کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بنه‌ماڵه‌ی بارزانی...یان ماڵه‌ خه‌زوران

Wednesday, 29/02/2012, 12:00




 

له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی ژان گرتویه‌تی و له‌ فۆرمی نه‌وه‌ی نوێدا له‌ دایك بووه‌،وه‌ك هه‌ر وڵاتێكی تری دیكتاتۆری،كه‌سانی نزیك به‌ كه‌سی یه‌كه‌م له‌ ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆر،به‌ "بنه‌ماڵه‌" ناوه‌زه‌دكراون و ناسێنراون،هه‌ر وه‌ك ده‌وترێت بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا هیچ یه‌ك له‌و دوو ناوه‌ پڕ به‌ پێستی كه‌سانی بڕیار به‌ده‌ستی پارتی و یه‌كێتی نه‌بوون و نین.


هۆكار گه‌لێكی وه‌ك كۆبونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك كه‌سی بیر و ڕا جیاواز و دابه‌شبوونی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یه‌كێتی به‌سه‌ر چه‌ند كۆمه‌ڵ و كه‌سێكدا،له‌ ڕابردودا بواری ئه‌وه‌ی نه‌داوه‌ ئه‌م پارته‌ ببێته‌ موڵكی تاڵه‌بانی و به‌س،به‌ڵكو هاوكات كه‌سانی تر له‌ ترۆپكی ده‌سه‌ڵات بونه‌و ئێستاش به شێوه‌یه‌كی كاڵتر ئه‌م ڕاستییه‌ بوونی هه‌یه‌. واته‌ ڕاسته‌ له‌ ئێستادا بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی هه‌وڵی زیاتركردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌دات و به‌م بۆنه‌شه‌وه‌ تاڵه‌بانی خۆی و هێرۆی هاوسه‌ری و پاڤێڵ و قوباد و برازاكانی ڕۆژ به‌ ڕۆژ ده‌سه‌ڵاتیان زیاد ئه‌كات،به‌ڵام هێشتا ناكرێت ڕۆڵی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح و ئه‌وانی تر،كه‌ له‌ خوێنێكی ترن،له‌ یاد بكرێت.


هه‌رچی پارتیشه‌،ئێستا ڕۆژ به‌ ڕۆژ خه‌ریكه‌ وشه‌ی بنه‌ماڵه‌ تێ ئه‌په‌ڕێنێت و ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ توانای گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی بچوكتر له‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ كۆیان ئه‌كاته‌وه‌،ئه‌ویش په‌یوه‌ندی زاوا و خه‌زوره‌. هۆشیار زێباری كه‌ له‌ ئێستادا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێڕاقه‌،كوڕی مه‌حمود ئاغای زێبارییه‌،واته‌ برای حه‌مایل خانه‌ كه‌ هاوسه‌ری مه‌لا مسته‌فا ئه‌كات،به‌ مانایه‌كی تر ماڵه‌ خه‌زورانی مسته‌فا بارزانی ئه‌كات. نێچیرڤان بارزانیش،كه‌ ڕاسپێردراوه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و هاوكات جێگری سه‌رۆكی پارتییه‌،سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كوڕه‌زای مه‌لا مسته‌فا و برازای مه‌سعود بارزانییه‌،هاوكات كچی بارزانی هاوسه‌رییه‌تی و ئه‌میش زاوای بارزانییه‌. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی باشه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی خوێنی زاوا و ماڵه‌ خه‌زورانی پته‌وتره‌ و بۆی هه‌یه‌ له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ده‌ست بێنێت،هه‌ڵبه‌ت گه‌ر بێت و مه‌سروری ئامۆزای ماڵێكی چێتری نه‌كردبێته‌ ماڵه‌ خه‌زورانی! كه‌ گه‌ر بێت و وابێت،ئه‌وا زاوای تازه‌ كه‌ كه‌وته‌ بازاڕ، زاوای كۆن خۆمان خۆش.


ته‌نها وه‌ك بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ په‌یوه‌ندی نێوان زاوا و ماڵه‌ خه‌زوران نییه‌،با ئه‌وه‌یان له‌ بیر نه‌چێت كه‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌ستی خه‌زوری له‌ كۆنگره‌ی سیانزه‌دا ماچ كرد تا ببێته‌ جێگری. هه‌ڵبه‌ت دیار بوو كه‌ یه‌كه‌م جاری نییه‌ ئه‌و ماچه‌ ئه‌كات! بۆ یه‌كێتیش هه‌بوونی كه‌سانێكی تر جگه‌ له‌ خزمانی تاڵه‌بانی،مانای ته‌ندروستی ئه‌و پارته‌ ناگه‌یه‌نێت،به‌س وه‌ك وتراوه‌،خراپ هه‌یه‌ و خراپتر،بۆیه‌ پێم وابێت یه‌كێتی له‌چاو هاوتاكه‌یدا خراپه‌،به‌س خراپتر نییه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە