ئەو کاتەی سۆسیال دیموکراتەکان نوێژە بەبارانە دادەبەستن
Wednesday, 19/06/2013, 12:00
2215 بینراوە
درەنگ هاتی موسا !
سەردەمی موعجیزەکان کۆتایی هاتوە
گۆچانەکەت بەدیاری بدەرە چارلی چاپلین
با کەمێک پێبکەنین . (شەمس لەنگرودی)
ئەو وێنەیە قسە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام داماوی و سواڵ و ساختەیەک نمایش دەکات کەپێمان دەڵێت لە نیشتمانی ئێمەدا شتێک نییە ناوی ئایدیا و باوەڕبێت. ئەم وێنەیە معجیزەیە ئاخ بۆ فلیمسازێک بیکاتە کۆپلەیەک لە فلیمی پێکەنیناوی بەسۆسیال دیموکراتەکانی کورد.
سەعدی ئەحمەد پیرە بۆنی دەمی هەموو ڕۆژێک لە باڕی مەیخانەیەک دەچێت ، خۆی ووتەنی شەوێک ویسکی نەخواتەوە ئەو شەوە ناتوانێ لەشی ماندووی لەپێخەفی خیانەتدا ئارام بگرێ و خەوی دەزڕێ ، کاتێکیش ئۆتۆمۆبیلەکەی وەرگەڕا خۆی ووتەنی هێندە مەست بوو ئازار بەهیچ جێگەی نەیگەشتبوو کەچی هاوسەفەرەکەی گیانی لەدەست دا ، ئەی دەبێ چی وای لێکردبێت ڕوو لە ماڵی خوا بکات، بەمەستی بۆ نوێژە بە بارانە ؟
فواد مەعسوم دەیوت من هەمیشە کەسێکم بۆ پاراستنی گیانی خۆم لەکوێوە بابێت شەن دەکەم، هەر بۆیە لە٣١ئابدا من و دادە هێرۆ لە هەولێرەوە بەساغ و سەلامەتی گەیشتینەوە برادەراکانمان، چونکە منی میانڕەو هەمیشە لە بەینی شیڕەکاندا بووم بێ زیان، کاتێکیش لەساڵی ١٩٨٤دا یەکێتی لە گفتوگۆدا بوو لەگەڵ سەدامدا، ئەو پارەیەی دایان نابوو کە لایەک ژوان بێتەوە وەریگرێت لە باجی ئەوەدا کە پەشیمان بێتەوە، کە سەدام لە گفتوگۆ ژوان بۆوە من دانرابووم لە شاری لەندەن بچمە بانک و پارەکە وەربگرم ، بەڵام ترس هەبوو، ک موخابەراتی عێراقی ئازارم پێبدەن و خێزانەکەم ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە لەو غەریبیە، نەچوم، ئێستاش وا پێویست دەکات بۆ شیعەکانی بسەلمێنین، کە ئێمە چەند موسڵمانین ئەوەتانێ منیش لەگەڵ هاو پارتەکانما خەریکین چەند ڕکەعات نوێژە بەبارانە دادەبەستین.
ئاوەڵزاکەی تاڵەبانیش کە لە وێنەکەدا هاتوە جارێک لێیان پرسی بۆ لەکاتی شۆڕشدا نەگەڕایتەوە بۆ ناو شۆڕش و ببیت بەپێشمەرگە ، لەوەڵامدا ووتی ئەی کە مام جەلال بهاتایە بۆ لەندەن کێ لەخزمەتیدا بوایە، من نەبووم بە پێشمەرگە بەڵام هەمیشە ڕۆحم لەوێ بوو هەموو شەوێک لە لەندەنەوە مەشخەڵانی شۆڕشم گوێ لێدەگرت، لەگەڵ شانازی ژنیشمدا هۆنراوەمان دەوت، ئەی خۆ کاک سەعدیش نەگەڕایەوە چونکە هەموو جارێک دەچوین بۆ باڵوێزخانەی عێراق، مۆڕەمان لەتەنەکەی خۆڵەکەشیان دەکرد ، بەڵام ئێستا ژیان گۆڕاوە منیش ئەوەتانێ پۆستەکان وەک گۆرەوی دەگۆڕم و لەکوێشدا پێویست بکات من پێش هاوڕێکانم نوێژە بەبارانە دادەبەستم، هەرچەندە شەو نییە نەخۆمەوە، لە لەندەن شاناز خانووەیکی بۆ کردووم، عەیب نەبێت ١٢ تەوالێتی تێدایە، بۆ ئەوەش نییە بیدەین بە کرێ، من زۆر جار لەلای خزمەکانیشم وتوومە عەیبە ئینسان فەقیر بێت. لە وێنەکەم بڕوانن ، دووڕکەعات لە پێش کاک سەعدی و فواد مەعسومەوەم.
فواد لەبەر پشتی دانانەوێتەوە، سەعدیش کە سەیری بنمیچە کە دەکات ئەوە لەوێنەیەکی کۆن دەڕوانێ کە کاتی خۆی بەبنمیچەکەیاندا هەڵواسرابوو تائێستا ماوەتەوە ، یان بیر لەوە دەکاتەوە لە حزوری خوادا چۆن بەسەرخۆشی وەستاوە، بۆ ئەو کەسەی دەستی لەپشت خۆی دانەوە ئەوە نوێکارییە لە نوێژدا، بە پێچەوانەوە نوێژەکان دەکات، ئاخر سۆسیال دیموکراتەکان هەمیشە داهێنەرن و پێشکەوتنخواز . دەیانەوێت سیمای نوێژەکانیش بگۆڕن مێژووی سۆسیال دیموکراتەکان ١٥٠ ساڵی خۆی پڕکردەوە ئەو داهێنانە هەر هیچ نییە لەچاو داهێنانە مێژووییەکانی تردا .
ئەم نوسینە سوکایەتی کردن نییە بە ماڵی خوا، بەڵام مرۆڤەکانی ناو ئەم وێنەیە هەر چۆن سوکایەتی بە میللەت دەکەن، سوکایەتی بە مزگەوتیش دەکەن. ڕۆژێک کچە بچکۆلەکەم لێی پرسیم باوەڕت بەخوا هەیە ؟ ووتم جارێ زووە بۆ ئەوەی وەڵامت بەمەوە، ئەی تۆ باوەڕت چۆنە ؟ ووتی من باوەڕم نییە، ئەوە نییە لە هەموو جێگەیەک شەڕە، ئەی خوا بۆ ناتوانێ ئەو هەموو شەڕە ڕابگرێ ؟
ئێوە سیاسییە ناشرینەکانی نیشتمانی کورد، هەر ماڵی خوا مابوو ناشرینی بکەن ئەویشتان کرد؟ ئیتر چی ماوە ناشرینی بیکەن، ئەی ناشرینەرکان؟ شاخ و دارو بەردی ئەو ووڵاتەتان تەلبەند کردووە، باڵەخانە و شەقامەکانتان داگیرکردوە، ئێستا بۆ مزگەوتەکانیش دێن و نایەڵن ئێمەی هەژار نزاکانمان بگاتە لای خوا، دەتانەوێت لای خواش واستە دروست بکەن و لە ئێمەی لە دوور بخەنەوە!؟ ئیتر چی ماوە بیکەن؟ ئەوە نییە دەوڵەمەندە دزەکانتان بەر لەر مردنیان مزگەوتێک دەکەنەوە وا دەزانن بەوە خوا دەخەڵەتێنن؟