کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌نفالچیه‌کان....(قاسمه ‌کوێر) به‌نمونه‌

Thursday, 07/10/2010, 12:00



له‌ سه‌ره‌تای شه‌سته‌کادا، له‌ ناو ڕیزه‌کانی جوڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی دا، له‌ شه‌رێکی ده‌سته‌ویه‌خه‌‌، له‌گه‌ڵ سوپای عێراقیدا. له‌سه‌ر پرده‌که‌ی (چه‌می زه‌لم) له‌ شاره‌زور .. ، شه‌هیدی هه‌رگیز له‌یاد نه‌چوو حه‌مه‌ گوڵپی - ، دوای ئه‌وه‌ی فیشه‌کی پێنامێنێ ، به‌خه‌نجه‌ره‌که‌ی هێرش ئه‌کاته‌ سه‌ر ده‌بابه‌یه‌ک و شه‌هید ئه‌کرێت . نیوه‌ی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو ، شه‌هیدی سه‌رکرده‌ - خاڵه‌ شه‌هاب و هاوڕێکانی به‌ نه‌عره‌ته‌ی که‌م بژێ و که‌ڵ بژی ئه‌ژنۆی پیاوانی به‌عسی هێنابووه‌ له‌رزه‌. نمونه‌ی گیانبازی ، له‌خۆبوردویی، به‌گژداچوونه‌وه‌ی مه‌حاڵ .. زۆر .. زۆرن له‌ ڕابوردوی پڕخوێناوی خه‌باتی گه‌لی کوردا . ئه‌مه‌ له‌لایه‌ک .. لاکه‌ی تریش سه‌رکرده‌کانی کورده‌ .. که‌ یان ئه‌وه‌تا بۆ ته‌و‌قه‌کردن له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری موسته‌عمه‌راتی پادشای به‌ریتانیا‌ی مه‌زن . فه‌قیانه‌که‌ی ئه‌ئاڵێتێ له‌ده‌ستیه‌وه‌ ، نه‌بادا گڵاو بێت !! ، یاخود خۆی به‌ قه‌یتانی قۆنده‌ره‌که‌ی عه‌بدول که‌ریم قاسم ئه‌چوێنێت و یان یه‌کێکی دیکه‌یان دوای په‌نجا ساڵ .. خۆ به‌ چه‌پ زانیین و خۆ به پێشکه‌وتن خواز دانه‌ قه‌ڵه‌م ، دوای ئه‌و ماوه‌ درێژه‌ له‌ خه‌بات و به‌کوشت دانی هه‌زاره‌ها هاوڵاتی و ماڵ وێرانکردنی هه‌زاران خانه‌واده‌ .. له‌به‌رامبه‌ر .. هێزو ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کی و کۆنه‌په‌رستی و خۆفرشتن دا دێت و به‌ به‌رچاوی جیهانه‌وه‌ ئه‌ڵێت : زۆر په‌شیمانم دژایه‌تی ئه‌و هێزه‌ خێڵه‌کی و بنه‌ماڵه‌چێتیه‌م کردووه‌ !!، زۆر هه‌ڵه‌ بووم !.وه‌یان ئه‌و سه‌رکردانه‌ به‌ده‌ستی جه‌معی ، ئه‌بنه‌ که‌وڵ سوری به‌ر سوپای ئه‌خونده‌کانی ئێران ، بۆ وێران کردن ، تاڵانکردن، پاساودان به‌ده‌ستی - به‌عسه‌وه‌ - بۆ گازباران کردنی هه‌ڵه‌بجه‌ - و زۆر شوێنی تری کوردستان . دوایش سوک و باریک ، ته‌نها تومه‌تبار و شایته‌ حاڵی گاز بارانه‌که‌ - ، ئه‌فسه‌ری فڕۆکه‌وانی به‌عس - ، له‌فرۆکه‌خانه‌ی (سلێمانی) یه‌وه ، هه‌نارده‌ی ووڵاتانی ئه‌وروپای ئه‌که‌ن . شیرازه‌ی میلله‌ت تێک ئه‌ده‌ن و ئه‌یان که‌ن به‌ دوژمنی یه‌کتر، ئه‌مجا هه‌موویان برابه‌ش سامانی سه‌رزه‌مین و ژێر زه‌مینی ووڵات ، که‌ موڵکی شه‌رعی میلله‌ته‌ تاڵانفرۆش ئه‌که‌ن ، له‌بری ئه‌وه‌ی داوای لێبوردن ، له‌م میلله‌ته‌ هه‌ژاره‌ ، بێکه‌سه‌ بکه‌ن که‌ بوونه‌ته‌ هۆی گازبارانکردنی ، ئه‌نفالکردنی ، قڕکردنی ، سوتاندن و ڕوخاندنی هه‌زاره‌ها گوند ، کوێرکردنه‌وه‌ی هه‌زاره‌ه کانی و سه‌رچاوه‌ی ئاو ، پشت گوێ خستنی ژێرخانی ئابووری .... دێن و به‌ ناوی (به‌ره‌ی کوردستانی)ه‌وه‌ - لێبوردنی گشتی بۆ تاوانبارن ده‌رئه‌که‌ن . ئا ئه‌مه‌یه‌ سه‌رکرده‌کانی کورد ، ئاخر بێ حیکمه‌ت نیه‌ ، میلله‌تێکی چل ملیۆن که‌س ، نه‌ک هه‌ر بێ ووڵاته‌ ، به‌ڵکو ڕۆژانه‌ش له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م به‌ ناو سه‌رکردانه‌دا ، سوکایه‌تی پێ ئه‌کرێت.
گه‌لی (جو‌له‌که‌) ، هه‌ر دوای شکستی نازیه‌ت و ڕاکردن و په‌رتوبڵاوبوونی ، جه‌للاده‌کانی (پاکتاوی ڕه‌گه‌زی هۆلۆکۆستی-) جووه‌کان ، چو‌نکه‌ سه‌رکرده‌ی دڵسۆزو لێهاتوو ، له‌خۆبردو ، ڕاستۆگۆیان هه‌بوو ، درێغیان نه‌کرد ، له‌گه‌ران و پشکنینی هه‌موو جیهاندا ، ئینگلز واته‌نی به‌رد نه‌ما هه‌ڵی نه‌ده‌نه‌وه‌ - کون به‌ کونی ووڵاتانی ئه‌مریکای لاتین - ‌گه‌ڕان ، ئه‌وانه‌ی به‌ناوی جیاواز و ناسنامه‌ی جیاوازیشه‌وه‌ خۆیان حه‌شار دابوو ، ده‌زگای پاراستنی میللی موساد ئه‌یانگرتن و له‌ - ئیسرائیل دادگایی ئه‌کران و حوکمی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان خنکاندن یان به‌سه‌ردا ئه‌سه‌پاندن . (موساد) گه‌وره‌ تاوانباری وه‌ک ئه‌دۆلف ئایخمان یان له‌ - ئه‌رجنتین‌ - ، په‌ت کرد و ، دادگای ئیسرئیل ، حوکمی له‌سێداره‌دانی خۆی وه‌رگرت.
که‌چی سه‌رکرده کورده‌کان به‌ پاساوی لێبوردنی گشتی رێگه‌ خۆش ئه‌که‌ن ، بۆ زۆر له‌ تاوانباران که‌ به‌یاسانی بچنه ‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ، ئه‌وانه‌شی ماناوه‌ی ، یان بوون به‌ (کوڕی بارزانی)‌ یان به‌ به‌ برای (تاڵه‌بانی). ! (پاراستن)ی پارتیش ، له‌باتی ئه‌وه‌ی (ئه‌دۆلف ئایخمان)ه‌ کورده‌کانمان بۆ دادگایی بکات ، له‌ باتی هێنانه‌وه‌ی تاوانباران ، (سۆرانی مامه‌ حه‌مه)و (سه‌رده‌شت عوسمان) مان بۆ تیرۆر ئه‌که‌ن.
پاراستن ، گه‌وره‌ جاشی تاوانبارو ئه‌نفالچی .. قاسم فارس لای به‌عسیه‌کان ناسراو به‌ (قاسم ئاغا) ، لای جه‌ماوه‌ری ده‌ڤه‌ری (کۆیه‌)ش به‌(قاسمه‌ کوێر).. . ده‌عوه‌ت ئه‌کات بۆ سه‌ری ڕه‌ش ڕێز و ستایشی ئه‌کات . دوای ئه‌وه‌ی که‌س و کاری ئه‌نفالکراوه‌کان ، که‌س و کاری شه‌هیدان .. ناڕه‌زایی ده‌رئه‌برن ، خۆپیشاندان ئه‌که‌ن ، پاڕیزگاری هه‌ولێر ، وه‌ک ئه‌وه‌ی (قاسمه‌ کوێر) یه‌کێک بێت له‌ ده‌سته‌ی دیپلۆماسیه‌تی نێو ده‌وڵه‌تی ، ئه‌ڵێت: پێمان ووتوه‌ کوردستان به‌جێبهێڵێت !!. دیاره‌ له‌ عورفی (پاراستن)دا ، قاسمه‌ کوێره‌کانی .. بابولباب جاشی و تاوانکار .. ڕێک وه‌ک کاسانی دیپلۆماتی ووڵاتان وان ، که‌ تاوانێکی کردبێت ، دوور ئه‌خرێته‌وه‌ و پێ ئه‌ڵێن: (که‌سێکی غه‌یره‌ مه‌رغوب)ه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ (موعه‌زه‌ز و موکه‌ره‌م) له‌ فرۆدگای هه‌ولێره‌وه‌ ئه‌ینێرنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات !. ئائه‌مه‌یه‌ سوکایه‌تی کردن به‌ میلله‌ت.
تاوانبار (قاسم فارس) زیاتر له‌ 600 که‌سی خه‌ڵکی هه‌ژاری کوردساتنی به‌ ئه‌نفالکردن داوه‌، چه‌نده‌ها پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید کردووه‌. له‌ ساڵانی هه‌شتاکانیشدا له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کی سه‌دام حوسین له‌گه‌ڵ سه‌رۆک جاشه‌کاندا به‌ ئاشکراو بێ پێچو په‌نا له‌سه‌ر ته‌له‌ڤیزیۆن به‌غادا به‌سه‌دامی ئه‌ووت: من پێش نیار ئه‌که‌م با ئه‌و یاخیبوانه‌ گاز باران بکرێن !!. هه‌ر له‌ساڵی 2005 ه‌وه‌ دادگای باڵای تاوانکانی عێراق، وه‌ک تاوانباری جه‌نگ داوای کردووه‌ که‌س وکاری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کان ده‌عوه‌یان له‌سه‌ر قه‌ید کردووه‌ ، که‌چی جه‌نابی پارێزگاری هه‌لێر ، وه‌ک له‌ گوێی ی (گا)دا نوستبێ ئه‌ڵێت: که‌س به‌ ئێمه‌ی نه‌وتووه ، ده‌عوای له‌سه‌ره‌ !!، یان ڕوونتر پاڕێزگار نازانێت که‌ (قاسمه‌ کوێر) تاوانباره‌ ؟!!.
باشه‌ کاک (نه‌وزاد هادی)‌، ئه‌ی ئه‌‌گه‌ر (قاسم فارس) به‌ قودره‌تی قادر ، ببوایه‌ به‌ (نوسه‌ر) له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی پاراسایتی کوردی بنوسیایه‌ ، که‌مێک عه‌باکه‌ی (سه‌رۆێکی هه‌رێم)ی هه‌ڵبدایه‌ته‌وه‌، پێی گوتبا :
قوربان جامانه‌کت خواره‌.. ئه‌وه‌ چیتان لێ ئه‌کرد ؟؟!!‌
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە