ئەو زللەیهی که بەرپرسێكى پارتى لە بەرپرسێكى ئیداری دا!
Thursday, 02/08/2012, 12:00
ناكۆكى تەنها لە نێوان هێزە سیاسیەكان خۆى مەڵاس نەداوە، بەڵكو رۆچووەتە ناو تەواوى حیزبە كوردیەكان، بە تایبەت لە ئێستاشدا خودى حیزبێكى وەك پارتى دیموكراتى كوردستان لێى بێ بەش نەبووە و بگرە بووەتە دیاردە! هەرچەندە ناكۆكى گەر لە سەرە ئەساسى ئەداى ئیشكردن و خزمەتكردن بە خەڵكى كورد بێت، ئاساییە، بەڵام ئەوەى لە نێوان ئەفرادەكانى پارتیدا بوونى هەیە و درووست بووە، ململانێى پۆست و ئیمتیاز، كۆشك و تەلار، كۆمپانیا و ئەرزەى روكنە!
لە ماوەى رابردوودا بۆ گۆڤاری شەقام چەندین دیمانەم لەگەڵ هەندێ لە بەرپرس و كەسایەتى حیزبە جۆراوجۆرەكانى كوردستان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە كردووە، بەڵام ئەوەى سەرنجى راكێشام، بوونى ئەو هەموو ناكۆكییەیە لە نێوان بەرپرسەكانى پارتى، كە لە دواى چاوپێكەوتنەكان بە شێوەى لوغز سكاڵای خۆیان لە دەست هەندێ بەرپرسى تر دەكرد و ئاماژەیان بە لێ نەپرسینەوەى مەكتەب سەرۆك دەكرد لە ئاستیان! یەكێ لەو بەرپرسانەى كە لە دواى چاوپێكەوتنەكەدا ئاماژەى بەوەدا، كە وەك لیژنەى لێكۆڵینەوە سەردانى یەكێ لە لقەكانى خۆیانیان كردووە، دواى لێكۆڵینەوە دەركەوتووە كە لە سەردەمى ئەو بەرپرسى لقەدا چەندین گەندەڵى و دزى و شكانى قاسە روویداوە، چەندین كەس تۆراوە، چەندین كەس بە پێوەری خزم خزمێنە كراونەتە كادیر، دەبێت لابدرێت، وەك خۆى بە دەم پێكەنینەوە وتى، بە داخەوە دواتر كردیانە ئەندامى مەكتەبی سیاسیى و پلەیان بەرز كردەوە!
بەرپرسێكى تری پارتى ئاماژەى بەوەدا، جیا لەوەى ئەو لە وەسەتى بڕیاردانى ئەو پارتە بووە، بەڵام خەڵك هەبووە هیچیش نەبووە قسەى ئەو زیاتر خواردوویەتى و لە پێشتر بووە، وەك لەم! وەك خۆى وتى: ئیتر دڵم بە چ پلە و پۆستێك خۆش بێتن لە كاتێكدا مەكتەبی سیاسیى و سەركردایەتى تەنها هەیكەلە و هیچى تر!
بەرپرسێكى تر وتى: ئێستا ئێمە ملاملانێمان لەسەر ئەساسى ئایدۆلۆژیا و خزمەتكردن بە میللەت لەگەڵ یەكتر نییە، بەڵكو ئەوەى هەمانە، ئەوەیە بۆ هاوڕێكەم لەگزیز لێبخوڕێت و خاوەنى دوو كۆمپانیا بێت، بۆ من مۆنیكاى عادى لێبخوڕم و خاوەنى كومپانیا نەبم!
ئەم ناكۆكیانە تەنها بە قسە لەسەر یەكتركردن نەوەستاوەتەوە و بگرە گەیشتوەتە ئاستى شەق تێهەڵدان لە یەكتر، بۆ نموونە بەرپرسێكى حیزبی لە هەولێر لە ناو ئیدارەكەى خۆیدا چەند زللەیەكى لە بەرپرسێكى ئیداری دابوو، جیا لەوەش تفێكى كردبووە رووى و هەندێ قسەى پێوتبوو! وەك بەپرسە حیزبییەكەش وتبووى بۆ ناچن لەسەر ئەم كابرایە بنووسن كە موڵك و ماڵى ئەم شارەى بە خۆى و براكانیەوە دزى و سەرەوەش بۆى دادەپۆشن، یا بە هۆى لەسەر نووسینى رۆژنامەنووسان دەداتە دادگا و لە رێى كەس و داردەسەكانییەوە چاودێری رۆژنامەنووسان دەكات، لەولاش لەبلەبانێكى بە ناو چاودێری سیاسیى لە دەووری خۆى نزیك كردوەتەوە و شەڕى ئەم ئەوى پێ دەكات و كردوویەتى بە مقاشى دەستى خۆى و خەڵوزى گەشاوەى پێ ئەمدیو و ئەودیو دەكات!
ئێستا ئەو زلە حیزبییە كە بەر ئەو بەرپرسە ئیدارییە كەوتووە، بووەتە هۆى ئەوەى ئەویش شەق لە بەڕێوەبەری هەندێ شوێن و واعیزى هەندێ شوێن بوەشێنێت و بشڵێت: فەرمان فەرمانى منە، چى دەكەم دەیكەم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست