کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ئاڵیەڕەشی

Wednesday, 06/10/2010, 12:00


جاری یەکەم نییە لە تەلەفزیۆنی ئازادی کەناڵی هەولێر ئەو دیمەنە بەڵگەنامەی یە پەخشبکرێت کە دیمەنی شەهید کردن و دەستگیرکردنی سێ پێشمەرگەی قارەمان و فیداکاری حزبی شیوعیە لە بناری کۆسرەت لە ساڵی ١٩٨٩ ، لەلایەن جاشەکانی قاسمەکوێری کۆیە و قاسمەکوێر سەرکردایەتی ئەو پرۆسەیەی کردووە .
شەوی ٥ لەسەر ٦ ی ئەم مانگە دیسان هەمان دیمەن پەخشکرایەوە بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێکی لەگەڵ بێت یا شرۆڤەیەک ، لەوە دەچوو لە جیاتی دیمەنە بی شرۆڤەکانی کامێرای شاراوە ئەو دیمەنەش پەخش کرابێتەوە ، نازانم حیکمەت لە پەخشکردنەوەی ئەو دیمەنانە بەو جۆرە و بە موناسەبە و بێ موناسەبە چییە؟
نایشارمەوە ئەو شەوە کە بۆ چەندەمین جار بە بینینی ئەو دیمەنە تراژیدییە و لە هەمانکاتدا لێوانلێو لە ئازایەتی و گیانفیدایی ئەو پیشمەرگە قارەمانانە برینم کولایەوە ، لەئاست خۆراگری ئەو شەهیدە قارەمانانە کە لە سەرەمەرگدا و لە قورسترین چرکەی ژیاندا کە گیان لە دەستدانە ئامادەنەبوون دان بە هیچدا بنێن و بچوکترین سازشیان لەگەڵ قاسمە کوێر و جاشەکانی نەدەکرد ، بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەردەمیان کڕنۆشم برد و سەرم بەرزنەکردەوە.
لە هەمان کاتدا پڕ بە گەرووم نەفرەتم لەو دەستە ترسنۆک و سازشکار و گەندەڵەی ئەمڕۆی بەناو سەرکردایەتی حشک کرد کە لەکورسیەکانی ناو بارەگا گیریان خواردووە و بچوکترین سیفەتی شۆڕشگێڕی و تەنانەت ئەخلاقی کۆمەڵایەتیشیان تیا نەماوە ، هەر ئەمەش وایلێکردوون نە ئاوڕ لە مێژووی حزبەکەیان و نە قوربانیدانی پێشووتری شیوعییەکان بدەنەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٥ وە دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق بە رەسمی داوای ناوونیشان و بەڵگەنامەی تاوانەکانی قاسمەکوێری لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کردووە ، ئەوەی مێشێکی میوان نەبووە بەناو سەرکردایەتی حشک بووە ، لەپای تاوانی شەهید کردنی ئەو پۆلە پیشمەرگەیە و تەواوی تاوانەکانی تری قاسمەکوێر ، دەبوایە سەرانی حشک کەمێک زەحمەتبکێشن و سکاڵا بۆ ئەو دادگایە بەرزبکەنەوە و لەرێگای پارێزەرەوە دۆسیەی ئەو تاوانەش بخرێتە کارنامەی دادگای باڵای تاوانەکای عیراق ، هەر ئەو کاسیتە بەڵگەنامەییەی هەموو رۆژ برینەکانمانی پێ دەکولێننەوە بیگەیننە دەستی دادگا .
تەلەفزیۆنی ئازادی و سەرانی حشک باش دەیانزانی ماوەی چەند مانگە ئەو تاوانبارە هاتۆتەوە کوردستان و لە گوندی مەلا ئۆمەر لە ماڵی بارامی شێمەی هاروون پاشایانە دەژیت ، کەچی ورتەیان لێوەنەهات و تەنها جارێک لە کورتەی هەواڵەکانیشا باسیان نەکرد ، لەکاتی چوون بۆ گەشت و سەیرانەکانی بێخاڵ و جوندیان سەرانی حشک بەدەیان جار بەبەردەمی ئەو ماڵە تێپەڕیون کە قاسمە کوێری تاوانبار تیایدا دەژیا ، کەچی جارێک جورئەتیان نەکرد زوومی کامیرای تەلەفزیۆنەکەیان بەرەو شوێنی حەوانەوەی قاسمەکوێر بسوڕێنن و بە کەسوکاری شەهیدان بڵێن ئا ئەوەتا دڕندەترین تاوانباری ئەنفال و بکوژی دەیان پێشمەرگەی قارەمانی حزب و لایەنە کوردستانیەکان لێرەیە.
تەلەفزیۆنی ئازادی لەجیاتی کولاندنەوەی برینەکانمان بۆچی زەحمەتناکێشێت و بچێت لە پارێزگاری هەولێر بپرسێت ئەرێ تۆ لەسەر راسپاردەی کێ قاسمەکوێرت ئاگادارکردەوە کوردستان جێبێڵیت تاونبارێک لەناوچەی دەسەڵاتی تۆ چۆن ئەو هەموو جرت و فرتەی کرد و دەستگیرت نەکرد ؟
بۆچی ناچێت لە کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ بپرسێت ئەرێ چۆن رێگەتان بە تاوانبارێک داوە لەفڕۆکەخانەی هەولێر داببەزێت و هەر لەوێشەوە بڕواتەوە هەندەران لە کاتێکدا ١٩ سکاڵای یاسایی لەدژی تۆمارکراوە و بۆ دەستگیرتان نەکرد؟
تەلەفزیۆنی ئازادی لە جیاتی کولاندنەوەی برینەکانمان بابچێت هەواڵی کەمپین و ناڕەزایەتییەکان لە دژی قاسمە کوێر بگوازێتەوە ، لەجیاتی ئەوە با بەرەسمی حشک پشتیوانی خۆی بۆ ئەو کەمپین و ناڕەزایەتییانە رابگەیەنێت ، نەک هەموو رۆژ بە پەخشکردنەوەی ئەو دیمەنە خوێ بەسەر برینە ساڕێژ نەبووەکانمانەوە بکەن .

 






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە