جەنابى تاڵەبانى تۆ ماندێلا نیت
Thursday, 03/12/2009, 12:00
ئێستا جەلال تاڵەبانى لە نیوەى هەفتاكانى تەمەنییەتى و تەندروستیشى خراپە، باشیش دەزانێت تەمەنى بەرەو كۆتاییە، بۆیە دەیەوێت بەر لەمردنى فیگەرى تاڵەبانى بكاتە رەمزێك وەك ئەوەى پارتییەكان بۆ مەلا مستەفایان كرد، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە تاڵەبانى تەنیا وێنەیەكى چیا نییە كە تاوەكوو ئێستا وێنەیەكى پاكە و بەشێكە لە شۆرشى كوردى كە هەتاوەكوو ئێستا تاكى كوردى بە موقەددەس تەماشاى دەكات، بەڵام تاڵەبانى وێنەیەكە ئەوەندەى بە ئەزموونى سیاسى شارییەوە پەیوەستە مە تاكى كوردى تائەندازەیەكى زۆر رقى لێیەتى ئەوەندە بە وێنەى چیاوە پەیوەست نییە.
یەكەم هەنگاوى تاڵەبانى بۆ بە فیگەربوونى خۆى نووسینەوەى یاداشتەكانییەتى بەو وێنەیەى كە خۆى دەیەوێت، ئیشى ئێمەش ئەوەیە وێنەكان وەك خۆى بنووسینەوە، لەوانەیە جارێكیدیكە بكەوینەوە بەر تۆمەتەكانى ئەم دوو حیزبە، چونكە ئیشى ئەوان ئەوەیە خۆیان بە پایەكانى موقەددەس بوون یان نیشتمانەوە ببەستنەوە، بەڵام ئیدى ئەوە بۆ ئێمە گرنگە كە لێنەگەڕێین ئەم پیاوانە ئاسوودە بن بەم وێنانەى كە بۆ خۆیان درووست كردووە، لێرەدا پێش ئەوەى ئەوان قەناعەت بەم وێنانەى خۆیان بكەن، ئێمە وێنە راستەقینەكەى خۆیان نیشان بدەین تا بیریان بێنینەوە كە واقعى ئەوان چییە، هەرچى ئەوانن حەز ناكەن خۆیان ببین، بەڵكوو حەز بەم تارماییانە دەكەن كە خۆیان و نۆكەرەكانیان بۆیان دادەڕێژن. لێرەدا سەرەى جەنابى تاڵەبانییە كە بیریبخەینەوە كێیە و چییە، بەو هیوایەم لەدواى ئەم نووسینە كەسانى دیكە بێن قسە لەسەر وێنە سیاسییەكانى ئێمە بكەن، ئەگەر بۆ هیچ نەبێت بۆ ئەوە بێت كە ئێمەش مافى ئەوەمان هەیە سەرۆكە راستەقینەكەى خۆمان دوور لە هەموو دەمامكەكانەوە بناسین.
ئەكرێ ئێمە تەنیا لەڕێگەى پرسیارەوە پرسار بخەینە سەر خوودى سەرۆك بوونى تاڵبانى، نازانم ئەبێت تەعریفى سەرۆك لەلایەن تاڵبانییەوە چى بێت؟ جەنابى تاڵبانى سەرۆك دەست بەسەر سامانى نەتەوەكەى داناگرێت لەبەرژەوەندى خێزانەكەى، بەڵكوو خوودى نەتەوەكەى سامانى ئەون. ئەوەندەى من شارەزاییم هەیە هیچ بەرپرسێك لە یەكێتى و پارتى بەقەد تاڵەبانى خەڵاتى برادەر و دۆستەكانى نادات، بەڵام بەدبەختییەكەش ئەوەیە دۆست و برادەرەكانى تاڵبانى زۆربەیان سەرمایەدار و بازرگانن و هیچ پێویستییەكیان بە دیارى و هاوكارى نییە، هەرچى دۆستێكى تاڵەبانى لە ئەوڕوپاوە بگەڕێتەوە پرادۆیەكى پێدەدات و دواى دوو مانگ بەر لەرۆیشتنەوەى دەیفرۆشێتەوە، لەكاتێكدا كە خێزانە ئەنفالكراوو دایكە شەهیدەكان چەند میلێك لەقەڵاچۆڵانەوە خەریكى سواڵن.
یەكێك لە سیفەتەكانى تاڵەبانى ئەوەیە كە زۆر زوو بیریدەچێتەوە چییە و چى دەوێت، وەك ئەوەى كە لە بارزانى جیابوویەوە نەیزانى بۆ جیابوویەوە و دوواى سى ساڵ دواى ئەم جیابوونەوەیە دانى بەوە نا كە هەڵەى كردووە، كە لەچیاوە هاتە شار چیاى بیرچوویەوە، كە لە كورستانەوە چووە بەغدا كوردبوونى خۆى بیرچوویەوە.
ئاخر نازانم كامە سەركردە و شۆرشگێڕى دنیایە جەنابى تاڵەبانى كەسێك لەزیندانەكان بێنێتە دەرەوە كە هەزاران خەڵكى هەرێمەكەى تۆى لەناو بردبێت؟ ئاخر كاكى تاڵەبانى كامە سەركردە وایكردووە تا تۆ دووەم بیت؟ تەنیا نموونەیەكمان پێبڵێی كە ئەم ئەزموونە نوێیەت لە كام كوچەى ئەم زەمینەوە هێنا ناو ئەم وڵاتە وێرانە؟
بەڵێن دەدەم من لەم چركەساتەوە دان بە ماندیلابوونى تالەبانى دادەنێم ئەگەر تەنیا جورئەتى ئەوەى تێدا هەبێت كە لەبەرامبەر كەس و كارى ونبووانى شەڕى ناوخۆ بڵێ كە كوڕو باوكەكانیان چیان بەسەرهات، ئاخر جەنابى تاڵەبانى ئەگەر ئەوە ئاسان بێت وێنەى شۆڕشگێڕەكان بكەیتە فیگەرى خۆت، ئەوا لاى ژنە جوامێرەكان ئەوەندە ئاسان نییە وێنەى مێرد و كوڕەكانیان بە موچەیەكى ئێوە بفرۆشن.
موستەشار و ئەنفالچى نەما بیكەن بە قارەمان و شۆڕشگێڕ كەچى لەبەرامبەر دەنگهەڵبڕینى هاوڕێیەكى چیاتان دەیكەن بە خائینى ئەرز و نیشتمان.
هەرچى گەنجى ئەم وڵاتە هەیە رۆژانە لە داخى ناعەددالەتى پارتى و یەكێتى سەرى خۆیان هەڵدەگرن و دەڕۆن كەچى لە چاوەڕوانى ئەوەدان هەركاتێك ئەوان فیكەى شەڕیان لێدا لاوەكان بەر لەم وادەیە بۆیان بمرن، سامانى ئەم وڵاتە بەدەست بنەماڵەى تاڵەبانى و بارزانییەوە بەناوى كۆمپانیاى نۆكان و كۆڕەكەوە تاڵانكرا، كەچى بانگەشەى ریفۆرم دەكەن.
پێموایە ئەبێت بگەڕێینەوە هەرچى لاپەڕەى مێژووى ئەم وڵاتە هەیە بۆیان هەڵبدەینەوە تا بەم پیاوانە بڵێین كاكینە ئێوە ئەوەندە جوامێر نین ببن بە سەركردەى ئەم وڵاتە، خەڵكى ئەم هەرێمەش ئەوەندە گەمژە نین تا سەرۆكێكى ئەوەندە نا حەكیمیان هەبێت، هەرچى بێت حەز دەكەم ئەمە سەرەتاى نووسینێك بێت و لە داهاتووشدا دانە دانە و زۆر ورد قسە لەسەر فیگەرەكان بكەین، هەرهیچ نەبێت لەپاڵ مێژووە خەیاڵییەكەى خۆیان، ئێمە تەئریخى ئەم هەرێمە بە وێنە راستەقینەكەیەوە بنووسینەوە یان هەوڵێك بێت بۆ دۆزینەوەى سەرۆكى راستەقینەى ئەم جڤاتە كە كەسانێكى دیكە زەوتیان كردووە.
[email protected] کوردستانپۆست:وهکو پێشتر رامانگهیاند که سهردهشت عوسمان ههندێک جار بهناوی سهرۆ سهردهشتهوه نووسینی بڵاو دهکردهوه، لهسهر داوای خۆی ئێمه کاتی خۆی ئهرشیفمان بۆی نهکردبوویهوه، بۆیه ئیستا لهلایهن بهڕێزێکهوه ئاگادار کراینهوه کهوا دوو نووسینی ههیه نهخراوهته نیو ئهرشیفهکهینهوه، لهگهڵ سوپاسمان بۆ ئهو بهڕێزه وا نووسینهکهیمان خسته نێو ئهرشیفهکهیهوه و بۆ جارێکی دیکهش هێنامانه لاپهڕهی سهرهکی سایتهکهمان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست