رەنگە هەڵبەست سەڵاح وەك هەردى براى فەسڵ بكرێ
Tuesday, 03/02/2009, 12:00
2102 بینراوە
سەرچاوەیەكى ئاگادار تایبەت بە (میدیا)ى راگەیاند، هەڵبەست سەڵاح بەبێ هیچ مۆڵەتێكى یاسایی مانگێكە دەوامى پەیمانگاى هونەرە جوانەكانى نەكردووە، بەرێوەبەرى پەیمانگا هەواڵەكەى پشتڕاست كردووە و رایگەیاند، ئەگەر لە ماوەیەكى دیكە دەست بە كار نەكاتەوە ئەوا فەسڵ دەكرێ.
ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوى ئاشكرا بكرێ و رایگەیاند، هەڵبەست سەڵاح بە هۆكارى كۆنسێرت كردن لەگەڵ هەردى براى چووەتە دەرەوەى وڵات و بەبێ مۆڵەت مانگێكە دەوامى فەرمى خۆى نەكردووە، لەو بارەیەوە فەرهەنگ غەفوور بەرێوەبەرى پەیمانگاى هونەرە جوانەكانى شارى هەولێر گوتى "هەڵبەست سەڵاح لاى ئێمە مامۆستایە و بە داوەت نامەیەك چووەتە دەرەوەى وڵات، بەبێ هۆ لە كارەكەى خۆى پچڕاوە، چونكە هەر مامۆستایەك دەتوانێ هەفتەیەك مۆڵەت وەربگرێ، بەڵام هەڵبەست مانگێكە لە كار دابڕاوە و نە هیچ مۆڵەتێكى وەرگرتووە و نە ئێمەشى ئاگاداركردۆتەوە، بۆیە ئیجرائاتى یاسایى خۆمان كردووە و راپۆرتى دەوام نەكردنەكەى بۆ بەرێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى هەولێر بەرزكردۆتەوە"، هەرچەندە دەرئەنجامى راپۆتەكەى پەیمانگا نەگەڕاوەتەوە، بەڵام بەرێوەبەرى پەیمانگا ئاماژەى بۆ ئەو كرد ئەگەر لە ماوەیەكى دیارى كراوە دەست بەكار نەكاتەوە، ئەگەرى فەسڵكردنى هەیە و گوتى "بەپێى رێنمایەكانى پەروەردە مامۆستا ئیجرائاتى لەگەڵ دەكرێ، ماوەى یاسایى خۆى هەیە و ئەگەر لەو ماوەیەدا دەست بە كار نەكاتەوە ئەوا فەسڵ دەكرێ".
سەرچاوەكە ئەوەشى ئاشكرا كرد لە مانگى 3ى ساڵى پار جارێكى دیكە ناوبراو 20 رۆژ بەبێ مۆڵەت دەوامى نەكرد، بەرێوەبەرى پەیمانگاش رایگەیاند، لە مووچەكەیدا پارەى لێ بڕدراوە.
جێگاى ئاماژە پێكردنە هەر لەو ساڵدا بە هۆى دەوام نەكردنەوە، هەردى براى هەڵبەست سەڵاح لە كۆلیژى هونەرەجوانەكان دوورخرایەوە و مافى خوێندنى بۆ ئەو ساڵ لێ سەندرایەوە.
- هەولێر/