خوێندنەوەیەكی تازە بۆ جوگرافیا‌و سیستمە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

Thursday, 03/03/2011, 12:00


مێژووی سیاسی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتیش لە مێژووی نوێدا، چەندین وەرچەرخان‌و گۆڕانی تێدا روویداوە، بە شێوەك ئەو مێژووە پڕی بووە، لەكێشە‌و گرفتی جۆراوجۆر، هەندێ جار كارەسات‌و كۆمەڵکوژیشی تێكەوتووە. بە تێكڕادەكرێ ئەو مێژووە دابەشی سەر سێ جومگەی سەرەكی بكەین، یەكەم: سەردەمی سەرهەڵدان‌و پەرەسەندنی سیستەمی ئیستیعمار، كەزۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگیر‌و دابەشی سەر وڵاتە كۆلۆنیالیستەكان كران، بەشێوەیەك هەر ئیستعمارێك بەجۆرێك حوكمی ئەو وڵاتانەی كرد‌و هەریەكە‌و بە پێی سیستەمی خۆی ئەو وڵاتانەی بەڕێوەدەبرد‌و سیستمی سیاسی وێنا كرد، بۆ نموونە ئینگلیز زۆربەی وڵاتانی ژێر دەستی خۆی كردە میرنشین‌و سیستمی میرنشینایەتی، نموونەش(عیراق، سعودیە، ئوردن، هتد)، ئەوانەی بەردەستی فەرەنساش شێوازێكی تری دیكە حوكمڕانی هێنا ناوچەكە، دووەم: ماوەی دابەشبوونی دنیا بەسەر دوو كامپی رۆژئاوا‌و رۆژهەڵات، یان كامپی سۆسیالیست‌و سەرمایەداری، ئەو قۆناغەش كۆمەڵێك خەسڵەتی لەگەلأ خۆی هێنا، وەك دروستبوونی كۆمەڵێك وڵاتی كۆماری‌و سەربەخۆبوونی زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی ژێر دەستی كۆلونیالیست، ئەو قۆناغەش جۆرێك لەسیستمی سیاسی لەو وڵاتانە دروستكرد، هەندێكیان لەژێر كاریگەری وڵاتانی سۆسیالیستی نموونەی حزبی سەركردە‌و تاكە حزبییان داهێنا‌و بەناوی خەباتی نەتەوەیی شەرعیتەتیان دایە هەموو شێوازەكانی حوكمڕانیان، چەندین جاریش خەڵكی بێدیفاعی خۆیان دەچەوساندەوە‌و هەر نەتهوەیەكی دیكەش باسی مافی خۆی بكردبا بەوپەڕی دڕندەیی وەڵام دەدراوە(نموونەش كورد، قبتی، ئەمازیغ)، بەڵام لەبەر ئەوەی لەدنیادا دوو قوتب هەبوو، نەدەكرا ئەو هاوسەنگی هێزە تێكبچێ، ئەگەر كامپی رۆژئاوا بەرگری لە رژێمێك بكردبایە هەرچی بیكردبا چاویان لێدەپۆشێ، كامپەكەی دیكەش هەمان شتی دەكرد، ئەو قۆناغە ناخۆشترین ماوەیە بۆ خەڵك‌و ئەو نەتهوانەی لەناوئهووڵاتانە دەژیان، بەكورتی كەمترین گۆڕانی لەسیستەمی سیاسی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دروستكرد. قۆناغی سێیەم: قۆناغی رووخانی كامپی رۆژهەڵاتە، واتە هەرەسهێنانی ئەوەی پێدەگوترا بلۆكی سۆسیالیست، بەوەش دنیا بووە یەك جەمسەری، ئەوهی لە قۆناغە بەدی دەكرێت، گۆڕان لە سیستم‌و سنوورەكانی زۆربەی كیشوەرەكانی جیهان بوو، چەندین وڵات سەبەخۆیی خۆیان راگەیاند، چەندین سیستەم‌و رژێمی دنیا گۆڕان، كە بەر لەو قۆناغە قسەكردن لەگۆڕینی ئەو رژێمە بە پەرچوو دەزاندرا. كەواتە قۆناغی سێیەم تەواو جیاواز بوو لە قۆناغەكانی تر، هەر لەو قۆناغەدا بوو، تێزی بەجیهانیبوون، كۆتایی مێژوو، دنیای بێ جوگرافیا‌و سنوور هاتنە بەر باس‌و سەدان‌و هەزاران لێكدانەوە‌و كتێب‌و وتار‌و كۆر‌و كۆبوونەوەییان لەسەر كرا.
هەرچەندە دەبووا وڵاتـأنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەلأ رووخانی بلۆكی رۆژهەڵات برووخابان، بەڵام ئەوەی لەقۆناغەدا بەدیدەكرێ، ئەوەیە كە سیستمە تۆتالیتار‌و دیكتاتۆرەكان بە توندی رووبەرووی ئەو قۆناغە بوونەوە‌و هەرچی بۆیان كرا، لەدژایەتی كردنی ئەو تێزانە درێغیان نەكرد، بەپێچەوانەی سیستمەكان، خەڵك‌و گەلانی ناوچەكە بەتوندی داكۆكیان لەو تێزانە كرد، چونكە دەیانزانی ئەو گۆڕانە سەرئەنجام دیموكراسیەت بەدوای خۆی دەهێنێ‌و رژێمە پشتاوپشتی‌و شمولیەكان ناچار دەكات واز لەدەسەڵات بهێنێ. چەند ساڵێكە ئەو تێزانە هاتوونەتە ناو كایە سیاسیەكانی دنیا، واشچاوەڕان دەكرا رژێمەكان دەرك بە گۆڕانانە بكەن‌و لەگەلأ رەوتی رووداواكان بڕۆن‌و پیادەی دیموكراسی بكەن‌و گوێیان بۆ دەنگی خەڵك شلكەن، كەچی ئەوە رووی نەدا، بەواتایەكی دیكە ئەوەی لە ئەوروپای رۆژهەڵات روویدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووینەدا، واتە سیستمەكان زۆربەیان نەك نەگۆڕان بەڵكو خراپتر بوون، بەشێوەیەك لە جیاتی چاكسازی لە سیستمی حوكمڕانی هاتن ئەوكرانەوەی بازاڕ‌و تەكنەلۆژیان بۆ قۆرغكردنی زیاتری دەسەڵات‌و ئابووری وڵاتەكەیان بەكارهێنا.
دواین تێزیش تێزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بوو، كەلەلایەن چەند ناوەندێكی ئەمریكاوە وەك چارەسەر‌و دیموكراسیزەكردنی ئەو ناوچەیە هاتەئاراوە، هەرزوو سیستمەكانی ناوچەكە بەناوی پرۆژەی سەهیۆنیزم‌و خاچپەرستی، لەدژی ئەو تێزە وەستانەوە، هەرچەندە ئەو تێزە لەسەر چەند كۆڵەكەیەك بنیاتنرابوو، ئەوانیش دیموكراسیەت، ئازادی تاك‌و كۆمەلأ، پیرۆزنەبوونی سنوور، گرنگیدان بە پێكهاتەكانی كۆمەڵگای مەدەنی‌و دەستا‌ودەستپێكردنی دەسەڵات، بوون. بەڵام دیارە ئەو چەمكانە بەمانای گەڕانەوەیە بۆ دەنگ‌و رەنگی خەڵك‌و نەهێشتنی پاوانی سیاسی‌و حوكمڕانی دێت، كە ئەوە بە هیچ شێوەیەك لەگەلأ عەقلی حوكمڕانانی ناوچەكە نەدەهاتەوە، لەوەش بترازێ ئەو بێسنووریەی كە دنیای تەنكەلۆژیا هێنایە گۆڕێ، هیچ سنورێكی نەهێشتەوە، هەرچی شتێك پێی دەگوترا نهێنی ئاشكرا كرا، وەك ئەوەی لەم ماوەی دوای سایتی ویكیلێكس كردی هەموو دنیای هێنایە جوولە، كەواتە ئەو قۆناغە ململانێی دەرەكی كردە ململانێی خەڵك‌و دەسەڵات.
ئەوەی لەمانگی رابڕدوو لە وڵاتی تونس‌و میسر رووویاندا‌و سیستمی سیاسی دوو وڵات كە لەچاو وڵاتەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموكراسیتر بوون بەتەواوی گۆڕا‌و دەركەوت كە چ لەو وڵاتانە گوزەراوە، ئێستاش وڵاتانی (لیبیا، یەمەن، جەزائیر، بەحرەین، تارادەیەك سعودیا‌و سوریا‌و ئێران) بەهەمان قۆناغی شەڕی نێوان خەڵك‌و دەسەڵات تێدەپەڕن، دوای ئەو هەموو گۆڕانەش ئەوەی لە لیبیا‌و یەمەن روودەدات، تەواو دووبارەكردنەوەیەكی گاڵتەجاڕی مێژووە، خۆش یان ناخۆش هەر دەبێ ملكەچی ئەو ئیرادەیە بن. ئەوەی سەرنجی هەموو لایەكیشی راكێشاوە چەند خەسلەتێكە لەهەموو ئەو سیستمانە وەك یەكن، ئەوانیش گەندەڵی، ناعەدالەتی، حوكمی خانەوادە، بەرجەستەبوونی هەموو وڵات لەیەك كەسدا، چەوساندنەوەی نەتەوەیی‌و مەزهەبی، پێشێلكردنی ئازادی تاك‌و كۆمەلأ، زۆربوونی هەژاری‌و قووڵبوونەوەی جیاوازی چینایەتی، سەوەر نەبوونی یاس‌و هتد)، ئەو گرفتانە ئەوندە لەیەكەدەچن ناتوانی كاتێك باسی موبارەك یان بن عەلی یان قەزافی دەكەیت، ئەگەر ناوەكان هەڵگریت هەموویان وەك یەك بەجیاوازی پاشخانی رۆشنبیری‌و سەربازیی‌و كەلتووریان، دینە بەرچاو.
ئەو كێشانەی لەسەرهوە ئاماژەم پێدا بەشێكی بەر عیراق‌و كوردستانیش دەكەوێ، بەتایبەتیش لەمەسەلەی گەندەڵی‌و ناعەدالەتی سەروەر نەبوونی یاسا‌و بەرجەستەبوونی حزب لەناو دەسەڵات‌و مانەوەی دەسەڵات لەدەست حزبێك یان دوو حزب. لێردا ئەو راستیە بە روونی بەدیاردەكەوێ كە هەر كاتێ خەڵك بجووڵێ سیستم هەرچەندی بەهێز‌و پڕچەكیش بێت ناتوانێ بەرگە بگرێت، باشترین رێگای چارەی ئەو ڤایرۆسەش كەپێی دەگوترێت تووڕەیی خەڵك گوێ گرتن‌و گەڕانەوەیە بۆ ئەو قسە گەورەیەی كە دەڵی(جەماور سەرچاوەی هەموو هێزەكانە).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە