کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


باشترین کاندید کێیە؟

Monday, 29/04/2013, 12:00









کۆمەڵگایەک کەلەسەر کۆیلەبونی خۆی یەکلایی بوو بێتەوە ، سیاسیەکان حەقی خۆیانە بەڕاست و چەپدا گەورەو بچوک نێرو مێیان سوکایه‌تیان پێ بکرێن !
 (چارلز بۆکۆفسکی)

هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو هەر کاتێک لە ڕادیۆکەی ئەوسای یەکێتی یان لە تەلەفزیۆن و رادێۆکانی ڕژێمی بەعس هەواڵی شەهید بوونی پێشمەرگە ڕابگەیەنرایە یان هەواڵی هێرشی دڕندانەی جاشو بەعس بۆ سەر گوندە ئازادکراوەکان ، ئەو کات دایە گەورەم بە قیژانو سنگ کوتانو خۆڕنین ئەکەوتە دوعا کردن لە سەدامو هەمیشە ئەیووت دەک سەدام ناوجەرگت بە خویناو بێتو مەیتی کوڕەکانت بە چاوەکانی خۆت ببینیت و جەرگت بسوتیت و لە ناوبچیت. ئەگەر چی دایە گەورەم بە دوو تەمەن لە سەدام گەورەتر بوو وە بەهێزی ئەوکاتی ڕژێم والێک ئەدرایەوە ئەو قسانە نەک خەوون بەڵکو خەیاڵیش نیەو هەرگیز نایەتەدی ! کەچی دایە گەورەم نەک ئەو ئاواتەی هاتەدی بەڵکو بۆ نەوەی نەوەکانیشی گێرایەوەو ئەوکات ماڵئاوای لێکردین. ئاخر تەمەنی دیکتاتۆرەکان زۆر زوو ئەڕوات وەک تەمەنی کۆمەڵگا نیە . کاتێکیش ئەکەونە بەردەست کۆمەڵگا هەموو کۆیللەکانیانو قەلەم کولوو کاسەلێسەکانو فیداییەکانیان ناتوانن بە هانایەنەوە بچنو سەرۆکو کوڕەکانیان بەتەنیا جێدەهێڵنو وەک تەماشەکەرێک سەیری مەرگی سەرۆکەکەیان ئەکەن . سەدام ئەوکات خۆی یەکللایی کردبۆوە کە خۆی سەپاندووەو تەنها دەبێت بە شۆڕش سەری پان بکرێتەوە ، خۆ ئەگەر سەدام وەک ئێستایی مەسعود دەرگایەکی لە نەیارەکانی بکردایتەوەو بەشداری دەسەلاتو فەسادیەکانی پێبکردنایە ئەوا بێشک حیزبە کوردیەکان دەچونە سەرئەژنۆو بەشداریان ئەکردو تەمەنی سەدامیان درێژ ئەکردەوە .
خۆ کاندید کردنەوەی (مەسعود بارزان)ی یان خۆ کاندید نەکردنەوەی بۆ پۆستی ولایەتی سەرۆکایەتی هەرێم ،بابەتی گەرمی ڕۆژانەی میدیاکانەو لەوێشەوە گوێزراوەتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا ، کۆمپانیا خۆ سەپێنراوەکانو کۆمپانیا ئۆپۆزسێۆنو ئۆپۆنیستەکان کە لە ڕێگای چەندین کەناڵی ڕاگەیاندنی زەبەلاح بەچەندین قەلەم کوول و بەرژەوەندی خواز کاری جدی لە سەر کۆمەڵگا ئەکەن تا زۆرترین کەس گەمژە بکەنو بیگەوجێنن . چەندین یاری قێزەونیان هێناوەتە ئاراوە بە جۆرێک هەموو ئەم یاریانە شەرعیەتدانە بە (مەسعود)و تاقمە مافییایەکەی و بەشداری کۆمپانیا ئۆپۆزسیۆنو ئۆپۆنیستەکانە لە دزینو تالان کردنی کوردستان. شوبهاندنی (مەسعود بارزانی) بەوەی کە ئەویش پیویستە وەک (نێڵسن ماندێلاو لویز لولا دا سیلڤا) لە پێناوی بەرەو پێشچوونی دیموکراسی واز لە پۆستەکەی بینێت ! ئەمە یەکێکە لە هەرە یاریە قێزەونەکان ، خۆ ئەگەر مەسعود خۆی کاندید نەکاتەوە کەواتە دەجێتە ڕیزی ئەوانەوە ؟ لەکاتێک لە مەملەکەتی ئێمە شتێک نیە ناوی حوکمەت بێت ئەوەی هەیە دیکتاتۆریش نیە بەڵکو کۆمەڵێک کۆمپانیای مافیایو بازرگانو وردە گروپی مافیایین ، ئەمە جگەلە ئەوەی مەسعود تاوانبارە بە خیانەتی نیشتیمانی و دەستی سورە بە خوێنی هەزەرەها ڕۆڵەی کوردو یەکێکە لە گەورە دزەکانی جیهان کە سەروەتو سامانی وولاتەکەی بۆ خۆی و گروپەکەی مۆنۆپۆل کردووە . یان کەسانێک دێنو باس لە یاسا ئەکەن کە نابێت بە پێی یاسای پەرلەمان خۆی کاندید بکاتەوەو ماوەی یاسایی تەواو بووە ! هەر ئەم خەڵکانە چەندین ساڵە قسە لەسەر ئەوە ئەکەن کە لەو نیشتیمانەی ئێمە شتێک نیە بە ناوی یاساوە ، کەواتە گەر مەسعود یاسا جێ بە جێ بکات ئەوا وولاتەکەمان یاسا تیا بەرقەرارەو چەندین سالە خەلک درۆو بوختان ئەکات کە ئەڵێت یاسا نیە ؟!تەواوی ئەم یارییە گڵاوانە پاشەکشێیە بە خەڵکی و چەواشەکردنی خەڵکەو هەوڵدانە زۆرترین خەڵک بەرنە سەر سندوقەکانی دەنگدان تا شەرعیەت بەو کۆمپانیا مافیاییانە بەن درێژە بە دەسەڵاتەکەیان بەنو خۆشیان زۆرترین کاندیدیان دەربچێت تا زۆرترین پشکی دزیو تاڵانی کوردستانیان بەربکەوێت .
من لە وولاتێکی فیدڕاڵی پەرلەمانی ئەژیم هیچ هەرێمێک بۆی نیە سیستەمی سەرۆکایەتی هەبێت بەڵکو تەواوی هەرێمەکان دەبێت پابەندی سیستەمی پەرلەمانی بن ، بە مەرجێک ئەم وڵاتە تاکە وڵاتە خاوەنی دەستور نیە . هەر بەو پێیەی (مەسعودو جەلال و نەوشیروان) کوردستانیان لە عێراق مارە کردەوە بە ناوی عێڕاقی فیدڕاڵی ، دەستوری عێراق سیستەمێکی پەرلەمانیە لە هیچ کوێی دنیا نەبووە هەرێمێک سیستمی سەرۆکایەتی جێ بەجێ بکات ! کۆمپانیا ئۆپۆزسێۆنو ئۆپۆنیستەکان ئەگەر ڕاستیان ئەکرد دەبوو هەر لە یەکەم بەشداریان لە (25-07-2009) بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیان نەکردایە ، خۆ کە بەشداریشیان کرد دەبوو بە هیچ جۆرێک دان بە (مەسعود بارزانی) وەک سەرۆکی هەرێم نەنێن و هیچ مامەڵەو دانیشتنو گفتوو گۆیەکی لەگەڵ نەکەنو گوێ بە هیچ داواو بڕیارێکی نەدەنو بەشداری هیچ کۆبونەوەیەکیان نەکردایە . ئێستاش بە هەمان شیوەیەیە ئەگەر ڕاست ئەکەن بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن نەک بە دوای کاندیدا بگەڕین ، ئەمە هەمووی یاریکردنە بەخەلک ئەگەر ئێوە برواتان بە سیستەمی پەرلەمانی هەیە بۆ بە دوای کاندید ئەگەڕێن ؟ ئەگەر ئیوە ڕاست ئەکەن بۆ ناچن لە دادگای سەربەخۆی عێراق شکات بکەن ؟ خەڵکی کوردستان دەبێت باش لەوە تێبگات کە هیچ سیستەمێکی سەرۆکایەتی لە هیچ شوینێکی دنیا سەرکەوتنی بە دەست نەهێناوەو دیکتاتۆریەتی بەرهەم هێناوە بە ئەمەریکاشەوە دەتوانم دەیان فاکت بهێنمەوە ئەوەی لە ئەمەریکا هەیە دیکتاتۆریە تەنها دەموو چاوەکان ئەگۆڕن ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە درێژای میژوو خۆی لەم جۆرە سیستەمانەیە ئەبینیتەوە هەمووتان دەرەنجامەکانی ئەزانن ، من لەو عەقلانە ئەترسم کە خەون بە کورسیو ناو ناوبانگەوە ئەبینن لە ماوەی رابردوو ئەوانەی لەگەڵ مەسعود خۆیان کاندید کرد لە غەیری خزمەت کردن بە (مەسعود)و شەرعیەتدان پێی هیچیتریان بەرهەم نەهێنا ، تەنانەت دەریش نەچوو بوون حەزیان ئەکرد وەک سەرۆک بانگیان بکرێت هەر خۆیەتی و حەز ئەکات بە ناوی نوسینگەوە قسە بکات ئەوە ئەو عەقلیەتەیە کە هیچی بە دەست نیەو بەلام وەک مەسعود بیر ئەکاتەوە . گریمان (مەسعود) خۆی کاندید کردوو لە هەڵبژاردنەکان دۆڕاندی چی ئەگۆڕێت ؟ لە کاتێک هیزی میلیشیایی تایبەت بە خۆی هەیە ، ئاسایش و پۆلیسو چی دامو دەزگای حوکومیە لە ژێر دەستی خۆیەتی سەروەتو سامانی ولات لە ژێر دەستی خۆیو دەستو تاقمەکەیەتی ، ئەم سەرۆکەی دیتە شوینی چی پێئەکرێت ؟ ئەبێت لە نوسینگەکەی دابنیشیت بڵێت ئەم نانە بەو ڕۆنە . خۆ ئەگەر خۆی کاندید نەکات چی ئەگۆڕێت ؟ مەسعود هەر لە سنوری خۆی سەرۆکەو هەموو ئەو شتانەی باسمان کرد هەر لە دەستی خۆیایەتی . دوای ئەوە لە ووڵاتێک کە دارو بەردی ولات بە دەستی ئەم گروپە مافیایانە بێت کێ شانسی دەرچوونی هەیە ؟
ئەو کۆمپانیا بازرگانو مافیایانە دەبێت بڕوخێنرێن ئەو ڕووخانەش بەکۆمپانیای ئۆپۆزسێۆنو ئۆپۆنیستی ناکرێت ئەوان بەشێکن لەو لەو ژینگە پیسەی ئێستا پێکەوە مەلەی تیا ئەکەن و پێکەوە ئەیپارێزن، تەواوی ئەم یارییانە بۆ گەوجاندنی تۆی هاولاتی و بەشداری پێکردنە لەم گەمە گڵاوییە بە قازانجی خۆیان تا لە سەر قوتی تۆ بلەوەرین ، تۆی هاولاتی دەبێت بە ئاگابیتو نەچیتە خزمەتی ئەم یاریانەو خۆت نەگەوجینێت ، بایکۆتی تۆ لەم هەڵبژاردنە باشترین وەلامە کە تۆ بەمانەی بدەیت و یەکەم هەنگاویشە بۆ نزیک بوونەوە لە ڕووخانی ئەمانە ، تەماشای هەموویان بکە بە یەک چاو ئەمانە هەموویان رووی یەک دروای قەڵبن دەنگدانت بە هەر لایەک خزمەتە بە بنامالەی بارزانی و ‌تالەبانی تۆ لە دەرگاکەوە هاتویتە دەرێ نەوشیروان لە پەنجەرەکەوە ئەتخاتەوە باوەشیان .
دەبیت خەڵک ئەوە باش بزانێت کە پارتی و یەکێتی بە دەستی ئیڕان تورکیا هەڵئەسوڕین ، وە ئەو ولاتانە چەندین حیزبی وەک (کۆمەڵ یەکگرتوو گۆران)یان دروست کردووە تا وەک قەڵغان ئەوان بپارێزێت ، لە هەر ئەگەرێکی ڕوخانیشیان ئەم هێزانە شوێنیان بگرێتەوە . واتا ئەگەر تۆ وشیار نەبێت وەک مەسەلەی کەرەکەت لیدێت (ساحێب بار بارت لێبنێت یان دزەکان بارت لێبنێت هیچ ناگۆڕێت تۆ هەر بارگیریت) . بۆیە هەوڵی خۆ وشیار کردنەوەت بدەو دیدگای خۆت بگۆڕە بەرامبەر ئەمانە تەنها شۆڕش ئەتوانێت ئەمانە ڕامالیت شۆڕشیش تۆ دەتوانیت بەرپای بکەیت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە