هەڵوێستى دووفاقانەى ڕۆشنبیران و سەندیكاى ڕۆژنامەنوسان لە بەرامبەر وێران و پێَغەمبەران و لڤین و بارزانى
Thursday, 12/08/2010, 12:00
كە گۆڤارە وێرانەكەى سێبەرى بنەماڵە بابەتێكى پڕ سوكایەتى ئاشكرا لەسەر نێردراوانى خواى گەورە بەتایبەت پێغەمبەرى ئیسلام بڵاوكردەوە دواتر یەكگرتووى ئیسلامى وەك حزبێكى ئیسلامى كە نوێنەرایەتى چینێك لە كۆمەڵگا دەكات بەیاننامەیەكى ناڕەزایى لەڕێگەى مەكتەبى ڕاگەیاندنەكەیەوە بۆ ئیدانەكردن بە سوكایەتى كردن بە رموزە دینیەكان لەو گۆڤارە وێرانە كرد ,دار و بەرد هاتنە قسە و ئەم هەڵوێستەى یەكگرتووییان بە خەتەرێكى زۆر گەورە ناوبرد بۆسەر ئەمنى حەیاتى نوسەران و ڕۆشنبیران و ڕا و بۆچونى ئازاد.
دواتریش كە بەشێك لە مامۆستایانى ئاینى لە مزگەوتەكانەوە وەك ئەركى سەر شانى ئەوان كە بەرگرى كردنە لە ئاین و ڕونكردنەوەى ڕاستیەكان و گەیاندنێتى بەخەڵكى بەهەمان شێوە ئیدانەى ئەو نوسینانەى گۆڤارى وێرانیان كرد,ئەم جارە نەك هەر حزب و بنەماڵە و دار و دەستەى ئەوان بەڵكو ڕۆشنبیرانیش كەوتنە هەڵەوە و كەمپینیان لە دژى یەكگرتووى ئیسلامى و مامۆستایانى ئاینى دروستكرد ,پێیان وابوو ئیدانەكردنى ئەو جۆرە نوسینانە لە مینبەرى مزگەوتەكانەوە فەتوادانە بەحەڵاڵ كردنى خوێنى ڕۆشنبیران دژایەتى كردنى بیر و بۆچونە ئازادەكان و ڕێگرتنە لە ڕاى ئازاد.
سەندیكاى ڕۆژنامەنوسانیش لەڕێگەى لیژنەى بەرگریكار لە ڕۆژنامەنوسان بەیاننامەیەكى ئیدانەكردنى بۆ هەموو ئەو كەس و لایەنانە بەتایبەت مامۆستایانى ئاینى و یەكگرتووى ئیسلامى دەركرد ڕایگەیاند ئەمە ڕێگرتنە لە بیر و ڕاى ئازاد و ڕێگرتنە لە ئازادى ڕادەربڕین.
بەڵام كە گۆڤارى لڤین دەقى چاوپێكەوتنەكەى ئەو كابرا مێژوو نوسەى كەكەس لێى تێ ناگات هەر ڕۆژە و لە ئاوازێك دەخوێنێت و لەكوێوە باى بێت ئەو شەنى خۆى دەكات بڵاوكردەوە وتبووى مەلا مستەفا بارزانى هەوڵى ڕووخاندنى كۆمارى مهابادى داوە ئەمجارە پارتى تەنگەوتاوبوو بەو بابەتە هەرچەند خۆى لەسەر بەهانەیە بە میدیاى ئەهلى بەتایبەت لڤین سادەترین بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە تۆماركردنى داوایەكى یاسایى بوو لەسەر ئەو گۆڤارە بەناوى مەسعود بارزانى و داواكارى پارتى و حزب و بنەماڵە (عەفوەن داواكارى گشتى)لەسەر ئەوەى كفرێكى گەورەى كردبوو باسى لە موچە خەیاڵییەكەى سەرۆكایەتى پارتى كردبوو.لەم دادگا عەجیبەشدا بەیاسایەك سەرنوسەرى ئەو دادگایە دادگایى دەكرێت كە لە مێژە الغا كراوەتەوە,ئەمە لەكاتێكدا یاسایەكى تایبەت بەكارى ڕۆژنامەنوسیش هەیە كە پێویستە كار بەو یاسایە بكرێت وەك پرنسیبێكى یاسایش كە یاساى تایبەت هەبوو كار بە یاساى گشتى ناكرێت (الخاێ یقید العام).
بەهەرحاڵ ئەمجارە دەسەڵات لە ڕێگەى تاقمێك مافیا ئاسا كەوتنە بڵاوكردنەوەىە هەڕەشە لە ستافى ئەو گۆڤارە و بەناو مەلاكانیش لە مینبەرەكەى ڕەسولەڵاوە داواى داخستنى ئەو گۆڤارەیان كردبوو لە حكومەت ئەمە گوایە ئەو گۆڤارە سوكایەتى بە رموزى نەتەوەیى كردووە ,یەكێتى زانایانیش و سەندیكاى بەناو ڕۆژنامەنوسانیش كە لەكاتى سوكایەتى كردنەكەى گۆڤارى وێران بە پێغەمبەر نەكەوتبووە گڕوگاڵ ئەمجارە لەبەرامبەر گۆڤارى لڤین زمانى پژاوە و شتى غەریب و عەجیب دەڵێت كە من خۆم وامزانى ئاسایشى پارتى ئەو بەیاننامەیەى دەركردووە تا دواتر لە كۆتایدا ئاماژە بەلایەنى ئیدانەكار درابوو تێگەیشتم !!!!
ڕۆشنبیرانیش كە كەمپینیان لە دژى ئەو مامۆستا ئاینیانەى ئیدانەى سوكایەتى كردنەكەى گۆڤارى وێران كردبوو پێكهێنابوو ,بەبیانووى ئەمە مەترسى بۆ سەر ژیانى ئەو بەناو نوسەر و ڕۆشنبیرانە هەیە لەكاتێكدا هەرگیز مامۆستایانى ئاینى فتواى حەڵاڵكردنى خوێنى كەس نادەن بەڵام ئەمجارە بە نوێژى نیوەڕۆ بەیاننامە لە دژى گۆڤارى لڤین و هەڕەشە لەسەر ژیانیان دروست دەكرێت كەچى تێناگەم ئەو ڕۆشنبیرانە لە كوێن كە كەمپینیان بۆ پاراستنى پیاوانى بنەماڵە لە ستافە وێرانەكەى گۆڤارى وێران پێكهێنا ئەى بۆ بۆ لڤین خۆتان كردۆتە كەڕەى شەربەت ؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟!!!!
لەكاتێكدا ئەوەى گۆڤارى لڤین هیچ بەرپرسیارێتیەك لەسەر ئەو نیە چونكە ڕا و بۆچونى تایبەتى خۆیانى نیە بەڵكو قسەى كەسێكە و لەمیانەى دیمانەیەكى ڕۆژنامەوانیدا گواستویەتیەوە بەڵام ئەوەى وێران كۆمەڵێك قسەى هەلەق و مەلەق و درۆ و بوختانى هەڵبەستراوبوو بە كەسایەتى نێردراوانى خوا .
ئێستاش كە سەندیكاى بەناو ڕۆژنامەنوسان خۆى لێ كردوینە محامى بنەماڵە و بەیاننامەى ئیدانە كردنى ئەو گۆڤارە دەردەكات ڕاستە لە چاو ناوەكەیدا سەیر و سەمەرەیە بەڵام بۆ سەندیكایەكى حزبى هەر ئەوەندەى چاوەڕوان لێ دەكرێت و بەم بەیاننامەیەشى ڕووى ڕاستەقینەى خۆى زیاتر دەرخست و گومانەكانى ئێمەشى كردە ڕاستى بەخۆى .
ئەمە لەكاتێكدا ئەركى ڕاستەقینەى ئەو سەندیكایە ئەوەبوو كە بەرگرى لە گۆڤارى لڤین بكات و ئیدانەى مافیاكانى حزب بكات كە هەڕەشە لە ستافى ئەو گۆڤارە دەكات و داواى پاراستنى ژیانیان بكات هەروەك چۆن لەوەى گۆڤارى وێران هاتە قسە ,یان خۆزگە هەر قسەى نەكردایە و نەهاتایە قسە و ئەو سەندیكا هەڵوێستەمان ئەو هەڵوێستەشى هەر نەبوایە زۆرباشتر بوو,وەك لەو هەڵوێستە حزبیى ئێستاى !
جا دوا قسەى من هەیە ئەگەر سوكایەتى كردن و درۆ هەڵبەستن بۆ نێردراوانى خواى گەورە ئازادى ڕادەربڕین بێت و ئیدانە كردنى هەڕەشەكردن بێت لەسەر ئازادى ڕادەربڕین ,ئەى باسكردنى مێژوویەكى ڕاستەقینەى كەسێكى حزبى و بنەماڵە بۆ دەبێت كفر بێت و بە سوكایەتى كردن بە رموزى نەتەوەیى ناوببرێت ,هەڕەشە بكرێت لە ژیان و ڕۆحى ئەو كەسانەى كە لەو شوێنەدا كار دەكەن لەسەرى .!!!!!!!!!!!
ئەى ئەو ڕۆشنبیرانە كوان كە كەمپینیان بۆ بەرگرى كردن لە ئازادى ڕادەربڕین پێكهێنا؟كەچى ئێستا بۆ بەرگرى كردن لە ژیان و ڕۆحى ستافى گۆڤارى لڤین و هەموو ئەو سەركۆنەو سەرزەنشتانەى سەندیكا و شوێنە حزبیەكان لە دژى ئەو گۆڤارە بەرپایان كردووە هەڵوێستێك كەمپینێك یان وەك دەوترێت ئەزعەف ولئیمان بەیاننامەیەك بەناوى كۆمەڵێك لە ڕۆشنبیرانەوە دەربكەن !!!
ئایا ئەم هەڵوێستانە ئەگەر هەڵوێستى دووفاقى نەبێت ئەى دەبێت چى بێت و بەچى خۆیان تەفسیرى بكەن ؟؟!!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست