کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ی خواره‌وه‌ تکایه‌ ده‌نگبده‌ن به‌پارتی و یه‌کێتی

Sunday, 26/04/2009, 12:00

1929 بینراوە


هێنده‌ی من ئاگاداری مێژووی حیزب و سیاسه‌ت و شۆڕشه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌که‌نی کورد بم، تا هه‌نووکه‌ حیزب و سه‌رکرده‌یه‌کی کارێزمایی وا دروست نه‌بووه‌ که‌ تاکی کورد بڕواو متمانه‌ی ته‌واوی پێ هه‌بێ و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێبکات که‌ له‌سه‌رده‌ستی ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ ، یان ئه‌و حیزبه‌ ، سه‌رده‌مێکی نوێی ئازادی و ڕزگاریی بێته‌ بوون و ئیتر تاکی کوردیش وه‌ک هه‌موو تاکێکی تری دنیا، ئازادانه‌ ودوور له‌ نادادپه‌روه‌ری و کوشتن و بڕین و چه‌وسانه‌وه‌ بژی و بگاته‌ ئاست بوونێکی مرۆڤانه‌ی یه‌کسان و ته‌با، هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌مان ئه‌و مرۆڤانه‌ی که‌ پاش که‌وتنی رژێمی دیکاتۆری عێراقیش، سه‌رکرده‌کانی کورد کوردیان ناچار کرد که‌ده‌بێت وه‌ک مه‌حکومێک تا ئه‌به‌د له‌گه‌ڵ ئه‌و برا چاو ڕه‌شانه‌یدا بژی و بژێته‌وه‌، هه‌زار سوێندیشیان بۆ خوارد که‌کوردستانه‌که‌شی پارچه‌یه‌کی دانه‌بڕاوه‌ له‌خاکی عه‌ره‌بان و نیشتیمانه‌ گه‌وره‌که‌ی عه‌ره‌ب. من ناڵێم چ له‌ رابردوو و چ ئێستا سه‌رکرده‌مان نه‌بووه‌و نییه‌ که‌ وه‌ک پێغه‌مبه‌رو فریادره‌سێک سه‌یرنه‌کرابێت و له‌ئێستاشدا سه‌یر نه‌کرێت!؟.
به‌ڵام ئه‌و سه‌یرکردنه‌ سه‌یرکردنێکی ساده‌ وساکارو عاتیفییانه‌یه‌ نه‌ک ڕاستی، چونکه‌ سه‌رکرده‌کانی ئێمه‌ هه‌میشه‌و هه‌رده‌م و به‌رده‌وام به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و بنه‌ماڵه‌کانیان شان به‌شانی خه‌ون و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی میلله‌تێکی کڵۆڵ، رێیان کردووه‌و بۆ ساتێکیش ئاماده‌نه‌بوون له‌پێناو ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی و مافه‌کانی کوردا،‌ ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و بنه‌ماڵه‌کانیان بن. پێم وایه‌ ئه‌م خۆ په‌رستییه‌ یه‌کێکه‌ له‌ له‌مپه‌ره‌کانی دروست نه‌بوونی سه‌رکرده‌ کارێزماییه‌کانی وه‌ک ماندێلاو غاندی و هه‌موو ئه‌و جۆره‌ سه‌رکردانه‌ی که‌جگه‌ له‌گه‌وره‌یی و دڵسۆزی له‌دوای خۆیان هیچیان جێ نه‌هێشت.؟ به‌ڵام سه‌رکرده‌کانی ئێمه‌ خۆشبه‌ختانه‌ له‌دوای خۆیان سه‌رمایه‌یه‌ی بێشومار و کۆمپانیا و ئوتێل و رێستۆرانت و سوپه‌رمارکێت و سه‌دان پرۆژه‌ی عه‌جایب جێ ده‌هێڵن، به‌ڵام مه‌خابن بۆ میلله‌تی جێ ناهێڵن، به‌ڵکو بۆ خانه‌واده‌ی خۆیانی جێ ده‌هێڵن، که‌ ئاماده‌ن له‌پێناو خۆشگوزه‌رانی ئاواندا ماڵی میلله‌ت کاول بکه‌ن!؟ سه‌رکرده‌کانی ئێمه‌ تاله‌شاخبوون و له‌ رۆژگاری شۆڕشی چه‌کداریدا بوون، خه‌ڵکیان هانده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی له‌پێناوی گه‌یشتن به‌ئازادی و سه‌رفرازی میلله‌تی کورد، گیانی خۆیان به‌خت بکه‌ن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و سه‌رکردانه‌ی ئه‌وده‌م، ئێستا به‌ئاراسته‌یه‌ک ئیشده‌که‌ن ده‌ڵێیت هه‌ر ئه‌مان نه‌بوون که‌ رۆژگارێک به‌و دروشم و مانیفێست و گوتاره‌ ئاگراوییانه‌ هه‌زاران که‌سیان ڕه‌وانه‌ی مه‌رگ کرد، تا له‌مڕۆدا ئه‌وانی پێبگه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات و خۆیان خانه‌واده‌کانیان عه‌یش و نۆشی نیعمه‌ته‌کانی خه‌بات بکه‌ن و چێژ له‌هه‌موو جوانیه‌کانی دنیا ببینن و به‌کوردی و به‌کورتی بۆ خۆیان ژیانێکی فیرعه‌ونانه‌ بژین؟! هه‌رئه‌وان نه‌بوون خه‌ڵکیان گه‌یانده‌ دۆزه‌خی ئه‌نفال .
ئه‌گه‌ر چه‌وسانه‌وه‌و قوربانی دان هه‌وێنی دروستبوونی سه‌رکرده‌ گه‌وره‌کان بێت، ئه‌وه‌ میلله‌تی کورد هێنده‌ چه‌وساوه‌ته‌وه‌و قوربانی داوه‌ ده‌بوو ئه‌و چه‌وسانه‌وه‌و قوربانی دانه‌ به‌شی دروستبوونی ده‌یان سه‌رکرده‌ی راسته‌قینه‌ی له‌خۆبردووی دڵسۆزی میلله‌تی بکردایه‌، به‌ڵام تائه‌مڕۆ ئێمه‌ی کورد بێبه‌شین له‌ سه‌رکرده‌یه‌کی هاوشێوه‌ی سه‌رکرده‌ گه‌وره‌کانی دنیا؟ هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێک جار شه‌ڕی راگه‌یاندن و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێک که‌س و خۆبردنه‌ پێشه‌وه‌ وایکردووه‌ که‌ بڵێن فڵانه‌ سه‌رکرده‌ی کورد ماندێلایه‌و فیساره‌ سه‌رکرده‌ی کورد شایه‌نی نۆبڵی ئاشتییه‌و ئه‌م غاندیی کورده‌و ئه‌وی تر هه‌ر کتومت گێڤارایه‌ و... هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ته‌رزه‌ وتارو بانگه‌شه‌و فریودان و خۆڵ کردنه‌ چاوی خه‌ڵکه‌وه‌ هیچی لێنه‌ڕواو خاوه‌نی ئه‌م قسانه‌یش له‌دوایدا هه‌ستیان کرد به‌م ده‌هۆڵ لێدانه‌ که‌س نابێته‌ ماندێلاو غاندی و ...تاکی کوردیش زیاتر نوقمی واهیمه‌ ده‌که‌ن و کارێک ناکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کوردیش هۆشیارو وریابێته‌وه‌و چیتر له‌م پارچه‌یه‌ی کوردستاندا به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵی و پاوانخوازی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌و حیزبه‌وه‌ نه‌تلێته‌وه‌و (هێنده‌ وشیاربێت تێبگات حاڵی ئێستای کۆمه‌ڵگای کورد به‌ده‌ست ئه‌م دوو زل حیزبه‌وه‌ خه‌راباته‌) من رقم له‌ هیچ سه‌رکرده‌یه‌کی کورد نییه‌و هیوادارم هیچ که‌سێک ئاوا له‌م نووسینه‌ تێنه‌گات که‌ هه‌وڵێک بێت بو سڕینه‌وه‌یان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ده‌یڵێم راستییه‌و وه‌ک تیشکی خۆر ده‌دره‌وشێته‌وه‌و که‌س ناتوانێت نکوڵیی لێبکات .چونکه‌ ئێمه‌ میلله‌تێکی زۆر عاتفیین و زۆر جار هه‌موو هێلکه‌کان ده‌خه‌ینه‌ سه‌به‌ته‌ی عاتیفه‌یه‌کی ڕووته‌وه‌و دوایی په‌شیمانی و حه‌سره‌ت دادمان نادات، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ خاوه‌نی ماندێلاو غاندین و بۆ ده‌بێت حاڵی میلله‌تێک ئاوابێت؟! بۆ ئاوڕ بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ نه‌ده‌ینه‌وه‌ که‌ گاندی و ماندێلایان تیا دروستبووه‌و ئایا ئه‌وانیش له‌ ناو خۆدا هه‌مان ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی و چی و چیان هه‌یه؟‌ ئایا ئه‌وانیش سه‌رکرده‌کانیان له‌ به‌ر دڵی دوژمنه‌کانیان یاری به‌ هه‌ست و سۆزی میلله‌ته‌که‌ی خۆیان ده‌که‌ن ئایا ئه‌وانیش سه‌رکرده‌کانیان له‌ ریزی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی دونیادان و میلله‌ته‌که‌یان له‌ دۆخێکی هه‌ژاریی و بێخزمه‌ت گوزاریدا ده‌ژین ؟ سه‌رکرده‌کانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان به‌ کورسی ده‌سته‌ڵات هه‌موو به‌ڵێنه‌کانی سه‌رده‌می شاخ و شۆرشیان له‌بیرچووه‌وه‌و به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌ڵێن و قسه‌کانی دوێنێیانه‌وه‌ ره‌فتارده‌که‌ن و ده‌ڵێیت هه‌ر ئه‌وان نه‌بوونه‌ هه‌زاران کوڕی کوردی هه‌ژاریان کرده‌ پێشمه‌رگه‌و به‌ ئومێدی گه‌یشتن به‌م رۆژه‌وه‌ به‌ ئومێدی ئازادیی و رزگارییه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌کان شه‌هید بوون، به‌ڵام کوا وه‌فاو ئه‌مه‌ک کوا هه‌ست و شه‌رم بۆ رۆحی پێشمه‌رگه‌، کوا کام سه‌رکرده‌ی ئه‌مڕۆی کورد له‌خه‌می که‌سوکاری پێشمه‌رگه‌دایه‌، سه‌رکرده‌کانی ئێمه‌ بیریان چوو گونده‌کانی کوردستان ماڵ و حاڵیان له‌ خزمه‌ت شۆڕش و پێشمه‌رگه‌دابوو تا ئه‌وڕۆژه‌ی گونده‌کان ته‌ختی زه‌وی کران و زۆرینه‌ی دانیشتوانی گونده‌کان ئه‌نفالکران و فڕێدرانه‌ دۆزه‌خی بیابانه‌وه‌و له‌ پێناو کورد و کوردستاندا گۆڕێکیشیان نه‌بوو تا که‌س و کاریان بچنه‌ سه‌ری، ئه‌ی ئه‌مڕۆ کوا وه‌فاو ‌ کوا هه‌ست و شه‌رم بۆ ئه‌نفاله‌کان؟ کوا چی کراوه‌ بۆ هێنانه‌وه‌ی روفاتی ئه‌نفاله‌کان، یان بۆ ناساندنی ئه‌نفال به‌دونیا وه‌ک جینۆساید؟ ئه‌ی چی کراوه‌ بۆ پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌کان ئه‌وانه‌ی له‌ ئۆردوگاکان به‌ حه‌سره‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازیزه‌کانیانه‌وه‌ گوڵی رۆژه‌کانی ته‌مه‌نیان هه‌ڵده‌وه‌رێ. بڕواناکه‌م هیچ حیزب و سه‌رکرده‌یه‌ک له‌ دونیادا مه‌گه‌ر حیزب و سه‌رکرده‌ ئیسلامییه‌کان هێنده‌ی حیزب و سه‌رکرده‌ی کورد بی مۆراڵ و بێ وه‌فاو هه‌ستی به‌رپرسیاره‌تی بن له‌ هه‌مبه‌ر کاره‌سات و قوربانییه‌کانی رۆژگاری شۆرشی کوردی. حیزب و سه‌رکرده‌ی کورد هه‌ر به‌گه‌یشتنیان به‌ کورسی ده‌سته‌ڵات گۆڕانێکی وایان به‌سه‌رداهات که‌ زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانرێت سیماو ده‌نگو ره‌نگی سه‌رده‌می شۆرشگێرێتییان بناسرێته‌وه‌ گۆڕانێک که‌ ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی دوێنه‌وه‌ که‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ئازادی و دادو نان و یه‌کسانی ده‌کرد ئه‌مڕۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌وچه‌مکانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی لایه‌نگری خۆی به‌خه‌ته‌رو بڤه‌ ده‌زانێت و ئاماده‌یه‌ وه‌ک دوژمنێکی باوه‌کوشته‌ دژایه‌تی هه‌موو ئه‌وچه‌مکانه‌و ئه‌و ڕابردووه‌یش ده‌کات که‌ دوێنێ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرد به‌ڵێ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و بنه‌ماڵه‌دا هه‌زاران گولله‌ ده‌نێت به‌ دوێنێ و سه‌رده‌می شۆرشگێریتییه‌وه‌ هیج باکی به‌وه‌نییه‌ ئه‌وانه‌ی دوێنێ خزمه‌تکاری شۆڕشبوون که‌مڕۆ په‌راوێزخراون و هیچ حسابێکیان بۆ ناکرێت و هه‌رئه‌وانه‌ی که‌ ده‌ستیان به‌خوێنی کورد سووره‌ ئه‌مڕۆ به‌رژه‌وه‌ندی وایکردووه‌ که‌ بڕواپێکراوو دڵسۆزی حیزب و سه‌رکرده‌ی کورد بن و ده‌ڵێیت هه‌ر ئه‌وانیش نه‌بوونه‌ که‌ تادوینێ نوقمی خیانه‌ت و تاوان بوون. ئه‌مڕۆ کام حیزبی کوردی کام سه‌رکرده‌ی کورد دڵی لای هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و که‌س و کاری شه‌هیدان و ئه‌نفاله‌کانه‌، ئه‌گه‌ر جار جاره‌ هه‌ڵبژاردن نه‌بێت حیزب و ده‌سته‌لات و سه‌رکرده‌ی کورد له‌ به‌ر هه‌ڵپه‌ی بنه‌ماڵه‌ و په‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت به‌خه‌ونیش هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و شه‌هیدو پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌کانیان بیرناکه‌وێته‌وه‌ ؟ کوا چی کراوه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی ئێستا به‌ ئازاری زامه‌کانیانه‌وه‌ گیانده‌ده‌ن بۆ پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌کان ئه‌وانه‌ی له‌ ئۆردوگاکاندا له‌ ته‌نیایی و بێکه‌سیدا توشی ده‌یان نه‌خۆشی سایکۆلۆژی بوون، کوا چی کراوه‌ له‌ هه‌مبه‌ر خوێنی ئه‌و هه‌موو شه‌هیده‌ی کورد، له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و هه‌موو ئه‌تککردن و کوشتن و برین و ماڵ وێرانکردنه‌دا، نالێم هیچ نه‌کراوه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌وان کردوییانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو قوربانی دان و مال وێرانبوونه‌دا شتێکی وانییه‌ که‌ بتوانێ سووکنایی بێ و تاسه‌ی دڵ بشکێنێ، ره‌خنه‌گرتنی من له‌وه‌وه ‌نایه‌ت که‌ ئه‌م ده‌سته‌ڵاتی ئه‌م دوو زل حیزبه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی پێویست خزمه‌تی کێشه‌ی کوردو ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌و شه‌هیدانیان نه‌کردووه‌، نا دڵگرانیه‌که‌ له‌وه‌وه‌یه‌ ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ هێنده‌ بێشه‌رمه‌ ده‌زانێت چۆن ئه‌م خه‌ڵکه‌ ساده‌و ساکاره‌ی ئێمه‌ فریوبدات و خۆڵبکاته‌ چاویان هه‌موو کاتێک که‌ پێویستی به‌ ده‌نگی خه‌ڵکه‌و نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌ خولێکی هه‌ڵبژاردن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای خه‌ڵک و باوه‌شده‌کات به‌ ڕابردووداو دونیا پڕده‌کات له‌ قیژه‌و هاواری پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌کان و ده‌ست ده‌کات به‌لاواندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و کولاندنه‌وه‌ی برینه‌کان له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی هه‌ستی خه‌ڵک بهه‌ژێنێت و وا له‌ خه‌ڵک بکات ئه‌و هه‌موو پشتگوێ خستن و بێ خزمه‌تیی و دزی و گه‌نده‌ڵی و لووشدانی قووتی میلله‌تێکیان له‌ بیرچێته‌وه‌و ده‌نگبده‌نه‌وه‌ به‌ هه‌مان حیزب و بنه‌ماڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تاقیامه‌ت کورسییه‌کانیان له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێته‌وه‌ و به‌رده‌وامبن له‌ خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن و خه‌ڵک برسیکردن. بۆیه‌ وه‌ک ئێستا ده‌بینین هه‌مان قه‌وان لێده‌ده‌ن و پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌کان که‌ له‌ ئۆردوگاکاندا له‌ که‌لاوه‌کاندا فه‌رامۆشی و بێکه‌سی و ته‌نیایی دایپۆشیون ده‌یانهێننه‌ سه‌ر شاشه‌ی که‌ناله‌کانیان بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگایه‌وه‌ ده‌نگی خه‌ڵکی مسۆگه‌ربکه‌ن، به‌ڵام پێموایه‌ ئیتر خه‌ڵک ده‌سته‌که‌یانی بۆ که‌شفبووه‌و ده‌زانێت ئه‌م هاوارو قیژوقاژه‌ ته‌نها بۆ ده‌نگ و به‌ده‌ست هێنانی کورسیکانه‌ نه‌ک دڵسۆزیی و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ که‌سوکاری شه‌هیدان و پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌کان .بۆیه‌ لێره‌وه‌ داوا له‌ هه‌موو هاوڵاتییه‌کی کورد ده‌که‌م، به‌ڵکو تکاشیان لێ ده‌که‌م له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌نگ بده‌ن به‌ پارتی و یه‌کێتی
،ۆ ئه‌وه‌ی روفاتی ئه‌نفاله‌کان هه‌ر له‌ گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کانی بیاباندا بێسه‌روشوێن بن ، بۆ ئه‌وه‌ی پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌کان هه‌ر له‌ ژوورێکی ره‌قوته‌قی ئۆردوگاکاندا به‌بێ هیچ خزمه‌ت و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌ چاوه‌روانی ئازیزه‌کانیاندا ژیانێکی پرحه‌سره‌ت بگوزه‌رێنن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ر وێرانه‌و که‌لاوه‌و خه‌رابات بێت و له‌جێی خزمه‌تکردنی مینۆمێنتی بۆ بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر رۆژه‌و یه‌کێک له‌ برینداره‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ده‌م هه‌ناسه‌ی ژه‌هراوییه‌وه‌ به‌بێ هیچ چاره‌سه‌رکردنێک گیان بسپێرت، بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی کۆنی بێ پشت و په‌نا هه‌ر به‌ له‌بیرکراوی بمێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان به‌ که‌رکوکه‌وه‌ به‌رده‌وام سازشی له‌سه‌ربکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام وه‌ک سه‌رده‌می به‌عس پۆلیسی که‌رکوک ئیهانه‌ی ئاواره‌کانی که‌رکوک بکات، بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌کانی که‌رکوک له‌ که‌رکوکیشدا هه‌ر ئاواره‌بن و له‌ مه‌تارو یاریگاکاندا بژین، بۆ ئه‌وه‌ی که‌س له‌ رووی نه‌یه‌ت بڵێت :که‌رکوک قودس و دڵی کوردستانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی که‌یسی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌رزۆکترین که‌یسو بێخاوه‌نترین که‌یس بێت له‌ دادگای عێراقداو ته‌نانه‌ت ده‌سته‌ڵاتی کوردی خه‌می ئه‌وه‌ی نه‌بێت که‌ وه‌رگێرێکی شاره‌زا ئاماده‌بکات، بۆئه‌وه‌ی بکوژانی کوردو پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌نفال هه‌ر له‌زیندانا پاڵیلێبده‌نه‌وه‌ تاکو ته‌وای پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌کان به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ ده‌مرن و ئه‌و خه‌ون و ئاواته‌یشیان ببه‌نه‌ گۆڕه‌وه‌ که‌ ببینن جه‌للاده‌کانیان له‌ سێداره‌بدرێن. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی تاوانباره‌ وه‌ک فڕۆکه‌وانه‌که‌ی که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌ کیمیایی، بۆردومان کردبوو به‌ڕێزه‌وه‌ ئازاد بکرێت ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌دا حه‌ڤده‌ به‌شی خه‌ڵکی کوردستان له‌ بووجده‌ی عێراق به‌شی شێری بۆ پارتی و یه‌کێتی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی کوردستان به‌قاچاخ بفرۆشن و بچێته‌ حیسابی تایبه‌تی سه‌رکرده‌کانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی هه‌ر خه‌ونی شاعیرانه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی کۆنه‌ به‌عسی و جاشه‌کان هه‌ریه‌که‌و له‌ ژێرباڵی به‌رپرسێکی باڵاوه‌ بکرێته‌وه‌ کوردێکی نیشتیمان په‌روه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی که‌س نه‌زانێت به‌شی کوردستان له‌ داهاتی عێراق دا چه‌نده‌و بۆ چی و کێ خه‌رج ده‌کرێت. بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان هه‌ر ده‌زگایه‌کی بێده‌نگ و ده‌سته‌ڵات و مردوو بێت. بۆ ئه‌وه‌ی رێکخراوه‌کانی داکۆک له‌ مافی مرۆڤ باس له‌ نه‌بوونی ئازادی و بێ سه‌ره‌و به‌ره‌ی ده‌سته‌ڵات بکه‌ن له‌کوردستان. بۆ ئه‌وه‌ی دادگای کوردستان هه‌ر زه‌لیل و بێ ده‌سته‌ڵات بێت. بۆ ئه‌وه‌ی زیندانه‌ تایبه‌ته‌کانی حیزب هه‌ر بمێنن .بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ سۆزانییه‌ک ده‌کریت بۆ دامه‌زراندن و ئه‌رزه‌ وه‌رگرتن به‌ سه‌دان دایکی شه‌هید نه‌کرێت، بۆ ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌و میدیای ئازاد دژایه‌تی بکرێت و به‌ ده‌ستی ده‌رکی و جاسوس بدرێته‌ قه‌ڵه‌م و به‌ بریاری حیزب دادگای کوردستان تاوانباری کات. بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی کورد شه‌ریکی هه‌موو کاسبی و تیجاره‌ت و هاوردن و بردنێک بن، بۆئه‌وه‌ی بێ ئیشی و ژن کوشتن و دزی و کوشت بڕ زۆرتربێت، ده‌نگ بده‌ن به‌ پارتی و یه‌کێتی، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر به‌رپرسه‌و ده‌زگایه‌کی ڕاگه‌یاندنی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بێت له‌ سه‌ر حیسابی پاره‌ی خه‌ڵکی کوردستان. بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ره‌ خاوه‌ن فیکرو دیارو به‌تواناکانی کورد دژایه‌تی بکرێن و به‌ئاسته‌م کتێبێکیان بۆ چاپ بکرێت و هه‌رچی دژایه‌تییه‌ بکرێن و جاش قه‌ڵه‌م و کۆلکه‌ نووسه‌ره‌ ده‌رباره‌کانی حیزب پاداشتبکرێت و له‌ پێناو نووسینی درۆی هیچ و پووچ و بێمانا، هه‌موو شتێکی بۆ جێ به‌جێ بکرێت و له‌ شاری خه‌ونه‌کان و فیرعه‌ون ئاواو گوندی ئه‌ڵمانی دا نیشته‌ جێبکرێن، بۆ ئه‌وه‌ی حکومه‌تی به‌ناو عه‌لمانی پاره‌ی خه‌ڵکی کوردستان بداته‌ دیوه‌خانی ئاغاو شێخ و مه‌لا و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو دامه‌زراندنێک به‌ نامه‌ی تایبه‌تی به‌رپرسێک بێت، بۆ ئه‌وه‌ی کچان و ئافره‌تانی کورد به‌ده‌ست به‌رپرسه‌ حیزبیه‌کانه‌وه‌ زه‌لاله‌تیان بێت، چونکه‌ مه‌رجی مانه‌وه‌و به‌رده‌وامیان له‌کاره‌کانیاندا به‌ته‌نازول کردن له‌له‌شی خۆیان مه‌یسه‌ر ده‌بێت، تکایه‌ ده‌نگیان بۆ بده‌ن تا ئه‌وه‌ی ئه‌و گوندانه‌ی له‌ پێناو شۆڕش و کوردایه‌تیدا وێران کران هه‌ر به‌ چۆڵی و کاولکراوی بمێننه‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی حکومه‌تێک هه‌ر بۆ کۆمه‌ڵێکی که‌مبن و ته‌واوی خه‌ڵکیان پشتگوێ خستبێت .............................................................................................. به‌ڵێ له‌ به‌ر ئه‌م هۆیانه‌و سه‌دان هۆی تر ده‌نگ بده‌ن بۆ پارتی و یه‌کێتی. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ گه‌نده‌ڵه‌ هه‌ر به‌رده‌وامبێت!!؟.
/
ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ 453 رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)