ئۆباما لە لەندەن ، ستراسبۆرگ، پراگ، ئەنقەرە و بەغدا...
Sunday, 12/04/2009, 12:00
سەرمایەداری جارێكی دیكە لەچوارچێوەی ستراتیژییەكی نوێدا خۆی رێكدەخاتەوە، بەنامەكانی دادەرێژیتەوە، لەدامودەزگاكانیدا گۆڕانكاری دەكات، لەسەر بنەمای خۆ كۆكردنەوە بەرێوەبردنی كار و رەچاو كردنی بەرژەوەندی هەمەلایەنە و گرتنەبەری شێوازی دیالۆگ هەڵمەتێكی نوێی گلۆباڵیزم دەستپێدەكات.
لوتكەی گ 20:
لوتكەی گ 20دا كە لەلەندەنی پایتەختی ئینگلتەرا بەرێوە چوو، خاڵی هەرە بەرچاو كە لەراگەیاندنەكاندا رەنگی دایەوە ئەوەبوو كە تا كۆتایی ئەم ساڵ خستنە بازاری پێنج ترلیۆن دۆلار بوو. هەروەها باس لەچارەسەری قەیران و سەر لەنوێ خۆ رێكخستنەوە و سەر راستكردنەوەی باری ئابووری كراوە. دەتوانرێت بگوترێت ئەم لوتكەیە بەردەوامی كۆبوونەوەی داڤۆسی سۆیدیش بوو، ئەم لوتكەیە لە هەمانكاتدا هاوپەیمانی پیلانی هاوبەشی وڵاتە زلهێزەكانی وەكو ئەمریكا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا و فەرەنسا و زیندو كردەوە و لە رۆژڤ هێشتنەوەی گلۆبالیزم بوو. هێنانە سەركاری ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكاش لەچوارچێوەی هەمان پرۆژەدایە. سیستەمی سەرمایەداری قەیرانی وەكو سیاسەتێك پێش خست و سیناریۆی چارەسەرییەكەشی لای خۆیدا هێشتەوە، لەنێو وڵاتانی سەرمایەداریدا ئەمریكا و لەنێو ئەمریكاشدا ئۆباما وەكو رزگاركەر درایە پێش. سەرمایەداری توانی دۆخێك بێنێتە كایەوە كە هەر كەسێك چاوەڕی دەستی ئەمریكا و ئۆباما بێت. لۆتكەی گ 20 داڕشتنی ئامادەكاری پیلانی نوێ گلۆبالێزم بوو. لەئەنجامی ئەم ئامادەكارییەدا ئەگەری نوێ جێگەی باسە. قۆناخێكی نوێیە. سیاسەتی سیستەمی سەرمایەداری رێكدەخرێتەوە و ئەو قۆناخە بۆ هەموو شیمانەیەك كراوەیە، هاوكێشە سیاسیەكان و پەیوەندییەكان گۆڕانكاری رێژەی بەسەردا بێت.
لوتكەی ناتو:
لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا لوتكەی ناتۆ بەسترا، كە لەهەمانكاتدا ئاهەنگی پیرۆزكردنی شەستەمین ساڵی ناتۆش بوو. لەو لۆتكەیەدا سكرتێری گشتی ناتۆش هەڵبژێردرا كە تا ئێستا لەلایەن "یاب دی هوب شیفەر" وەزیری دەرەوەی پێشووی هۆلەندا بەرێوە دەبرێت و لەمانگی ئابی ئەمسالیش كۆتایی بەخولەكەی دێت. لەجێگەی ئەو "ئەندرس فوغ راسمۆسن" دەبێتە سكرتێری ناتۆ. لەو لوتكەیەدا راسمۆسن وەكو سكرتێری گشتی پەسەند كرا.
لەلوتكەی ناتۆ دا ناڕەزایەتی توركیا:
لەو لوتكەیەدا سەرۆك وەزیرانی توركیا "ئەردۆغان"یش بەشدار بوو، ئەردۆغان راستەوخۆ لەدژی "راسمۆسن" بۆ سكرتێری گشتی ناتۆ دەركەوت و گووتی: "من وەكو ئەردۆغان نەك وەكو سەرۆك وەزیران لەدژی راسمۆسنم ببێتە سكرتێری ناتۆ". چونكە وڵاتەكەی، واتە دەنیمارك پەخشی كەناڵی ئاسمانی رۆژ تیڤی دەكات و كە لەدژی ئێمە پروپاگەندە دەكات. لەهەمانكاتدا ئێمە چەندین جار داوامان كردووە كە ئەو كاناڵە دابخرێت، بەڵام وڵاتەكەی گوێی لە ئێمە نەگرتووە، و پەخشی بەردەوام كردووە. هەروەها لەكاتی قەیرانی دروستكردنی كاریكاتێری پێغەمبەردا، ئێمە چەندین جار داوامان كرد كە وڵاتەكەی سەفارەتی وڵاتە ئیسلامییەكان كۆبكاتەوە و چارەیەك بۆ ئەو مەسەلەیە بدۆزێتەوە، بەڵام بەقسەی ئێمەی نەكرد. لەبەرئەوە سەرۆكایەتی پەسەند ناكەم. ئەم قسانەی ئەردۆغان ناڕەزاییەكی زۆری لێكەوتەوە "ماركێل"ی سەرۆكی ئەڵمانیا رایگەیاند: ئەو هەڵوێستەی توركیا لەبەرامبەر سەرۆكایەتی كردنی وڵاتێكی یەكێتی ئەوروپا بۆ هاوپەیمانێتی ناتۆ، زەرەر بەتوركیا دەگەیەنێـت. واتە توركیا لەكاتێكدا ئەمریكاش پشتگیری دەكات بۆ ئەندامێتی لەیەكێتی ئەوروپا چۆن لەبەرامبەر سەرۆكایەتی كردنی وڵاتێكی یەكێتی ئەوروپا بۆ ناتۆ دەوستێتەوە. ئەردۆغان لەسەر پرۆژە كۆنەكەی خۆی كە "دژایەتی كردنی كورد و پشتگیری سیاسی ئیسلامی سیاسیە" هاتبووە كۆبوونەوەكە. بەڵام وەكو دەركەوت رۆژەڤی ناتۆ شتی جیاوازتر بوو. لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆدا گرنگی بەو رۆژەڤانە نەدرا. چونكە لوتكەكە رۆژەڤی خۆی هەبوو. ئەویش پیرۆزكردن و هەڵبژاردنی سكرتێر و دابەشكردنی كار بوو، تاوەكو توركیاش رۆڵێكی دیكەی بخەنە ئەستۆ لەو لوتكەیەدا و هەندێك ئەركی گرنگیش بە توركیا سپێردرا. بەم پێیە توركیاش سێ ناوەندی گرنگی ناتۆ دەگرێتە دەست؛ یەكەم جێگری سكرتێری ناتۆ، دووەم: بەرپرسی كاروباری ئەفغانستان، سێیەم: تایبەتە بەسەرپەرشتی كردنی چەك دامالێن. وێرای ئەوەی كە راگەیاندنەكانی توركیا باسی ئەوەشدەكەن، كە پۆستی دیكەی سەربازی دەدرێتە توركیا، رۆژتیڤی دادەخرێت و دانیمارك ـ راسمۆسن ـ داوای لێبۆردن لەجیهانی ئیسلام دەكات، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی لەوبارەیەوە شتێكی روون نییە، پێشبینی دەكرا راسمۆسن لە كوبوونەوەی دیالۆگی شارستانییەكان كە لەئەستەنبوڵ بەرێوە داوای لێبوردن لە جیهانی ئیسلامی بكات، بەڵام لەكاتی بەشدارییەكەیدا شتێكی بەوشێوەیە لە راگەیاندنەكاندا نەبووە رۆژەڤ، بەڵام بابەتی رۆژتیڤی تا ئێستا نادیارە؛ گومانی تیادا نییە، كە ئەو داخوازییەی توركیا نایەتەدی. چونكە ئەو هەوڵدانەی توركیا بۆ داخستنی كەناڵی ئاسمانی رۆژتیڤی و لە لۆتكەیەكی بەوشێوەیەدا كە لەهەموو راگەیاندنەكاندا دەنگی دایەوە پشتگیری تەواوی بۆ رۆژتیڤی دروست كرد. لەبەرئەوەی رۆژتیڤی كەناڵێكی جەماوەرییە و لەو كێشانە دەكۆڵێتەوە كە لەدەرەوەی دەسەڵاتە و گەندەڵییەكانی دەسەڵات، تاوانەكانی دەخاتەڕوو و رۆژانە پشتگیری زیاد دەبێت. داخستنی زیانێكی گەورە بەسەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی ناتۆ وڵاتی "دانیمارك"یش دەگەێنێت. ئایا ناتۆ و دانیمارك و تەنانەت یەكێتی ئەوروپاش ئامادەن ئەوەندە ریسك بدەنە بەرچاوی خۆیان؟ هەتا ئێستا، نەخێر.
لەسەر لەنوێ دابەشكردنی ئەركەكانی ناتۆدا ئەركی جێگری سكرتێری بۆ وڵاتی ئیتالیا دانرابوو. بەڵام ئەو ئەركەش بە توركیا دەسپێردرێت. تا ئێستا توركیا بۆ پڕكردنەوەی ئەو دوو پۆستە جێگێری سكرێتر و بەرپرسی ئەفغانستان كەسی ئامادە نییە.
ئەو ئەركانەی بەتوركیا سپێردران، توركیا دەخاتە نێو پیلانەكان سەرمایەداری و گلۆباڵێزمەوە. لە یەكلاییكردنەوە توركیادا رۆڵ دەبێنێت، لەبەرەی ئێران، سووریا دووری دەخاتەوە، بەرەی ناتۆ بەهێز دەبێت. شكستی ئەمریكا لە ئەفغانستان تا رادەیەك چارەسەر دەكات. سەر پەرشتی ناتۆ لەرێگەی وڵاتێكی ئیسلامییەوە لە ئەفغانستان كاریگەری لە كەمكردنەوە توندوتیژی لەو وڵاتە دەكات. لەهەمانكاتدا پشتگیری ئێران بۆ تاڵیبان، لەدژی ئەمریكا، رووبەڕوبوونەوەی توركیاش دەگەیەنێت، ناڕاستەوخۆ توركیا و ئێرانیش رووبەرووی یەك دەبنەوە. سەبارەت بە ئێرانیش هەرچەندە ئەردۆغان لەواشنتۆن لەبارەی چەكی ئەتۆمی ئێرانەوە گوتبووی: "ئەو وڵاتانەی دژایەتی چەكی ئەتۆمی ئێران دەكەن پێویستە خۆیان نەیانبێت". بەڵام پەسەند كردنی سەرپەرشتی هێزەكانی ناتۆ لەئەفغانستان. واتای پاشگەزبوونەوەی پشتگیری ئەردۆغانە لەئێران. لەداهاتوویەكی نزیكدا ئەگەری رووبەڕوبوونەوەی ئێران و توركیاش دێتە ئاراوە. بانگەوازی ئۆباما بۆ ئەندامێتی تەواوی توركیا كاریگەری هەیە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەرچاوە فەرەنسا و ئەڵمانیا توركیایەكی بەوشێوەی ئێستا پەسەند ناكەن. كە كرتیارەكانی كۆپنهاگن بەپراتیكی پەسەند ناكات و پێشلی بكات. ئەو دۆسیەیە پێویستی بەكار و بازاڕییەكی زیاتر هەیە، تەنها بەبانگەوازێك كۆتایی نایەت، ئەمریكا توركیای رووبەڕوی كێشەكانی خۆی كردەوە تۆپەكەی خستە گۆڕەپانەكەی ئەوەوە. لەو تابلۆیەدا ئەوە بەدیار دەكەوێت كە ئەمریكا پشتگیری توركیا بۆ یەكێتی ئەوروپا دەكات، بەڵام پێكهێنانی پێویستیەكانی پەیوەندی بەخۆیەوە هەیە، دەربڕینی ناڕەزایی فەرەنسا و ئەڵمانیا بانگی گۆڕانە بۆ توركیا و سووربوونی یەكێتی ئەوروپایە لەسەر پێوانەكانی. لەهەمانكاتدا ئەمریكا دەخوازێت بەوشێوەیە توركیا لەبەرەی ئێران، سووریا دوور بخاتەوە. جێی ئاماژەیە خەڵكانێكی زۆریش هەبوون ئەم لوتكەیەی ناتۆیان بە مەترسی دەبینی و رژابوونە سەر جادەكان و لوتكەی ناتۆیان پرۆتەستۆ دەكرد.
سەردانەكەی ئۆباما بۆ وڵاتی توركیا:
سەردانی ئۆباما بۆ وڵاتی توركیا لە پاش كەندا بەدووەمین سەردان دەژمێردرێت، هەروەها یەكەم سەردانی وڵاتێكی ئیسلامیە لەناو پەنجا وڵاتی رۆژهەڵاتی ناویندا. ئەو سەردانە كۆمەڵێك گرنگی بۆ توركیا، ئەمریكا هەیە؛ لەوانە ئەو توڕەبوونەی كە گەلی توركیا لەبەرامبەر ـ ئەمریكا ـ جۆرج بۆش هەبوو بڕەوێنێتەوە و لەڕێگەی توركیاوە كرانەوەیەكی بە رووی جیهانی ئیسلامیدا بێتە كایەوە. هەروەها سەردانەكەی بۆ گەڕانەوی متمانەیە بۆ ئەم هاوپەیمانییە ستراتیژییەی ناتۆ كە وا پێدەچێت پشتی لەناتۆ كردبێت، چونكە لەكاتی شەڕی دژی ئێراقدا توركیا پشتگیری لەهێزی هاوپەیمانان نەكرد. هەروەها جوگرافیای توركیا لەنێوان ئەوروپا، قەوقاز، رۆژهەڵاتی ناویندایە و تاكە وڵاتێكی ناتۆیە كە سنووری لەگەڵ ئێراق و ئێراندا هەیە.
ئۆباما لەپاش لوتكەی پراگ لەدرەنگانی شەودا بەفرۆكەیەكی جۆری ( Air force one) لەئەنقەرە لە فرۆكەخانەی (ئەسەبنۆغا) نیشتەوە. لەتوركیا رۆژی یەكەم چاوی بەسەرۆك كۆمار "گول" لەكۆشكی "چانكایا" كەوت و دواتر سەردانی "قەبری بیرهێناوە"یانكرد و گوڵیان دنا و لەگەڵ "گول" كۆبوونەوەیەكی چاپەمەنی ئەنجامدا. دواتر ئۆباما هاتە ئەستەنبۆڵ كۆبوونەوەی لەگەڵ خوێندكاران كرد و سەردانی مزگەوتی شین و موزەخانەی "ئەیا سۆفیا" ی كرد كە بۆ سەردەمی بێزەنتییەكان دەگەرێتەوە و دواتر سەردانی پەرلەمانی كرد و هەموو ئەندامانی پەرلەمان و بەرپرسە سەربازی و دەوڵەتییەكان ئامادەی بوون، دواتریش لەگەڵ گروپەكانی نێو پەرلەماندا بەجیا كۆبوونەوەی ئەنجامدا. هەر لەو دیدارەدا بۆ جاری یەكەم سەرۆكی ئەمریكا دیداری لەگەڵ سەرۆكێكی كوردان لە باكووری كوردستان و لەپەرلەمانی توركیا سازدا. گفتوگۆكان هەر چییەك بن واتای لاپەرەیەكی نوێیە لەپەیوەندی كورد ـ ئەمریكا بەلاوە نانی سیاسەتی ئینكار و پاكتاوكردنە. واتای ئەوەش دەگەیەنێت كە مەلەفی كوردان راستەوخۆ لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە گرنگی دەدرێتێ. پەسەند كردنی دۆسیەكەی "ئەحمەد تورك"یش كە سەبارەت بە كێشەی كوردە ئامادەكرا بوو، واتای گرنگە دانە. بەبۆچوونەكانی دەتەپە. كۆبوونەوەكانی نێو پەرلەمانیش واتای ئەوەیە كە ئەگەر هەمووتان لەپەرلەماندا كێشەكانتان چارەسەر بكەن، ئێمەش پشتگیری ئاشكراو یاسایتان دەكەین، پشتگیری كردەی بكەری نادیار ناكەین. راستەوخۆ ئامادەین گوێ بۆ داخوازییەكانتان شل بكەین. و پێكەوە كێشەكان تاوتۆی بكەین.
ئەوەش بۆ ئەمریكا سەلمێنرا كە ناتوانێت لەتوركیا بەبێ كورد سیاسەت بكات، ناتوانێت هەموو شتێك بەتورك بەرێوە ببات، كوردیش رۆڵێكی گرنگی لەكوردستان و توركیا هەیە و دەتەپەش نوێنەری راستەقینەی فەرمی گەلی كوردە، ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش كە بە رەنجی گەلی كورد و تێكۆشەرەكانی سەركەوتنی گەورەی تۆمار كرد، ناتوانرێت نەببنرێت. ئەگەر ئەردۆغان و هاوكارە دوڕاوەكانی نایبینن، ئەوا ئەمریكا دەبێبێنێت و كار بۆ ئەوە دەكات سوودی لێبینێت، هەروەها ئەوەش سەلماند كە كورد خاوەن گرانی ستاتۆی خۆیەتی پێویستە ئەمریكاش ئەوە پەسەند بكات. لە توركیاش گروپی پرۆتەستۆی بۆ هاتنەكەی ئۆباما هەبوون، بەڵام ئەمجارەیان ئیسلامییەكان نەبوون، بەڵكو چەپ و دیموكراتەكان بوون.
ئۆباما لەناكاو گەیشتە بەغداد:
ئۆباما لەسەربازگەی "كامپ ڤیكتۆر" لەبەغداد دیدارەكانی سازدا و هەرلەویش بۆ چاپەمەنییەكان قسەی كرد. سەبارەت بە تیرۆر قسەی كرد. گووتی نابێت وڵات ببێتە موڵگەی تیرۆریستان؛ هەروەها باس لەكشانەوەی هێزەكەی كرد. لەكۆتایی ساڵی 2011 دا، بەرپرسی هێزی، ئەمریكا لەئێراق، "رای ئۆدیرنۆ" سەبارەت بە نزمبوونەوەی توندوتیژی زانیاری پێشكەش بەسەرۆكی وڵاتەكەی كرد. هەر لەو سەردانەدا ئۆباما چاوی بە هەریەك لەتاڵەبانی و عادل عەبدوڵمەهدی و سەرۆك كۆمار وجێگیرەكەی و سەرۆك وەزیران مالكی و سەرۆكی هەرێم مەسعود بارزانی كەوت.
لەراستیدا سەردانەكەی هەندێك ئامانجی هەبوو، لەوانە گەرەنتی رادەستكردنەوەی دەسەڵاتێكی بچووك بۆ ئێراقییەكان لەپاش هەژدەمانگ لەژێر هەیمەنەی ئەمریكا، بەرزكردنەوەی وەری سەربازەكانی ئەمریكا، هەروەها دەسەڵاتی وڵاتەكەی لەهەرێمەكە و بەتایبەتیش نیشانی گەلی ئێراق ی بدات و لەوسەردانە شتێكی ئەوتۆ گفتوگۆ نەكراوە، چونكە ئامادەكاری بۆ نەكرابوو. شاندی كوردی پاش گەیشتنی ئۆباما بە پەلە چووبوونە بەغداد، پێشوازیكردنیان بەشێوەیەكی ناكا و كۆمەڵێك واتای جیاواز لەخۆوە دەگرێت، بەڵام سەردانەی ئۆباما بۆ توركیا جیاواز بوو بە ئامادەكاری و بەرنامە بوو. بەڵام... ئەم سەردانە كۆمەڵێك گۆمانی لەگەڵ خۆی هێنا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست