کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چەند ئاماژەیەك بۆ ڕوداوەکانی ساڵی 2012 لەکوردستان

Sunday, 05/02/2012, 12:00



 
گەر ساڵی 2011 بەساڵی شۆڕش و بەهاری عەرەبی بناسرێ و کوردستانیش پڕیشکی ئەو شۆڕشانەی بەرکەوتبێ و ڕوداوەکانی 17 ی شوبات و ڕۆژانی دواتر بەشێکی گرنگی بن، ئەوا بێ گومان ئەم ساڵ تەواوکەرەکەی لەئاسۆوە گەلێ بەڕوونی ئەبینرێ و ئەبێ چاوەڕوانی ڕووداوی گەورەتر بکەین.

ئێشتا مانگی دیسەمبەری 2011 تەواو نەبوو بوو، کە ڕووداوی سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتو لەناوچەی بادینان دەستی پێکرد و جارێکی تر، پارتی لەڕێگای هێزو میلیشیاکانیەوە گەرەنتی بۆ هەموو لایەنە سیاسیەکان دووپایکردەوە، کەلەبادینان جگە لەپارتی هیچ هێزێکی تر ناتوانێ لەوێ کاری سیاسی بکا،، ئاخر ئەبوو یەکگرتو دوای سوتاندنی بارەگانی خۆی لەساڵی 2005 و کوژرانی چەند کادیرێکی و دواتر سوتاندنی بارەگاکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەساڵی 2011دا، دابخستایەو هەوڵی کردنەوەیانی نەدابایە، کەچی ئەفسوس ئەزمونیان لەمانە وەرنگرت ، هەروەك چۆن گۆڕانیش ئەزمونی لەسوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتو وەرنەگرت و وابەنیازە جارێکی دی لەژێر چەتری پارتی بیانەوێ کاری سیاسی بکەن.

هەر لەم مانگەداو تەنها 2 ڕۆژ بۆ تەواوبوونی مانگی دیسەمبەر، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی دەوڵەوتی تورکیای فاشیست و کوردکوژ،تەرمی40  هاوڵاتی کوردی باکووریان کردە دیاری سەری ساڵ بۆ گەلەکەمان، کەچی بەناو ، حکومەتی هەرێم کەلەکاتێکدا لە 19 ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا ، 26 جەندرمە ئەکوژرێن، مام و برازا بەجوتە نەك هەر ئیدانەی ئەم کارە ئەکەن، بەڵکە سەرزەنشتی هەموو بەرخودانێکی گەلەکەمان ئەکەن و بەکاری تیرۆریست ئەیناسێنن، کەچی بۆ کارەکەی دەوڵەوتی تورکیا نوزەیان نایەت و خۆیانی لێ بێدەنگ ئەکەن..لێ خۆشبەختانە شێرە کوڕو کچەکانی وەك (عوسمان بایدەمیر) و (لەیلا زانا) لەپەرلەمانی تورکیا بەدەنگی زوڵاڵیان ئەم کارەیان بەتوندی ئیدانە کردوو گەیاندیانە UN توانیان سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕیسوا بکەن، ئەگەر چی ڕاوەدونان و گرتن و ئەشکەنجەدانی چالاکوانان کۆتایی پێنەهات، لێ ئەمان هەڵمەتی کوردپەروەرانەیان بەردەوامە، ئەمە لەکاتێکدا بۆ ماوەی زیاتر لە 170 ڕۆژە دیداری ئۆچ ئالان قەدەغە کراوەو سەرۆکی کۆنسەش داوا ئەکا چی دی کەس خۆی بۆ ڕابەر نەسوتێنێ.

وەك دەستپێکێکی مانگی جانیوەری، کوردستان چەندین ڕووداوی سەیری لەخۆ گرت، لەمانە هەڵهاتنی گەورە تیرۆریستی عەرەبی سوونە، ئەویش ، تاریق هاشمی. کەچی لەجیاتی ئەوەی تاڵەبانی و بارزانی ڕەدەستی دادگاکانیان بکەنەوە، هەروەك چۆن لەوەو پێش داڵدەی چەندین تاوانبار و جاش و موستەشار و بەعسیان کردۆتەوە، ئەوا بەهەمان شێوە تا هەنووکە ئەم تاوانبارە لەسەر خاکی کوردستان و بەپارەی کورد لەقەڵاچوالانی پایتەختی بابانەکانەوە چوار مشتەقی پاڵی لێداوەتەوەو ئەلەوەڕێنرێ،، کەبەمەش جگە لە سومعە(ڕۆمەت)ی گەلی کورد، سەرکردەکانی ئەوەندەی تر ڕیسواییان بۆ تۆمارکردین، ئاخر هەر ئەم مانگە کوردستان پۆست هەواڵی تیرۆریست و تەقەکەرەکانی ئەمنە زەردەکەی بڵاو کردەوە کەلەسلێمانیەوە گواستراونەتەوە بۆ هەولێر و دهۆك بۆ زیاتر شاردنەوەیان و داڵدەدانیان.. کەچی هیوا ئەحمەد مستەفا لەکەناڵی زاگرۆس تیڤیەوە خۆی بە فریشتە و بێ تاوان ئەناسێنێ و ئەیەوێ هەموو تاوانەکان وەك قەزاو قەدەر هەژمار بکا.کەچی لەم لاشەوە دادگاکانی سلێمانی بەتەمای دادگاییکردنی برایمی کاکە ئەحەن و ئەیانەوێ لە بێتاوانەوە بیکەن بەتاوانبار . خۆشبەختانە بەهەوڵی دڵسۆزان و فشاری دەرەکی بۆ ماوەیەكی دی پرۆسەی دادگایکردنەکەی وەستێنرا.

دیارە هەر لەمانگی جانیوەریدا، هەواڵی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەلایەن نێچیرڤان جەختی لەسەر کرایەوەو دواتر یەکلایی کرایەوە، کەوەك دەنگۆی ئەوە لەئارادا بوو، نێچیر بەهۆی ڕووداوەکانی مانگی دیسەمبەرەوە ڕووی کردۆتەوە ووڵاتی ئەمریکاو نیگەرانە و نیازی نیە ئەو پۆستە وەربگرێ، بۆیە ئەمیش لەترسی ئەوەی بەدەردی زاواکەی سەدام(حسێن کامیل) کەلەدوای گەڕانەوەی لە ئۆردون ، یەکسەر (رەغدەی)یان پێ تەڵاق داو، دواتر لەلایەن (عەلی کیمیاو)ی و چەند کەسێکی ترەوە تیرۆریان کرد، نەچی. یەکسەر گەرایەوە بۆ کوردستان و پۆستەکەی قبوڵکرد. کەلەڕاستیدا ئەم کابینەی7 وە نەك هەر کارەکانی ناتوانێ بەڕیوەبەرێ، لێ لەهەمان کاتدا تووشی گەورەترین و قووڵترین قەیرانی سیاسی و ئابووری ئەبێتەوە، ئەوەتا لەئێستاوە بودجەی لە%١٧ کەمی کردوە بۆ %11.5 کەئەمەش هۆکاری بێکاری لە%11 بۆ لە%18 و زیاتر بەرز ئەکاتەوە. گەر ساڵی 2011 نزیکەی 300 هەزار بێکار هەبوبن، ئەوا ئەم ڕێژەیە لەساڵی 2012 ڕەنگە بگاتە سەرو 500 هەزار، جا بزانین چەند کەسی تر وەك (بەناز جەواد)کڵپە لەجەستی خۆیان بەرئەدەن لەبێکاری..جا ئەوسا ئەزانین نەك نێچیرڤان و هیچ کوڕێکی مەلا مستەفا و جێگرە گوێڕایەڵەکەی (عیماد سەیفوور)ی ئیلاعاتیش ناتوانن ڕێگە لە هەڵدانەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکی کوردستان بگرن

ئەوەی جێگەی تێڕامانە و تا رادەیەك گومانە، ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنە.. لەم هەموو ڕوداوانەدا کەچی بەشێوەیەکی یەکگرتوو نابینرێن و هەریەکەیان لەئاوازێ ئەخوێنێ، ئەوەتا لەم مانگی جانیوەری، عەلی باپیر وەك ئەوەی نوێنەری UNبێ کەوتۆتە سوڵحی عەشایرو ئەیەوێ یەکگرتو قایل بکا تا لەگەڵ پارتی ئاشت ببنەوە،، کەنێچیرڤان بەوە تۆمەتباریان ئەکا لەوەی هەموو دەرگاکانیان داخستوە. ئەمە لەکاتێکدا ئەبوو پارتی داوای لێبوردنیان بکردایە. نەك هەر ئەمەش دوای بڵاوبونەوەی ئەو کاسێت و دۆکیومێنتە مێژوییانەی لەلایەن مێژوونوس(قانعی فەرد)سەبارەت بەوەی مەلا مستەفا ووتویەتی؛ لەکوردستان لەخۆم زیاتر، کەس و حزب بوونی نیە. کەچی ئۆپۆزیسیۆن هیچ بەدواداچوون و هەڵوەست و لێکدوانێکیان نەبوو.

سەبارەت بەم هەموو ڕوداوانە کەچی سکرتێری پارتی(فازیل میرانی)لەچەندین بۆنەو کاتی جیاوازدا هەندێ لێدوانی وای ئەدا کە ڕەنگە بەس لەپارتی بوەشێتەوە، بۆ نمونە باسی لەو 30 هەزار چەتەیە کرد کەئامادەن خۆیان بۆ مەسعودی تەزویرچی بەکوژبدەن، کەبرادەرانی گۆڕان و ئۆپۆزیسیۆن هیچ هەڵوەستەیەکاین نەبوو ، کەئەبوو دواتر لەگەڵ نیچیرڤان کۆبونەوەیان نەکردایە و بایکۆتی دانیشتنیان لەتەکدا بکردایە.. کەچی وەك نەبایان دێبێ و نەباران.

هەر لەمانگی جانیوەری (قادر عەزیز)کۆنە زەحمەت کێشان، بڕیاری کردنەوەی دوکانێکی نوێی بۆ کاروباری بارزگانی لەژێر چەتری سیاسیدا دا نابەناوی (پارتی ئایندەی کوردسان) کەخۆی سکرتێر و سەرۆك و ئەندامە تیایدا، هیوای سەرکەوتن بۆ ئەم مافیا گچکەیە ئەخوازین و ئومێدمان گەورەیە کەزیاتر ڕیسواو چروكتر تربێ.

هەر لەمانگی جانیوەریدا و لەکۆتاییەکانیدا نەوشیروان مستەفا بڕیارێکی مەجلیسی سەورەی حزبی گۆڕانی دا بەفەسڵکردنی 4 ئەندام پەرلەمان، کەوەك خۆی ووتی ئەمانە مناڵن و هیچ ئەزموونێکیان نیەو هەموو هەڵەکانی گۆڕان لەماوەی2 ساڵی ڕابردوو وەك گۆزەیەك لەسەری ئەم 4 نەگبەتەدا شکایەوە کە تازە بۆنی دۆلاریان کردبوو، وویستیان وەك ئەندام پەرلەمانەکانی تر ڕەشکەیەك دۆلار لووش بدەن،کەچی بۆیان نەچوە سەرو هەر زوو لێیان سەندرایەوە.. ئاخر نازانین بۆ ئەو 4 کەسە نەهاتە دەنگ لەو هەموو کەم کوڕیەی نەوشیروان مستەفا لە یەکەمەین ڕۆژی دوای هەڵبژاردنەکانی 25/7 . بەڕاستی ئەم کارەی سەرۆکی مەجلیسی سەورەی گۆڕان ، جگە لەشاردنەوەی نووشست و هەڵەکانی خۆیان ، هیچی تر نەبو. ئەگینا کامیان گرنگترە ، ئەمەی ئەم ٤ ندی و پارەپەرستە، وەیان پشتێکردنە ڕۆڵەکانی شار لەکاتی ڕاپەڕینەکەی پارو ناساندنیان وەك (ئاژەوەگێڕ)، کامیان گرنگترە، ئەم 4 مناڵە سیاسیە، وەیان دەنگدان بەتاڵەبانی بۆ کردنەوەی بەسەرۆك و ناساندنی وەك سیمبول و دواتر هاتنە دەرەوە لە پەرلەمانی عێراقی لەبەرخاتری وورگ و چاولکەکەی. کەچی لەدیدارێکیدا ئەڵێ، گەر بەئارەزووی خۆم بوایە لەبری سیاسەت کارێکی ترم ئەکرد و خەریکی کاری ئەدەبی ئەبووم. ئەوەتا بانگەشەی پەرتووکێکی نوێی بەناو(بەدەم ڕێگاوە گوڵ چنین)م ئەدا بەگوێداو لەبیری چوە جگە لەکوردستان نەبێ، کە هونەرمەندو گورانی بێژ و ڕۆمانووس و چیرۆك نوسەکان کەخۆیان بەبێ لایەن هەژمار ئەکەن و پێیان وایە پێوستە کاری ئەمان لەگەڵ سیاسەت تێکەڵاو نەبێ.. کەچی لەهەموو دونیاو گەردوندا، کەم سیاسی هەیە لەکاری هونەریەوە خۆی بەدوور بگرێ و نەیەوێ کاری هونەریەکەی بۆ کاری سیاسی تەرخان نەکا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە