گومان لەخەرجكردنى نۆزدە ملیۆن دینارى داهاتى شارەوانى كەلار دەكرێت كە رۆژانە لە مەرزى پەروێزخان وەرگیراوە
Friday, 30/09/2011, 12:00
"داوادەكرێت لێكۆڵینەوەى چاودێرى دارایی،لێكۆڵینەوە بكات لەو پسوڵەو برە پارانە"
بەپێی دۆكۆمێنتێك كە دەست لڤین كەوتووە گومان لەخەرجكردنى (19000000) نۆزدە ملیۆن دینارى داهات دەكرێت ، كە رۆژانە لەمەرزى پەروێزخان لەلایەن شارەوانى كەلارەوە وەرگیراوە.
لە نووسراوی ژمارە (72)ى لقی گەرمیانى یەكێتى سەندیكاكانى كرێكارانى كوردستان كە لە رۆژى (2/5/2011) ئاڕاستەى دەستەى داواكار بەمافی گشتى كراوەو و وێنەیەكیشی رەوانەى فەرمانگەى داواكارى گشتى لە گەرمیان كراوە،ئاماژە بەو كەمو كووڕییانە كراوە كە لە مەرزى پەروێزخان لەلایەن سەرۆكایەتى شارەوانى كەلار ئەنجامدراوە، لە نووسراوەكەدا داواى لێكۆڵینەوە لەو باریەوە دەكات و داوا دەكات لێكۆڵینەوەى یاسایی بكرێت و چاودێری دارایی ئاگاداربكرێتەوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو پارەیە و پسوڵانە".
لە نووسراوەكەى لقی گەرمیانى یەكێتى سەندیكاكانى كرێكارانى كوردستان هاتووە"مەرزى پەروێزخان دەروازەیەكى گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە نێوان هەرێمى كوردستان و ئێراندا ئەم مەرزەیە دەكەوێتە،ڕۆژهەڵاتى شارى كەلار بەپێی ئەو ئامارەى لاى ئێمەیە ڕۆژانە (650 700) ئۆتۆمبێلى بارهەڵگرى جۆرا و جۆر كارى تێدادەكەن و هاتووچۆ دەكەن لەدەروازەى ناوبراوەوە".
لەنووسراوەكەدا روونكراوەتەوە،سەرۆكایەتى شارەوانى كەلار لە ناوڕاستى مانگى (12)ى (2009) تاكو(7/2/2010) ڕۆژانە (4%)ى كرێیان وەرگرتووە لە شۆفێرانى ئەو مەرزە بە پسوڵەیەك كە هیچ مەرجێكى یاسایی پێوە دیارنییە،كە رۆژانە مەزەندە دەكرێت بە زیاتر لەى لە (19000000) نۆزدە ملوێن دینار.
بۆیە گومانیان هەیە ئەو پارەیە چەند كەسێك سودمەندبووبێت لێی،لە نووسراوەكەدا هاتووە"بۆیە داواكارین لە بەڕێزتان لەڕێگەى خۆتانەوە لێكۆڵینەوەى یاسایی بكەن و چاودێری دارایی ئاگاداربكرێتەوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو پارەیە و پسوڵەكان.
لەنووسراوەكەى لقی گەرمیانى یەكێتى سەندیكاكانى كرێكارانى كوردستان وێنەیەك لەو پسوڵەیەی كە پارەكەى پێوەرگیراوە لەگەڵ خشتەى ئامارى ڕۆژانەى ئۆتۆمبێلەكان لەگەڵ بڕی ئەو پارەیەى كە ڕۆژانە لە شۆفێرەكان وەرگیراوەو هاوپێچیانكردووە.
مەرزى پەروێزخان لە سنورى خانەقین،یەكێكە لەو مەرزانەى كەوتووەتە سنورى هەرێمى كوردستان و وڵاتى ئێران بۆ هاوردەو ئاڵۆگۆڕكردنى كارە بازارگانییەكان و هاتوچۆى هاووڵاتیان بۆ ئێران و دابینكردنى پێداویستیەكانیان.
بەپێی زانیارەكانى لڤینیش فەرمانگەى داواكارى گشتى لە گەرمیان دوو نووسراوى ئاراستەى شارەوانى كەلار و گومركى مەرزى پەروێزخان كردووە كە داوایان لێەدەكات لەخەرجكردنى ئەو پارەییە كە لەنووسراوى لقی گەرمیان هاتووە ئاگاداریان بكەنەوە".
سەبارەت بە نووسراوەكەى لقی گەرمیانى یەكێتى سەندیكاكانى كرێكارانى كوردستان لڤین پەیوەندى بە سەرۆكى شارەوانى كەلارەوە جەواد وادى كرد وتى" ئەو مەرزە ساڵێك بەدەست ئێمەوە بووە، داهاتەكەیمان رۆژانە وەرگرتووەو خەرجمان كردووە بۆ شارەكە،هیچ پسوڵەیەك ساختە نییە".
لەلاى خۆیشییەوە بەرپرسی لقی گەرمیانى یەكێتى سەندیكاكانى كرێكاران و پێشەوەرانى كوردستان ئەحمەد حەمە ساڵح لەلێدوانێكیدا بە لڤینى راگەیاند"ئێمە گومانمان لەسەر پسوڵەكە هەیە كە لەبازر دروستكراوەو هی حكومەت نییە،،ناوبراو روونیكردەوە كە دەبێت بە وەسڵی حكومەت پارە وەربگیرێت وەسڵەكەیش لەژێر چاودێر دیوانى چاودێری داریدابێت". هەروەها وتى"ئێمە وەكو ئەركى خۆمان هەڵساین داواكارى گشتیمان لێئاگاداركردووەتەوە ئیتر دەمێنێتەوە ئەوان بیجوڵێنن،ئەگەر كەوتە سەر ئەوان دەبێت بەدواداچوونى بۆ بكەن".
بەرپرسەكەى لقی گەرمیان جەختى لەسەر ئەوەیش كردەوە كە ئاگاداری ئەوەیە فەرمانگەى داواكارى گشتى لەگەرمیان بەدواداچوونى بۆ ئەو نوسراوە كردووە،وتیشی"ئەوەى كە لەسەر ئێمە بێت روونكردنەوەى ئامارى دەقیقەمان داوە پێیان كەچەندێك ئۆتۆمبێل رۆشتووە بۆ ئەو مەرزە".
بۆ ئەم مەبستەیش لڤین پەیوەندى بە بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى گومرگى گەرمیان،(سامان وەهاب)ەوە كرد،بەڵام ناوبراو وەڵامى پەیوەندییەكانى نەدایەوە".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست