کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بیرەوەریەکانم زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیى 1943ــ 1977 (بــەشـى نۆیه‌م)

Tuesday, 18/09/2012, 12:00


تێكچونى حكومەتەكەى عبدالكریم قاسم لە 14/ ى ڕەمەزانى 1963

ئەو تێكچونە چاوەڕوان كراو بوو لەبەر ئەوەى (عبدالكریم) خۆى ڕێگا خۆشكەر بوو كە هەڵگەڕانەوەیەكى دژ بە دەسەڵاتى شۆڕشى 14ى تەمووز ڕووبدات، ئەو شۆڕشەى گەلو نیشتمانى ئازاد كردو گورزێكى كاریگەریشى لە(ئیمپریالیزم)وەشاند ، هەر لەبەر ئەوەش دوژمنانى ئەو شۆڕشە بێ وەستان كەوتنە هەوڵدانو پلان دارێشتن بۆ نەمانى، لە ئەنجامدا لە ڕێگاى پلانى دارێژراوو نۆكەران توانیان بڕۆنە ژێر باڵى (عبدالكریم) بۆ ڕوو گۆڕینى، ناوبراویش كەسایەتیەكى سەربازى بوو توانیان ڕێگاى پێ بگۆرن، داخ لە دڵانى دژ بە ئازادىو دیموكراتیەت یەكیان گرتەوەو هەموو توانایەكیان خستە گەڕ بۆ لێدانو لەناو بردنى ئەو شۆڕشەى عێراقو گەلانى عێراقى ئازاد كردبوو، دانى بەهاوبەشى كوردو عەرەب نا، بێگومان ئەو خاڵەى دان نان بە مافى كورد لە عێراق بارێكى زۆر گران بووكە كەوتبوە سەرشانى كۆنەپەرستو شۆڤینیە عەرەبەكان لەبەر ئەوەى دوژمنانى كورد هەرچى توانایەكى هەیان بوو خستیانە گەڕ لە پێناو نەمانى ئەو خاڵە گرنگەى كە شۆڕش دیارى كردبوو بۆ كورد لە دەستورى كاتى دا. رێگادان بە دوژمنانى ئازادىو دیموكراتیەتو بونیان بە كارمەندو كارگێرى دەوڵەت ئەنجامى لە ناوچونى شۆڕشو دەستكەوتەكانى بوو، دوژمنانى گەلو نیشتمان بێ وەستان لە هەوڵدا بوون بۆ نەهێشتنى ئازادىو لێدانى ئازادیخوازانو یاساكانى شۆڕشى14ى تەمموزى پێشكەوتنخوازى (1958) ئەوە بوو دوژمنانى گەلو نیشتمان بە یارمەتىو پیشتیوانى ئاغاكانیان لە(8ى شوباتى1963)و ڕێكەوتى 14ى ڕەمەزانى هەمان ساڵ دا دەستیان وەشاندو دەسەڵاتى(عبدالكریم قاسم) یان لاداو بەعس بوو بە خاوەن دەسەڵات.

بەرەبەیانى (8 شوباتى1963) وەك گشت ڕۆژانى پێشوو ڕۆیشتمە دوكان هیچ دەنگێك نەبوو، جیا لە ڕۆژانى پێشوو ڕادیۆشم لەگەڵ خۆم نەبرد بۆ دوكان، خەریكى كار بووم كاتێك هەرئەوەندەم زانى دایكى شادومان داواى منى كردبوو لە كاتێك لە دوكان دەركەوتم بینیم لە پەنا پەرژین ڕاوەستا بوو زۆریش پەشۆكا بوو بەو شێواویە بانگى كردمو گوتى: (وەرە نزیك پەرژین)كە لێى نزیك كەوتمەوە گوتى: (زوو وەرە لە بەغدا شتێك ڕویداوە گوێ لە ڕادیۆ بگرە ئەوە هەر هاوار هاوار دەكات من تێى ناگەم زوو وەرە بزانە چیە؟ ئاخۆ چى ڕویداوە؟)كە ڕۆیشتمەوە گوێم لە ڕادیۆ گرت كاتژمێر دەورى نۆى بەیانى بوو كە لە ڕادیۆ گوێم لەهەواڵى تێكچونى حكومەتى(قاسم)بوو، دیار بوو كار لە كار ترازا بوو بەپەلە ڕۆیشتم دوكانەكەم داخست لەودەمەش دیار بوو لە شەقەمەكان ئینزباتەكانى سوپا خەریك بون سەربازیان ڕەوانەى سەربازگەى حامیە دەكردنەوەو زۆریش ئاڵۆز بوون. دواى ئەوەى بۆم دەركەوت دەستەى ئینقلابەكە كۆمەڵێكى گومان لێكراون زۆر بە پەلە ناردم بە دواى هاوڕێیانى(مەكتەبە)، ڕێكخراوى حزبى شیوعى ئەوكاتە من بەرپرسى قەزاى ڕواندز بووم، بۆ ئەوەى زوو كۆبونەوەیەك بكەین بۆ دیاریكردنى ڕێگایەك، بەشدار بوانى كۆبونەوەكە ئەمانە بوون: (مامۆستا محمد على، مامۆستا ئەحمەد شێخۆ، خلیل سوڵتان مێرگەسۆرى، زرار دەرگەڵەیى) لە كۆبوەنەوەكە چەند بڕیارێكماندا گرنگترینیان ئەوە بوو من(قادر عبداللە) ببینم، ناوبراو بەرپرسى سوپایەكان بوو بۆ ئەوەى بڕوات پەیوەندیان پێوە بكات بۆ دەست بەسەر سوپادا گرتن بۆ بەدەست هێنانى چەكو تەقەمەنىو كەلوپەلى پێویست، زۆر بە دواى (قادر عبداللە)دا گەڕام ناوبراو ڕۆیشتبوەوە هەولێرو نەدۆزرایەوە، دواى ئەوە كەوتمە هەوڵدان چۆن بتوانم پەیوەندى بە هاوڕێیانى سەربازگەكەوە بكەم، بۆ ئەو مەبەستە چوومە كاولۆك بە هۆى (وسو جرجیس) توانیم (مام خدر) كە ناسراو بوو (خدرە كدولە) بدۆزمەوە، ناوبراو لە كارەباى سەربازگەى حامیە كارمەند بوو، بەڵكو لە ڕێگاى ئەوەوە دەستمان بگاتە یەكێك لە ئەفسەرە هاوڕێكانمان، (مام خدر) وەك هاوڕێیەكى دڵسۆز هەوڵیداو نائب زابت (شوكرانى) بۆ دۆزیمەوە، لەگەڵ ناوبراو دانیشتم ئەوەى شایانى باسە نائب زابت (شوكران) شیوعیەكى هەست بەرزى زیاد لە پێویست دڵپاكو چاونەترس بوو، بە هۆى ئەوەوە گەیشتمە(ڕەئیس اول) یانى ڕائد، گوایا لێپرسراوى شیوعیەكانى ناوسەربازگەكە بوو كە ناوى(مهدى) بوو، ئەوەندەى بڵێى ترسنۆكو بێ دەسەڵات بوو كاتێك پێم گوت: (من بەرپرسى قەزامو ئەو هاوڕێیەى پەیوەندى بە ئێوەوە هەیە لێرە نیەو بۆ ئەوەى باوەڕ بكەیت كەمن لێپرسراوى قەزام ئەوە ئەو نوسینەن كە بۆ ئێوە هاتوون چەند ڕۆژە لاى من ماونەتەوە، قادر نەهاتووە بۆتان بهێنێ ئێستا لێرە نیەو وەزعیش ئاڵۆزە من هاتووم بەڵكو هاوكاریمان بكەن بە یارمەتى ئێوە بێین دەست بەسەر سەربازگەكەدا بگرین ئەم شەو)، كە ئەوقسانەم پێ گوت ئەو پیاوە ئەوەندەى نەمابوو دڵى لە لێدان بوەستێو دەیگوت، (دەبێ هەرئێستا لێرە دەركەوىو لێرە نەمێنى، چۆن دەبێ ئێوە بێن بۆ ناو سەربازگەكە؟! داوات لێ دەكەم بێ دواكەوتن بڕۆیت من تۆ ناناسم با ئەوەى پەیوەندى بە ئێمەوە هەیە ئەو خۆى بێت لەگەڵم بدوێت). بە هیچ جۆرێ ڕازى نەبوو لەگەڵى رێككەوین، كەزانیم چارنیە گەڕامەوە ڕواندز ئەوە ئەنجامى باوەڕ پێكراوى حزبى شیوعیە گوایا بە هیوا بووین هەركاتێ حزب پێویستى پێ هەبوون هێزێكى ئامادەى پاڵپشتى حزبەو جێگاى باوەڕن، كەچى ئەوە بوو هەڵوێستى ئەو هێزەى كە دەبوایە پاڵپشتى حزب بێت لەوكاتەدا.

ئێوارەى هەمان ڕۆژ بەیانى ژمارە سێزدە بڵاوكرایەوە بۆ لێدانو لە ناوبردنى شیوعیەكان، لەوكاتەوە لەسەر هەر شیوعیەك پێویست بوو كە بتوانێ خۆى دەرباز بكات، هەر لەگەڵ بڵاوبونەوەى بەیانەكە دوژمنانى دیموكراتىو پێشكەوتنخوازى كەوتنە دواى شیوعیەكانو ڕاویان نان بە تایبەتى ئەوانەى ناسراو بوون، هەر زوو ئەوەى دەستیان كەوت ڕاپێچى بەندیخانە كران، پۆلیس بێ وەستان دەگەڕان بەدواى شیوعیەكان لە كاتێكا من لە دوكانى(محمدى حاجى برایم) بووم دیتم كە(خورشید ڕەشۆى) باش چاوەش منى دیتو زوو بە(عوبێدى) مەئمور مەركەزى گوت (ئەوەتا زرار لەو دوكانەیە)، تا ئەوان لە ئۆتۆمبێل دابەزین من دەركەوتم ئەوەى ڕاستى بێت محمد زۆر مەردانە گوتى: (بڕۆ ماڵى ئێمە تا شەودادێت). بەڵام یەكسەر بە كۆڵانێكدا ڕۆیشتمو خەبەرم بۆ ماڵێ ناردو زۆرى پێ نەچوو(عبدالله قادر ماشكانى)، كە لاوێكى تازە پێ گەیشتوو بوو گەیشتە لام و تفەنگێكى بۆ هێنام خۆشى چەكدار بوو لەگەڵ ئەوەى شەو داهات لە ڕواندز دەركەوتین، چونكە دەبوایە ئەم شەوە هەر لەڕواندز دەركەوتباین لەبەرئەوەى بە نیاز بوون پشكنینى زۆر ووردى ماڵە شیوعیەكان بكەن، ئەوەى زاندرابوو بڕیارى گرتنى من دەرچوبوو بە شێوەیەكى تابیەت بە زیندویى یان بەمردویى دەستگیر بكرێو بدرێتە دەست سوپا، ئەوە لەلایەك لەلایەكى تریشەوە هەر لەزووەوە لەلایەن مەلامستەفا شەوە بە تاوانبار داندرابوم ، دەبێ لەوكاتە ناسكو دژوارەدا هەڵوێست چى بێت؟ ڕوو لەكام لا بكەم باشە؟ من لە نێوان دوو دەسەڵاتدار فیرار بوومو خۆم پەنا داوە هەریەكەى لەو دوو دەسەڵات دارە بمگرن بێشك دەمكوژن. تەنها لەبەرئەوەى شیوعى بوم.

كاتێك شەو لە ڕواندز دەركەوتین بە گوندى(كانیەقوڕ)دا ڕۆیشتین بەرەو دۆڵى (ئاكۆیان) لە نزیك (كێلى بەكون) پەڕینەوە بەرى هەندرێنو بە كۆسپەكانى (دەروك)دا سەركەوتینو لە شوێنێك دانیشتین لەگەڵ (عبداللە) كەوتمە قسە، دەمزانى ناوبراو شەڕو گێچەڵى نەدیووە كەمێك هەڵم سەنگاند هەر بۆ ئەوەى ئەگەر هاتوو توشى بەسەرهاتێك بووین ئاخۆ دەتوانێ دەست بكاتەوە، لە ئەنجامى گفتوگۆ بۆم دەركەوت ئازایەتى پێوە دیاربوو، نەدەترسا پیاوى ڕۆژى تەنگانە بوو، شەو ڕۆیشتینە ئەشكەوتێك پێیان دەگوت (ئەشكەوتە بزن) هەرچۆنێك بوو ئەو شەوەمان بەسەر برد، بەڕۆژیش خۆمان لە پەنایەك بوارد، بۆ شەوى دووەم خۆمان لە كاولۆك نزیك كردەوە ئەگەرچى ماڵى باوكم زۆر نزیك بوو لە سەربازگەى (حامیە) بەهەر جۆرێك بوو خەبەرم بۆ بەڕێ كردن كەوا من لە بنارى هەندرێنم شوێنى خۆم بۆ دەست نیشان كردن، شەو بە درەنگەوە (عزەت)ى برام خۆى هاتەلام گوتى: (وەرەوە ماڵى ئێمە من دەڕۆمە هەولێر بۆلاى متەسەریف، بەدرەدین بۆ ئەوەى ناوبراو چارەیەك بدۆزێتەوە)، عزەت لە قسەكانى گوتى: (وادیارە حكومەتە تازەكەى بەعس خەریكە لەگەڵ بزاڤى دەرەوە ڕێك بكەوێت لە بروسكەى ێالح یوسفى دا بەدیار دەكەوێ دەبێ پێشان پەیوەندیەكیان بەیەكەوە هەبوبێ بۆ ڕوخاندنى دەسەڵاتى عبدالكریم قاسم)، لە دواى قسەكانى عزەت درەنگى شەو ڕۆیشتمەوە ماڵى باوكم لە كاولۆك لەوێ بەنهێنى مامەوە، ئەوەى جێگاى ڕەزامەندیم بوو پشتم بە چەكدارەكانى باوكم بە هێز بوو بەشى زۆریان پشتگیرى منیان دەكرد، ئەو ماوەیەى لەوێ مامەوە زۆر ئاگام لە خۆم بوو، هیچ شەوێك خۆم نەدەكردەوە بەڵكو بەشى زۆرى شەو لەگەڵ نۆبەتدارەكان دەمامەوە لە دواى دوو ڕۆژ (حەمەدى عوڵاى خۆشكانىو ڕەزاقى حمدە بۆرى گەڵالى) هاتنە ماڵى باوكم لە ترسى گرتن ڕایان كردبوو ئەوانیش فەرمانى گرتنیان دەرچوو بوو. بەو شەوە بە نهێنى لەوێ ماینەوە ڕۆژانە چاودێرى ڕوداوەكانمان دەكرد، دەمانزانى چى هەیەو چى ڕوو دەدا، ئەوەى جێگاى دڵخۆشیم بوو لە ڕێگاى چەكدارەكانى باوكم توانیم پەیوەندى بەو هاوڕێیانەى نەگیرابوونو نەش ڕۆیشتبونە دەرەوە ببەستم بەم شێوەیە ووردە ووردەو لە سەرخۆ لە ڕێگاى ئەوانەوە تواندرا كەمێك خۆمان ڕێك بخەینەوەو پچڕاوەكان بگەینینەوە یەكترىو لە نوێوە دەست بەكار بین بۆ ڕێكخستنەوەى ڕێكخراوو ئەوەى بتوانین لەم كاتەدا یارمەتى ئەوانە بدەین كە ڕۆیشتونەتە دەرەوە، ئەوەى زاندرا سەرەتا كۆمەڵێك هاوڕێ خۆیان شاردبۆوە سەیرى هەڵوێستى حكومەتە تازەكەى بەعسو جوڵانەوەى چەكدارى كوردیان دەكرد، ئەویش ئەوەى بەدیار كەوت لەیازدەى مانگ بڕیارێك دەرچوو شەڕ بوەستێ لە نێوان حكومەتە تازەكەى بەعسو چەكدارەكانى دەرەوە، لەگەڵ بڵاوبونەوەى بڕیارى وەستانى شەڕ بوو بە بەزمو شادى، بەڵام ئەوەى جێگاى نیگەرانى بوو ئەوانەى داخ لە دڵ بوون لە شیوعیەكان وایان دەزانى بە وەستانى شەڕ كۆتایى بە كێشەى كورد هاتو ئەوانیش بە ئاوات گەیشتن بۆ لێدانو لە ناوبردنى شیوعیەكان.

لەسەرەتاى ئینقلابە گومان لێكراوەكە هەندێ برادەران دەركەوتن لە ڕواندز لە گوندى (كەرەك) كۆبونەوە هەندێكیش لەملاو ئەولا خۆیان پەنادابوو بە نهێنى، بەڵام ئەوەى جێگاى ڕەزامەندى بوو لەوكاتە تەنگانەى شیوعیەكان تێى كەوتبوون بروسكەیەكى مەلامستەفا بۆ (مقدم عزیزئاكرەیى) لێپرسراوى هێزە چەكدارەكانى پارتى لە ناوچەى باڵەكایەتىو ڕواندز هاتبوو بۆ ئەوەى ئەو شیوعیانەى ڕادەكەنو دەردەكەون وەربگیرێنو بپارێزرێن، لە دواى ئەو ڕاسپاردەیە ڕێگا كراوە بۆ ئەو كەسانەى مەترسیان لەسەرهەبوو بڕۆنە دەرەوە، ئەوە بوو لە نزیك شارى ڕواندز لە گوندى(كەرەك) بنكەیەكى شیوعیە ڕاكردوەكان كرایەوە كۆمەڵێكى زۆر لە شیوعیە ڕاكردوەكانو دۆستانى حزبى تێدا كۆببونەوە.
هەستى پاكى و ناپاكى لە ڕێڕەو بەدیار دەكەوێ: ئەوەى لەسەرەوە نوسراوە سەرەتاى ڕێڕەوە لە ڕۆژانى ئاڵۆزىو تەنگانەدا لە سەرەتاى دانانى بنكەى شیوعیە ڕاكردوەكان لە كەرەك، ئەوان پێویستیان بە خۆراكو هەندێ پێویستى تر هەبوو بۆیان دابین بكرێت بۆ ئەو مەبەستە ناچار كەوتینە جوڵانەوە بۆ كۆكردنەوەى خۆراك و كەلوپەلە پێویستیەكان بەو نیازە ڕوومان كردە كۆمەڵانى خەڵكو دۆستو لایەنگرانى حزب بۆ یارمەتى دانی ئەو دەربەدەرانەى ڕایان كردبوو لەدەستى زوڵم. زۆر لە ئەندامانو لایەنگرانى گیرابوون لە ئەندامانى قەزاش (مامۆستا ئەحمەد شێخۆو مامۆستا محمد على) گیرابوون لە بەندیخانەى ڕواندز بوون، لە بارەى یارمەتى دانى هاوڕێیانى دەرەوە مانگى یەكەم توانیمان یارمەتیەكى باش لە چەكدارەكانى باوكم وەرگرین، دیاربوو سى دینار كۆكرابوەوە ئەو بڕە پارەمان بۆ ڕەوانەكردن، هەروەها بەشێكى باش خواردەمەنى كۆكرابوەوە لەلایەن ڕێكخراوەكانى شارەوە بە تایبەتى ڕێكخراوى ئافرەتان ئەویشمان بۆ ڕەوانە كردن. ئەوەى شایانى باسە مانەوەى من لە ماڵى باوكم زۆر سوود بەخش بوو لە دوو ڕووەوە: یەكەم، توانیم پەیوەندى بە ڕێكخراوە پچراوەكان بكەم ئەوانەى مابوون بەنهێنى بیان بینمو لە نوێوە بكەوینەوە كاركردنو جوڵانەوە لە ناو جەماوەرى لێدراودا.

دووەوم، پاراستنى من لەوێ وەك بنكەیەكى گرنگ بوو بۆ ڕاپەڕاندنى كارەگرنگەكانى حزب لەوێ زۆر كەس دەهاتنەلام، بەڵام ئەوەى هەستم دەكرد ئەو هاتووچۆیەى ئەو خەڵكە بۆلاى من باوكمو عزەتى برامى دڵتەنگ كردبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەنگیان نەدەكرد، پاش ماوەیەك واى لێهات باوكم بەدەنگ بێتو ڕۆژێك پێى گوتم: (ئاگادار بە ئەوەندە هاتووچۆیە مەترسى بە دواوەیە، دەترسم خەڵكانى ناپاك توشى زیانو بەڵایەكمان بكەن)! بەگوێرەى ئەو هەواڵەى پێم گەیشتبوو دەبوایە زۆر وریاى خۆم بم لەبەرئەوەى ئاگادار كرابووم سوپاییەكان هەركاتێ بۆیان ڕێك بكەوێت لەسەرم بازنادەنو دەمگرن كە گیرام موتەسەریف هیچى پێ ناكرێ لەگەڵ عەسكەریەكان لەبەر ئەوە، شەوانیش بە وشیارى زۆر ئاگادارى خۆم دەبووم، هەردەم ئامادە بوم بۆ ڕاپەرینو دەست كردنەوە، لەبەرئەوەى بیرم لەوە دەكردەوە، ئەگەر نیازى وایان هەبێت بێن بۆ گرتنم نابێ بە ئاسانى بیان كەومە دەست، وا ڕێك كەوت شەوێك نۆبەتدارەكان زۆر بە ئاڵۆزى پێیان ڕاگەیاندم كەوا عەسكەریەكان دیارە بە نیازن دێن بۆ قوتابخانە، ئەو شوێنەى ماڵى باوكمى تێدا بوو، كاتێك سەیرم كرد دیار بوو چەند ئۆتۆمبێلێكى سوپاى پڕ لە سەرباز گەیشتنە ناو گۆرستانى كاولۆك، یەكسەر دەركەوتمو زوو خۆم گەیاندە گردە بەرزەكەى پشتى قوتابخانە لەگەڵ هەستانى من (ئەحمەدى عولاو ڕەزاق)یش هەستا بوون، بەڵام ئەوان لەكاتى دەركەوتنیان(ئەحمەد) فیشەك دانى بەجێ مابوو، ئەوان هەر ئەوەندەیان پێكرابوو كەلوپەلەكانیان خستبوە باوەشیانو ڕایان دەكرد، لە ڕێگا خەریكى خۆپێچانەوە بوون تا ئەوان هاتن من لەمێژ بوو سەركەوتبومە سەربەرزاییەكەو لە ناو سەنگەرێكى سوپا خۆم قایم كردبوو، بەدرەنگەوە ئەوانیش هەوراز دەهاتن، بەڵام چۆن هاتنێك هەر بە غاردان دەهاتن. بائەوەش لەبیر نەكەین پێش ئەوە ئەوان بگەنە لام دووسێ كەسى تریش لەكاولۆك ئەوانەى لەخۆیان دەترسان زۆر بەگورجى بەسەركەوتنە سەرگردەكەو هاتنە لام یەكێك لەوان (ووسوى جرجیس) بوو لە ناو سەنگەرەكە هاتە تەنیشتم لەوێ خۆمان قایم كردو ئەوجا ئەحمەدو ڕەزاق گەیشتن، لەوێ خۆمان بوارد تا تەواو بوە ڕۆژ كاتێك سەیرمان كرد باوكمیان بانگ كردو ڕۆیشتە خوارەوە بۆ سەر گۆرستانەكە بۆلاى ئەفسەرەكان، بەڵام زۆر دوانەكەوت لە دواى گەڕانەوەى بۆ قوتابخانە زۆرى نەخایاند دیاربوو پیاوەكان بەسەركەوتنە سەربانو دەستیان كرد بە یارى (كەلایانە)، دیار بوو كە هیچ نەبوو زۆرى پێ نەچوو سەربازەكان هەستان ڕۆیشتن بۆلاى ئۆتۆمبێلەكانو ڕۆیشتن، بەدرەنگەوە ئێمەش گەڕاینەوە وەك بەدیاركەوت بەو نیازە هاتبوون كاولۆك بپشكنن، بەڵام باوكم پێى گوتبوون: (ئەوانەى ئێوە بە دوایاندا دەگەڕێن لێرە نەماونو لەشاخن). ئەوەى ڕاستى بێت ئەوكاتانە بۆ من زۆر ناخۆش بوون لەبەر ئەوەى هەردەم چاوەڕوانى ئەوە بووم بێن بۆ گرتنم، دەمزانى كۆمەڵێك لە هاوڕێیانى كاولۆك ئەوانەى دەركەوتون وا لە(ئەشكەفتە بزنەن) و خۆیان حەشارداوە، واڕێك كەوت شەوێكى تاریكوتەڕو باراناوى ڕۆیشتمە (ئەشكەفتەبزنە) لە بنارى هەندرێن، بۆلاى هاوڕێیانى كاولۆك، (خدر كاكیلو حاجى جرجیس) یان لەگەڵ بوو ئەو دوانە لەلایەك هاوڕێم بوونو لەلایەكى تریشەوە خۆشەویستى شەخسیم بوون، بەڕاستى بۆ ئەوە چووبوم نەگەڕێمەوە، بەڵام كاتێك گەیشتمە ئەوێ زۆرى پێ نەچوو(حاجى حسن) ئاغاش پەیدا بوو دیار بوو چووبوە (كەرەك) لاى ئەوانى تر تا درەنگى شەو لەوێ لەگەڵ ئەوان دانیشتم لە قسەكانمان ڕووبەڕووى كۆمەڵێك خاڵ بووین كە شایانى لێكۆڵینەوە بوونو بەوردى لێ ى دواین، دەربارەى مانەوەى من لاى ئەوان گەیشتینە ئەو ئەنجامە پێویست بوو من بگەڕێمەوە ماڵى باوكم لەوێ بمێنم سوود بەخش ترە لەوەى لاى ئەوان بم، ئەوە لەلایەك لەلایەكى ترەوە بیرمان لەوەكردەوە دوور نیە چەكدارەكانى دەرەوە بزانن من لە دەرەوەم بێن بەدوامداو توشى كارێكى ناڕێكى لابەلا ببین بۆیە گەڕانەوەم پەسندكرا.
بۆمان بەدیاركەوت ئەو بیر بۆچونەى ئێمە ڕاست دەرچوولە دواى گەڕانەوەى من بە دوو ڕۆژ چەكدرارەكانى (ملازم تاهیرى على بەگ) هاتبونە لاى هاوڕێیان، پرسیارى منیان كردبوو یەكێك لە چەكدارەكان(پاشا كاولۆكى) بوو بە نهێنى بە حاجى جرجیسى گوتبوو: (بە زرارى بڵێ ئاگادارى خۆى بێت، لێرە هەوڵ دەدەن بۆ لە ناوبردنى). هەرئەوكاتەش بەوانیان گوتبوو، ئێوەش بڕۆن لێرەو نابێ لەو ئەشكەفتە بمێنن، بڕۆنە بنكەى (كەرەك). لەو كاتە پڕ لە تەنگوچەڵەمەیە نامەیەكى محەلى هەولێرم پێ گەیشت داوایان كردبوو كە پەیوەندى بە بەرپرسى پێشمەرگەكانى باڵەكو ڕواندز بكەین بۆ ئەوەى مەرامو خواستى حزبی شیوعیان پێ ڕابگەیەنینو، ئەگەر هاتوو ناخۆشى لە نێوان شۆڕشگێرانى كوردو حكومەتى بەعس پەیدا بوو، ڕێگا بە شیوعیەكان بدرێ بەشدارى لەگەڵ چەكدارەكانى جوڵانەوەكە بكەن بە پێى توانایان لە ڕوو بەڕوو بونەوەى دەست درێژیكەران.

ئەوە بوو لەگەڵ عزەت كەوتمە دوان، بەڵكو بتوانین بە نهێنى پەیوەندى بە (مقدم عزیز) بكەین بۆ ئەوەى چاومان پێى بكەوێت، لەم بوارەدا هەوڵدرا لەدواى ڕەزامەندى (مقدم عزیز) لە كاتى دیاریكراودا لەگەڵ عزەت ڕۆیشتینە گوندى (بنەكاول) لە داوێنى كێوى هەندرێن لە ڕووى (دۆڵاكۆ) بۆ دیدەنى (مقدم عزیزو حمیدحسێن مەلا سیدەكەیىو ئەحمەد سەعید سپیندارى)، دانیشتین لەو دانیشتنە زۆر بە وردى باسى داهاتومان خستە بەرباسو لێكۆڵینەوەو گەیشتینە ئەو باوەڕەى شەڕ دەست پێدەكاتەوە، باس لەهەڵوێستى ئێمەكراو بەڵێن ئەوە بوو هەركاتێ دەست بەشەڕ كرایەوە ئێمە بڕۆینە دەرەوە، ئەوەى دیار بوو عزەت لەسەر داواى مقدم عزیز گوتى: (من دێمە دەرەوە لەو كاتەى ئێوە دەستتان بەشەڕ كردەوە لەگەڵ حكومەت، ئەوكاتە بێ مەرج ئامادەم بێمە ژێر فەرمانى سەركردایەتى پارتىو بارزانى، بۆئەوەى خزمەتى ئەوشۆڕشە بكەم). لە دواى ئەو من كەوتمە قسەكردن لەگەڵ مقدم عزیزو یاوەرەكانى بەناوى نوێنەرى حزبى شیوعى كەوتمە گفتوگۆ لەگەڵیان، لە سەرەتاوە داوام كرد بە جیا لەگەڵ مقدم عزیز بدوێم، ناوبراو ڕازى بوو، دوو بە دوو كەوتینە قسەكردن ئەو ڕاگەیاندنەى بۆمان هاتبوو پێم ڕاگەیاندو، دیارم كرد كە من ڕاسپێردراوى حزبم هاتووم لەگەڵتان بدوێمو هەڵوێستى حزبتان پێ ڕابگەیەنم، بە ئەمانەتەوە بیروڕاى حزبم پێ ڕاگەیاندنو ئەو نامەى هاتبوو ناوەرۆكى نامەكەشم پێ ڕاگەیاندن. لەلایەكى ترەوە داوام كرد كە ئەو هاوڕێیانەى ئێستا لەدەرەوەنو لە گوندى (كەڕەك) كۆمن تەنگاو نەكرێنو توشى كێشە نەبن هەركاتێ گلەییەكتان لێیان هەبوو ئاگادارمان بكەنەوە، ئێمە چارەسەرى كێشەكان دەكەین، وە هەر بە هەمان شێوەش ئەو شیوعیانەى دێنە دەرەوە كۆسپیان نەخرێتە رێگا ئەوان وەك پاڵپشتێك دێنە ڕیزى پێشمەرگەى گیان فیدایى كوردستان، مقدم عزیز ئەمەى زۆر پێ خۆش بوو بەڵێنیدا بە هاوكارى كردنمانو چەند پرسیارێكى ئاراستە كردم: (ئەگەر لەگەڵ حكومەت نەگەیشتینە ڕێككەوتن هەڵوێستى تۆ چى دەبێت؟) گوتم: (هەركاتێ بۆم دەركەوت ئێوە نەگەیشتونە ڕێك كەوتن ئەوكاتە دێمە دەرەوە، بەو مەرجەى ئەو چەكدارانەى لەگەڵم دان وەك هێزێكى تایبەت لە ژێر چاودێرى خۆمدا بنو ئازاد بنو بەربەرەكانیان نەكرێتو بناسرێن كە شیوعین بەشدارى لە شۆڕش دەكەن). دیسان پرسى: (ئەگەر هاتوو باوكتو عزەت نەهاتنە دەرەوە تۆ دەتوانى چى بكەیتو هەڵوێستت چى دەبێ)؟ گوتم: (من لەژێر فەرمانى حزبم حزبیش لەگەڵ ئەوەیە هەركاتێ بوو بەشەڕ لەگەڵ هەڵگیرسانى شەڕ ئێمە لەدەرێین)هەستم كرد عزیز دڵخۆش بوو.

كاتێك تەواو بووین گەڕاینەوە لاى عزەتو ئەوانى تر، مقدم عزیز بە عزەتى گوت: (خاڵ عزەت تۆ بفەرموو بگەڕێوەو با كاك زرار لەگەڵ یەك دوو چەكدار بمێننەوە، دەچینە لاى شیوعیەكان لە كەرەك جێگایان باش نیە، بەڵكو شوێنێكى باشتریان بۆ دابین بكەین، ئەوێم پێ باش نیە نامەوێ لەوێ بن). هەرئەوكاتە عزەت گەڕایەوە بۆ كاولۆك منو ئەحمەدى عوڵاو دوو چەكدارى تر لەگەڵ مقدم عزیزو یاوەرەكانى كە بریتى بوون لە(حمیدئەفندىو ئەحمەد سەعید) لە بنەكاول سەرەوژێر ڕۆیشتینە خوار بۆ كەرەك هەرلەوێ دەركەوتین ووردە ووردە باران لێى داین تا گەیشتینە بارەگاى شیوعى لە كەرەك، بێگومان هەمومان زۆر باش تەڕ ببوین، ماوەیەك لەلایان دانیشتین، مقدم عزیز لەگەڵیان كەوتە قسەو گفتوگۆ باسى زۆر شت كرا، بێگومان لەگەڵ مقدم عزیز ڕێك كەتبوین بیان گوازێتەوە گوندە بچكۆلەكەى(لۆغان)، بەڵام هەرلە سەرەتاوە (مقدم عزیز) بە نیاز بوو بیان نێرێتە گوندى (بن مێرد)، بەڵام من بە پەسەندم نەزانى بنێردرێن بۆ گوندى ناوبراو، چونكە شوێنێكە لاپەڕگەیەو ڕێگاى هاتووچۆش بۆ ئەوێ نا لەبار بوو، دەبوایە بەناو گوندى (فەقیانو ئاكۆیان) دا تێپەڕ بن، ئەو گوندانەش وا تێگەیەندرابون كە شیوعیەكان دوژمنى ئاینن، لەوانە بوو لەگەڵ خەڵكى نەزانو ساویلكە توشى كێشەى لابەلا ببن، ئەوەى جێگاى ڕەزامەندیم بوو(مقدم عزیز) ڕایەكەى منى پەسەند كردو لەسەر ڕێكەوتنەكەى پێشان ماینەوە. لەوماوە كورتەدا لەگەڵ هاوڕێیان (مام الیاسو ئیبراهیم عبداللە سێمانو حاجى حسن ئاغاو ێدیق عوڵا ئاغاو خدر كاكیل)و ئەوانى تر دووامو داوام لێكردن لیژنەیەك ڕێك بخەن بۆ هەڵسوڕاندنى كارەكانیانو لە پەیوەندى بەردەوام بن لەگەڵ منو بۆ دابین كردنى پێویستیەكانتان دەست بەكار بن.

(مقدم عزیز) ئەوكاتە داواى لە هاوڕێیان كرد خۆیان كۆبكەنەوەو ئامادە بن هەر ئێستا لەگەڵ خۆمتان دەبەم بۆ لۆغان، ئێرەم پێ باش نیە مەترسى بەدواوەیە جێگەشتان بەرتەسكە، ئێمە لەوگفتوگۆیەدا بووین ئاگاداركراین كە لاوێكى تازە پێگەیشتوى شیوعى لە كاولۆك تفەنگی پۆلیسێكى ڕفاندوەو گەیشتۆتە ئێرە, كاتێك لاوەكە هاتە لامان بینیم كوڕى (سۆفى عالى مستەفا) یە كە تەمەنى چواردە ساڵ بوو، تفەنگى لە دەستى پۆلیسەكە ڕفاندبوو بەناو خەرەنددا هەڵاتبوو پۆلیسیش بە دواى كەوتبون، بەڵام خۆشبەختانە بە سەلامەتى دەرچوو بوو،(مقدم عزیز) بەخێرهاتنێكى زۆر گەرمى لێ كرد، منیش لە دواى ئەو بە خێرهاتنم لێ كردو هەندێ فیشەكیشم پێدا، بەڵێنیشم پێدا ڕەختە فیشەكێكیشى بۆ بنێرم.

لەوێ (مقدم عزیز) هەستاو ماڵاوایمان لەیەكترى كرد، ناوبراو بە هاوڕێیانى گوت: (كەلوپەلەكانتان هەڵگرن وەرن بۆ لۆغان لەوێ چاوەڕێتان دەبین)، ئەوەبوو بەرەو ئاكۆیان بەڕێ كەوتن، ئێمەش گەڕاینەوە بۆ كاولۆك، پێش ئەوەى یەكتر بەجێ بهێڵین مقدم عزیز گوتى: (خاڵ زرار تكایە سەریان لێ مەبڕە، منیش هەركاتێ هاتمە ئەوناوە سەریان لێ دەدەم، بە ملازم تاهیر دەڵێم ئاگاداریان بێت).

ئەوكات بە بنارى هەندرێندا گەڕاینەوە كاولۆك، ئەوەى شایانى باسە هەرلەوكاتەى بە تەنیا لەگەڵ (مقدم عزیز) دانیشتم هەستم كرد كە عزەت ئاڵۆز بوو بە ئاشكرا پێوەى دەبیندرا، ناوبراو پێش ئەوەى بڕۆین بۆلاى مقدم عزیز وایدەزانى من داواى تایبەتیم هەیە، بەڵام كاتێك دیتى بەچ شێوەیەك لەگەڵ مقدم عزیز دەدوێمو قسەكانى من لەگەڵ عزیز دوور بوو لەو خەیاڵەى عزەت بیرى لێ دەكردەوە، ئیتر هەرلەوكاتەوە زانى كەمن لە حزبى شیوعى دانابڕێم و نایەمە ناو پارت، دڵنیا بوەوەو بەزۆر شێوە كەوتە بیركەوتنەوە بۆ دۆزینەوەى هەر ڕێگایەك كە بتوانێ لە سەنگى من كەم بكاتەوە.

ئەوەى زاندرا هەر لە زووەوە حكومەتە ناپاكەكەى بەعس نیازى باش نەبوو لەگەڵ شۆڕشگێرانى كورد، ئەویش بەوە بەدیاركەوت ئامر لیواى زارگەلى على بەگ (عبدالرحمان تكریتى) هەندێك سەرۆك جاشى بانگ كردبوونو لە قسەكانى هەڕەشەو گوڕەشەى كردبوو گوتبوى: (شەڕ دەست پێ دەكاتەوە، بەڵام ئەمجارە وەهایان لێ دەدەین هەموو خانوەكانیان بەسەردا دەڕوخێنینو كچەكانیان دابەشى سەر ئێوەو عەسكەریەكان دەكەین) زۆر قسەى ناشیرینى تریشى كردبوو، لە كۆتایى كۆبونەوەكەدا (كریم خانو عزەتو كوردۆ) جنێوێكیان بە خۆدابوو كە تفەنگ بۆ ئەو حكومەتە ناوێن ئەگەر شەڕ بوەوە، بەڵێ شەڕ دەست پێ كرایەوە بەڵام (كوردۆ وكریم خان) پابەندى قسەى خۆیان نەبوون و تفەنگى زۆریان هاوێشت.

بنكەى شیوعیەكان لە گوندى(لۆغان) لە نزیك ئاكۆیان ببوە بنكەیەكى جەماوەرىو كۆمەڵێكى زۆرى شیوعى تێدا كۆببونەوە، ئێوارەیەك درەنگ (سەعید رزاق) یەكێك بوو لە شیوعیە چالاكەكان لەوانەى لە بنكەى لۆغان بوون، سەعید شیوعیەكى چالاكو زیرەك بوو ناوبراو باوكو دوو براى چەك هەڵگرى سلێمان بەگ بوون، ناوبراو ڕاسپێردرابوو هاتە لام نامەیەكى بۆ هێنابووم داوایان كردبوو بڕۆمە(لۆغان) لە نامەكەدا نوسرابوو یەكێك لە هاوڕێیانى سەرەوە هاتووە دەیەوێ تۆ ببینێ بۆیە پێویستە بێیت، لەگەڵ سەعید ڕێك كەوتین كە بەیانى زوو بڕۆین، لەكاتى دیاریكراودا ڕۆیشتمە لۆغان دیاربوو (ئەسعەدى فاتمە سۆرێ) بوو هاتبوو دانیشتنێكى دوورو درێژمان ئەنجامدا لە دواییدا لەگەڵ ئەو لیژنەى لەوێ ڕێكخرا بوو دانیشتین، لە دانیشتنەكە كۆمەڵێك شت خرانە بەرباسو لێكۆڵینەوە لە دواییدا ئەسعەد داواى لێ كردن ئەگەر چیان هەبێت دەتوانن بیڵێن، كەس دەنگى نەكرد، هەر ئەوەندەم زانى(برایمى عوڵاى سێمانى) ڕواندزى زۆر مەردانە وەك شیوعیەكى چاو قایمى دڵ پاكى بە جەرگ هات قسەو گوتى: (زۆر شەرمە خۆتان مات دەكەن، ئەوە هاوڕێ زرارە لە پێش ئێوە ئەوەى هەتانە ڕووبەڕوو لەگەڵى بدوێن ئەوەى لەمەودوا لە پاشە ملە جارێكى تر باسى هاوڕێ زرار بكات ئاشكرایە ترسنۆكەو شیوعى نیە بەڵكو بۆ خراپەكارى باسى دەكەن ئەگەر ڕاست دەكەن بفەرمون شیوعیانە لەگەڵى بدوێنو ئەوەى لە دڵتانە بیڵێن). لە دواى قسەكانى برایم بێ دەنگى بوو، ئەسعەد بە قسە هاتو گوتى: (برایان دەڵێن ئەشیایەكى زۆر كۆ دەكرێتەوە، كەچى زۆر كەم دەگاتە ئێرە!؟) گوتم: (ئەوەى كۆ دەكرێتەوە لیژنەیەكمان داناوە بۆ وەرگرتنى ئەو شتانەو بۆ ئێوەى ڕەوانە دەكەن، ئەو لیژنەیە بەپرسیارەو هیچ پەیوەندیەكى بەمنەوە نیە، هەر بگەڕێمەوە ئاگاداریان دەكەم بۆ ئەوەى لیستتان بۆ بنێرنو لە لیستەكە دیار بكرێت ئەو شتانەى بۆتان كۆكراوەتەو ڕەوانە كراوە).

دواى ئەوەى بۆم بەدیار كەوت (زرار عبداللە و حاجى حسن ئاغا) دەستیان لە پەنادانى ئەو ئەشیایانە هەبوو كە كۆكرابونەوەو، دەیان ویست شوێن بزرى بكەن، بەڵام زۆرى پێ نەچوو كارەكویان ئاشكرا بوو شەرمەزاریان بۆ مایەوە. كاتێك گەڕاینەوە كاولۆك شەو درەنگ بوو پێیان گوتم: (شوكریە حمدامین دێوانە بە نهێنى گەیشتۆتە ماڵى باوكم، ناوبراو مامۆستا بوو لە هەولێر ڕاى كردبوو بەدرەدینى متەسەڕیف فەرمانى دەركردبوو دەبێ شوكریە بگیرێت چ بە زیندویى چ بە مردویى!).

(شوكریە)م بینى لەگەڵى دوام ڕازى بوو بڕواتە بنكەى شیوعیەكان، هەر ئەوشەوە بێ دواكەوتن بەڕێمان كرد بۆ بنكەى لۆغانو بە سەلامەتى گەیشتە ئەوێ، ئەوەى جێگاى باسە لەدواى گەڕانەوەى (ئەسعەدى فاتمە سۆرێ) زۆرى پێ نەچوو (نەجمەدین مامۆ) بە نهێنى هاتە كاولۆك، شەو ڕۆیشتمە لاى لەماڵى(خدركاكیل) زیاتر لە سێ كاتژمێر دانیشتین، لەماوەى ئەو دانیشتنە درێژخایەنە زۆر بە وردى باسى ئەو ڕێڕەوەى ڕۆژانى ڕووداوە ڕەشەكەى(14ى ڕەمەزان) توشى بووین لە ڕواندز كرا، هەروەها باسى دەستو بردو ئەو هەوڵەى كە درابوو لە ڕۆژانى كودەتایە ڕەشەكەى بەعسدا كراو باسى هەڵوێستى هیچى ئەو ئەفسەرە ترسنۆكەى كە بەرپرسى حزب بوو لە حامیە بۆم گێڕایەوە كە بەچ شێوەیەك پەیوەندیم پێوەكرد ئەوجاش ڕازى نەبوو كە من چومەتە لاى!.

بە گشتى دەربارەى دەربەدەرەكانو بە خێوكردنیان باسو لێكۆڵینەوەمان كرد، پەیوەندى بەستن لەگەڵ (مقدم عزیز)و هەڵوێستى ناوبراوو ڕێكەوتنى هەردولامان كە ئەوان كۆسپ نەخەنە ڕێگامان ئەوانەى دێنەدەر بە ئارەزوى خۆیان بێنە بارەگاى شیوعىو كەس داواى چەكیان لێ نەكات بەنیازى چەك كردن تەوەرێكى ترى باسەكەمان بوو. لەو باسو لێكۆڵینەوەیە بەدیاركەوت ئێمە باشتر بووین لە شوێنەكانى تر، لە دواییدا باسى هاتنى ئەسعەدم كردو ئەو شتانەى باسى لێكرابوون بۆ ئەویشم باس كردن بۆ ئەوەى بەجێگاى خۆى ڕابگەیەنێ، ناوبراو گوایا دەبوایە بەپەلە ڕەزامەندى حزب وەربگرێ دەربارەى دەركەوتنى من بۆ دەرەوە لەبەرئەوەى هەست بەمەترسى دەكرا نیازى عەسكەریەكان خراپ بوو هەموو هەوڵێكیان ئەوەبوو لە دەرفەتێك دەگەڕان بۆ دەستگیركردنى من، بەڵام من زۆر ووشیار بووم لەبەرئەوەى لە سەرچاوەیەكى باوەڕ پێكراو ئاگاداركرابوم كە(عبدالرحمان تكریتى) ئامر لیواى زارگەلى على بەگ گوتبوى: (ئەگەر هەلێكمان بۆ بڕەخسێت دەبێ زرار بگرین لەبەرئەوەى ئەو سەرى مارە، بەڵام جارێ كارمان پێیانە)! ئەو داواكاریانەى بە ئەسعەدم بەڕێ كردبون هیچ وەڵامێكى دیار نەبوو بۆیە بە (نەجمەدین)م گوت: (بەڕاستى دەزانم زوو حزب بڕیار بدات من بێمە دەرەوە).

كاتێك نجمەدین ئەمەى بیست هەر زوو گوتى: (هاوڕێ منیش لەگەڵ ئەوەم تۆ بێیتە دەرەوە بۆ ئەوەى هێزێكى پتەومان لێرە هەبێتو دەور بگێڕێتو پشتى پێ ببەسترێت، بەڵام داوات لێ دەكەم سەبرت هەبێت من دەڕۆمەوە لە ماوەیەكى كورتدا دەگەڕێمەوەو بڕیارى حزبت بۆ وەردەگرم، هەوڵ دەدەم بەڵكو خۆشم بێم لێرە بمێنمەوە بەبەردەوامى). لەوكاتانەدا ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ئاڵۆزىو پەشێوى زیاتر بەدیار دەكەوتو تا دەهات ناكۆكى لە نێوان ڕژێمى بەعسو شۆڕشگێڕانى كورد زیاتر دەبوو، بەعسیەكان بە ئاشكرا لە دژى پێشمەرگە قسەیان دەكردو بە بەردەوامیش جاشى نوێیان كورتان دەكردن ئەوەى دیاربوو ڕۆژگار بەرەو تەنگى دەڕۆیشت.

لەو دەمانەى گرژىو ئاڵۆزى هەردوولا ڕوو لە توندى بوو(عزەت) لە هەولێر گەڕایەوە ئەویش واى نیشاندا كە شەڕدەست پێ دەكاتەوە لەبەر ئەوەى بەعس بە داواكاریەكانى كورد ڕازى نیەو دەڵێن دەبێ پێشمەرگە چەك دابنێن!.
ناوبراو گوتى: (لەگەڕانەوەم حاجى مەلام لەگەڵ خۆم هێنا ماوەیەك بوو لە هەولێر خۆى حەشاردابوو نەیدەتوانى بێتەوە، لە خلیفان دابەزى لەوێوە ڕۆیشتەوە لۆغان). ئەو پەشێوێو ئاڵۆزیەى نێوان هەردوولا واى دەگەیاند خۆیان كۆ دەكردەوە بۆ ڕووبەڕوو بونەوەیەكى تر، ئەوەبوو مقدم عزیز داواى كردبوو منو عزەت بچین چاومان پێى بكەوێت، لەسەر داواى ناوبراو شەوێك ڕۆیشتینە (بێشوك) درەنگى شەو گەیشتنە جێ، لەكاتى بەیەك گەیشتن مقدم عزیز واهەست دەكرا هاندرا بێت، وەك جارى پێشوو ڕووكراوە نەبوو پێ دەچوو زوویر بێت، لەكاتى قسەكردنیدا دەیویست بمان ترسێنێ بەهەڕەشەو توندى، بەڵام هەزوو بەرپەرچى قسەكانم دایەوەو گوتم: (ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووین بمان ترسێنى بەڕێگاى هەڕەشەو توندوتیژى ناتوانن سوود لە ئێمە وەربگرن، تكایە بەو شێوەیە ڕوومان تێ نەكەن). كاتێك عزیز بینى ئێمە لە هەڵوێستى ئەو نیگەرانینو ڕووگرژىو زوویرى بەهیچ ناچێت دیاربوو بەرەو سارد بونەوە پاشەكشەى كردو كەمێك وەستاو لە دواییدا گوتى: (باشە بۆ شیوعیەكان هاتوچۆى گوندەكان دەكەن بێ ئەوەى ئاگادارى كەس بكەن)؟ گوتم: (چۆن نابێت بچن بۆخۆیان كەلوپەلو پێویستیەكان ڕێك بخەن، ئەوانەى ماڵیان لە گوندەكانە بڕۆنەوە ماڵەكانیان، خۆبەند نەكراون! ئەگەر بەندیشن ئەوە شتێكى ترە!).

دیاربوو عزیز بێ دەنگ بوو كەچى (بێجان جندى) بە دەنگ هاتو واى خۆ نیشاندا كە ئەویش دەم ڕاستێكە دەستى كرد بەقسەى بێ كەلكو بەتاڵ بەڵام زوو بێ دەنگم كردو پێم گوت: (تكایە تۆ قسە مەكە لەبەرئەوەى من تۆ باش دەناسم ئەگەر هەموو كەس مافى قسەكردنى هەبێت لەگەڵ ئێمە تۆ ئەو مافەت نیە، تۆ بۆ ئەوكەسانە بدوێ كەنەتناسنو نەزانن تۆ كێى!) ناوبراو زیاتر نەدواو بەشەرمەزارى بێ دەنگ بوو. لەوكاتەى هەستاین بگەڕێینەوە مقدم عزیز منى جیاكردەوەو گوتى: (خاڵ زرار تۆ عادز نەبى من لەبەر ئەوەى بەم شێوەیە بە تووندى دوام باوەڕیم نیە عزەت بێتە دەرەوە لەبەرئەوەى ئەوان فێرى پارە وەرگرتن بووینە دەستیان لە پارە بەرنابێت بۆیە باوەڕیمان پێیان نیە). پێم گوت: (خەراپ تێ گەیەندراوى ئەگەر بە عزەتى بێت ئێستا دێینە دەرەوە، لەسەر شەڕ ڕاناوەستین ئاخۆ كەى دەبێت، بەڵام هێشتا نەمان توانیوە باوكمان ڕازى بكەین ئەوەیە كۆسپ لەسەر ئەوەى ماوین تا ڕازى دەكەین). هاتینە دەرەوە بڕۆین (وەهاب ئاغا) لێم نزیك بوەوەو گوتى: (تۆ پەلە بكە زوو وەرە دەرەوە خۆت بە باوكتو براتەوە مەبەستەوە ئەوان نایەنە دەرەوە. گوتم: (كاك وەهاب بەبێ ئەوان من نایەمە دەرەوە، كەس بۆ من نابێتە بابوبرا لە هیچ كاتێكدا)، شەو زۆر درەنگ بوو لە (بێشوك) دەركەوتین بە نێوان سەنگەرەكانى سوپادا تێپەڕبووین زۆرى نەمابوو تەقەمان لێ بكرێت، شوێنى پێدا ڕۆیشتنمان مەترسى داربوو ئێمەش زۆر بووین بەناو سەنگەرەكان دا بەنهێنى ڕۆیشتین.

لە ڕێگا بە عزەتم گوت: (ئاگادار بووى مقدم عزیز چۆن خەریك بوو بەگەفو هەڕەشە بمان ترسێنێ دیار بوو هاندرابوو)، ئەو دیدارەى بێشوك بۆ ئێمە زۆر بە سوود بوو بە شێوەیەكى تایبەتى بۆ من هەستم دەكرد دەیانویست من لە باوكم دوور بخەنەوە بۆ ئەوەى بێ سەنگى بكەن، بەڵام دوایى بۆم ڕۆن بوەوە خواستى ئەوانەى مقدم عزیزیان هاندابوو چیە!! ڕێكەوتى سەرى مانگ بوو، دەست كرا بە كۆكردنەوەى یارمەتى بۆ ئەوانەى لە دەرەوە بوون لەو دەستو بردەش زیاتر لە پەنجا دینار كۆكرابوەوە لەناو چەكدارەكانى باوكم، ئەو بڕە پارەیە ئامادە كراو خەریك بوو بۆیان بنێرین، بەڵام پێش ئەوەى بۆیان ڕەوانە بكەین نامەیەكى لیژنەى سەرپەریشتیكەرانى پێشمەرگەكان گەیشت ئاگاداریان كردین پارەى كۆكراوەیان بۆ نەنێرین، لەبەر ئەوەى چەند ئەفسەرێكى ڕاكردووى شیوعى گەیشتونەتە بنكەكەیان ئەوان پارەیان پێیە ئەو مانگە خەرجى بنكە دەدەن، ئەوانیش لەگەڵ ڕاى ئێمە بوون كە پارەى كۆكراوە بدەین بە ماڵى ئەوانەى گیراون، چونكە پێویستیان بە یارمەتى هەیە، بۆ ئەو مەبەستە زۆر بەووردى لیستى گیراوەكانمان سەیركرد ئەوەى بە پێویست زاندراو زۆر دەست كورت بوو دەست نیشانمان كرد بۆ یارمەتى، لەكاتى دابەش كردن پارەى چەند ماڵێك درابووە دەستى خوشكێكى باوەڕ پێكراوى چالاك كە ناوى (هەمین جرجیس) بوو كە پارەكەیان بداتێ، پێش ئەوەى خوشكى ناوبراو پارەكەیان بۆ ببات بەڕێكەوت (حاجى حسن ئاغا) لە لۆغان بەنهێنى گەڕابوەوە كاولۆك، ناوبراو لە لیژنەى لۆغان بوو دەزانێ پارە لاى (هەمین) داندراوە بۆ ئەوەى بدرێتە ماڵى گیراوەكان، بەپەلە دەڕواتە لاى (هەمین) بە ناوى لیژنەى قەزا پارەكەى لێ وەردەگرێتەوە، بەوبیانوەى گوایا ئەوان پێویستیان بەوپارەیە هەیە، وەك زاندرا خۆشى توڕە كردبوو گوتبوى (بۆ زرار نازانێ ئێمە لەلۆغان پێویستیمان بە پارە هەیە!) وادیاربوو خوشكە (هەمین) واى زانیوە بەڕاست بڕیارى لیژنەى قەزایە بەبێ ئەوەى پرس بە ئێمە بكات پارەكەى پێدا بوو، كاتێك ئێمەش ئەمەمان بیست بەپەلە بنكەى لۆغانمان ئاگادار كرد كەوا (حاجى) كارێكى ئەوهاى ئەنجامداوە لەگەڵ ئەو كارە یستویەتى بێ دەنگى لێ بكاتو وانیشان بدات كە شتى وانەبووە، بەڵام خوشكە هەمین زۆر ئازایانە بە گژیدا چوەوەو ڕیسواى كرد.

لە دواى ئەوكردەوەیەى (حاجى ئاغا) هەوڵماندا بۆ لێكۆڵینەوەى ئەو كەلوپەلەى كۆدەكرایەوەو دەناردرا بۆ بنكەى لۆغانو بەدەستیان نەدەگەیشت، لە ئەنجامى ئەو لێكۆڵینەوەیە بەدیاركەوت ئەو كەلوپەلانەى كۆدەكرانەوە پێش ئەوەى بەڕێ بكرێنو بناردرێن لە ماڵى (زرار عبداللە) دادەندران. بەڵام لەوێشەوە بە تەواوى نەدەگەیشتنە دەست هاورێیان، لەبەر ئەوە هاورێ (خدرحسێن) دیار كرا بۆ بردنى شتەكان لەگەڵ (ڕەئوف)، ئەوجا شتەكان زۆر بەڕێكى دەگەیشتە شوێنى خۆى.

ئێوارەیەك بەدرەنگەوە (على عەجەم) بە تەنگاوى هاتەلامو پێى ڕاگەیاندم كەوا بەیانى ئەو شیوعیانەى بەندكراون لە ڕواندز بەڕێ دەكرێن بۆ هەولێر، ئەگەر بتواندرێت چارەیەكیان بۆ بدۆزیتەوە وا دیارە بۆ لەناو بردنیان دەنێردرێنە هەولێر. پێم گوت: (على هیچ شكى تێدا نیە ئەگەر بەڕێ بكرێن لەكاتى دەوام بەڕێ دەكرێن تۆ بڕۆوە سەرەوە لەوێ بزانە لەچ كاتێك بەڕێ دەكرێنو چەند ئۆتۆمبێل دەبن؟ ئێمە لەكاولۆك چاوەڕێت دەكەین تا دێیتەوە). شوێنیشمان بۆ دیار كرد كە لەكوێ دەبین.

لە دواى ڕۆیشتنى (على عەجەم) كەوتمە بیر كەوتنەوە چۆن بتوانین كەمینێك بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دابنێین كە بەندیەكان دەگوازێتەوە بۆ هەولێر، بۆ ئەو مەبەستە چاوم بە (خدرى عوڵا بەگو تاهیرى حەمەد)ى كەوت ئەو باسەم پێ ڕاگەیاندن لە دواییدا ناردمان (حەسەنى عوڵاى حوسێنىو حەسەنى ئەحمد سەران)یش هاتن پێمان گوتن شتێكى ئەوها هەیەئێوە چی دەڵێنو چیان بۆ بكەین؟)ئەوەى جێگاى دڵخۆشى بووخدر زۆر مەردانە گوتى: (چیان بۆ بكەین! بەیانى دەڕۆین لە ناو ئەستریەكانى گۆڕستانى خوار قەڵاتى پاشا چاوەڕوانى ئۆتۆمبێلەكان دەكەین هەر كە گەیشتنە لامان یەكسەر لێیان دەدەین ئەگەر توانیمان نەجاتیان بدەین لەگەڵ خۆمان دەیانبەین بۆ پشتى گوندى كەورینو لــــەوێش دەیانگوازینەوە زێوە). ئەوانى تریش قسەكانى خدریان پەسند كردو پێى ڕازى بوون، بۆ بەیانى زوو خۆمان كۆكردەوەو چەند چەكداری دیكەشمان لەگەڵ خۆبردن، ئەوانەى جێگاى باوەڕ بوون، لەكاتى دیاریكراو ڕۆیشتینە كاولۆك، بەڵام بارانێك دەبارى كەس نەیدەتوانى سەر دەربخات لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆیشتینە شوێنە دەست نیشان كراوەكە لەژێر ڕەحمەتى ئەو بارانە چاوەڕوانى هاتنى ئۆتۆمبێلى بەندیەكان بووین ئاخۆ كەى دێن، كاتێك بە درەنگەوە على عەجەم بەدیاركەوت گوتى: (شەو لە ڕێگاى مام قادر ئەوەى خۆراكى بەندیەكان دەبات خەبەرم بۆ ناردن كە ڕبَگا لە ئۆتۆمبێلەكان دەگیرێت بۆ ئازاد كردنیان)، كاتێك مام قادر گەڕایەوە ئەو نامەى هێنا بوو پێشیان گوتبوو نامانەوێ ڕێگا بگرن، كاتێك نامەكەم كردەوە كورتە نامەیەكى دەست نوسى (كریم قاسم) بوو نوسى بوى: (ئێمە هیچمان لەسەر نیە ئەوەى بەنیازن پێویست ناكات وازى لێ بینن، رێگا مەگرن بۆ بەردانى ئێمە. لەوێ بەبەرگى تەڕ بەو ساردیە گەڕاینەوە كاولۆك ئەوانیش هەر بەڕێ نەكران).

دواى تێپەڕ بوونى ئەو كێشەو بێشەیە دیسان (سەعید رزاق) ئێوارەیەك هاتەوە لام ڕاسپێردرابوو پێمى ڕاگەیاند كەوا شەو هەندێ لە برادەران دەیانەوێت چاویان بەتۆ بكەوێت دێنە نزیك قوتابخانە لە كاتژمێر هەشت ونیو، بەڵێ لەگەڵ داكەوتنى تاریكى لە نزیك (قونگرێ شەمامى) لەگەڵ ئەوبرادەرانەى لەلۆغان هاتبوون بەیەك گەیشتین، ئەوانەى لەگەڵیان دانیشتم (ڕەئیس كمال نعمان، ملازم ئیحسان، حاجى ملا سعید)و هەندێ چەكداریشیان لەگەڵ بوون لەو بەیەك گەیشتنە كۆمەڵێك گیروگرفت خرانە بەرباسو لێكۆڵینەوە بە شێوەیەكى تایبەتى باسى ئەوە كرا ئەگەر هاتوو شەڕ دەست پێ بكاتەوە باوكمو عزەت نێنە دەرەوە دەبێ هەڵوێستى ئێمە چى بێت؟ ملازم ئیحسان گوتى: (هەركاتێ هەستتان كرد ئەوان نایەنە دەرەوە ئەوكاتە ئێوە دەركەون ئەمە هیچ قسەى لەسەر نیە).
ڕەئیس كمال و ملازم ئیحسان بیروڕایان ئەوە بوو من هەرلەوێ بمێنم بۆ ئەوەى زیاتر هەوڵ بدرێت رێكخستنەكەى شار تەواو ڕێك بخرێتەوەو كەلوپەلى زیاتریش بۆ ئەوانەى دەرەوە دابین بكرێت. ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ئاڵۆزىو ناخۆشى لە پەرەستاندن دابوو لە نێوان بەعسو هێزى پێشمەرگە ئەنجامى ئەو ناخۆشىو تێكچوونو ئاڵۆزیە چاوەڕوانى مەترسى لێ دەكرا، هەرلەو دەمەدابوو شەوێك لە سەربازەكانى پاسەوانى مەكینەى ئاوى (حامیە) درا، بەو نیازەى چەكى سەربازەكان ببەن، تاوانەكەش بخەنە سەرشانى چەكدارەكانى سلێمان بەگ، بەڵام لەدواییدا زاندرا كێ بوونو بۆچى بەو كارە هەستا بوون! ئەوكارە بووە بیانوو بۆ ئامیر لیواى سەربازگەى (زارگەلى على بەگ) جارێكى تر سەرۆك جاشەكانى ناوچەى ڕواندز بانگ بكاتو لەگەڵیان بدوێت، هەمان تكریتیەكەى جارى پێشوولەگەڵیان دوابوو ئەوجارە عزەت نەچوو بوو، ڕۆژى دووەم (كوردۆى نورى باویل ئاغا) لە ماڵى باوكم قسەكانى تكریتى بۆ گێڕاینەوە، ئەو پیاوە داخ لەدڵە زۆر لە جارەكانى پێشووترى توندو تیژتر ئاخاوتبوو گوتبوى: (ئەوا شەڕ دەست پێ دەكاتەوە ئەوجارەى دەزانن چیان پێ دەكەین، دەبێ گوندەكانیان بە بلدۆزەر بكەینەوە دەشتو هێزە چەكدارەكانیشمان لە ماڵو منداڵیان بەردەدەین، نابێ ووشەى كوردیان هەر بەبیر بێتەوە!) بە قسەى كوردۆ دیارە زۆر قسەى بێڕێزى تریشى كردبوو، ئەوەى ڕاستى بێت ئەو تكریتیە بێ ڕێزە وا دەردەخا بەعس زۆر لە قەومیە شۆڤینیەكانى ترى عەرەب دژى كوردن، عزەتیش زۆر بە قسەكانى تكریتى پەست ببوو بەمنى گوت: (برا خۆ قسەكانى تۆ ڕاستن كە ئەو كودەتاچیە بەعسیانە زۆر لە قەومیە شۆڤینیەكان نیاز پیسترن، نیازە گڵاوەكانیان لە ئەندازە بەدەر خراپە پیاو زیاتر ناتوانێ لەگەڵیان بێت تازە چار نیە دەڕۆمە دەرەوە). ئەوەى بە دڵم بوو ئەوەبوو چاوەڕوانى هەڵوێستێكى ئەوهاى عزەت بووم ئەوجا گوتم: (ئازیز ئەگەر مەلامستەفاش وەرم نەگرێت دەڕۆمە ئەشكەفتێك بابمرم بەلامەوە زۆر سەربەرزترە لەوەى نەك گوێم لە قسەى ئەو جۆرە دوژمنەى كورد بیت، ئەگەر هاتوو باوكیشم بمێنێ من دەڕۆمو بەبەردەوامى چاوەڕێى هەڵوێستێكى ئەوهاى تۆم دەكرد).

لەڕۆژانى ئاڵۆزىو ناخۆشى شەوێك (عومەرى شێخ عوڵا) بەنهێنى لە ماڵى باوكم پەیدا بوو ناوبراو نێردراوى مەلامستەفا بوو، نامەیەكى بۆ باوكم هێنا بوو نامەكە پڕ لە گلەیى بوو بۆ سلێمان بەگ كە نوسیبوى: (میرێ من ـ مەلا مستەفا لە خۆشەویستیان هەمیشە بەو ناوە بانگى باوكمى دەكرد ـ بەس نیە تاكەى لێم دوور دەوەستى بیر لە تاڵىو ناخۆشىو بەسەرهاتەكانى ڕابوردوو ناكەیتەوە، ئەوەى بەیەكەوە پێیدا تێپەڕ بووین). نامەكەى بارزانى دڵى سلێمان بەگى نەرم و دڵخۆش كردو واى لێكرد بیربكاتەوە، ئێمەش لەگەڵى كەوتینە هەوڵدان توانیمان پێى بلێین پێویستە لەگەڵ گۆڕانكاریەكان بڕۆین ئەگینا تووشى لۆمە دەبینو مێژووش ڕەحممان پێ ناكات. ئەوە بوو باوكمان ڕازى بوو بڕوات مەلامستەفا ببینێ لە دەوروبەرى خلیفان لە گوندى(سرێشمە) بەڕێكەوت لەوكاتانەدا (بەدرەدین على) ناردبووى سلێمان بەگ بڕواتە هەولێر، لەگەڕانەوەیدا باوكم لاى دابووە گوندى (كەڵەكین) لە ماڵى حسێن ئاغاى سەرچیا دابەزى بوو ئۆتۆمبێلەكەیان بەجێ هێشتبوو بە سوارى ووڵاخ ڕۆیشتبوونو حسێن ئاغاش لەگەڵى چووبوو بۆ سرێشمە، لەوێ لەگەڵ مەلامستەفابەیەك گەیشتبوون، حسێن ئاغا باسى ئەو دیدارە دەكاتو دەڵێت: (من وام دەزانى ناوبژى كەرو ڕێ ڕۆنكەرەوەم بۆ ئەم دیدارەى ئەو دوو كەسەى ماوەیەكى زۆر لەیەكتر ناڕازى بوون، كەچى لەوكاتەى مەلامستەفاو سلێمان بەگ بەیەك گەیشتن خۆ ئێمەیان هەر بەبیر نەماو لە بیركراین، ئەوان دانیشتن تا بەیانى گلەیى و گازەندەیان لەیەكترى دەكرد)، ناوبراو درێژە بەقسەكەى دەداتو دەڵێت: (بە ڕاستى مەلامستەفا ڕێزێكى زۆرى سلێمان بەگى گرت). لەو دیدارە سلێمان بەگ بەڵێنى دا هەركاتێ شەڕ دەست پێكرایەوە لەگەڵ گشت چەكدارەكانى دێنە دەرەوە بەو مەرجەى لە ناوچەى ژێر دەسەڵاتى خۆم سەربەخۆبم كەس دەست لەكاروبارم وەرنەدات, مەلامستەفا گوتبوى: (میرێ من تۆ هەر میر بووىو میریشى، منیش لەگەڵ ئەوەم كە منیش دەست لەكاروبارەكانت وەرنەدەم)، لەوكاتەى خەریك بوو بگەڕێنەوە سلێمان بەگ بە بارزانى گووت: (من دێمە دەرەوە تەنیا فەرمانى ئێوە بەسەر مندا دەڕوات و من كەسى تر ناناسم).

لەو دیدارەى نێوان بارزانى و سلێمان بەگ عزەتیش ئامادە بوو، لە گەڕانەوەیاندا دیار بوو دڵخۆش بوون، هەركە هاتنەوە كەوتنە هەوڵى ئەوەى كە ماڵەكانمان لە كاولۆك بگوازنەوە ڕواندز لەبەر ئەوەى ڕواندز لەبارتر بوو بۆ ڕۆیشتن، چونكە هەموو سەنگەرەكانى دەوروبەرى ڕواندز لە دەست چەكدارەكانى خۆمانەوە بوو بەتایبەتى سەنگەرەكانى ڕێگاى (دۆڵ ئاكۆ) هەرلەسەر ئەو ڕۆشناییە زۆرى پێنەچوو یەكە یەكە ماڵى چەكدارەكان، ئەوانەى لە كاولۆك نیشتەجێ ببون، لەگەڵ ماڵى سلێمان بەگ بەسەركەوتنە ڕواندز، ئەوەى شایانى باسە چونى ماڵى سلێمان بەگ بۆ ناوشارى ڕواندز بۆمن خراب بوو، چونكە لەوێ نەدەگونجا لە ماڵیان بم لەبەرئەوەى مەترسى زیاتر هەبوو، سوپاییەكان دەست درێژى بكەن نەوەك توشى بەڵایەك بكرێم، وام پێ باش بوو تاكاتى دەركەوتن بڕۆمە یەكێ لە سەنگەرى ئەو چەكدارانەى بەگیان لەگەڵم بوون لە نزیك گوندى (كانیە قوڕ) بێگومان ئەو كۆمەڵە چەكدارەى لایان بووم بۆ مردنیش لەمن جیا نەدەبونەوەو بەگیان لەگەڵم بوون، لەو سەنگەرەى منى لێ بووم زۆربەى شەوان بەنهێنى دادەبەزیمە ناوشار بۆ بەشدار بوون لە كۆبونەوەى شانە حزبیەكانى لەنوێ ڕێكخرابوونو دەست بەكار بوون، ئەوانەى دەرنەكەوتبونو نەگیرابوون، لەودەمانەدا بەگەرمى خەریكى چالاكى بوم، ڕۆژێك (سەعید رزاق) پەیدا بوو، ڕایگەیاندكەوا یەكێك لە برادەرانى سەرەوە هاتووە دەیەوێ چاوى بەتۆ بكەوێت بۆیە شوێنو كاتى كۆبونەوەكەیان بۆ دیار بكە، چونكە ئەم شەو دێن. منیش وەڵامم هەر بە سەعیدەوە بۆ ڕەوانە كردنەوەكەلە كاتژمێر دەى شەو لە نزیك ئەو سەنگەرەى منى تێدا بووم لە ناوباخچەى (مستەفاى حاجى ئەحمدى) چاوەڕوانیان دەكەم، لەوێ ماوەیەكى زۆر چاوەڕوان بووین زیاتر لە كاتژمێرێكو نیو چاوەڕێمان كرد ئەوان هەر پەیدا نەبوون لە دواى ئەوەى بێ ئومێد بووین لە هاتنیان گەڕاینەوە شوێنەكانمان, زۆر ئارەزووم بوو لەودەمەدا چاوم بەیەكێك لەوانەى سەرەوە بكەوێت بەڕاستى زۆر بەپەرۆش بوم كەلەكاتى دیاریكراودا نەهاتن، ئەوكاتە كاتێكى ئاڵۆز بوو زۆر پێویست بوو ئەو برادەرە ببینم، چونكە كۆمەڵێك گیرگرفت لە ئارادا بوون شایانى لێدوان بوون بۆ ئەوەى نەبنە كۆسپ لە پێشمان، هەستم كردبوو هەندێ لە شیوعیە بێ دەسەڵاتەكان لە دەستو بردو چالاكى من دەترسان بەتایبەتى كە دەیاندیت خەڵك تێكڕا ڕوویان لەمن بوو، ئەمە دڵى خەڵكى ناپاكى تەنگ كردبوو بۆیە هەوڵى خراپەكاریان دەدا.

نێوانى ڕژێمى بەعس و بزاڤى ڕزگاریخوازى كوردستان ڕووى لە ئاڵۆزى بوو لە دواى گەڕانەوەى باوكم لە هەولێرو بەیەك گەیشتنەوەى لەگەڵ مەلامستەفا زۆرى نەخایاند لە(1/6/1963) نوسراوێكى بنكەى لۆغانم بەدەست گەیشت تیایدا نوسرابوو: (لیژنەى بەڕێوەبەرى ناوچەى ڕواندز بڕیارى داوە كە تۆ دووربخرێیتەوەو پەیوەندیت بە ڕێكخراوەكان نەمێنێو لە تەواوى كارەكانى حزب دوور خرایەوە، لەبەرئەوەى چەكى حكومەتى بەعست بە شانەوەیەو لەسەنگەرى ئەوان نۆبەت دەگرى). ئەوەى بۆم ڕون بۆوە ئەو لێپرسراوەى هاتبوو چاوى بەمن بكەوێت تۆفیق ئەحمد ناسراو بە(هەژار) بوو، ئەوكاتەى بۆم دیار كردبون وەك بڵێى دەست غەڵەت درابوون، زۆر درەنگتر هاتبوون، بەداخەوە چاوم پێى نەكەوت، ئەوەى نامەكەى بۆ من هێنابوو(سەعید رزاق) خەبەری بەوان دابوو پێى گوتبون: (دەبوا ئێوە لە كاتژمێر دەى شەو لە شوێنى دیاریكراو ئامادە بن كەچى ئێستا كاتژمێر دوازدەى شەوە ئەوان ئەگەر بشهاتبن لەوانەیە هەر كاتژمێرێك چاوەڕێیان كردبێ زیاتر نا, تۆفیق گوتبوى: (ڕاستە مادام كات دیاركراوە دەبوایە لەوكاتەدا ئامادەبین، بێ شكە ئەوان هاتوون ئێمە دواكەوتوینو ئەوان گەڕاونەتەوەهاورێیەكى خەڵكى رەواندوزیش لەوانەى بێدەسەڵات بوون و لە چالاكى من دەترسان كە نامەوێت ناوى بێنم گوتبووى هاورێ من پێتانم گوتووە زرار شیوعى نیەو قەتیش نابێت بە شیوعى چونكە كورە بەگەو هەر خزمەتكارى ماڵى مەلا مستەفا بوەو هەر واش دەمێنێتەوە.

وەرە سەیرى ئەو هەڵوێستە چەوتو بێ سەنگەى ئەو كەسانەى سەرپەرشتكارى ناوچەیان گرتبوە دەست بكە! دواى چوار ڕۆژ لە ناردنى نامەى دووركردنەوەى من لە ڕێكخراووكارى حزب بەو بڕیارەى دوور لە پەیڕەو دوور لە هەستى مرۆڤایەتى كەسێك بەڕێ دەكەن بۆ لام دەزانن خۆشەویستمە كە(خدر حسێن) ڕواندزى بوو، نامەى پێدا دەنێرن بۆ من لە (5/6/1963) لە نامەكەدا نوسرابوو: (تۆ وەك هاوڕێیەكى كۆن, حزب چاوەڕوانیەكى زۆر لەئێوە دەكاتو ئەمەلێكى زۆرى بە ئێوەیە بۆیە داوامان ئەوەیە كە ئاگادارمان بیتو یارمەتیمان بدەیت، بەڵكو هەندێ فیشەكمان بۆ بنێریت چونكە زۆر پێویستیمان پێى هەیە!) سەیركەن ئەمە چ شەرمەزاریەكە!.
بەڕاستى زۆر بەدڵ تەنگى بەخدرم گوت: (ئازیز كاتێ گەڕایەوە پێیان بڵێ من نۆبەتدارى دەستەڵاتدارى بەعسم دەبێ حزبى هاورێیانى بەرپرسى ناوچە چاوەڕوانى چى لەمن بكەن؟! ئەوان چۆن داوا لە مرۆڤى گومان لێكراو دەكەن یارمەتیان بدات، چۆن شەرم لە خۆیان ناكەن دوێنێو پێرێ چیان بۆ من نوسىو ئێستا چى دەنوسن)! ئەوەى هەستم كرد (خدر) زۆر بەنیگەرانى قسەى لەگەڵ من دەكرد، هەرئەوەندە بوو نەدەگریاو بەس، لە كۆتایدا گوتى: (تكـایە تۆ دڵگرانو نیگەران مەبە حەقیشت لەوان نەبێت، ئەوان شێواونو نایانەوێت كەسێكى زیرەكو چالاك سەرپەرشتیان بكات، باش بزانە ئەو كارەى ئێستاى ئەوان لە تواناى ئەواندا نیەو بەوان ناكرێ).

كاتێك دیتیان ئاوڕیان لێ نادەمەوە دوو ڕۆژ لە دواى ناردنى خدر دیسان داوایان كرد بیانبینم ئەوە بوو شەوى (7/6/1963) دەستەیەك هاتنە نزیك ئەو سەنگەرەى منى تێدا بووم لە گوندى (كانیە قوڕ) لە كاتژمێر هەشتونیو وەكو جارەكانى پێشوو كۆمەڵێك لە دارودەستەكەى هاتن لە كاتى دیاریكراودا لەگەڵ كۆمەڵێك چەكدار ڕۆیشتینە شوێنى دیاریكراو لەوێ دانیشتین ئەوانەى هاتبوون (ڕەئیس سەعید سلمان، ملازم ئیحسان، حاجى مەلا) بوون، هەندێ چەكداریشیان لەگەڵدا بوون، لەكاتى قسەكردن دابەزیمە سەریانو گوتم: (وادیارە دەتانەوێت ووتووێژ لەگەڵ بەعس بكەن بۆیە هاتونەتە لام)! لە دواییدا پێم گوتن: (باوكمو عزەت چاویان بەمەلامستەفا كەوتوەو ئەوان بەڵێنیان بە مەلامستەفا داوە ئەگەر شەڕ دەست پێ بكاتەوە دێنە دەرەوەو ڕاستەوخۆ دەبنە سەربازى مەلامستەفا، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەوان پەشیمان بونەوە لە هاتنە دەرەوە ئەوە هیچ شكى تێدا نیە ئێمە كۆمەڵێك چەكدار دێینە دەرەوە، لە كاتى هاتنە دەرەوەمان ئەگەرچى لە ئێوەش دڵڕەنجاوینو ناڕازین بەڵام هەر بەنیازین بێینە بنكەى حزبى شیوعى نەك شوێنێكى تر). پێش ئەوەى (ڕەئیس سەعید یان ملازم ئیحسان) بەدەنگ بێن حاجى مەلا گوتى: (ئێمە ئامادە نین جاش پۆلیس وەربگرینو مەلامستەفا لە خۆمان نیگەران بكەین، ئێوە دەتوانن بڕۆنە لاى حمدئاغاى مێرگەسۆرى یان وەهاب ئاغا)! بەڕاستى زۆر لە هەڵوێستى ئەو پیاوە پەست بوومو پێم گوت: (حاجى ئەوە قسەى خۆتە یان هى حزبە، ئێمە بەڕێ دەكەیتە لاى حمدئاغا یان وەهاب ئاغا؟ دەبێ جەنابت زۆر باش بزانى ئەگەر نیازم ڕیزى ئەو بیروباوەڕەو خزمەتى ئەو ڕێگایە نەبێت ئەوەى من باوەڕیم پێى هەیە بۆى بێمە دەرەوە قەت من نابمە پیاوى كەس، زۆر زۆرسەهوى ئێمە بەڕێ بكەیتەئەو شوێنانەى كەجەنابت دەفەرموێ دڵنیابەئەگەر واى لێبێت من لەوان ئاغا ترم). وەك دیار بوو ملازم ئیحسان، لەهەڵوێستى حاجى مەلا پەست ببوو، هەستى كرد من ڕێزى ئەوانم گرتوە زیاتر نەمویست لەگەڵ حاجى مەلا لەوە توندتر بكەومە كێشە، لەگەڵ رێزم بۆ حاجى مەلا چونكە ئەگەر ئەو كاتە ئەو هەڵوێستەى هەبوو بەڵام ئێستا وێڕاى ئەوەى دۆستێكى نزیكى خۆمە ئەویش وازى لە شیوعیەكان هێناوە چونكە ئەویشیان دڵرەنجاو كردوەو وەك سیاسیەكى بێلایەن لە ماڵەوە دانیشتوە.

ملازم ئیحسان هەوڵى ئەوە بوو هەڵوێستى حاجى بگۆڕێت، بەڵام نەیتوانىو ناوبراو گوتى: (هەرجێگایەكى دەچن بابەكەیفى خۆیان بن بەس بۆلاى ئێمە نابێت بە هیچ جۆرێك)، ئەوەیە كورد گوتەنى(ماڵێكى لە ماخۆ حەرام) كاتێ ئەو هەڵوێستە چەوتەى ئەو كاتى حاجى مەلام بینى پێم گوت: (باشە ئەوانەى چەكدارى حكومەتنو بە ڕەزامەندى حزب چەكیان وەرگرتوە جەنابت بە جاش ناویان دەبەیتو ئەوان وەرناگرن لە ترسى مەلامستەفا وەك خۆت گوتت مەلامستەفامان لێ نیگەران دەبێت، ئەى ئەوانەى چەكیان هەڵنەگرتوەو چەندینیان لەلاى من خۆیان پەناداوە كە شیوعین بۆ ئەوان چۆن دەبێت)؟ حاجى مەلا بەبێ ئەوەى بیر لە ڕێزگرتن بكاتەوە گوتى: (تۆو ئەوانەى لەگەڵ تۆشن بە هیچ جۆرێك لەوانى تر جیا ناكرێنەوە، ئەوجا خۆت ماندوو مەكە!). (ملازم ئیحسان) تەواو بۆى ڕۆن بوەوەو تێگەیشت كە كێشەكە دژایەتىو ڕكەبەریەو زیاتر نا، پێش بڕۆن ناوبراو بە منى گوت: (نیگەران مەبە هەوڵ دەدەم وەڵامت بۆ ڕەوانە بكەمەوە لە ڕۆژانى داهاتوو).

ئەوان ڕۆیشتن دیار بوو سەعید رزاق گەڕاوەو گوتى: (كاك زرار تازە چەند مێوانێكمان بۆ هاتوون زۆر پەرێشانینو نوێنمان نیە ئەگەر یارمەتیەكمان بدەیت چەند بەتانیەكمان بۆ دابین بكەى زۆر ممنون دەبم)، ناچار لەسەر داواى ناوبراو چەند بەتانیەكم لە چەكدارەكان وەرگرتنو بردى بۆیان.

لە ڕێكەوتى (10/6/1963) خدر حسێن بەڕێ كراوە لام، لەسەر خواستى بنكەى لۆغان بەڕێ كرابوو نامەیەكیان پێدا ناردبوو، لە نامەكەیاندا زۆر بێشەرمانە دەڵێن: (حكومەتى بەعس بڕیارى داوە كە شەڕ دەست پێ دەكاتەوە، ئینجا ئێمە خۆشحاڵین بە هاتنتان بۆلاى ئێمە). هەروەها وەك هەمیشە داواى یارمەتیان كردبوو دەڵێن پشتمان بەیارمەتى ئێوە بەستوە، بەڵام بەلامەوە سەیربوو كە چۆن توانیتیان ئەو ڕاستیە بڵێن كە یارمەتیم داون، نامەكە بەناوى لیژنەكەیان بوو، بەڵام دەست نوسى حاجى مەلا بوو، ئەوەى جێگاى سەرسوڕمان بوو چەند ڕۆژ لەمەوبەر جۆرە هەڵوێستێكو ئێستاش هەڵوێستێكى تر.

لەوەڵامى نامەكەیاندا بۆم نوسین و ئاگادارم كردن: (لە دواى چى دەنوسن بەهاتنتان خۆشحاڵین لەدواى چىو چ لەگۆڕێ ماوە؟ لە دواى ئەوەى ئێوە دڵى ئەو خەڵكەتان شكاندو نیگەران كران ئەوجا خۆشحاڵن بە هاتنمان بۆ لاتان! بێشكە ئێمە دێینە دەرێ, لەبارەى یارمەتى حزب ئەوەى لەدەستم بێت چۆن یارمەتیم داوە لەمەودواش بەهەمان شێوە بەگوێرەى توانا هەموو هاوكاریەكى حزب دەكەم)، لەوماوانەدا ئاڵۆزىو پەشێوى لە ئارادابوو هەڵوێستى بەعسیە خوێن ڕێژەكان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەدیار دەكەوت، ڕژێمى كودەتا ڕەشەكەى (14ى ڕەمەزان) دەستى كرد بە گرتنو ڕاونانى خەڵك بەشێوەیەكى تایبەت ئەو پارتیانەى لە ڕۆژانى هاتنى بەعس بۆ دەستەڵات هەڵدەپەڕینو چەپڵەیان لێ دەداو خۆشحاڵ بوون بە هاتنى ڕژێمى بەعس، هەر ئەو بەعسیەش كەوتە ڕاونانى ئەوان بەسەر شێواوى لە دەستى ڕژێم ڕایان دەكرد، بەعسیەكانیش بەدوایانەوە بوون ئەوەى توانى دەرباز بێت ڕۆیشتو دەرچوون ئەوانى تریش گیرانو ڕاپێچى بەندیخانە كران، ئەو ئاڵۆزیە هەموو ماڵێكى گرتەوە، ئەوە لەلایەك لەلایەكى تریشەوە حكومەت بڕیارێكى بڵاوكردەوەو دەڵێت: (بۆ ئاگادارى داوا لە چەكدارە یاخى بووەكان دەكەین لە ماوەى چلو هەشت كاتژمێردا دەبێ چەكەكانیان بدەنەوە دەستى حكومەتو سەردابنەوێنن بۆ بڕیارەكانو فەرمانەكانى دەوڵەت). دەمەوێت ئەوە بەدیار بخەم لەم ڕۆژە ئاڵۆزو ناخۆشەدا باوكمو عزەت لەسەر داواى (متەسەریف بەدرەدین على) بانگ كرابوونە هەولێر، لەوكاتە تەنگو ناخۆشەدا دوو سێ ڕۆژ دواكەواتن دەنگێكى واش بڵاو بوەوە گوایا گیراون. بێگومان چاوەڕوانى ئەوەبووم ئەگەر ڕاست بێت گیرا بن ئەوە دەڕۆین كۆمەڵێك كاربەدەستى حكومەت دەگرینو لەگەڵ خۆمان دەیان بەینو دەڕۆینە دەرەوە تا ئەوان بەرنەدرێنو نەگەڕێنەوە ئێمەش ئەوان بەرنادەین، ئەگەر ئەم ئێوارەیە نەگەڕابانەوە هیچ شكى تێدا نەبوو شەو دەستمان بەسەر دائیرەى قائمقامیەتدا دەگرت، قائمقامو بەڕێوەبەرى پۆلیس لەگەڵ چەند كارمەندى ترمان دەبردنو لە ڕواندز دەردەچوین، بەڵام خۆشبەختانە ئێوارەى ئەو ڕۆژەى ئێمە خەریكى خۆ ئامادەكردن بووین ئەوان خۆیان گەڕانەوە. لەسەر ئەو بڕیارەى حكومەت دابوایە بۆ ماوەى چلو هەشت كاتژمێر پێشمەرگە چەكەكانیان تەسلیم بكەنەوە، ئێمە لە ڕواندز شەو دەستمان بەسەر شارداگرت تا هەموو ماڵەكانى چەكدارەكانمانو ماڵى سلێمان بەگ ڕۆیشتنە دەرەوە ئینجا هەموومان ڕۆیشتین، پێش ئەوەى بڕۆین چەند ڕۆژێك بوو چەكدارەكانمان خەریكى كۆكردنەوەى كەلوپەلو پێویستیەكانیان بوون، چونكە دەیانزانى دەڕۆینە دەرەوە. لە سەرەتاوە بەنیاز نەبوم منداڵەكانم لە شار دەربخەم كەچى بیستبوم لە هەولێر ئەو ژنە سۆڤیەتیانەى لە هەولێر دەژیانو مێردەكانیان بارزانى بونو ڕۆیشتبونە دەرەوە بەشێكى زۆریان گیرابونو ڕاپێچى بەندیخانە كرابوون، كاتێ ئەوەم زانى یەكسەر كەوتمە دەستو برد بۆ ئەوەى بیان بەمو لەوێ نەمێنن، بۆ ئەو مەبەستە لە ڕۆژى دەركەوتنمان سەرلەبەیانى بەبیانوى ئەوەى دەڕۆنە سەیران لە شار دەركەوتنو هاتنە گوندى (كانیە قوڕ) نزیك ئەو شوێنەى ئێمەى لێ بووین, ئێوارە پێش ئەوەى دنیا تاریك دابێت ئەوانم بەڕێ كردن بۆ گوندى (ئاكۆیان) ئافرەتێكیان لەگەڵ بوو بە ناوى (حەلیم) خزمى دایكم بوو خەڵكى گوندى (فەقیان) بوو، چەند شارەزا بوو ئەوەندەى تریش چالاكو بەدەستوبرد بوو، یەكێكیش لە چەكدارەكان لەگەڵیان دەڕۆیشت كە ناوى (رسول فقێ) بوو خەڵكى (ڕەژیكەریان) بوو، لەوێ بەرەو ئاكۆیان بەڕێ كەوتن شەو درەنگ گەیشتبونە ئاكۆیان كەلەژێر دەستى پێشمەرگەدا بوو، دواى ئەوەى ئێمە دەركەوتین كەلوپەلى ماڵو ئەشیاى ستۆدیۆ لە شوێنى خۆیان مانەوە تەنیا لەكاتى ماڵ باركردن هەندێ ئازوقەو شڕە نوێنمان بەڕێ كردن ئەوەى تریش ئەوها مایەوە لە ناو خانودا، كەلوپەلى ستۆدیۆیش لە ناو دوكاندا مایەوە، وەك زاندرا لە دواى دەرچونى ئێمە جاشەكان بەتاڵانیان بردبوو بە ستۆدیۆیەكەشەوە كە بۆ ئەوكات شتى زۆر بەنرخى تێدا بوو.

دەركەوتنمان لە ڕوانــدز
ئەوەى دیار بوو پێش ئەوەى ئەو چلو هەشت كاتژمێرە تەواو بێت كە ڕژێم دیارى كردبوو بۆ چەك دانان ئاگادارى گوندەكانى دۆڵى ئاكۆیان كرا ئەوەى وەڵاخى بارى هەیە ئێوارەى دیاریكراو پێش تاریكى لە (گەروى ڕەزان) لە نزیك ڕەواندز ئامادە بن بۆ باركردنى ماڵەكانى سلێمان بەگو چەكدارەكانى، شێوەى دەركەوتنمان لە شار بەم شێوەیە بوو: لەگەڵ ئەوەى دنیا تاریك دابێت چەكدارەكانى ناو سەنگەرەكان دابەزنە ناو شار دەستە دەستە دیار كرابوون بۆ ئەو شوێنانەى مەترسیان لێ دەكرا نەوەك لەكاتى باركردن دەست بوەشێنن، فەرماندرا باربەرەكان بێنە ناو شار بۆ باركردنى ماڵەكانو چەندین كەسیش دیار كرابوو بۆ باركردنى ماڵەكان، باوكم بە خۆى چاودێریكەر بوو تا ماڵەكان باردەكرێنو دەردەكەون. هەڵبەتە پێش وەڵاخەكانى بار بێنە ناو شار لەگەڵ داكەوتنى تاریكى هەردەستەى ڕۆیشتە ئەو شوێنەى بۆى دیاركرابوو، منو خدرى عەوڵابەگى بۆ قائمقامیەتو دەوروبەرى داندرابووین لەگەڵ دە چەكدارى بژاردە، كۆمەڵێك چەكدارى زیرەكو چالاكیش بۆ گەردەگەردو شوێنەكانى ڕووبەڕووى سەنگەرەكانى دوژمن لە (مل تۆكر) داندرابوون، لەكاتى دیاریكراودا باربەرەكان هاتنە ناو شارو دەست كرا بەباركردنى ماڵەكانو دەركەوتنیان لە شار، دانیشتوانى ڕواندز تێكرا زانیان كەوا چەكدارەكانى سلێمان بەگ وا بار دەكەنو دەڕۆنە دەرەوە، تا ماڵەكان باركرانو دەركەوتن ئێمە هەر لە دەوروبەرى سەراى حكومەت چاودێرى قشڵەو ماڵى ئەسعەد شێتنە بووین، هیچ شكى تێدا نەبوو پۆلیسەكانى قشڵەو جاشەكانى ئەسعەدو كوردۆ دەیانزانى وا چەكدارەكانى سلێمان بەگ ماڵەكانیان باردەكەنو دەڕۆنە دەرەوە بۆ ڕیزى بزاڤى ڕزگاریخوازى كورد، بەڵام لە توانایاندا نەبوو لە شوێنى خۆیان بجوڵێنەوە، زۆر بە درەنگەوە سێ جاشى ئەسعەد لە ماڵى ناوبراو دەركەوتن بەرەو قشڵەى پۆلیسەكان (محمدى سابیر)و دووى تر، هەرزوو گێڕانمانەوەو پێمان گوتن قەدەغەیە كەس نابێت لەماڵ دەربكەوێ، بێگومان خەتى تەلەفۆنیشمان بڕیبوو، ماڵ باركردن چەند كاتژمێرێكى خایاند لە كۆتاییدا (عوسمان سەرانەیی)م نارد دوو باربەرى بارى بردن هەندێ كەلوپەلى پێویستىو خواردەمەنى باربكەن لە ماڵى ئێمە ئەوەى تریش لەناو خانوەكەدا بەجێما. بە كۆتایى هاتنى ماڵ باركردن لەشار هەندێك لەچەكدارەكانمان بەنیازبوون (خورشید ڕەشۆى) باش چاوەش لە ماڵ دەربێننو لەگەڵ خۆیان ڕاپێچى بكەن، ئەگەر نەشهات بیكوژن هەرلەبەرئەوەى خەڵك زۆر لێى ناڕازى بوون، بەڵام من ڕێگام نەدان پێم گوتن: (ئەوە كارێكى خراپەو نابێت شتى وا بكرێت). لەدواى كۆتاى هاتنى ماڵ باركردن باوكم بەدواى منیدا نارد بۆ ئەوەى بڕۆین دیار بوو ماڵەكان هەموى دەركەوتبون، ئەو كۆمەڵە چەكدارەى لەگەڵ مندا بون زۆر بەوەستایى لە شوێنەكانیان كشانەوەو ڕۆیشتنە ئەو شوێنەى باوكمى لێ بوو، لەگەڕانەوەماندا بە بەردەرگاى ماڵى ناسراوێكى ڕواندزی ڕۆیشتین كە ماڵى (مام پڵینگ) بوو، ناوبراو لەناو پەنجەرەكەى سەیرى دەكردینو دەیگوت: (ئاى هاى ئەوەى خەڵك دڵى پێیان خۆش بوو لەو شارەدا ئەوانە بوون وا ئەوانیش بە جێمان دەهێڵنو دەڕۆن). لەوێ بەسەركەوتینە ئەو شوێنەى باوكم چاوەرێى ئێمەى دەكرد هەر زوو پرسى: (هەموتان هاتوون؟ خۆكەس نەماوە لەخوارەوە؟) گوتم: (نەخێر لە ئێمە بەرەو خوارتر نەبوو)، لەگەڵ ئەوەش گشت شوێنەكانمان بەسەركردنەوە ئەوجا گەڕاینەوە لاى باوكم، لەوێ قسەكانى مام پڵینگم بۆ باوكم گێڕایەوە وام هەست كرد باوكم زۆر نیگەران بوو، ئەوكات پرسیم: (ئەدى عزەت كوا لە كوێیە)؟ گوتیان: (چووە لەسەر ڕێگاى خۆى هەندێ گاڵتە بە كوردۆ بكاتو پێى بڵێت وەرە با بڕۆین سوێندمان خواردوە بە شێخ عەنەش!!) لەوێ بەڕێ كەوتین تا دووڕیانەكەى نزیك ماڵى (شاكر مەجروم) منو ئەو چەكدارانەى لەگەڵم بوون بە ڕێگاى (كانیە قوڕ)دا ڕۆیشتین بۆ ئەوەى ئەو پاسەوانانەى لەوێ لە ناو سەنگەرەكەدا مابوون بیان بەینو بڕۆین، باوكمو ئەوانەى لەگەڵى بوون بە ڕێگاى گەروى ڕەزاندا ڕۆیشتنو لە شار دەركەوتین, كاتێك گەیشتینە لاى پاسەوانەكان دیاربوو ئەوانیش خیوەتیان خستبوو دەیان پێچایەوە بە نیاز بوون بە چوار چەنگە هەڵى بگرنو بیبەن، كاتێك (خدرى عوڵا بەگ) زانى خەریكى خیوەتنو بەكۆمەڵ هەڵى بگرن گوتى: (ڕاوەستن هەر ئێستا دەڕۆم لە كانیە قوڕ گوێ درێژێكتان بۆ دێنم لە ئاكۆیان بۆیان دەنێرینەوە)، ناوبراو لەگەڵ دوو چەكدار ڕۆیشتن زۆرى پێ نەچوو گەڕانەوەو گوێ درێژێكیان هێنا بوو خیوەتیان لێ باركردو لە سەنگەرەكە دەركەوتین، لەگەڵ ڕۆشتنى ئێمە بانگى بەیانیشى دا تەواو بوو بەڕۆژ ئێمە گەیشتینە (شیوومردێر) لەودیوى ڕواندز لە گەروى ڕەزان بە دیوى دۆڵ ئاكۆ، كاتێك سەیرمان كرد دیاربوو باوكمو بەشێكى زۆرى چەكدارەكانى وا لەوێنو زۆر ئەشیاو كەلوپەلى ماڵە كۆچ كراوەكان لەوێ ماوەتەوە چاوەڕێ بوون باربەریان بۆ بگەڕێنەوە لە ئاكۆیان، كاتێك ئێمە گەیشتینە لایان بە باوكم گوت: (تۆ بڕۆ بەڵكو زوو باربەرەكان بەڕێ دەكەیتو من لێرە دەمێنم تا باربەرەكان دێنەوەو باردەكەن) لەو قسانەدا بووین دیاربوو كاروانى باربەرەكان گەڕانەوە دەستیان كرد بە باركردنى ئەو ماڵانەى لەوێ مابوون، ئێمەش لەگەڵ باوكم ڕۆیشتین بۆ لۆغان لەوێ (ملازم تاهیر على بەگ) پێشوازى لێكردین، ناوبراو دەورێكى كاریگەرى هەبوو بۆ بەڕێ كردنى باربەرەكانو گواستنەوەى ماڵەكانمان لە ڕواندز بۆ دەرەوە. كە گیشتینە لۆغان ئەوەندە ماندوو ببوین شەو نەنوستبووین لە سەر بانێك كەمێك خەوتمو پاش ماوەیەكى كەم بانگیان كردمو گوتیان: (هەستە ملازم تاهیر چاوەڕوانى تۆیە)، بەڕاستى زۆر بە نابەدڵى هەستام ڕۆیشتمە ئەو شوێنەى ئەوانى لێ دانیشتبوون، كاتێك خەریك بوو بڕۆینە ئاكۆیان بۆ ئەوەى بزانین منداڵەكانمان چیان بەسەر هاتووە لەوكاتەدا بینیم خۆشەویسترین هاوڕێم (حاجى جرجیس) لەگەڵ دوو برادەرى تر بەرامبەرم دێن لە دواى بەیەك گەیشتن ناوبراو گوتى: (من هاتوم بۆ ئەوەى لەگەڵم بێیت بۆ لاى هاوڕێیان، ئارەزویانە چاویان پێت بكەوێت). پێم گوت: (حاجى گیان كەسی تریان نەدۆزیەوە تۆیان ناردووە كە دەزانن برایەكى خۆشەویستمى، باشە ئەگەر بڵێم نایەم دڵت ناڕەنجێت)؟ لەگەڵ ئەو قسەیەى من باوەشى پێداكردمو گوتى: (تۆ بەڕاستیتە بەونیازەى بە جێمان بێڵى!؟ ئەگەر تۆش ئێمە بەجێ بێڵى ئێمە تۆ بە جێ نایەڵین، ئێمەت فێرى ئەو بەزمە كردو بەتەماشى لێمان داببڕێى!؟) ئەوەى ڕاستى بێت نەمتوانى دڵڕەنجاوى بكەم گەڕامەوەو لەگەڵیان ڕۆیشتم، (تاهیرى حەمەدىو حەسەنى عوڵاى حوسێنىو عوسمان سەرانەیی)م لەگەڵدا بوونو ڕۆیشتینە لایان دیار بوو بنكەیان بردبوە ناو (گەلى گەرەنالى) لە نزیك لۆغان، لەوێ چاومان بە (ڕەئیس كمالو مامۆستا جاسم گاتع) كەوت لەگەڵ هەندێكى تریان، بە شێوەیەكى ڕاشكاوانە لەگەڵیان دوامو پێم گوتن: (ئەوەیە دادوەرى شیوعیەتو ڕێزگرتنى پەیڕەو؟ ئەوەیە هەڵوێست جارێك دەنوسن جاشن، جارێك دەنوسن خۆشحاڵین بە هاتنتان، توخوا ئەوە سەر لێشێواوى نیە)؟ دیار بوو بە قسەكانى من نیگەران بوون، بە تایبەتى جاسم تەواو نیگەران بوو، ماوەیەكى تەواو لەگەڵیان دانیشتمو زۆر شتم پێ گوتن كە ئەوان ئاگایان لێ نەبوو! لەلاى ئەوان هەستاین ڕۆیشتین بۆ ئاكۆیان لە ڕێگا عوسمان بۆى گێڕامەوە كە منداڵەكان زۆرى نەمابووە لە (شیوومردیر) لەكاتى پەڕینەوەیان لەئاو بخنكێن، حلیم لەگەڵ منداڵە بچوكەكان بە سوارى ووڵاخ ڕۆیشتبون ووڵاخەكە لەناو ئاو سەرپەلۆى بردبوو كەوتبونە ناو ئاو خۆشبەختانە هیچیان لێ نەهاتبوو. ئەو شەوە لە ئاكۆیان ماینەوە لەماڵى (مام ئاغۆ) شەو لە باخچەكەى كە زۆر خۆش بوو ڕامان بوراد، بەیانى زوو منداڵەكانم بەڕێ كردن بۆ دەرگەڵە (عوسمانو رەسول)و دوو سەربازى ڕاكردووى ناسراویشیان (عزیزو مجید) لەگەڵیان ڕۆیشتن، ئەو ڕۆژە بەدرێژایى ڕۆژ بە پێیان ڕۆیشتبون ڕێگاكە چەند دوور بوو ئەوەندەش هەورازو نشێوو بوو، گرفتەكەش ئەوە بوو دایكى منداڵەكان سوارى ووڵاخ نەدەبوو لەبەرئەوە زۆر درەنگ بەسەر كەوتبونە سەر گەروى سەران, لەگەڵ ئەوەى دنیا بەرەو تاریكى دەڕوات ئەوان لەگەروەكە شۆڕ دەبنەوە دیوى دەرگەڵە لە(گۆڕ مێكۆك) دەبێتە شەوو ڕێگا بزر دەكەن ئەوەى دیارە عوسمان بارەكانى بردبوونو(حلیمو پاكیزەو شادومان) بە سوارى ڕۆیشتبون (ڕەسولو عزیزو مجید) لەگەڵ منداڵەكان مابوون لەزۆربەى ڕێگادا بەكۆمەڵ هەڵیان گرتبوون بە تایبەتى لەوكاتەى لە ڕێگا لایاندابوو سەرپەڕببون باش بوو شوانێك پێى گوتبون بگەڕێنەوەو ڕێگاى پیشاندابوون. من لەئاكۆیان لاى باوكم مامەوە لەبەرئەوەى نەوەك حكومەت هێرش بێنێو بە دواى ئێمەدا بێت، بەڵام دیار بوو هیچ نەبوو، ئەمجارەیان لەگەڵ دەستەیەك لە چەكدارەكان بەرەو دەرگەڵە كەوتینە ڕێ لە گوندى سەران لامانداو ڕۆشیتینە ماڵى (حاجى فتاح) كە یەكێك بوو لە هاوڕێكانمان جیا لەوەش دۆستَكى نزیكمان بوو، لەوكاتەى ئێمە لەوێ دانیشتبووین خەڵكێكى زۆر لە ڕێگادا دیار بوون، ئەوانەى لە ترسى گرتنو ڕاونانى ڕژێمى بەعس هەڵاتبوون، زۆربەیان بە سەروسیمایانەوە دیار بوو كە خەڵكى شارنو زۆر بە هیلاكى بەرەو(كانى كۆڵان) سەردەكەتن كە ئەمەم بینى داوام لە فتاح كرد كە دوو وڵاخ بنێرێت بۆ هاوكارى كردنیان بۆ ئەوەى بەسەربكەونە سەرگەروى سەران، پێیانەوە دیار بوو هەندێك لەوخەڵكانە نەیاندەتوانى بەسەربكەون بەتایبەتى پیرەكان، یەكێكیان لەگەڵدا بوو تەواو سەرى سپى ببوو زاندرا كە ناوى(مامۆستا عبدالقادر)ەو خەڵكى ئامێدیە، ئەوەى جێگاى ڕەزامەندیم بوو فتاح مەردانە یارمەتى دابوون بۆ سەركەوتنیان. لە سەران دەركەوتین گەیشتینە بن (كارۆخ) دیاربوو شڕە كەلوپەلى ماڵ لە ژێر گوێزەكانى كۆڵیت داندرابوونو خیوەتیان هەڵدابوو چاوەڕێى ئێمە بوون ئاخۆ لە كوێ خیوەتەكەمان بەیەكجارى هەڵبدەین؟ لە دواى كەمێك حەسانەوە دایكى شادومان بەسەرهاتەكەى سەرپەڕبونى بۆ گێڕامەوە كە چۆن ڕێگایان بزر كردبوو بۆ كوێ ڕۆیشتبوون، عوسمانیش هەرلە (سەران) بارەكانى بردوەو(حلیمو پاكیزەو شادومان)یشى بە سوارى بردن بوون، منداڵە بچوكەكانیش (زەكیەو چینازو سەروەر)یش لەگەڵ دایكیاندا مابونەوە، رەسول لەگەڵ دوو سەربازەكە كەوتونەتە ڕێو دەڵێ لە گەروەكە شۆڕ بوینەوە دنیا تاریك داهات دیارە لە خوار (گۆر مێكۆك) ڕێگایان لێگۆڕابوو بەرەو لاى چیاى هەندرێن ڕۆیشتبوون بەناو دارو دڕكو گوینى دا دەڕۆیشتن بەشەو كاتێك لە دەنگى سەگەكان شوانێك ووشیار بۆتەوە، شوانەكە پێى گوتون بگەڕێنەوەو ڕاست بڕۆن ڕێگاى پیشان دابونەوە، گەڕابونەوە لە دواى ڕۆیشتنێكى زۆر ئەوجارە گەیشتبونەوە سەر ڕێگاى خۆیان، بەدرێژایى ڕێگا منداڵەكانیان بەكۆڵ هەڵگرتبوون توشى ئەو ماندوونو هیلاكیە ببوون، ئەوەى جێگاى نیگەرانیم بوو ئەوەبوو لەكاتى سەربردەكەى دەگێڕایەوە چاوەكانى پڕ ببون لە فرمێسك لەكۆتایى قسەكانیدا بە ڕوسى پێم گوت قەیدى ناكات هێشتاش ماویەتى.

ڕۆژى دوایى كەلوپەلەكانمان دابەزاندنە ناو چۆمى (كونێرى) لە نزیك (كانى فەقیان) لە شوێنێكى بەلاوەى نادیار خیوەتمان هەڵداو لەو شوێنە نیشتەجێ بووین، چۆمى كونێر چۆمێكى پڕ لەدارو درەختى جۆراو جۆر بوو، بەوشێوەیە گەڕاینەوە دەرگەڵە، ماڵى چەكدارەكانمان بەسەر هەندێ شوێنى لابەلاى نادیار دابەش كرد لەناو گەڵیەكانى سەروى گوندو خواروى گوندو چۆم ئەشكەفتەكان، ماوەى چەند ڕۆژێك هەركەسەو خەریكى دامەزراندنى ماڵەكەى بوو، لەبەر مەترسى هێڕشى دوژمنو هێرشى فرۆكەكانى حكومەتە تازەكەى بەعس كە ڕۆژانە هەڕەشەى دەكرد پێویستیمان بە شوێنى خۆپاراستن هەبوو بۆ ئەوەى ماڵو مندالمَان لە مەترسى دوور بن. وەك دیار بوو هەرلە سەرەتاوە حكومەتى بەعس بەنیاز نەبوو دان بە سادەترین مافەكانى كورد دابنێت، بەڵام پێویستى بە پشویەكى تەواو هەبوو تا خۆى كۆدەكاتەوە بۆ دەست وەشاندن ئەوەبوو درێژەیان بە ووتوو وێژدا لە مانگى (سێ) وە تا مانگى (6/1963) كاتێك بەخۆكەوت ئەوجا كەوتە بیانوو گرتنو ڕێگاى بۆ شەڕ خۆش دەكردو هێزەكانى بەڕێ كردنە ڕووبەروِوى هێزەكانى پێشمەرگە. ماڵى باوكم لە سەروچاوەى (كانى بارۆیان) كەپرو ساباتیان بۆكرابوون، وەك پێشتر باسم كرد چەند ڕۆژێك خەڵكەكە خەریكى ڕێكخستنى ماڵەكانیان بوون تا بەتەواوى نیشتەجێ بوونو بەبەردەوامیش خەڵك دەهاتنە دەرەوە، ئێوارەیەك ڕۆیشتمە ماڵى باوكم كۆمەڵێك میوانیان هەبوو لەوانە (حمە ڕەئوف و وسو سەوزەچى) عومەر ناوێكیان لەگەڵدا بوو، ئەوانم بردنەوە ماڵى خۆمان لە دواى دوو ڕۆژ بەسەفەر ڕۆیشتینە ناوچەى باڵەكایەتى، چەند ڕۆژێك ماینەوە پاشان وسـو لەگەڵ عومەر گەڕانەوە لاى ئێمەو لەلامان مانەوە، لەو ڕۆژانەى لاى ئێمە مانەوە ڕۆژێك چوبوونە چۆمى خۆیان بشۆن ئاویان گەرم كردبوو چۆمیش فێنك بوو وسو تێك چووبوو لە هۆش خۆى نەمابوو، وەك باسیان دەكرد زۆرى نەمابوو بمرێت، یەكێكى پارتیان لەگەڵ بووە كە ناوى (حسێن تەتەر) بووە زۆر برادەرى وسو بوو، ناوبراو گوتویەتى: (ئەگەر وسو هیچى لێ هاتبایە دەیان گوت حسێنى پارتى وسوى شیوعى كوشتوە كە ئەوەش دەبوە نەگبەتى بۆ من!).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە