رووداوی سەیر: لە بەرەکانی شەڕدا پێشمەرگەکان بۆیان نییە، بچن لەو شوێنە دەست بەئاوبگەیەنن، کە بەرپرسێک لێێ دادەنیشێت!
Monday, 01/09/2014, 12:00
ئەمە ژیانى پێشمەرگەیە، خۆم لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕەکە بووم، لە ناوچەی کوباشی لە نێوان سەعدیە و جەلەولا، پاش هێرشەکە بەرزاییەکانی سەعدیەمان پاککردەوە لە چەکدارەکانی داعش، چەند هاوڕێیەکمان شەهید بوون، چەند هاوڕێیەکی ترمان بریندار بوون، شوێنەکەمان بە تەواویی پاککردەوە، دوای ئەوە بە چەند رۆژێک کە جادەکەی پان بوو، ئیتر پلەدارە سەربازییەکان هاتن و بە کەش و فشەوە خۆیان بەسەرماندا با دەدا، پاش ئەو هەموو شەڕ و کوشتارە هەموومان برسی و تینو، زۆر گەرمیش بوو، پاشان بردیانین بۆ بەنزیخانەکەی کوباشی بۆ پاسەوانییکردنی پلەدارە سەربازییەکان، کە چوینە ئەوێ لیوا کاکە مەندی لێ بوو، هەر لە دوورەوە فەرمانی دەردەکرد، ئێمە هەتا رۆژ دەبووەوە پاسەوانی کاکە مەند بووین، سەرباری ئەم هەموو هیلاک بوونمان.
ئەو شوێنە تەنها یەک ئاودەستی لێ بوو، ئەو بەیانییە پێشمەرگەیەک چوو دەست بە ئاو بگەیەنێت، لەو کاتەشدا لیوا کاکە مەندیش دەچێت بۆ ئاودەستەکە، کە دەبینێت پێشمەرگەکە لەسەر ئاو دەستەکە دانیشتووە، پێی دەڵێت: حەیوان نازانیت تەنها من بۆم هەیە بچمە سەر ئەو سەرئاوە؟
پێشمەرگەکەش دەڵێت: فەرمو گەورەم! ببورە!
هەرئەوەندە دەڵێت فەرمو گەورەم! ئیتر لیوا کاکە مەند دەست دەکات بە لێدانی و پاسەوانە تایبەتەکانیش بە هانایەوە دێن و دەست دەکەن بە تێهەڵدانی ئەو پێشمەرگە داماوە، کە هاتبوو گیانی خۆی بەخت بکات لە پێناوی مانەوەی دەسەڵاتی لیوا کاکە مەند و ئەو بەرپرسە ئەخلاق پیسەکانی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە!
ئەم رووداوەم بە باشزانی بۆ کوردستانپۆستی بنێرم، چونکە هیچ شوێنێکی تر ئازایەتی ئەوەیان تێدا نییە ئەم رووداوانە بڵاوبکەنەوە
پێشمەرگەی بەرەی جەنگ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست