پارتیە ڕیفۆرمە كان و یەكێتیە ڕیفۆرمەكان
Monday, 04/05/2009, 12:00
1793 بینراوە
بابەتێك لەهاوڵاتى ژمارە (521)ى 3/5/2009 بە ناوى (پارتیە یەكێتیەكان)بڵاوبویەوە كە براى نوسەر (هەردى مەهدى)لە ستونێكدا نوسیویەتى بۆ زیاتر كردنى ئەم ستونەو درێژ كردنەوەى پێویستە زیاترى لەسەر بنوسرێ كە دەكرێت پشتى ڕوداوەكان و تەفسیرى ئەو دیو گوتارەكان بە مەفهومێكى سیاسیانە بخوێنرێتەوە چونكە ئەم ستونەى كاك هەردى زۆر سەرسامى كردم كەچەندین بابەتم لەسەر ئەم گۆڕانانە خوێندوەتەوە هێندەى ئەم ستونە كاریگەرى نەبوە لە سەرم كە پێم وایە جوانترین خوێندنەوە بێت لە ستونێكدا .
نەوشیروان مستەفا لە ئێستادا توانیویەتى كۆمەڵگاى كوردى بخاتە بەردەم كۆمەڵێك وەڵام كە وەڵام دەرەوەى هەموو ئەو پرسیارانە بێت كە لەهەناوى كۆمەڵگاى كوردیدا هەیەوە كۆمەڵێك پرسیار بداتە دەسەڵات و خەڵك كە وەڵام دانەوەى جارێكى تر دەگەڕێتەوە بۆ نەوشیروان لێرەوە هەموو ئەحزابەكان و ڕێكخراوەكان دەخاتە بەردەم بزاوتێكى قورسەوە و كۆمەڵگا لە لاشەیەكى بەستوەوە دەكاتە كۆمەڵگایەكى جوڵەكەرو زیندو وە توانیویەتى فكرى كوردى بخاتە بەردەم پرسیارەوە گۆڕەپانى كوردى بهەژێنێ وەكار لەسەر ئێستایەك بكات كە ڕەگێكى مێژوى هەیە .
وە توانیویەتى بەرەیەكى ئۆپۆزسیۆنى ڕیفۆرخواز بونیاد بنێت زۆرترین لیست لەژێر سێبەرى ئەودا دروست ببێ وببێتە ئەو زریانەى كە هەمو شوێنێك دەگرێتەوە بە تایبەت حزبە دیارەكان ,لێرەوە دەتوانین لەسەر هەمان بۆچونى كاك هەردى بڵێین پارتیە ڕیفۆرمەكان و یەكێتیە ڕیفۆرمەكان و یەكگرتوە ڕیفۆرمەكان و شوعیە ڕیفۆرمەكان حسكە ڕیفۆرمەكان و زەحمەتكێشە ڕیفۆرمەكان و كۆمەڵە ڕیفۆرمەكان و رَیفۆرمەكانى ناو ڕێكخراوەكان بەگشتى كە هەریەك لەمانە كۆمەڵێك كادرو ئەندامیان لایەنگرى بەرەى ڕیفۆرم خوازو نەوشیروانن وە ولائیان بۆى هەیە وە لایەنگرى ئەو دیدو بۆچونەى نەوشیروانن چونكە پێش ئەوەى ئەمە دیدى لیستێك بێت گۆڕانێكى ڕۆشنبیرى و بە یاساى كردن و بە دام و دەزگا كردنى حكومڕانى كوردیە لە بەرامبەر ئەمەشدا ئەگەرى بچوكبونەوەی ئەحزابەكانە لەبەردەم زریانى نەوشیرواندا وە دەكرێت پۆلێن بكرێ:
1) پارتى دیموكرات .كە دەكرێ پارتیش دابەش بكرێت بە دوو بەشەوە, پارتى وەك خۆى و بەشەكەى تریش شوعیە دۆڕاوەكانى ناو ڕاگەیاندنى پارتى .. كە پارتى باش دەزانێت وەك حزبى دایك دووگانە بەمنداڵێك كە ڕیفۆرم خوازەكانى ناو پارتیە وە (خۆشى بەم منداڵە نایەت) لەگەڵ لەدایك بونیدا حجمى پارتى كەم دەكاتەوە وەدەبێتە سەردەمى كوڕە یاخیەكەى خۆى لایەنگرى یان هەڵگرى دیدو بۆچونێكە دژ بەبەرژوەندى بنەماڵەیى سەر بە دیدى بەرەكەى نەوشیروان دەبێت , بۆیە پارتى لەبەردەم دوو هەڕشەدایە ..یەكێكیان ناوخۆى خۆى ...دوەمیان لاواز بونى یەكێتى لە بەرامبەر هاوپەیمانیەتى ستراتیژى و تێكچونى هاوسەنگیەكە بۆیە پارتى كار دەكات تا لەڕێگەى میدیاكانەوە كە ئێستە بە دەست كادرە چالاكەكانى شوعیە دۆڕاوەكانەوەیە وە كاردەكات بۆ وروژاندنى كێشەكانى ناو یەكێتى بۆ شاردنەوەى كێشەكانى ناو هەناوى خۆى كە مسعود بارزانى بەو شێوەیە قسە ناكات و زۆر بەوریاییەوە دەدوێ وە دەرك بە كێشەكان دەكات وە نایەوێ چارەسەریان بكات بۆیە ئەم زمانە دەگوازێتەوە بۆ كادرە شوعیەكانى ڕاگەیاندن وە شوعیەكانیش دەترسن دواى بچوكبونەوەى شوعیەكان باشترین پەناگە بۆیان پارتیەو پارتیش تا ئاستێك بێدەنگە لە ئاست گوتارەكانى ئەواندا, بۆ نمونە سەرۆ قادر كە دەڵێ (چەتە)كەواتە ترسێكى زۆر گەورە لەپشت ئەم ووشەوەیە ئەگینا بە دیوێكى تردا نوێنەرى پارتى لە پارێزگاى سلێمانى دەڵێ (من یەكێك بووم لە بەشداربووى هەموو ئیحالەكان ئەگەر دزى كرا بێت منیشى تێدا بووم) كەواتە كاتێك سەرۆقادر پەلامارى پارێزگاى سلێمانى دەدات لە ترسى خۆى وشوعیە هاوڕێكانێتى نەك بەرژەوەندى گشتى كاتێك ئازاو بەهاتى حەسیب قەراغى هەمان قسە دەكەنەوە ئەیانەوێ بە پارتى بڵێن ئەوە ئێمەین كە بۆ شاردنەوى كێشەكانى ناو هەناوى پارتى كێشەكانى یەكێتى دەهێنینە پێشەوە ئەگینا پارتى خۆى باش دەزانێت كە لە هەولێر و دهۆكدا لە هەناوى پارتیدا داواكارانى ڕیفۆرم وەك عبدولمسروربارزانى و جەوهەر نامیق و دكتۆر جەرجیس و محمود محمەدو عەلى عبدواللە و دەیان كەسى تریش وە لەسەر ئاستى خوێندنى باڵاو ڕێكخراوەكان هەیە بەڵام كاك مەهدى وتەنى دەیانەوێ بەم باسانە ئەم كێشانەى خۆیان بخەنە پشتى پەردەوە وە هێندەى ئەم شوعیانە قسە دەكەن نە مسعودبارزانى و نە نیچیرەڤان بارزانى نە هیچ كەسێكیان لە ئاست لێپرسراوى باڵادا بەم شێوەیە قسە ناكەن بۆیە دەكرێ پارتى وەك هێزێكى گەورە بەر هەمان زریان بكەوێت كە یەكێتى پێدا تێپەڕ دەبێت .ترسى پارتى هێندەى ترسە لەو نەوشیروانە كاڵە سوپەرمانەى كە لەهەناوى پارتییدایە بەدەردى یەكێتى بێتە دەرێ هێندە ترس نییە لە بچوكبونەوەى یەكێتى و هەڵوەشاندنەوەى تەرازوى هاوپەیمانێتى ,بۆیە پەلاماردانى داناى ئەحمەد مەجید یەكەم هەڵمەتە ئەگینا ئەم هەموو گەندەڵیە هەیە لە هەمو ئاستێكدا , پاێزگارى سلێمانى بۆ..؟ بەرگرى سەرۆو ئازاو نمونەكانیان بەرگریە لە خۆیان نەك یەكێتى چونكە نەكاك مسعود و نە مام جەلال بەم شێوەیە نادوێن (وەك كاك مهدى دەڵێ) وە ئەم باسە خۆدزینەوەیە لە كێشەكانى خۆیان ئەگینا باش دەزانن كە كێشەیەك هەیە كە دەتوانین ناوى بنێین كێشەى (پارتیە ڕیفۆرمەكان).
2) یەكێتى.ئەگەر بێینە سەرباسى یەكێتى ئەتوانین بڵێین بە درێژایى مێژوو ى یەكێتى جێكاى دروست بونى ئەم گۆڕانانە بوە , بەمانایەكى تر كێشەكانى ناو یەكێتى بە دەرەوە بوون كە دەزانین بەدەر لەو تەوژمەى نەوشیروان و هاوڕێكانى یان لیستى گۆڕان كە ئاشكرایە ئەمان لیستى خۆیان هەیە تا ئێستاش بەئاشكرا نەوتراوە كە یەكێتى نین تەنها داواى گۆڕانى سەرتاسەرى هەرێم دەكەن بەشێوەیەكى زانستانە لەسەر ئاستى دەسەڵاتەكانى یاسا دانان و دادەرى و جێ بە جێ كردن بەدەر لەوە یەكێتى وەك ئەو یەكێتییەى ئێستە هەیە لە هەناویدا واتا لەناو یەكێتیدا هەزاران كادر هەیە كە دەتوانین بڵێین یەكێتییە ڕیفۆرمەكانن كە بەردەوام ڕەخنەیان هەیەو كادرى یاخین لە ئەدائى كار كردنى یەكێتى كە دەكرێت وەك بونیان لەناو دەسەڵاتدا قبوڵى بەرەیەكى ئۆپۆزسیۆنى گشتى كوردى بكەن بە سەرپەرشتى چالاك ترین كادرى خۆى كە نەوشیروانە دەكرێ یەكێتیەكان خۆیان ڕەخنە لەخۆیان بگرن و یاخیش بن لە یەك نەك سەرۆ قادرو نمونەكانى . یەكێتى خۆى باش ئەو ڕاستە دەزانێ كە لە ڕیزەكانیدا یەكێتیە ڕیفۆرمەكان هەیە دەكرێ تەوژمى ترى پیا تێپەڕێ وەك واز هێنانى چوارئەندامەكەى مەكتەبى سیاسى بێدەنگ بونیان تا ئێستا وە تا ئێستا یەكێتیە ڕیفۆرمەكان ناڕازین بە تواندنەوە و بچوك بوونەوەى یەكێتى لە بەردەم فراوان بونى دەسەڵاتى پارتیدا , لیستى گۆڕانیش جیابونەوە نییە لە یەكێتى هێندەى جیابونەوەیە لە تەواوى دەسەڵاتى هەرێم وگوتارەكانیان لە بەغداد و لەبەرامبەر كەركوكدا بۆیە دەكرێ بڵێین بەدەر لەلیستى گۆڕان یەكێتى هەڵگرى یەكێتیە ڕیفۆرمەكانە لە هەناویدا .
3) حیزبەكانى تر.بەدەر لە یەكێتى و پارتى لەناو یەكگرتوو كۆمەڵ و حسك و زەحمەتكێشاندا بەهەردوو زەحمەتكێشانەكەوە و شوعى لە سەر ئاستى دەسەڵاتى باڵا تا كادرى ناوەندى هەر یەكەیان هەڵگرى كۆمەڵێك كادرى لایەنگرى بەرەى ڕیفۆرمخوازەكانن وە ئەگەر زەمینە لە بار بێت دەبنە بەشێك لەو گۆڕانەى كە نەوشیروان و ئەوانەى بە بەرەى ڕیفۆرم خواز ناو دەبرێن دەبنە كادرى چالاكى لیستى گۆڕان كە ئەم زریانەى نەوشیروان دەكرێت هەمو پێكهاتەكانى سیاسى و ئابورى و فەرهەنگى و ..هتد بگرێتەوە واقعى ئێستاى دەسەڵاتى كوردى ناچار بە گۆڕانى بنەڕەتى بكات . بۆیە دەتوانین بڵێین كە ئەو كاتە ئاشكرا دەبێت كە نەوشیروان دەچێتە هەولێر و دهۆك و كەركوك ئەوكات زیاتر ڕیفۆرمخوازەكانى ناو یەكێتى و پارتى و حسك و زەحمەتكێشان و یەكگرتو و كۆمەڵ و شوعیەكان و خویندكارو قوتابیە ڕیفۆرمەكانى ناو زانكۆ و مامۆستاڕیفۆرمەكان و....هتد.دەردەكەون كێشەكانى ناو هەناوى حزب و ڕێكخراوەكان زیاتر دەردەكەوێت ئەو كات سەرۆ قادر بۆى دەردەكەوێت كە (چەتە) كێیەو چۆن خۆى یەكسان دەبێت بە سفر.
[email protected]