کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


دەسەڵاتی دادوەری كوردستان پاشكۆیەتی خۆی سەلماند

Sunday, 14/06/2009, 12:00


جەماوەری ئازادیخوازی كوردستان
دوای ئەوەی بەبڕیارێكی سیاسی و لەچوارچێوەی رێككەوتنی(ئێراق-ئەمریكا-توركیا-هەرێم)دا لیستی هیوا بێبەشكرا لەبەشداریكردن لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا. ئێمە وەكو لیستی هیوا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە لەلایەك دۆسیەمان پێشكەشی لیژنەی دادوەریی تایبەت بەهەڵبژاردنەكان كرد، لەلایەكی ترەوە لەگەڵ (پ.چ.د.ك) و ئەو رێكخراو و كەسێتیانەی كە پشتیوانی لیستەكەیان دەكرد و كۆمەڵێك رێكخراو و لایەن و كەسێتی دیموكراتخوازو بەهەڵوێست و بەشێك لەراگەیاندنەكان هەولمَاندا كە كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بەم بڕیارەدا بچنەوە، هەروەها داوامان لە لیژنەی دادوەریی كرد كە ئەوان سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و نەبنە بەشێك لەم بڕیارە ناڕەوایە. بەڵام بەداخەوە لیژنەی دادوەریش بووە بەشێك لەو پرۆسە ناڕەوا و نادیموكراتییەو وەكو ئەكتەرێكی گوێ رایەڵی دەسەڵات ئەو بڕیارەی پەسه‌ندکرد. دەسەڵاتی هەرێمیش لەبەرامبەر ئەم بێ رێزییە بەرامبەر یاسا و رێساكانی هەڵبژاردن هەتا ئێستا بێدەنگن. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ كە ئەوان خۆیان رۆڵێكی سەرەكیان هەیە لەگەڵاڵە كردنی ئەم بڕیارەدا و ئەمەش بۆخۆی دەبێتە پەڵەیەكی ڕەش بۆ پرۆسەكە و ئەوە دیاری دەكات كە لە هەرێمی كوردستان و ئێراقدا سەروەری یاسا و ئاسایشی نەتەوەیی بوونی نییە. ئەوەی سەروەرە ئیرادەو داخوازییەكانی هێزە دەرەكیەكانە. ئەمەش گەورەترین بێ رێزییە بۆ سەروەری نەتەوەیی و نیشتمانیمان. ئەركی هەموو مرۆڤێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی و دیموكراتخوازە كە ئەم بێ رێزییە پەسند نەكات.

ئازادیخوازان، دیموكراتخوازان
ئێمە وەكو لیستی هیوا ئەم بڕیارە پرۆتەستۆ دەكەین و بەبڕیارێكی نایاسایی و نادیموكراتی دەبینین. ئەم بڕیارە بەشەرمەزاریی دەبینین بۆ دەسەڵاتی هەرێم و ئێراق، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دەسەڵاتی دادوەریی. ئەم بڕیارە بەپێچەوانەی ئەو بانگەوازیانە دەبینین كە باس لەبوونی سەروەریی یاسا و دەرفەتی یەكسان بۆ هەمووان و ئەنجامدانی كۆنفرانسی نەتەوەیی دەكەن. ئەم بڕیارە ئەوە دووپات دەكاتەوە كە هەڵبژاردن هێشتا لەكوردستاندا بەپێی یاسا بەڕێوەناچێت بەڵكو بەپێی داخوازی دەسەڵاتداران بەڕێوەدەچێت. ئەمەش گەورەترین مەترسیە بۆ ئایندەی پرۆسەی دیموكراتیزە بوونی هەرێمی كوردستان و ئێراق. هەروەها ئەوە دووپات دەكاتەوە كە دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامادەنین كە لەزەمینەی دیموكراتیدا بۆ كۆنفرانسی نەتەوەیی كار بكەن. ئێمە لەم بڕیارەدا دەسەڵاتی ئێراق، دەسەڵاتی هەرێم، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دەسەڵاتی دادوەریش بەبەرپرسیار دەبینین و كەسیان ناتوانن خۆیان لەبەرپرسیارێتی كردەوەیەكی قێزەونی بەمڕەنگە بدزنەوە.

دیموكراتخوازان و هاوسۆزانی لیستی هیوا
ئێمە سەرەتا دەستخۆشی لە هەموو ئەو لایەن و كەسێتیانە دەكەین كە پشتیوانیان كردین و پیرۆزباییش لە هەموو هاوسۆزانمان دەكەین كە شەرەفی ئەوەمان پێبڕا ڕووی نادیموكراتی دەسەڵاتی هەرێم هەڵبماڵین و ئەمەش دەسكەوتێكی گرنگەو بەئاسانی ئەنجام نادرێت. وەكو پێشتریش باسمان كردبوو هیچ بڕیارێكی ناڕەوا ناتوانێت لەتێكۆشان ساردمان بكاتەوە، بەپێچەوانەوە سوورترمان دەكات لەسەر خەبات. هەربۆیە لە ئەمڕۆ بەدواوە بە ئەركی خۆمان و هەموو ئازادیخوازان و دیموكراتخوازان دەزانین كە تێكۆشانی خۆمان چڕتر بكەینەوە هەتا ڕێگە نەدەین ئەم جۆرە رەفتارە ببێتە نەریت، لەجێگەی ئەوە ئیرادەی تێكۆشانی جەماوەر بەرەو پێشەوە ببەین. ئێمە لەو باوەڕەشداین كە هیوا لە سەركەتن بەهادارترە و هیوای ئێمە بۆ تیكۆشانی دیموكراتی زۆرەو باوەریشمان بەخۆمان هەیە و سەركەوتنیش سەرچاوەی خۆی لەم بەهایانەوە دەگرێت. لەكۆتاییدا ئەوە دووپات دەكەینەوە كە لەپرۆسەیەكی دیموكراتی راستەقینەدا هەموو لایەك سەركەوتوون و دۆڕاو و براوە نییە، بەڵام لە زەمینەیەكی نادیموكراتیدا براوە و دۆڕاو هەر دۆڕاون. چونكە بەهاكانی دیموكراتی بن پێدەكرێت. ئێمەش لەپێناوی خوڵقاندنی زەمینەی دیموكراتی و سیستەمێكی دیموكراتدا تێكۆشانی خۆمان بەگوڕتر دەكەین، چونكە دڵنیاین تاكە گەرەنتی سەركەوتنی گەلەكەمان و پاراستن و مەزنكردنی دەسكەوتەكانی گەلەكەمان بەرقەراركردنی سیستەمێكی بەمڕەنگەیە.

14-6-2009


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە