بیست و یەك، سەدەى سەرۆكایەتى ئافرەتەكان ئەمریكا و وڵاتە عەرەبییەكان، مێژوویەك لە سیاسەتى پیاو

Sunday, 16/05/2010, 12:00


کوردستانپۆست: ئه‌م نووسینه‌ هی شه‌هید سه‌رده‌شته‌ ، به‌باشمانزانی دووباره‌ بڵاوی بکه‌ینه‌وه‌.
ئەم راپۆرتە هەوڵێكە بۆ دەرخستنى مێژووى سیاسەتى ئافرەت لە دونیادا، یان رونتر بڵێین دەروازەیەكە بۆ دەرخستنى مێژووى ژن لە گەیشتن بە پۆستە باڵاكانى سیاسیى لە جیهاندا، بۆیە ئێمە دەمانەوێت لە رێگەى ژمارە و داتاكانەوە تەنیا راستییەك دەربخەین لە رۆڵى ئەو رەگەزەى كە خۆیان لە كوردستاندا زۆر كەم گرنگییان پێداوە، لێرەشەوە جارێكی تر لە غیابى هەوڵى ئەوان بۆ ناسینى مێژووى خۆیان ئەم كارە دەكەوێتە ئەستۆى ئێمە كە بێین باس لە مێژووەكەیان بكەین.
دەروازەى ئافرەتەكان
مێژووى سەرۆكایەتى وڵات لە لایەن ئافرەتەوە بە تەواوى لە نیوەى دووەمى سەدەى بیستەمەوە دەستپێدەكات، بەر لەم وادەیە ئەوە پیاو بوو بە تێكڕاى مێژوو نوێنەرایەتى سیاسەتى مرۆڤى دەكرد، یەكەمین ئافرەتیش كە سەرۆك وەزیرانى وڵاتێكى وەرگرتبێت ئەوا (سیریماڤۆ باندارانایكى) بوو لە وڵاتى سریلانكا لە ساڵى 1960، لە دواییشدا هەمان خانم بۆ دووجاریتر پۆستى سەرۆك وەزیرانى هەمان وڵاتى وەرگرتەوە لە ساڵانى (1970-1977 و 1994-2000)، دواى (باندارانایكی)ش هەریەك لە (ئیندێرا غاندى) لە هیندستان لە ساڵى 1966 و (گۆڵدا مێیر) لە ئیسرائیل لە ساڵى 1969 پۆستى سەرۆك وەزیرانى وڵاتەكانیان بەدەستهێنا.

ئیزابێل پیرۆن لە كاتى هەڵبژاردنى بە سەرۆكى وڵات
یەكەمین ئافرەتیش كە توانى پۆستى سەرۆكایەتى وڵاتێك بباتەوە ئەوا (ئیزابێل پیڕۆن) بوو لە وڵاتى ئەرجەنتین و لە ساڵى 1974 لە دواى ئەوەى بۆ ماوەیەك جێگرى (خوان پیڕۆنى) هاوسەرى بوو كە بۆ ماوەى چەند ساڵێك سەرۆكى ئەرجەنتین بوو.
دواى (ئیزابێل پیرۆن) ماوەیەكى زۆرى پێچوو تاوەكو لە ساڵى 1990 (مارى رۆبنسۆن) لە ئایرلەندا پۆستى سەرۆكایەتى ئایرلەنداى وەرگرت، هەر هەمان ساڵیش واتە ساڵى 1990 (پاسكال ترۆیلۆت) لە وڵاتى هایتى بۆ ماوەى یەك ساڵ بوو بە سەرۆكى ئەو وڵاتە.
یەكەمین ئافرەتیش لە مێژوودا پۆستى جێگرى سەرۆك یان سەرۆك وەزیرانى (ئێمە لێرەدا هەردووكیان بەیەكەوە دەیانخەینە روو) وەرگرتبێت (سۆنگ گینگلینگى) بوو لە چین لە ساڵى 1954، دواى ئەمیش هەریەك لە (ماریا پارنێت) و (كۆنستانتا كراسیۆن) بوون لە رۆمانیا لەساڵانى 1961 و 1966.
ژمارەى ئافرەتەكان لە مێژووى سەرۆكایەتیدا
مێژووى ئافرەت لە پۆستى سەرۆك وەزیران لە كە لەساڵى 1960 بە (سیریماڤۆ باندارانایكى) لە سریلانكا دەستپێدەكات و دواهەمین ئافرەتیش كە پۆستى سەرۆك وەزیرانى وەرگرتبێت (زینایدا گریسنى) بوو لە 2008 لە مۆلدۆڤا، كە تاوەكو ئێستا سەرۆك وەزیرانى ئەو وڵاتەیە، ژمارەیان 41 سەرۆك وەزیرانە لە جیهاندا، هەرچى سەبارەت بە ئافرەتى سەرۆك وڵاتەكانیشە كە لە ساڵى 1974 بە (ئیزابێل پیرۆن) لە ئەرجەنتین دەستپێدەكات و دواهەمین سەرۆكیش (دالیا گریباوسكایت) بوو لە لیتوانیا، كە لە ساڵى 2009 بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا ژمارەیان 21 سەرۆكە لە جیهاندا، ئەمە جگە لەوەى (ئەنجێلا مێركڵ) لە ئەڵمانیا لە ساڵى 2005 بە راوێژكارى ئەڵمانیا هەڵبژێردرا، كە هاوشانى پۆستى سەرۆك كۆمار، یان سەرۆك وەزیرانە لە وڵاتانى دیكەدا.
هەرچى جێگرى سەرۆك یان سەرۆك وەزیرانیشە، ژمارەیان 79 جێگرە لە ساڵى 1954وە و دواترینیشیان (ماریا ئەنتۆنیتا) بوو لە هندۆراس لە ساڵى 2010.
سەدەى ئافرەتە سەرۆكەكان
لەگەڵ ئەوەى مێژووى سەرۆكایەتى ئافرەتەكان بە تەواوەتى لە ساڵى 1954 دەستپێدەكات، بەڵام خۆریان بە تەواوەتى لە سەدەى بیست و یەكەمینەوە دەردەكەوێت، لە كۆى 61 سەرۆك و سەرۆك وەزیرانەوە پانزەیان لە ماوەى ئەم دە ساڵەى دوایی سەدەى نوێوە بووە، كە یازدەیان لە رێگەى هەڵبژاردنى راستەخۆوە بووە، لە كۆى 73 جێگرى سەرۆكیش 36 دانەیان لەم دەساڵەى دوایی 2000ەوە بووە، ئەمە جگە لەوەى كە هەریەك لە وڵاتانى ئوسترالیا و بەریتانیا و هۆڵندا و دانیمارك و كەنەدا پۆستى شەرەفى شاژن، یان حاكمى گشتى وڵاتیان تایبەت بە ئافرەت هەیە.
كوشتنى سەرۆكە ئافرەتەكان
(ئیندێرا غاندى) یەكەمین سەرۆك وەزیرانى ئافرەتى هیندستان كە بۆ سێ كابینەى حكومەتى هیندى پۆستەكەى وەرگرتوەتەوە، ئەویش بۆ یەكەمین جار لە ساڵى 1966 بۆ 1970 و جارى دووەمیش لە 1977-1980 جارى سێیەمیش لە ساڵى 1980-1984، لەوكاتەى بۆ چوارەمین جار خۆى بۆ هەڵمەتەكانى هەڵبژاردن ئامادە دەكرد، لە ساڵى 1984 لەلایەن پاسەوانەكانى خۆى لەناو ئۆفیسەكەى خۆیدا كوژرا.
دووەمین ژنە سەرۆكیش كە تیرۆركرابێت (ئەگاتى ئۆلیگیمانا)ى سەرۆك وەزیرانى رواندا بوو دواى بە رێكردنى ساڵێك لە ماوەى سەرۆك وەزیرایەتى خۆى لە ساڵى 1994 و لە سەرەتاى رۆژەكانى جینۆسایدەكەى رواندا لەلایەن چەكدارەكانى(هوتو)وەوە تیرۆركرا.
دواهەمین ژنە سەرۆك وەزیرانى تیرۆركراویش (بینەزر بۆتۆ) بوو لە پاكستان، بینەزر بۆتۆ كە یەكەمین ژنى پاكستانى بوو پۆستى سەرۆك وەزیرانى ئەو وڵاتەى وەرگرتبوو لە ساڵانى نێوان 1988-1990، ئەمە جگە لەوەى كە جارى دووەم لەساڵى 1993 بۆ پۆستى سەرۆك وەزیرانى هەڵبژێردرایەوە و تا ساڵى 1996 سەرۆك وەزیرانى ئەو وڵاتە بوو، بەڵام ساڵانى دووایی تەمەنى بە هۆى شلۆقى بارودۆخى پاكستان لە مەنفا بە سەربرد و تا لە ساڵى 2007 گەڕایەوە نیشتیمان و خۆى بۆ هەڵبژاردنێكى دیكەى پاكستان ئامادە دەكرد بۆ ئەوەى جارێكی تر ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بەڵام لە كاتى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردندا بە هۆى تەقینەوەى بۆمبێكەوە تیرۆركرا.
ئافرەتەكان بە دواى میراتى هاوسەر و باوكیانەوەن
هەمیشە لە وڵاتە تۆتالیتارییەكاندا سەرۆك پۆستى سەرۆكایەتى دەكاتە میراتى خانەوادەكەى و دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ، یان برا دەگوازێتەوە، بەڵام هەرگیز رووینەداوە ئەم دەسەڵاتە بۆ كچ، یان خێزانەكانیان بگوازنەوە، بەڵام لە پاڵ پیاوەكانەوە ئافرەتەكانیش بەردەوام ئارەزووى دەسەڵاتیان هەبووە، هەندێك لە سەرۆكە ژنەكان لە دواى كۆتاییهاتنى دەسەڵاتى هاوسەر، یان باوكەكانیانەوە هاتوونەتە سەر دەسەڵات، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە هەرگیز ئەم ژنانە لە رێگەى تووندوتیژى، یان ئینقلابەوە نەهاتوونەتە سەر دەسەڵات، بەڵكو هەموو ئەو ژنانەى لە دواى پیاوەكانیان، یان ئەو كچانەى لە دوانى باوكیان بوونەتە سەرۆك لە رێگەى هەڵبژاردنەوە بووە، یەكەمین نموونەش لەم رووەوە لە ساڵى 1974 لە ئەرجەنتین روویدا كاتێك (ئیزابێل پیرۆن) لە دواى ئەوەى بۆ ماوەیەك جێگرى (خوان پیرۆن)ى هاوسەرى بوو، كە پێشتر سەرۆكى ئەرجەنتین بوو، خۆى بۆ سەرۆكى ئەم وڵاتە هەڵبژارد و سەركەوتنى بەدەست هێنا.
نموونەیەكى دیكە لەم رووەوە لە وڵاتى فلیپین بوو لە ساڵى 1986 كاتێك خاتوو (كۆرازۆن ئەكوینتۆ) دواى مێردەكەى بووە سەرۆكى فلیپین، لە وڵاتى (گایانا)ش كە وڵاتێكە دەكەوێتە باكوورى خۆرهەڵاتى كەنارەكانى ئەمریكاى باكوور لە ساڵى 1997 خاتوو (جانێت جاگان) دواى هاوسەرەكەى بە سەرۆكى وڵات دەستنیشانكرا، هەرچى سەبارەت بە گرتنە دەستى كچى سەرۆكەكانیشە لە دواى باوكیان، ئەوا چەند نمونەیەكمان لە بەردەستدایە ئەوانیش لە هەریەك لە وڵاتانى فلیپین و ئەندۆنۆسیا و پەنەمایە، تەنانەت خاتوو (كلۆریۆى) هەتاوەكوو ئێستا سەرۆكى فلیپینە كە لە دواى باوكى بوو بە سەرۆكى ئەو وڵاتە.
ئینقلاب بەسەر ژنەكاندا
لە مێژووى سەرۆكایەتى ئافرەتەكاندا نموونەیەكى ناوازە و تەنیامان هەیە، ئەویش نمونەكەى (ئانج سانسوكى)یە سەرۆك وەزیرانى هەڵبژێردراوى ماینمارە، كاتێك لە ساڵى 1990 پارتەكەى ساكى لە80% ى دەنگى هەڵبژاردنەكانى بردەوە و بە سەرۆك وەزیرانى وڵات دەستنیشانكرا، بەڵام بە هۆى هەڵگەڕانەوەیەكى سەربازى ئەنجامى هەڵبژاردنەكە رەتكرایەوە و دان بە هەڵبژاردنەكە نەنرا، لە دواى ساڵێكیش لەو رووداوە (سوكى) لە ساڵى 1991 خەڵاتى نۆبڵى ئاشتى پێدرا.

ئیسرائیل و توركیا، دوانەكەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست
لە بیست و دوو وڵاتى عەرەبیدا بە درێژایی مێژوو هەتاوەكو ئێستا سەرۆكێكى ئافرەتیان بەخۆیانەوە نەبینیوە، تاكە ئافرەتیش لە هەموو وڵاتانى عەرەبی كە پۆستى جێگرى سەرۆكى وەرگرتبێت دكتۆرە (نەجا ئەلعەتاری)یە كە ئێستا جێگرى (بەشار ئەسەد)ى سەرۆكى سوریایە. لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاستیشدا تەنیا دوو ئافرەت توانیویانە پۆستى سەرۆك وەزیرانى وەربگرن، ئەوانیش (گۆڵدا مێیر) لە ئیسرائیل كە لە ساڵى 1969 ئەو پۆستەى وەرگرت لەگەڵ (تانسو چیلەر) لە توركیا، كە لە ساڵانى نێوان 1993-1995 بوو بە سەرۆك وەزیرانى ئەو وڵاتە. بەڵام (ئەحمەدى نەژاد) لە ماوەى سەرۆكایەتى بە تێكڕاى دوو كابینەى حكومەتى ئیسلامى ئێران هەردوو جار ژنێكى بۆ جێگرى خۆى دەستنیشان كردووە، ئەوانیش (فاتمە جەوادى) و 2005-2009 و (نەسرین سوڵتانخاه) كە ئێستا جێگرى ئەحمەدى نەژادە، جگە لەوەش (دالیا ئینریك) لە ئیسرائیل جێگرى سەرۆكى ئیسرائیل بوو، لە 2006 بۆ 2009 و دكتۆرە (ئەناهیتا رائەبزاد) لە نێوان ساڵانى 1980بۆ 1985 ئەندامى سەرۆكایەتى ئەنجومەنى شۆڕش و سیاسەتى ئەفغانستان بوو.

ئەمریكا، مێژووى پیاو
لەگەڵ ئەوەى كە زۆرێك لە سەرۆكە ئافرەتەكانى دونیا بە پاڵپشتى و هاوكارى ئەمریكا هاتوونەتە سەر دەسەڵات و زۆرێكیشیان زانستى سیاسییان لە زانكۆكانى ئەمریكا خوێندووە، بەڵام هەتاوەكو ئێستا مێژووى سەرۆكایەتى ئەمریكا لە ساڵى 1789 وە بۆ 2010 نە یەك سەرۆكى ئافرەتى بە خۆیەوە بینیوە، نە یەك ئافرەتیش بۆ جێگرى سەرۆك دیاریكراوە، لە مێژووى ئەمریكاشدا تەنیا سێ ئافرەت هەوڵى وەرگرتنى سەرۆكایەتى ئەو وڵاتەیان داوە، ئەوانیش یەكەمیان: (ڤیكتۆریا ودهول) لە ساڵى 1872 كاندیدى پارتى مافەكانى ئەوسا بوو بۆ سەرۆكایەتى ئەمریكا، بەڵام لە بەرامبەر هەژدەمین سەرۆكى ئەمریكا (یولیسیس گرانت) شكستیهێنا.

ڤیكتۆریا ودهول (یەكەمین هەوڵى ژن بۆ گرتنەدەستى سەرۆكایەتى ئەمریكا)
دووەم: (ئیلیزابێس دۆڵ)، كە بەنیاز بوو وەك كاندیدى كۆمارییەكان لە بەرامبەر جۆرج بۆشدا بچێتە هەڵمەتەكانى بەراییەوە، بەڵام بە هۆى كێشەى داراییەوە هەر زوو كشایەوە، دواهەمینیشیان (هیلارى كلینتۆن) بوو وەك كاندیدى دیموكراتەكان لەگەڵ (باراك ئۆباما) لە كۆتایی 2008 چووە هەڵمەتەكانى بەراییەوە و دواى ململانێیەكى تووند (ئۆباما) سەركەوتنى بەدەستهێنا، بەڵام دواى ئەوەى (ئۆباما) بە سەرۆكى ئەمریكا هەڵبژێردرا (هیلارى كلینتۆن)ى بۆ وەزیرى دەرەوەى حكومەتەكەى دەستنیشانكرد.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە