کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


ئیدی وەختی هاتنە سەرجادەیە

Sunday, 30/06/2013, 12:00

1183 بینراوە


بانگەوازێک بۆ خۆپیشاندانی گشتیی دژ بە هەوڵی بنکۆڵکردنی دیموکراتییەت‌و پرۆسەی بەدیموکراتییکردن لە هەرێمی کوردستاندا

فەرزکردنی دواخستنی هەڵبژاردنەکان لەڕێگای بەکارهێنانی پەرلەمانەوە، وەک هەر هاوڵاتییەکی کوردستان، ئێمەشی تەواو تووڕە کردووە.

ئێمە پێمانوایە ئەو کارە خراپبەکارهێنانی دەزگای پەرلەمانە بۆ تێپەڕاندنی ئیجرائاتێک کە دیموکراتییەت و پرۆسەی بەدیموکراتییکردن لە هەرێمی کوردستاندا بنکۆڵ دەکات‌و زەمینەسازدەکات بۆ لەباربردنی هەر هیوایەک کە بۆ کەوتنەوەی دیموکراتییەت هەمانبووە لە هەرێمی کوردستاندا.

ئێمە لەو باوەڕەداین قەیران لە کوردستاندا نییە، ئەوەی هەیە‌و کراوەتە قەیران تەنها تەماحکاریی سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانییە بۆ مانەوە لە پۆستی سەرۆکایەتییدا. نابێت لە هیچ کەسێک قبوڵ بکەین تەماحی شەخسیی خۆی بکاتە قەیرانێکی گەورە لە هەرێمێکداو ببێتە ڕێگر لەبەردەم پرۆسەی دیموکراتییدا. ئێمە هیچ بیانویەک نابینین بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان تەنها ئەم تەماحە شەخسییەی مەسعود بارزانی نەبێت. دواخستنی هەڵبژاردن لەبەر ئیعتیباراتی بەرژەوەندیی شەخسی، لە راستییدا پەکخستنی پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی هەرێمی کوردستانە. هەڵبژاردن تەنها لە کاتێکدا دەکرێت دوابخرێت ئەگەر هۆکاری زۆر گرنگ هەبێت، بۆ نمونە وڵات لە جەنگدا بێت. لەم حاڵەتەی ئێستادا نەک هیچ ئیعتیباراتێکی گرنگی وا لە ئارادا نییە، بەڵکو ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بەتاڵکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن‌و پرەنسیپی ئاڵۆگۆڕکردنی دەسەڵاتە لە هەموو مانایەک.

ئەوەی جێگەی سەرنجە پەرلەمان دەبێتە، یان دەکرێتە، ئامرازی ئەم بنکۆڵکردنەی دیموکراتییەت. ئەمەیە کە دەبێت لە پەرلەمان‌و دەسەڵاتدارانی کوردستان قبوڵی نەکەین. پەرلەمانێک کە بە ئاراستەی پێچەوانەی دیموکراتییەت و پرۆسەی بەدیموکراتییکردنی کوردستان کاربکات، دەبێت ئیتر شەرعییەتی بخرێتە ژێر پرسیارەوە و دژ بەو یاسایە کار بکرێت کە بەم مەبەستە دەریدەچێنێت. ئەمە لە هەموو وڵاتە دیموکراتییەکانیش وایە. پەرلەمان و ئەحزابی سیاسیی پێیان دەوترێت دوو کەناڵی دامەزراو بۆ کارکردی سیاسیی. بەڵام کاتێک پرۆسەی دیموکراتییەت لەڕێگای خودی ئەو کەناڵانەوە دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە، سێیەم کەناڵ ئەوەیە کە ئیتر خەڵک بێتە سەرجادە و دەست بداتە ناڕەزاییدەربڕین، تا ئەو شوێنەی یاسادانەران‌و دەسەڵاتداران ملکەچ دەکەن‌ یاسایەکی ئاوا دژە-دیموکراسی هەڵبوەشێننەوە. گرتنەبەری کەناڵی سێیەم بەشێکی گرنگی پرۆسەی دیموکراتییەتە‌و ئیزافەیەکە بۆ تەفعیلکردنێکی زیاتری پرۆسەکە.

تێپەڕاندنی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی ئێستای هەرێم بۆ دوو ساڵی دیکەو ماوەی پەرلەمان بۆ چەند مانگێک تەواو پێچەوانەی ڕۆحی دیموکراتییەتە. بەڵی پەرلەمان ئەو سەڵاحییەتەی پێدراوە کە یاسا دەربکات، بەڵام ئەمە قەت بەو مانایە نییە کە سەڵاحییەتیان هەیە یاسای ناڕەوا و دژەدیموکراتییک پەسەندبکەن، چونکە مەرج نییە هەر شتێک زۆرینە کردی بە یاسا، ئیتر ڕەواش بێت. یاسا شتێکە و ڕەوایی و دیموکراتییەتی یاسا شتێکی تر. بۆیە، دووبارەی دەکەینەوە، لە کاتێکدا کە ئەمە دەکرێت، ئیدی هیچ چارەسەرێکی دروستتر و ڕەواتر لەبەر دەستی هاوڵاتیاندا نییە جگە لە هاتنەسەرجادە و داکۆکیی لەوەی کە نابێت دیموکراتییەت بە پەرلەمان بنکۆڵ بکرێت.

لەژێر رۆشنایی ئەو قسەوباسانەی سەرەوەو هەموو ئەو راستیانەی بۆ هاوڵاتیانی کوردستان‌ روون‌و ئاشکران، ئێمە بانگەوازی کوردستانیانی ناو وڵات‌و هەندەران دەکەین بۆ هاتنە سەر جادەو ناڕەزاییدەربڕین. ئێمە ئامادەین بە هەموو سەنگ و وزەی خۆمانەوە بچینە پشت دروستکردنی جەوێکی ناڕەزایی وا گەورە لە کوردستان‌و هەندەراندا کە گوشاری گەورە بخرێتە سەر سەرۆکی هەرێم، وە لەم پێناوەدا هەوڵبدەین سەرنجی وڵاتانی دەرەوەش راکێشین بۆ ئەو هەوڵانەی سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان دەیدات بۆ خۆفەرزکردن بەسەر ئیرادەی خەڵکدا.

ئێمە بانگەواز دەکەین بە خۆپیشاندانی ناتوندوتیژو هێمنانە بێنە سەرجادە بەو ئامانجەو بەو هیوایەی زووبەزوو پەرلەمان بکەوێتە ژێر گوشارەوەو ئەو دوو یاسایە ناڕەوا و دژەدیموکراتییە هەڵوەشێنێتەوە.

ئێمە بانگەواز دەکەین خۆپیشاندان تەنها و بەدیارییکراوی بۆ ئەم خۆفەرزکردنەی سەرۆکی هەرێم لە ڕێگەی یەکێتی‌و پارتییەوە بەسەر پرەنسیپەکانی دیموکراتییەتدا بەڕێبخرێت. دوای ملەکەچپێکردنی پەرلەمان‌و دەسەڵاتداران بۆ ئەم داواکارییەو هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو یاسایە، ئیدی کۆتایی بە خۆپیشاندان‌و هەموو جۆرەکانی دیکەی ناڕەزاییدەربڕین لەم پێناوەدا بهێنرێت.

لە کۆتاییدا داوا لە هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن‌و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی دەکەین کە بچنە پشت خەڵکە ناڕازییەکەی کوردستان‌و چالاکانە بەشداربن لە خۆپیشاندانەکاندا. داوامان ئەوەیە ئەو مەرجەش بخەنە سەر خۆیان کە تەنها لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو یاسایەدا کاری هاوبەش بکەن و ئەجێندای حزبەکانیان تێکەڵ بە داواکانی خۆپیشاندەران نەکەن.

بەهیوای ئەوەی زۆر نەبات توانێبیتمان پەرلەمان و دەسەڵاتدارانی هەرێم وادار بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو یاسایە کردبێت.


د. ئارام رەفعەت
سیروان عەبدول
د. شێرکۆ کرمانج


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)