوە دەبینم یەك یەك دو دوو دوو خەڵك دوامكەوتووەو خۆمان حیسابكرد 330 كەس بووین، بەساردو سەرما روومان لەهەر گوندێك دەكرد پڕبوو لەجاش، جاری وابوو كە بۆ نانخواردنێك روومان لە گوندێك دەكرد شەڕ دەقەوما و چەندین كەس دەكوژرا. لەو زستانە نەخۆش كەوتم، كوڕی خاڵم هات وتی من تاقەتی ئەم ناخۆشییەم نییە، ئەچم خۆم تەسلیم دەكەمەوە ئیزنم بدە، منیش ئیزنمداو رۆیشت خۆی دا بەدەستی میرییەوە.
- من كە لەبارزان رۆیشتم، بەنیازی ئەوەبووم بچم بۆ سوریا یان هیچ نەبێت بەهۆی سوریاوە كە لەگەلأ میسر تێكەلأ بوو دەستم بە جەمال عەدولناسردا بگات، بەڵام عەشایری دەڤەری بەرواری باڵا یارمەتی زۆریانداین و ئەو زستانە ئێمەیان حەساندەوەو بەهاریش شەڕەكانی پێشمەرگە سەركەوتنی گەورەیان بەدەستهێناو لەسایەی خواوە ئێستا دەبینین شۆڕش رۆژ لەدوای رۆژ بەهێزتر ئەبێت ئینشائەڵا، رۆژێك دێت شۆڕش بەهەموو خواستەكانی میللەتدا بگات، بەڵام ناڵێم كەى و چ رۆژێك، چونكە شۆڕش وەك قیتارێك وایە هەیە لەنیوەی رێگە دادەبەزێت و هەشە تاكۆتایی لەنێو قیتارەكە دەمێنێتەوە، ئێمە ناڵێن با كەس دانەبەزێت، بەڵام ئەگەر دابەزی با پیاوانە دابەزێت، شەو پەلاماری هاوڕێكەی نەداو تفەنگەكەی بفڕێنێت، با بێت بەخۆمان بڵێت زۆر بە مەمنونی پارەو تفەنگی دەدەینێ و تا سنووری حكومەتیش پارێزگاری دەكەین..ئێستاش ئەمرۆ یان سبەی لەوانەیە قاسم بڕوخێت، بەڵام ئێمە زۆرمان ماوە بۆ رزگاریی، دوای روخانی قاسم ئەم قیتارە بێ وەستان دەڕوات هەتاكو كورد بەهەموو ئامانجی خۆی دەگات، كێ دەتوانێت دڵسۆزانە كاربكات مەمنونی دەبین، كێش خراپەمان بكات لێی قبولأ ناكەین.
- زۆر لەم عەشایرانە گەمەمان پێدەكەن، ئەوە ماوەی دوو ساڵە نە جەبهە ئەبینن و نە یارمەتی شۆڕش دەكەن، لەدوورەوە وەستاون تەماشادەكەن من لەو كەسانە هەرگیز نابوورم، عەشایری میراودەلی و پشدەر رۆژێك پیاوی شای ئێران و رۆژێك پیاوی قاسم و رۆژێك پیاوی ئینگلیزن و دەستی دەستی بە شۆڕش دەكەن، دەبێت لێرەبەدوا راست و رەوان پیاوی كورد بن دەنا لێیان قبولأ ناكەم و خاكیان رەش دەكەم هەروەك چۆن خاكی رەشید لۆلانم رەشكرد. بەراستیی مەلامستەفا بارزانی زۆر لەمیراودەلییەكان توڕە بوو.
7 رۆژ پاش ئەم وتارە، واتە لە 8ی شوبات حكومەتی قاسم بەكودەتای بەعسییەكان رووخا، ئێمە ئەو كات لەگەلأ بارزانیدا بووین لە گوندی دوگمان لەناوچەی پیرانە رەشكە، پێشبینیەكەی بارزانی زوو هاتەدی.



ئه‌و وێنه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ بریتییه‌ له‌و که‌سایه‌تیانه‌ی خواره‌وه‌:
مام علی، فەتاح كاكە رەزا، جەمیل مەردۆخ، سەلاح موهتەدی، حەسەن ئاغا قالوى، مەلارەسول

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە