کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نهێنەیەکانی داگیرکردنی عێڕاق ، ئایا تالەبانی و بارزانی نەیان هێشت (ئیبراهیم جەعفەری) ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران ؟

Thursday, 13/06/2013, 12:00









بەشی کۆتایی

هەڵبژاردەنەکانی ساڵی (2005)ی عێراق لیستەکەی (ئیبراهیم جەعفەری) زۆرینەی کورسەیەکانی پەرلەمانی عێڕاقیان بە دەست هێنا مافی پێکهێنانی حوکمەتیان هەبوو . لە بڕیارێکی نادیاردا (ئیبراهیم جەعفەری) رایگەیاند کە ئەو جارێکی تر نابێتەوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق ! ئەو کات سەرانی کورد بەتایبەتی (تاڵەبانی و بارزانی) ڕایان ئەگەیاند کە ئەوان لەگەڵ خۆ کاندید کردنەوەی (ئیبراهیم جەعفەری) نین و پێویستە کەسێکی تر ببێتە بەدیل ! وایان لەگەلی کورد ڕادەگەیاند کە (جەعفەری) دژی مادەی (140)لەو لە ماوەی سەرۆک وەزیرانیدا هیچ هەنگاوێکی نەناوە و دژی هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستانە . (ئیبراهیم جەعفەری) لە سەردانی بۆ سلێمانی و بە ئامادەبوونی (جەلال تالەبانی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند کە بەرپرسانی کورد لە بەغداد کەم تەرخەمن بەرامبەر مادەی (140) و تەحدای کردن کە ڕۆژێک یەک بەرپرسی کورد چوبێتنە لای و داوایان هەبووبێت و ئەو جێ بەجێ نەکردبێت . بێگومان (تاڵەبانی) هیچی لە وەڵامی قسەکانی (جەعفەری) نەگووت ! کاتێکیش (جەعفەری) ڕایگەیاند ئەو حوکومەت پێکناهێنێت ! هەر زوو سەرانی کورد ڕایان گەیاند کە ئەوان ڕێگر بوون لێی و لە سەر مافەکانی گەلی کورد ئەو هەڵوێستەیان وەرگرتووە و بە سەرکەوتن و شانازی و قارەمانی بە بەهایەکی زۆر گران پێیان فرۆشتینەوە !!!
لە مانگی (8-2005) شەڕی مەزهەبی سوننەکان و شێعەکان دەستی پێکردبوو ڕۆژانە بە سەدان کەس ئەکوژران . گروپە تونڕەوە شیعەکان لە ماوەی دەسەڵاتداری (ئیبراهیم جەعفەری) دەستیان بەسەر هەموو دەزگا ئەمنی و سەربازیەکانی عێڕاقدا گرتبوو ، بە جلی سەربازی و سەیارەی حوکمی و چەكی حوکمەت ڕۆژانە شەڕی سوننەکانیان ئەکرد و بە سەدان هاوڵاتیان ئەکوشت و هەڵیان ئەکوتایە سەریان و ڕۆڵەکانیان ئەبردن و لاشەکانیان لە شەقامەکانی عێڕاق فڕێ ئەدان . هەموو ئەم کارانە بە بەرچاوی (ئیبراهیم جەعفەریەوە) ئەکران بە بیانوی شەڕی (ئەلقاعیدە) دەستی شیعەکانی ئاواڵڵا کردبوو . ئەمەریکیەکان ئەمەیان بۆ ڕوون ببۆوە و هەستیان ئەکرد کە عێراقیان لە دەست ئەچێت و (جەعفەری) هۆکاری پشیویەکانی عێڕاقە ، ئەمە جگەلەوەی پێیان وابوو (جەعفەری) پەیوەندیەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ (ئێران) .
22-2-2006 گروپە تیرۆریستەکانی (ئەلقاعیدە) یەکێک لە مزگەوتە پیرۆزەکانی شێعەکانیان تەقاندەوە (مزگەوتی عەسکەری) زیاتر لە (66) کەسیان کردە قوربانی . گروپە تیرۆریستە شێعەکان چەندین بازگەیان لە ناو (بەغداد) دانا و بۆ تۆڵە سەندنەوە زیاتر لە (52) هاوڵاتی سوننەیان کردە قوربانی . گروپەکەی (موقتەدا سەدر) دەستیان گرت بە سەر هەموو ئەو ناوچانەی شێعەکانی تیادا زۆرینەن هەموو ماڵە سوننەکانیان دەرکرد .گروپەکانی سوننە بە هاریکاری (ئەلقاعیدە) دەستیان بە سەر ناچە سوننە نشینەکانا گرت و هەموو ماڵە شیعەکانیان دەرکرد . بە حوکمی ئەوەی شیعەکان زۆرتن لە (بەغداد) زۆرترین ناوچەیان لە ژێر دەستا بوو . (ئەلقاعیدە)ش لەو ناوچانەی دەستی بە سەرا گرتبوون بۆ پاراستنی سوننەکان دەوڵەتێکی ئیسلامیان دروست کردبوو . بارودۆخەکان بەو ئاڵۆزیە بوو لە سایەی حوکومەتەکەی (جەعفەری).
(جۆرج بۆش و تۆنی بیلەر) لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی بارودۆخی عێراق هەڵئەسەنگێنن و بڕیار ئەدەن کە نابێت (جەعفەری) حوکومەت دروست بکاتەوە و دەبێت بەدیلێکی بۆ بدۆزنەوە . وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاو بەریتانیا (ڕایس و جاک سترۆ) بۆ ئەم مەبەستە لە (2-4-2006) دێنە عێراق و چاویان بە (جەعفەری) ئەکەوێت . لەوێ پێی دەڵین کە نابێت ئەو حوکمەت دروست بکات، (جەعفەری) ئەڵێت جاران (رایس) زۆری ڕق لە من بوو بەڵام کاتێک هات ئەوەی پی ووتم زۆر بە ڕوو خۆشی و بە زمانێکی جوان پێی ووتم ! منیش لێم پرسی ئەگەر لە (ئەمەریکا و بەریتانیا) خەلک دەنگ بە (بۆش و بیلەر) بدات چۆن ئەبێت نەبن بە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران ؟ لە کاتێک ئێوە باسی دیموکراسی ئەکەن و منیش بە دەنگی عێراقیەکان هەڵبژێڕاووم ؟ لە وەلام (ڕایس) پێی ئەڵیت لە ماوەی دەسەلاتداریت سەرکەوتوو نەبوویت و لە عێراق ڕۆژانە سەدان کەس ئەکوژرێت ئێمە ئامادەنین پشتگیری حوکەتەکەت بکەین . ئیدی (جەعفەری) ناچار ئەبێت بێتە سەر شاشەی تیڤی و ڕایگەیەنێت کە ئەو حوکەت پێک ناهێنێت .
ئەمەریکیەکان بە دوای کەسێک ئەگەڕان لە (ئێران) پەروەردە نەبووبێت تا شوێنی (جەعفەری) بگرێتەوە . (نوری مالکی) کەسێکی نە ناسراو بوو جێگری (ئیبراهیم جەعفەری) بوو ، لە بەر ئەوەی (مالکی) لە ماوەی ئاوارەبوونی لە سوریا ژیاوە بۆیە بڕیار ئەدەن ئەو حوکەت دروست بکات لە (20-5-2006) مالکی دە‌یتە سەرۆک وەزیران . (جۆرج بۆش) لە کامپ دەیڤد کۆبونەوە لە (12-6-2006) بە دارو دەستەکەی ئەکات بەو مەبەستەی ستراتیژێکی نوێ بۆ عێراق دابڕێژن ، ڕۆژی یەکەم گوێی لە سەرنج و بیرو بۆچونەکانیان ئەبێت ، ڕۆژی دووەم هەموویان ئامادەی کۆبونەوەکە ئەبن و چاوەڕێی (جۆرج بۆشن) بێتە کۆبونەوەکە ، لە ژوری کۆبونەوەکە تەلەفزێۆن دائەگیرسێنن و تەماشا ئەکەن (جۆرج بۆش) لە عێراقە ! لەو کۆبونەوە ڕۆژنامەوانیە (جۆرج بۆش) رایگەیاند هەموو پشتگیریەکی (مالیکی) ئەکات .
شەڕی سونە و شیعەکان بە درێژای ساڵی (206) زیاتر لە (1800) کەس ئەکات بە قوربانی . (ملکی)ش وەک (جەعفەری) لە بەرامبەر گروپە تیرۆریستەکانی شیعەکان بێدەنگە و هیچ هەڵوێستێکی توندی بەرامبەریان نیە ! ئەمەریکیەکان د‌ڵنیانین لەوەی ئایا (مالکی)ش کەسێکی مەزهەبیە یان کەسیکی نیشتیمانیە ؟ ڕاوێژکاری ئەمەریکا لەعێڕاق (مێگان ئۆ سەلەڤان) لە پەیوەندیەکی لەگە‌ڵ (بۆش)، ڕایدەگەیەنێت کە عێڕاق تابێت خراپ ئەبێت و هاتنی (مالکی) هیچی لە ڕەوشی عێراق نەگۆڕیەوە بۆیە پێویستە هێزی زیاتر ڕەوانەی عێراق بکرێت .(جۆرج بۆش) نایەوێت موجازەفەیەکی ئاوا بکات لەکاتێک هێشتا لە (مالکی) دڵنیا نیە . بۆ ئەو مەبەستە لە (30-11-2006) دێتە عێراق و چاوی بە (نوری مالکی) ئەکەوێت ، لە کۆبونەوەکە ڕەوشی عێراق هەڵە سەنگێنن زۆر گوێی لە بەرپرسە عێراقیەکان ئەبیت باسی شەڕی گروپە (سوننە و شیعەکان) ئەکەن ، (بۆش) پێیان ئەڵێت ئەی بۆ نایان گرن ؟ مالکی بە گاڵتەوە ئەڵێت ئاخر شوێنمان نیە ! بۆشیش پێی ئەڵیت دەکەواتە بیان کوژن . ئینجا (بۆش) بە (مالکی) ئەڵێت من ئامادەنیم موجازەفە بە هێزەکانمەوە بکەم لە کاتێک خۆم لە ژێر فشارێکی زۆردام ئەگەر تۆ ئامادەنەبیت بەرەو ڕووی گروپە شیعەکان نەبێتەوە . (مالکی) مل بە داواکەی (بۆش) ئەدات . لە (15-1-2008) جۆرج بۆش ڕایدەگەینێت کە (20.000) هەزار سەربازی تر ڕەوانەی عیراق دەکات ، لە هەمان کات (جەنەڕاڵ جۆرج کەیسی) لا دەبات و (جەنەڕاڵ دەیڤد پەتریۆس) دەخاتە جێگاکەی . هێزەکانی ئەمەریکا هێلێک لە نێوان (سوننەکان و شیعەکان) ئەکێشن و سەربازەکانیان لە نێوانیان بڵاو ئەکەنەوە . هێرش دەکەنە سەر گروپە شیعەکان (مالکی) بەمە زۆر نیگەران ئەبێت داوای کۆبونەوە ئەکات لەگەڵ (جەنەڕال دەیڤد) ، لە کۆبونەوە لیستێک ئەداتە دەست (دەیڤد) کە نابێت بە هیچ شیوەیەک هێرش بکرێتە سەر ئەو کەسانەی ناویان لە لیستەکە هاتووە بەبێ پرسی ئەو بێ ئیمزای ئەو ، بە بیانوی ئەوەی ئەوانە هاورێین و بەبێ پشتگیری ئەوان ناتوانێت حوکمەتەکەی سەر کەوتووبێت و هەوڵ ئەدات بە گفتووگۆ بەشداری پرۆسەی سیاسیان پێبکات . (جەنەڕاڵ دەیڤد) پەیوەندی بەو سونانەوە ئەکات کە بێزار بوون لە هێزەکانی (ئەلقاعیدە) کە بەبیانوی پاراستنی ئەوان دەسەلاتیان بە سەر ناوچە سوننە نشینەکانە گرتووە و بەپێی شەریعەی ئیسلام حوکم ئەکەن . (ئەبو عابد) کە پێشتر لە هێزە ئەمنیەکانی ڕژێمی بەعسدا کاری کردووە و دوای ئەوەی لە ساڵی (2005) گروپە تیرۆریستیەکانی شیعە برایەکی ئەبەن ئەیکوژن ، گروپێکی چەکداری سونی دروست ئەکات بۆ بەرگری لە خۆیان . ئەگێڕێتەوە ئەڵێت کە ئەلقاعیدە هاتن بۆ هاریکاریمان و دوای دەستیان بە سەر هومووشتێکا گرت ڕۆژێکیان دایکێک و دوومناڵیان لە بەر چاوی خەڵک فیشەک باران کرد ، ئەڵێت پێم وتن بۆ ‌ڕەمیان ئەکەن ؟ لە وەلام پێیان وتم چونکە پێشێلی یاساکانی ئیسلامیان کردووە ، هیچی ترت هەیە بیلێیت ؟ ئەڵیت وتم نەخێر ئێوە حاکمن چی ئەکەن بیکەن . (ئەبو عابد) یەکێکە لەوانەی پەیوەندی بە هێزەکانی ئەمەریکاوە ئەکات و بە هاریکاری ئەمەریکیەکان گروپە تیرۆریستەکانی (ئەلقاعیدە) لە ناوچەکانیان پاک ئەکەنەوە . پاشان ئەمەریکیەکان موچەیان بۆ ئەبڕێننەوە و داوا لە (مالکی) ئەکەن کە بیان خاتە ناو هێزە ئەمنی و سەربازیەکانەوە ، بەڵام مالکی بەوە رازی نابێت و بە بیانوی هەبوونی پەیوەندی بە ڕژێمی پێشوو ، داوای ناویان ئاکات تا لێکۆڵێنەوەیان لە سەر بکەن کە ئەمانە کێن و ڕابردوویان چیە ؟ ئەمەریکیەکان زۆر ژیرانە لە سەر ئەوانە کار ئەکەن کە موچەیان بۆ ئەبڕێننەوە ، وێنەو پەنجە مۆریان ئەکەن تاکو بیان ناسنەوە ، ئایا بەڕاستی وازیان لە کاری تیرۆریستی هێناوە ؟ یان بەس بۆ موچە وەرگرتن هاتوون . مالکی لەو کاتەدا (%20) قبووڵ ئەکات .
یەکێک لەو مزگەوتانەی کە (مالکی) ناوەکانی داوە بە (جەنەراڵ دەیڤد) خەریکی کوشتنی سوننەکانە . بە سەیارە خەڵک دەبەنەوە دەرەوەی شارو ئەیان کوژن و لاشەکان لەوێ جێدێڵن . جەنەڕال دەیڤد (مالکی) بانگ ئەکات و ڤیدیۆکەی پیشان ئەدات و پێی ئەڵیت تۆ دیفاع لەمانە ئەکەیت ؟ فەرموو ئیمزا بکەو لێیان بدەین ، مالکی چاری نامێنێت و ئیمزای ئەکات . هێزەکانی (بەریتانیا) لە بەسرە ئەکشینەوە . چەکدارەکانی (موقتەدا سەدر) دەست بە سەر بەسرەدا ئەگرن . (27-3-2008) مالکی (جەنەڕاڵ دەیڤد) بانگ ئەکات بۆ کۆبونەوەیەک و پێی ڕادەگەیەنێت کە هیرش دەکاتە سەر بەسرە ، (دەیڤد) پێی ڕادەگەینێت کە پەلە نەکات و بۆ هێرش کردن پێویستە ئامادە باشی بکرێت ، لە وەڵام مالکی ئەڵیت من ئەڕۆم بۆ (بەسرە) ئیوە لە (بەغداد) بمێننەوە . مالکی هێزەکانی ئەنێرێت بۆ (بەسرە)و خۆشی بە فڕۆکە لە (بەسرە) دادەبەزێت لە یەکێک لە کۆشکە کۆنەکانی سەدام نیشتەجێ ئەبیت . لەگەڵ گەیشتنی (مالکی) شەڕ دەست پیدەکات ، چەکدارەکانی (موقتەدا سەدر) سەرکەوتن بە دەست ئەهێنن و (مالکی)و هێزەکەی موحاسەڕە ئەکەن ، (جەنەراڵ دەیڤد) داوا لە (مالکی) ئەکات بگەڕێتەوە بەغداد (مالکی) سورە لە سەر مانەوەی و سەرکەوتنی ! (جەنەڕاڵ دەیڤد) پەیوەندی بە (بۆش)وە ئەکات و داوای لێدەکات کە بە (مالکی) بڵێت بکشیتەوە چونکە بە پێی ئەو نەخشەیەی لە بەر دەستیانە (مەلکی) تەنها ئەو کۆشکەی بە دەستەوە ماوە کە لێی جێگیر بووە . لە وەڵام (بۆش) پێیان ئەڵیت ئێمە بە دوای سەرکردەیەکی بەهێز ئەگەراین و هەمیشە ڕەخنەمان ئەوە بووە کە دژی چەکدارە شیعەکان شەڕ ناکەن ئێوە لە باتی پشتگیری بکەن داوای لێدەکەن بکشێتەوە ؟! فرۆکە جەنگیەکانی ئەمەریکا هێرش دەکەنە سەر چەکدارەکان و بەمەش (مالکی) سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت . ماوەی (24) کاتژمێر بۆ (موقتەدا سەدر) دائەنێت چەکەکانیان دابنێن و بەشداری پرۆسەی سیاسی عێراق بکەن ، ئەگەر مل بەو داوایە نەدەن ئەوا هەرگیز ڕێگایان نادات بەشداری پرۆسەی سیاسی عێراق بکەن . سەدر بە داواکەی مالکی ڕازیدەبێت و چەکەکانیان دادەنێن . لەگەڵ سەرکەوتنی (مالکی) لە بەسرە داوا دەکات ئەمەریکا ڕۆژێک دیاری بکات بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق (بۆش) بەم داوایە رازی ئەبێت .
هەڵبژاردنەکانی (7-3-2010) لیستی عێڕاقیە دوو کورسی زیاتری هێنا لە لیستەکەی (مالکی) بەلام (مالکی) ئامادە نەبوو واز لە دەسەڵات بێنێت بەمەش سەرەتای دیکتاتۆرێکی تر لە عێراق سەری هەڵدا . سەرەتا لەگەڵ لیستی (عێڕاقیە) ڕێک کەوت دەسەلاتەکان دابەش بکات ، بەڵام دوای لە هەمووشتێک پەشیمان بۆوە و کەوتە گرتنی ئەندامانی لیستی عێڕاقیە . 11-12-2011(ئۆباما) بانگهێشتی مالکی کرد بۆ کۆشکی سپی و لەوێ رایگەیاند عێراق دیموکراسیە و (ماکی)ش بە دەنگی خەڵک هەڵبژێراوە و هەموو پشتگیریەکی ئەکەن ! دوو ڕۆژ دوای ئەوە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزێۆنی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق (ساڵح موتڵەق) رایگەیاند (مالکی) دیکتاتۆرە . لەگەڵ گەڕانەوەی (مالکی) چواردەوەری ماڵەکەی (موتڵەق) گیرا ، بە بیانووی ئەوەی خزمەکانی گیراوون بە کاری تیرۆریستی و (موتلەق) دەستی لە تەقینەوە هەیە، دادگا بۆی دەر کەوت ئەوانە لە ژێڕ فشار و ئازاردا ئەو دان پیدانانەیان کردووە و بێتاوانن ئازاد کران . پاشان هەمان بیانو لە سەر (تارق هاشمی) دروست کراو چواردەوری ماڵەکەی بە دەبابە گیرا ! لە سەر دانێکی نهێنی سەرۆکی دەزگای (CIA) (جەنەڕال دەیڤد پترێۆس) بۆ لای مالکی دەرگا بۆ (تارق هاشمی) کرایەوە عێراقی بەجێهێشت . بۆ شاردنەوەی ئەم نهێنیە جارێکی تر (تالەبانی و بارزانی) وەک هەمیشە سیخوڕێک بە کار هێنرایەوە و ئۆباڵی ڕزگار کردنی (تاڕق هاشم)یان خستنە ئەستۆ ! لە سەر داوای کێ ؟ بێگومان ئەمەریکا .
بەندە کاتێک ئەم دێکۆمێنتاریەم سەیر ئەکرد شەرمم لە کورد بوونم ئەکرد لەگەڵ هەبوونی ئەو هەموو نیگەرانی و خەمە بێ سنورەم . کاتێک سیاسیە عێراقیەکانم ئەبینی لەم دۆکۆمێنتاریە چۆن ئەدوان و چۆن ئازایانە قسەی خۆیان لەو رۆژانە کردووە و ئەکەن . کاتێکیش سەیری بازرگانە سیاسیەکانی کوردیشم ئەکرد کە هیچ داوایەکیان بۆ گەلەکەیان نەکردووە و وەک سیخوڕ‌ێک کاریان پیکردوون و چەند بە شانازیشەوە ئەو ڕۆژگارانە بە دەم پێکەنینەوە ئەگێرنەوە ! حەزم ئەکرد هەمووشت بم بەس کورد نەبم . ئاخر گەلۆ خەتای ئەوان نیە بەڕاستی ، کۆمەڵگایەک خۆڵی مردووی کرابێت بە سەریا و ڕێز لە قوربانی شەهیدەکانی و خەونەکانی نەگرێت ، بە خۆ گۆڕین و خۆ بادان و سەر چۆپیەوە بچێت ببێتەوە بە عێراقی ئیدی ئەم گەلە کە خۆی ڕێز لە خۆی ناگرێت بۆ خەڵکی تر ڕێزی لێبگرێت ؟ کۆمەڵگایەک بە درێژایی مێژوو ئەم بازرگانانە توشی دەیان کارەساتیان کردبێتن و دەیان ماڵ وێرانیان بە سەردا هێنابێتن و دەیان خیانەتیان کردبێت و سەدان هەزار لاوی کوردیان کرد‌بێتە قوربانی و ئاوارە و دەربەدەریان کردبێت ، بە دریژای مێژوو کەرامەت و مۆراڵی کوردیان تێکشکاندبێت ؟ کەچی هێشتا خەڵکی دووایان بکەون و بە سەرۆک و سەرکردەیان بزانن ! ئەرێ بەڕاست ئەم کۆمەڵگایە شایەنی چیە ؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟....

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=b4d0ae7e

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=8f93a8e7


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە