پەیامێ بۆ گەلەکەم
Wednesday, 21/11/2012, 12:00
ئەم بەناو قەیرانە نوێیەی نێوان مالیکی و بارزانی کەخۆی لە بارگژیەکانی ئەم دواییەی ناوچەی گەرمیان نیشان دا، سەبارەت بەهێنانی هێزی سەربازی بۆ ناوچەکە. کەبێ شك هەروا بۆ عەرزی عەزەلات و خۆ ڕاوەشان و خۆ فشکردنەوە نەهاتوە، بەڵکە گۆڵمەزێك لەئارادایەو جەنگێکی ، گەر کاتیش بێ، ئەوا شتێکی حەتمیەو ئەبێ ڕووبدا. بۆیە پێش ئەوەی ئەوە ڕووبداو چەندین خەڵکی هەژار،بێ دەرەتان،کڵٶڵ و نەگبەت لەم قەیران و کێشانەدا ببنە سووتەمەنی ، پێوستە وەك هاوڵاتیەکی کوردستان و هەروەها وەك خەمخۆرێکی گەلەکەم. پێش وەخت لەو گۆبەند و کێشانە ئاگادارتان بکەینەوە لەڕێگای کوردستانپۆستی جەربەزەوە کەئەم شەڕەی بەڕێوەیە، جگە لەنەهامەتی زیاتر و ماڵوێرانی زیاتر، هیچ شتێ بۆ گەلەکەمان دەستەبەر ناکا.
ئەمەی ئەم قەیرانەی دروست کردوە، پێش هەموو کەسێ سەرانی داسەپاوی کوردە، بێ شك تاڵەبانی و بارزانی. ئەوەی پیوستە ڕووی دەممانی لێبکەین و ڕەخنەو گازندەکانمانی پێبگەیەنین تەنها بارزانی و تاڵەبانیە. ئەوەی بەبێ شك کەڵك لەم جەنگە ئەکا تەنها بارزانی و تاڵەبانیە.
ئەوەی ئەمان بانگەشەی بۆ ئەکەن دژ بەمالیکی و عەرەب و عێراق، لەخەمی خۆیان و بنەماڵەکانیانە ، نەك میلەتی کورد و خاکی کوردستان. ئەوەی سەرانی مافیایی کورد لێی ئەترسێ ، خاك و میلەتی کورد نیە، بەڵکە بەرژەوەندی و نەوت دزینیانە. ئەوەی ئەمان خۆیانی پیوە سەغلەت کردوە، دیکتاتۆری مالیکی نیە. بەڵکە، دیکتاتۆری و ملهوڕی ئەم دوو خائین و خۆفرۆشەی کوردە. جا بۆیە ئەم شەڕەی داهاتوو ، ناچێتە شەڕی کوردبوون و نیشتمان پەروەری و سەروەری میلەت و بەرژەوەندی گەل. بەڵکە ، بەپێچەوانەوە، ئەوەی خۆی لەم شەڕەدا بفەوتێنێ وەك تڕی بن گۆمی لێدێ و سبەینێ مەسئولەکان سەرو جڕتێکی شینیان بۆ لێ ئەیەنن
هاوڵاتی کوردی لێقەوما و فیلقاو، تکایە بەهاشوو هۆش و درۆو دەلەسەی ئەم خۆفرۆشانە مەکەن و نەچنە ژێر سیبەری درۆو دەلەسەکانیانەوە. ئەمانە جگە لەکۆمەڵێ خەلکی دزو نەفەس نزم و ئابڕوچی هیچی تر نین. جارێکی تر داواتان لێ ئەکەم و خۆتان لەم مەینەتیە بپارێزن و نەچن خۆتان بکەنە سووتەمەنی شەڕێکی ناڕەوا،نابەرانبەر و نانیشتمانی ونانەتەوەیی.
ئەوەی دوژمنی سەرەکی و بنەڕەتی گەلی کوردە، بارزانی و تاڵەبانی و دارو دەستەکانیانە. ئەوەی پێوستە شار بەدەر بکرێ، ئەوانەن پێش مالیکی و ئەردۆگان و ئەحمەدی نەژاد. با جارێ ئێمە نێو ماڵی خۆمان پاك بکەینەوە ئەوسا بیرێك لە چواردەورمان بکەینەوە. بەڕاستی من لەخەمی ئەوەدام ئەم جارەش هەندێ خەڵکی کاڵفام و گەمژە گوێ لەدرۆی ئەم سەرکردە داوین پیسانە بگرێ و بکەونە داویان.. ئامان دەستمان داوێنتان و کاری وانەکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست