باڵى هەولێرى بزوتنەوەى دیموكراسیخوازان بەدیموكراسى ڕازى نین.
Friday, 05/02/2010, 12:00
بزوتنەوەى دیموكراسیخوازان بەهادین نورى دایمەزراندووەو یەكەم حزب بووە لە شەڕى ناوخۆدا بەیاننامەى دژى شەڕى ناوخۆ دەركردووەو بەو هۆیەشەوە ماوەیەكى زۆر هەموو ئەو یارمەتییە كەمەى وەریدەگرد لێى بڕدرا، هەروەها لە سەر كوشتنى كۆمەنیستەكانیش لە شارى سلێمانى بەیاننامەى ناڕەزایى دەركردوو بەو هۆیەشەوە بۆ ماوەیەك گەمارۆ خرایە سەرى، بەهادین نورى وەك و كەسایەتى خۆى ئەوەندە حەزى لە سەركردەى ڕاستەقینە دەكرد كە خاوەن بیرو باوەر بێت ئەوەندە حەزى لە خەڵكى زمان لوس و ماستاوچى نەبوو، هەر لە كاتى سەرپەرشتى خۆیدا بۆ حزب بڕگەیەكى خستە ناو بەرنامەى ناوخۆوە كە نابێت هیچ كەسێك لە (10) ساڵ زیاتر سكرتێرى حزب بێت، بۆیە خۆى یەكەم كەس بوو پێبەند بوو بەو بڕگەیەوەو بە ئارەزووى خۆى وازى لە سكرتێرى هێنا. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە ئەو كەسە كەم و كورتى نەبێت كە لێرەدا ناكرێت باس بكرێت.
بە هەر حاڵ كێشەى ئێستاى بزوتنەوەى دیموكراسیخوازانى كوردستان هۆى سەرەكى دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى باڵى هەولێر لە ئەنجامى هەڵبژاردن دەترسن ئێتر چى لە كۆنگرەدا بێت یان كۆنفرانس، لە هەردوو لەتبوونى حزبدا چى یەكەم جارو چى ئێستاش برادەرانى هەولێر دژى بەستنى كۆنگرەو گۆنفرانسن لەبەر ئەوەى بە دیموكراسى ڕازى نیین، پاش ڕێكەوتنى یەكەم باڵى سلێمانى تەنانەت وازیان لە دۆستەكانى خۆشیان هێنا بۆ یەكگرتنەوەى حزب، كەچى برادەرانى هەولێر كەوتنە كڕینى باڵەكەى دیكەو یان دوورخستنەوەیان لە حزب بە هۆى جۆراوجۆر، كە بێ گومان ئەمە ئەو كەلتوورەیە كە گۆمەڵگەى كوردى بەدەستییەوە دەناڵێنێت، تا ئێستا خەڵك ڕزگارى نەبووە لە یەكێتى و پارتى ئینجا نۆرەى دوكانە سیاسیەكەى باڵى هەولێرە. هەروەها لەسایەى دەسەڵاتى (شوكروڵادا) مانگانە ئەندامانى سەركردایەتى ئەو حزبە(هەشت سەد هەزار) دیناریان وەرگردووە بەرانبەر(75000) دینار بۆ كادرى مەڵبەندەكان جگە لەوەى مەكرەمەى یەك ملیۆن دینار زیادەیان وەرگردووە . هەروەها ئەو بەیاننامەى باڵى سلێمانى ئەم ماوەیە دەریان كردە دەكرێت وەسف بكرێت بە شەرمننامە نەك بەیاننامە، لە كۆتاییشدا دەڵێین عەقڵى لەم جۆرانە ئەبێ چى پێ بێت بۆ ئایندەى ئەم گەلە؟؟؟.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست