کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شه‌کر شکاندنه‌کانی جه‌لال له‌ ئه‌ستانه‌ی بابولعالی..

Monday, 27/12/2010, 12:00


جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ تورک تورکانه‌تر له‌ ئه‌ردۆغان و شۆڤینیسته‌ تورکه‌کان زیاتر له‌ دژی مافی کوردان ده‌دوێت و قسه‌ ده‌کات وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ر چوارپارچه‌که‌ی کوردستان خاوه‌نی بڕیاری سیاسیی هه‌موو کوردان بێت.. بۆ بینینی شه‌کرشکاندنه‌کانی ئه‌مجاره‌ی تاڵه‌بانی،  سه‌یری ئه‌م دیمانه‌یه‌ بکه‌:

تاڵه‌بانی‌: هێشتا زووه‌
حوڕییه‌ت
له‌ توركیه‌وه‌: زانا ئه‌حمه‌د
حوڕییه‌ت: له‌ هه‌مو په‌یوه‌ندی‌ و كۆبوونه‌وه‌كانی‌ توركیادا، كۆبوونه‌وه‌ت له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكه‌كانی‌ ده‌ته‌كه‌ سه‌رنج راكێشبوو، ئایا وه‌ك ئایسێل توغڵوك وتی‌، ته‌نها سه‌لامت ناردوه‌ بۆ ئۆجه‌لان یان په‌یامی‌ تریشت هه‌بووه‌؟.
تاڵه‌بانی‌: سه‌لامم نارد، سه‌لامیش واته‌ بۆ ئاشتی‌ هه‌وڵبده‌، وه‌ك ئه‌زانن له‌ ئیسلامدا "السلام علیكم" واته‌ ئاشتیت لێبێت، بۆیه‌ ته‌نها ئه‌و په‌یامه‌م بۆ ئه‌و ناردووه‌.

حوڕییه‌ت: ئایا په‌یامه‌كه‌تان رۆڵێكی‌ گرنگی‌ هه‌یه‌ له‌م دۆخه‌ی‌ ئێستادا، یان به‌ مانایه‌كی‌ گشتی‌ سه‌لامێكه‌ و به‌س؟
تاڵه‌بانی‌: به‌ واتایه‌كی‌ گشتی‌ ته‌نها سه‌لامم كردووه‌، گه‌ر توركیا پێویستی‌ به‌ من بێت له‌ بابه‌تی‌ ئاشتیدا رۆڵ‌ ببینم، ئه‌وا ئاماده‌م، نامه‌وێت ده‌ست بخه‌مه‌ كاروباری‌ توركیاوه‌، به‌ڵام گه‌ر دۆسته‌ توركه‌كانم بیانه‌وێت ئه‌وا ئاماده‌م، توركیا جیاوازه‌ له‌ عێراق.

حوڕییه‌ت: ئایا چاوه‌ڕوانی‌ هیچ پێشهات و هه‌نگاوێكی‌ گرنگ له‌ حكومه‌تی‌ توركیا ده‌كه‌یت له‌م شه‌ش مانگه‌ی‌ ماویه‌تی‌؟
تاڵه‌بانی‌: به‌ رای‌ من چاواڕوانیكردنی‌ هه‌نگاوێكی‌ له‌و جۆره‌، نه‌ لۆژیكییه‌ نه‌ مه‌عقوله‌، ئه‌بێت چاوه‌ڕوانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بین، ئیشه‌ڵا ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان زۆر باش ده‌بێت. پێویسته‌ شتێكیان بوێت كه‌ حكومه‌تی‌ توركیا چاوپۆشیی لێبكات.

حوڕییه‌ت: ئایا مۆدێلی‌ فیدڕاڵی‌ به‌ گونجاو ده‌زانیت بۆ توركیا وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كورده‌كان له‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆتدا چه‌سپاندوویانه‌؟
تاڵه‌بانی‌: نه‌خێر، نه‌خێر. كوردستانی‌ عێراق و توركیا جیاوازییان زۆره‌، توركیا بارودۆخی‌ تایبه‌تیی خۆی‌ هه‌یه‌ و ئێمه‌ش بارودۆخی‌ خۆمان، كێشه‌ی‌ ئێره‌ له‌گه‌ڵ‌ كێشه‌ی‌ عێراقدا جیاوازه‌، وه‌ك به‌بیرتان دێت مۆدێلی‌ فیدڕاڵی‌ خوالێخۆشبو، سه‌رۆك ئۆزاڵ‌ هێنایه‌ نێو باسه‌وه‌ و ئه‌و فیدڕاڵییه‌ی‌ ئه‌و باسی ده‌كرد مۆدێلێكی‌ فیدڕاڵی تایبه‌ت بوو وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ڵمانیا، واته‌ به‌ كه‌ڵكی‌ شوێنێك نایه‌ت كه‌ له‌ سه‌ر ئاستی‌ نه‌ژادی‌ دابه‌شبوبێت، له‌ ئاكامدا ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌وێت ئه‌مڕۆ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توركیا بارودۆخی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ و كۆپیكردنی‌ ئه‌و ئه‌زمونه‌ی‌ عێراق بۆ توركیا نابێت.

حوڕییه‌ت: چ بۆچونێكتان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر كۆبونه‌وه‌كانت له‌گه‌ڵ‌ توغڵوك، تورك و ساككدا؟
تاڵه‌بانی‌: ئه‌م خانم و دو پیاوه‌ كه‌سانی‌ ماقوڵن، تا بڵێی‌ واقیعین و ئاگایان له‌ دۆخی‌ توركیایه‌، چاره‌سه‌رێكی‌ سیاسیی ئاشتییانه‌یان ئه‌وێت و به‌ ته‌واوی‌ دژی‌ شه‌ڕن.
ئاشتییان ده‌وێت و ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ تورك و كورد و ئه‌وانی‌ تریش پته‌و بكه‌ن، ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كورد ده‌یه‌وێت.

حوڕییه‌ت: ئایا لێك نزیكبونه‌وه‌یه‌كی‌ له‌وجۆره‌ش له‌ حكومه‌تی‌ توركیادا ده‌بینیت؟
تاڵه‌بانی‌: به‌ڵێ‌، له‌ئێستادا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ڵێ‌، له‌ سیاسه‌تێكه‌وه‌ بۆ سیاسه‌تێكی‌ تر نابێت چاوه‌ڕوانی‌ به‌رزو نزمییه‌كی‌ زۆر بكه‌یت، سه‌یری‌ ئه‌وان بكه‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا، كورده‌كان له‌ دیاربه‌كر و شوێنه‌كانی‌ تر سه‌ربه‌خۆ كۆده‌بنه‌وه‌، له‌ پارله‌مان نوێنه‌ریان هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌یڵێن و ئه‌وه‌ی‌ ئه‌یانه‌وێت بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌. كه‌س نییه‌ ئینكاری‌ ناسنامه‌ی‌ كورد بكات، له‌نێوان خۆیاندا، له‌ شاره‌كاندا، له‌ لادێكاندا و له‌ چایخانه‌كاندا به‌ كوردی‌ قسه‌ ده‌كه‌ن و له‌ خوێندنگه‌ تایبه‌تییه‌كاندا كوردی‌ ده‌خوێنرێت. ئه‌مانه‌ هه‌موی‌ هه‌نگاوی‌ گرنگن، ده‌ ساڵ‌ پێش ئێستا ته‌نانه‌ت جێی‌ باسیش نه‌بون، ئه‌و كارانه‌ی‌ پارتی‌ (ئاكه‌) له‌ ناوچه‌كه‌دا كردونی‌ زۆر گرنگن، به‌ تایبه‌تی‌ لایه‌نی‌ ئابوری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌م 8 ساڵه‌ی‌ دواییدا كراوه‌ به‌رامبه‌ری‌ 30 ساڵی‌ رابردووه‌، ئێمه‌ له‌ عێراق هه‌ڵه‌یه‌كمان كرد، هێنده‌ی‌ خه‌ریكی‌ لایه‌نی‌ سیاسی‌ بووین خه‌ریكی‌ چاككردنه‌وه‌ی‌ ژێرخانه‌كه‌مان نه‌بووین و ئه‌و شتانه‌ی‌ لێره‌ن به‌ گه‌شبینیی داده‌نێم.
له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ حكومه‌ت و خه‌ڵكی‌ توركیاوه‌ هه‌یه‌، چاره‌سه‌ری‌ عێراق په‌یوه‌ندیی به‌ خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌بوو، ئێمه‌ وه‌ك كورده‌كانی‌ عێراق گه‌ر عێراقییه‌كان په‌سه‌ندیان نه‌كردایه‌ نه‌ده‌بوینه‌ خاوه‌نی‌ مافه‌كانمان، ئه‌و 12 ملیۆنه‌ی‌ ده‌نگی‌ به‌ ده‌ستوری‌ عێراقدا، ته‌نها 2 ملیۆنیان كورد بوون، ئه‌وه‌ی‌ له‌ توركیا كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌رده‌كات، خه‌ڵكه‌ و ده‌بێت له‌نێوان ئه‌واندا چاره‌سه‌ربكرێت.

حوڕییه‌ت: له‌م دۆخه‌ی‌ ئێستادا داواكاریی شاره‌وانییه‌كانی‌ باشوری‌ خۆرهه‌ڵات به‌ مه‌عقول ده‌زانیت بۆ به‌كارهێنانی‌ دوو زمان؟
تاڵه‌بانی‌: ئه‌وه‌ی‌ ئه‌یڵێم ئه‌مه‌یه‌ ، زۆر زووه‌، ئه‌بێت ماقوڵ‌ و واقیعی‌ بن.

حوڕییه‌ت: دوای‌ چه‌ند مانگێك له‌ عێراق حكومه‌تێكی‌ نوێ‌ پێكهێنرا، له‌لای‌ خۆشیانه‌وه‌ هه‌م شیعه‌ و هه‌م سوننه‌ تاوتوێی‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن، وه‌ك سه‌رۆك كۆمار پێتان وایه‌ ئه‌م تاوتوێكردنه‌ چۆن كاریگه‌ریی بۆ داهاتووی‌ عێراق ده‌بێت؟
تاڵه‌بانی‌: ئه‌وه‌ كه‌وتۆته‌وه‌ سه‌رخۆیان، به‌پێی‌ ده‌ستوری‌ عێراقی‌ سێ‌ شار ده‌توانن كۆبنه‌وه‌ و داوا بكه‌ن ببنه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ، ئه‌گه‌ر ئه‌م داواكارییه‌ له‌لایه‌ن دوو له‌سه‌رسێی‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌ژین، ئه‌وا پارله‌مان په‌سه‌ندی‌ ده‌كات، واته‌ كێ چیی ئه‌وێت كه‌وتۆته‌ سه‌رخۆی‌، ئێمه‌ چاره‌سه‌ر به‌سه‌ر كه‌سدا فه‌رزناكه‌ین، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستانیان به‌ نمونه‌ وه‌رگرتبێت ئه‌وا خۆیان ده‌زانن.

حوڕییه‌ت: ئه‌ی‌ دوا دۆخی‌ كه‌ركوك چییه‌؟
تاڵه‌بانی‌: من نازانم خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك چیی ده‌وێت، ئه‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ له‌وان بكه‌یت.

حوڕییه‌ت: به‌ڵام بارزانی‌ وای‌ نه‌وت، له‌ كۆنگره‌ی‌ (كه‌ده‌په‌) مه‌سعود بارزانی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ قسه‌ی‌ كرد و وتی‌:"كه‌ركوك هی كوردستانه‌ و ئه‌مه‌ ناخه‌ینه‌ گفتوگۆوه‌".
تاڵه‌بانی‌: نه‌خێر وای‌ نه‌وت، من له‌وێ‌ بووم و زۆر به‌ وردی‌ گوێمگرت، نه‌یوت ده‌بێت كه‌ركوك هی كوردستان بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شی‌ وت: "ئێمه‌ وه‌ك كورد، مافه‌كانی‌ خۆمانمان له‌ سنوری‌ عێراقدا به‌كارهێناوه‌"، له‌ 95%ی‌ كورده‌كان ده‌نگیانداوه‌ به‌ عێراقێكی‌ یه‌كگرتو، فیدڕاڵ‌ و دیموكراتی‌.
به‌ڕێز بارزانی‌ ئه‌وه‌ی‌ روونكرده‌وه‌ كه‌ نه‌ كورد و نه‌ بارزانی‌ توندڕه‌و نین و به‌ روونی‌ ئه‌وه‌ی‌ وت كه‌ ئێمه‌ له‌ عێراقی‌ فیدڕاڵ‌ و دیموكراتیودا ده‌مێنینه‌وه‌ و ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ عێراقی‌ یه‌كگرتوداین و جیاكردنه‌وه‌ ناكه‌ین، ئه‌مه‌وێت ئه‌وه‌تان بیربێنمه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ سه‌ددامدا، خه‌ڵك پێیان وابوو گه‌ر سه‌ددام بڕوخێت ئه‌وا ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت جیاببینه‌وه‌، منیش پێم وتن :"كه‌ سه‌ددام رۆشت من له‌ به‌غدا ده‌بم، ببینه‌ ئێستا له‌كوێم".

حوڕییه‌ت: به‌رامبه‌ر توركیا هیچ ناكۆكییه‌كت هه‌یه‌؟
تاڵه‌بانی‌: من دۆستێكی‌ ستراتیژیی توركیام، یه‌كێكم له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ هه‌میشه‌ به‌رگریم له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌كانی‌ نێوان توركیا و عێراق كردووه‌. رۆژنامه‌نووسێكی‌ عه‌ره‌ب له‌سه‌ر من ئه‌مه‌ی‌ نووسیوه‌: "من تاڵه‌بانیی سه‌رۆك كۆمار ناناسم، به‌ڵام له‌دووره‌وه‌ به‌دڵمه‌، چونكه‌ له‌لایه‌ك سیستانی‌ و له‌لاكه‌ی‌ تریش كۆنده‌لیزاڕایز ماچ ده‌كات، له‌لایه‌ك دۆستی‌ ئێرانه‌ و له‌لاكه‌ی‌ تریش دۆستی‌ ئه‌مه‌ریكایه‌ و هه‌م په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌ كورد و هه‌م له‌گه‌ڵ‌ توركدا باشه‌".

http://www.hurriyet.com.tr/gundem/16615799.asp?gid=373

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە