کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تێڕوانینێک له‌ نێوان قبوڵکردن و قبوڵ نه‌کردنی یاسای خۆپیشاندانه‌که‌دا

Wednesday, 05/01/2011, 12:00


تێڕوانینێک له‌ نێوان قبوڵکردن و قبوڵ نه‌کردنی یاسای خۆپیشاندانه‌که‌دا
دانا حسین _ سوید
هێنده‌ به‌ربه‌ست دانراوه‌ له‌ به‌رده‌م مافه‌کانی هاوڵاتیانا ، هێنده‌ زوڵمی هه‌مه‌ چه‌شن و مۆدێرن ئه‌کرێت له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌وه‌ له‌ تاکی کورد ، هێنده‌ زوخاو ئه‌کرێت به‌ گه‌رووی ئه‌م میلله‌ته‌ سته‌مدیده‌ خێر له‌ خۆ نه‌بینیوه‌دا ، مرۆڤ کاتێک ده‌ست ئه‌داته‌ پێنوس نازانێت له‌ کام یه‌ک له‌وانه‌وه‌ ده‌ست پێبکات ، نازانێت به‌ چ ته‌ریقه‌تێک ئه‌م هه‌موو پێشێلکاریه‌ بنوسیته‌وه‌ ، نازانێت به‌ کام ووشه‌ ته‌عبیری ئه‌و ڕه‌وشه‌ ده‌ست کرده‌ خۆ سه‌پێنه‌ بکات ، نازانیت به‌ کام میکانیزم چاره‌سه‌ری بۆ ده‌ست نیشان بکه‌یت ، له‌ هه‌مان کاتیشدا سه‌رت سوڕ ئه‌مێنێت له‌ بێهه‌ڵوێستی زۆرێک خه‌ڵکی به‌شخوراوی ڕه‌نج کێش و ماف خوراو ، له‌ بێده‌نگیان ، له‌ ده‌نگی نوساویان ، له‌ چه‌ق به‌ستوویان له‌ بازنه‌یه‌کی داخراودا ، له‌ کاتێکا حه‌ز به‌ گه‌شه‌ و نه‌شوو نمای داری دیموکارسی ئه‌که‌ن ، پێیان خۆشه‌ پڕ به‌ گه‌روو هاواری ئازادی و یه‌کسانی و مافی هاوڵاتێتی خۆیان بکه‌ن ، وه‌لی یاسا کاڵ و نه‌کوڵاوه‌کان ، وه‌ک تۆڕی جاڵجاڵۆکه‌ دانراوه‌ بۆیان ، کۆت و زنجیری کردوون ، چاوی سته‌میان لێ سور ئه‌کرێته‌وه‌ و به‌ ئه‌سپایی هه‌ڕه‌شه‌ بێده‌نگ بوون و مه‌رگیان لی ئه‌کرێت ، ڕه‌نگه‌ ناهه‌قیشیان نه‌بێت ، له‌م هه‌رێمه‌ که‌ کوردستانه‌ ، تاکی کورد هه‌ر به‌ مناڵی به‌چکه‌ ترسێن ئه‌کرێت ، گه‌ر زوو هاوڵاتیه‌کی دڵسۆز وو خه‌مخۆر و نیشتمان په‌روه‌ریان ناسی ، که‌ ئایدیای له‌گه‌ڵ بیر و بۆچونی ئه‌وان یه‌کی نه‌ئه‌گرته‌وه‌ ، به‌ زمانی قۆناغه‌ تفه‌نگ ڕاوێژی له‌گه‌ڵ ئه‌کرێت ، پێی ئه‌ڵێن چوار دیواری بێ ده‌لاقه‌ و تاریک باشترین شوێنه‌ بۆ تۆ ! یان وای لێ ئه‌که‌ن سه‌ری خۆی هه‌ڵگرێت و وڵاتیان بۆ جێبهێڵێت ! یان ئه‌وه‌نده‌ یاسایی جۆراوجۆر ئه‌ده‌ن به‌ دوورین که‌ کورد وته‌نی قوش ده‌رنه‌چێت لێی ، تازه‌ ترین و نه‌شیاو ترین زوڵم که‌ کراو له‌ ئارادایه‌ له‌ ئێستادا ، ئه‌و زوڵمه‌ بوو به‌ ناوی یاسای خۆپیشاندان که‌ به‌ تێکڕای ده‌نگه‌ قورمیش کراوه‌کانی لیستی کوردستانی له‌ په‌ڕله‌مانی کوردستان په‌سه‌ند کراو کاکی سه‌رۆکیش بێ یه‌ک و دوو به‌ نوکه‌ قه‌ڵه‌مێک ئیمزای کرد ، له‌ هه‌مان کاتا ئه‌مه‌ بۆته‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسی و به‌ هه‌ڕه‌شه‌ وبه‌ ئافاتی (ده‌ربڕین) دا ئه‌نرێت ، به‌بێ په‌رده‌ به‌ کپ کردنی ڕه‌خنه‌ و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی هه‌ژمار ده‌کرێت لای چینی ڕۆشنبیرانی کوردستان ، کاردانه‌وه‌ی چینی ناڕازی و هاوڵاتیان و ڕۆشنبیران و لیسته‌کانی ئۆپۆزسێۆن ، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌بینرێت له‌ شاشه‌ی تیڤیه‌کان و ڕۆژنامه‌کان و سایته‌کان ، که‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌م یاسایه‌ ئیدانه‌ ئه‌کرێت ، که‌ ئه‌بینین خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌کانی خه‌ڵک به‌بێ مۆڵه‌ت ئه‌نجام ئه‌درێت ، به‌ شێوه‌یه‌ک بێ ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت هه‌ست پێ ئه‌کرێت ، و بۆته‌ مایه‌ی ئیحراج بوونی ده‌سه‌ڵات ، دواجار به‌ زه‌ره‌ری خۆیان ئه‌شکێته‌وه‌ ، چونکه‌ ئه‌م یاسا سواوه‌ بۆ سه‌ده‌ی 21 ده‌ست نادات ، به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ته‌تبیق ناکرێت که‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کانی بونه‌ته‌ چاودێرێک به‌سه‌ر کاره‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ، په‌ستانی بورکانی دڵی هاوڵاتیش ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ هه‌ڵکشانایه‌ کاتێکت زانی ته‌قیه‌وه‌ و تۆڵه‌ی خۆیان سه‌ند ، ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ک و له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر تێڕوانینێکی مه‌نتقیانه‌مان هه‌بێت بۆ روداوه‌کان ، ئه‌بینین هه‌زم کردن و وه‌ر گرتتنی ئه‌م یاسایه‌ که‌ تیایدا کۆت و زنجیری هاوڵاتی ئه‌کات ، له‌ ناوخۆی کوردستاندا فه‌رق و جیاوازیه‌کی سه‌ر سوڕهێنه‌ر هه‌یه‌ ، که‌ ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌ شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی ده‌ڤه‌ری پارتی و ده‌ڤه‌ری یه‌کێتیه‌وه‌ هه‌بێت ، په‌یوه‌ندی به‌ ئاستی سه‌قافه‌ت و تێگه‌شتنی خه‌ڵکی کوردستانوه‌ هه‌بێت ، که‌ ده‌یان ساڵه‌ و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌م دوو شاره‌ وه‌ک دوو هه‌رێمی جیاواز ئه‌ڕواننه‌ یه‌کتر ، له‌ ده‌ڤه‌ری سلێمانی و ده‌ور وو به‌ری ، یه‌کێتی که‌ حیزبی ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌واو سست و لاواز بوه‌ و ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ر زروفێکدا بێت به‌ره‌و توانه‌وه‌ بڕوات و پشتی بیدات له‌ زه‌وی ، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چاو کراوه‌یی و به‌رزی ئاستی ڕۆشنبیری خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ ، که‌ تیایدا ئۆپۆزسێۆن ته‌واو چالاکه‌ ، هاوڵاتیان باوه‌ڕیان به‌ فره‌ ده‌نگی و فره‌ ڕه‌نگی هه‌یه‌ و تیایدا سیسته‌می کارکردنی ئه‌و پارته‌یان به‌ ویژدان و ئه‌قڵ هه‌ڵسه‌نگاندوه‌ و وه‌ک ئه‌شوترێت لێره‌ و له‌وێ (سلێمانی شاری داهێنان و هه‌ڵمه‌ت و قوربانیه‌) ، به‌ڵام له‌ ده‌ڤه‌ری پارتی که‌ شاری هه‌ولێر و دهۆک و چوارده‌وری ئه‌گرێته‌وه‌ ، هه‌ڵبه‌ت که‌ ئه‌وترێت ده‌ڤه‌ری پارتی واته‌ له‌و ده‌ڤه‌ره‌ پارتی ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌مه‌ و زۆرینه‌ی ده‌نگه‌ ئیتر ئه‌و زۆرینه‌یه‌ به‌ هه‌رشێوازێک بێت ! ئه‌بینین ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌ ده‌نگی هاوڵاتی و هه‌ڵوێستی خه‌ڵکه‌که‌ی ته‌واو سسته‌‌ و پارتی یان بڵێین ده‌سه‌ڵات ته‌واو خۆسه‌پێن و چالاکه‌ ، بوونی ئه‌م جیاوازیه‌ زه‌قه‌ و ئه‌م ڕه‌وشه ناله‌باره‌‌ له‌و ده‌ڤه‌ره‌ش وه‌ ڕێگه‌ نه‌دان به‌ چالاک بوونی ده‌نگی تر یان ئۆپۆزسێۆن یان خه‌ڵکی ئازادی خواز و ڕه‌خنه‌گران و دڵسۆزان ، بێگومان ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شێوازی مامه‌ڵه‌ و کارکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ، له‌وێ هاوڵاتی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر چاوترسێن کراوه‌ و سنوره‌کان و به‌ربه‌سته‌کان پۆڵاینن و ڕێگه‌ نادرێت به‌ ده‌نگی ئازا و ئازاد ، شارێکی وه‌ک هه‌ولێر که‌ پایته‌ختی کوردستانه‌ ، خاوه‌نی مێژویه‌کی دێرینه‌ ، ئه‌بوایه‌ گیانی به‌رخودان زیاتر بوایه‌ ، ئه‌بوایه‌ قدوه‌ بونایه‌ بۆ به‌رهه‌م هێنانی ئازادی و دیموکراسی ، ئه‌بوایه‌ ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌وێوه‌ سه‌ری هه‌ڵدابا و له‌وێوه‌ به‌ربه‌سته‌کان بشکێنرانایه‌ ، سیسته‌می کاری پارتی نه‌فه‌س بڕه‌ و جگه‌ له‌ خودی خۆی هیچ هێز و هیچ پارتێکی که‌ ناخوێنێته‌وه‌ ، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر شوێن پێی حیزبی له‌ناو چوی گۆڕ به‌ گۆڕی به‌عسی هه‌ڵگرتوه‌ و پیاده‌ی ئه‌کات ، له‌ ده‌ڤه‌ری سلێمانی و ده‌ور و به‌ری خۆپیشاندانه‌کان بێ مۆڵه‌ت بوون و ئه‌مه‌ش مانای ڕه‌ت کردنه‌وه‌ و هه‌زم نه‌کردنی بوو له‌ نێوان سه‌ر‌جه‌م چین و توێژه‌کانی هاوڵاتیاندا ، به‌ڵام له‌ هه‌ولێر زۆر دوا خرا و تیایدا مۆڵه‌ت وه‌رگیرا که‌ ئه‌مه‌ نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان هه‌ڵئه‌گرێت ، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان خۆپیشاندانه‌که‌یان بۆ ناڕه‌زایی ئه‌و یاسایه‌ بوو ، به‌لام به‌ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت یاساکه‌یان خسته‌ بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه‌ و بونه‌ یه‌که‌م شار بۆ قبوڵ کردنی ! ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک له‌ به‌ها و قیممه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان که‌م ئه‌کاته‌وه‌ ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ووته‌یه‌م گشتی نیه‌ ، ئه‌شتوانین بڵێین ڕه‌نگه‌ ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هێزه‌ ئۆپۆزسێۆنه‌کان له‌م ده‌ڤه‌ره‌ نه‌یانتوانیبێت چالاکانه‌ کار بکه‌ن ، وه‌ نه‌یانتوانیبێت وا له‌ تاکی کورد بکه‌ن وردبین بڕوانێته‌ ڕه‌وشی کاری هێزه‌ سیاسیه‌کان ، له‌ کۆتاییا ئه‌ڵێم (زاڵم ناتوانێت زوڵم بکات هه‌تا مه‌زڵووم ڕێی بۆ خۆش نه‌کات) ، قبوڵ کردن و نه‌کردنی ئه‌و یاسا خۆ سه‌پێنه‌ په‌یوه‌ندی به‌ جورئه‌ت و هۆشمه‌ندی تاکی کورده‌وه‌ هه‌یه‌ ، که‌ پێویسته‌ هه‌موو تاکێکی ئازادی خواز ڕه‌فزی بکات له‌ پێناو جێبه‌جێ کردنی مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی هاوڵاتیاندا، زه‌نگێکیش بێت بۆ ده‌سه‌ڵات که‌ ئه‌مجاره‌ش به‌هه‌ڵه‌دا چوه‌ و نه‌یپێکاوه‌ . حه‌ز ئه‌که‌م ئه‌م کۆپله‌ شعره‌ی (کاکه‌ی فه‌لاح) بخه‌مه‌ ڕووکه پێم وابێت له‌ جێی خۆیایه‌تی ، ئه‌ڵێت :
له‌ ڕاستی زۆر شت بۆ خۆت گێل ئه‌که‌ی
زۆر به‌ندی بڕوای ڕاست پێشێل ئه‌کـه‌ی
ڕه‌شی قه‌ترانـــــــــــی ناو ئه‌نێ ی سپی
بۆ چه‌وتی چاوت خێل و خوار ئه‌کــــه‌ی
ئه‌وه‌ی که‌ بڕوات پێ ی بوو تــــا دوێنێ
نازانی ئه‌مڕۆ وا لـــــــــــــــــه‌ چ شوێنێ؟
لـــــــــــــــه‌سه‌ر که‌لاوه‌ ی ئاوات و هیوا
به‌پووی وێرانه‌ به‌کوڵ ئه‌خوێـــــــــــــنێ
ته‌نها بۆ به‌رزی پایه‌ت به‌ په‌لــــــــــــه‌ی
بۆیه‌ له‌وشکی خه‌ریکی مه‌لــــــــــــــــه‌ی


_ سوید

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە