لە یادی دامەزراندنی پەچەدەكە و راپەڕین و 8ی مارسدا ئەرك و مافەكانمان چین؟
Sunday, 08/03/2009, 12:00
1988 بینراوە
پارتی چەرەسەری دیموكراتی كوردستان لە حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆدا لەنێو هاوكێشە سیاسییەكاندا كام جێگای گرتووە، لەو حەوت ساڵەی تێكۆشانی خۆیدا چ پەیامێكی بەگەلی كوردستان و گەلانی ناوچەكە گەیاندووە؟ پرسیاری هەرە بەرچاون بۆ پارتی چارەسەری، ئاشكرایە كە پارتی چارسەری دیموكراتی كوردستان لەسەر میراسێك دروست بووە كە زیاتر لە 30 ساڵە بەشێوەیەكی ئاكتیڤ تێكۆشانی نەتەوەیی و دیموكراتی دەكات. كاریگەری و ئەنجامی ئەو تێكۆشانە پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانی ئافراندووە، پارتی چارەسەری لە تێكۆشانی نەتەوەیی دیموكراتیدا چارچەیەكی سروشتییە و ئەنجامی نزیكایەتی و تێگەیشتنی نەتەوەیی و دیموكراتی گەلی كوردستانە.
خۆ رێكخستن و چالاكییەكانی لەنێو ئەو تێكۆشانەدا بەستراتیژی نەتەوەیی و دیموكراتی بەڕێوە دەبات. بەهێزی خۆی خۆی پێدەگەیەنێت و خۆی دەگەیەنێتە هەركەسێك و تێكۆشان و هەبوونی هەركەس و نەتەوە و گروپێك لەسەر بنەمای دیموكراتی دەپارێزێت و پێشدەخات.
پارتی چارەسەری دەسەڵات ناكاتە ئامانج، بەچەمكی دەسەڵات نا، بەچەمكی خزمەت كار دەكات. بۆ ئەوەش ئیمكان و دەرفەتی كۆمەڵگا رێكدەخات و پێشدەخات و بەگوێرەی پێویستی هەڵسوكەوت دەكات و كۆمەڵگا دەكاتە ئیرادە و هێز. بەوشێوەیە لەگەڵ ئەوەی كە یادی راپەڕینە شكۆدارەكەشە، رۆحی سەركەوتنی گەل و هەڵمەتی سەرتاسەری سەرهەڵدانی گەلەكەمان فێرە سەركەوتنی راستەقینەی كردین و لەو رۆژەدا دەسەڵاتی گەلی كوردمان بینی، كە چۆن پەلاماری بەعسی فاشیست دەدەن و دەسەڵات و حكومەتەكەی تارومار دەكەن. ئەو دەسەڵاتەی كە خۆی كردبووە ئەفسانەیەكی هەتا هەتایی و هەر وشەیەكی گەورەترین و پیرۆزترین فەرمان بوون.
گەلەكەمان لە باشووری كوردستان توانی ئەو تارماییەی دەسەڵاتی بەعسی فاشیست بە ئیرادە و هێزی خۆی رووناك بكاتەوە. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە گەلەكەمان لەباشووری كوردستان ئەو ئەزموونەی بەدەست خستووە و دسەڵاتی فاشیست پەسەند نەكات، بەڵام نەبووەتە خاوەنی ئەو ئەزموونەی كە بەشێوەیەكی دیموكراتی دەسكەوتەكانی خۆی بپارێزێت، ئەو دەسكەوتانەی كە راپەڕین خوڵقاندی رادەستی دەسەڵاتێكی دیكەی كردەوە. ئەگەر پێشتر لەبەرامبەر دەسەڵاتی بەعسی فاشیست بۆ دەڕبڕینی ناڕەزاییەكانی لە شاخەكانی كوردستان دەبووە پێشمەرگە، پێویستە ئێستا تێكۆشانی دیموكراتی بكات، مافەكانی خۆی بسەنێتەوە. پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لە ساڵیادی خۆیدا كە ساڵیادی راپەڕینیشە، دەیەوێت ئەو پەیامە بدات كە بەتێكۆشانی دیموكراتی دەسەڵاتی گەل دەگەڕێنێتەوە و دروستبوونی پارتی چارەسەریش بۆ ئەوە بووە. ئەگەر شەڕی براكوژی، گەندەڵی، پارچەگەرێتی لە باشووری كوردستان هەیە و دەستكەوتەكان گەرەنتی نەكراوە، ئەوا تێكۆشانی دیموكراتی و نەتەوەیی كەم ماوە و پێویستی بەتەواوكردن هەیە، بەتێكۆشانی دیموكراتی و نەتەوەیی ئەو كارەساتانە پووچەڵ دەكرێنەوە.
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بەرهەمی تێكۆشانی نەتەوەیی و دیموكراتییە، توانیویەتی بە ئایدیۆلۆژیا و فكری رێبەر ئاپۆ جێگەی خۆی لەو تێكۆشانە بگرێت و ببێتە خاوەن بەرهەم و بۆ ئەوەش لەنێو هەوڵدانی بێوچاندایە.
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان پارتی ژنە، لەبەرئەوە تێكۆشانی رەگەزی وەكو ئەركی دیموكراتی سەیر دەكات، ئازادی كۆمەڵگا لە ئازادی ژندا دەبنێتەوە، لەم بارەیەوە دەتوانرێت بگوترێت ئەو هەوڵدانەی كە لە مەیدانی كرداریدا كراوە نەیتوانیوە پێش لە خۆكوژی و سوتاندنی ژنان بگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەنێو تێكۆشانێكی بەرچاودایە. لەم یادە پیرۆزەشدا كە هەمان هەفتەی 8ی مارسیشە چەندە تێكۆشانی ئازادی رەگەزی كراوە، پارتی چارەسەریش ئەوەندە خاوەن هێزی رەسەنی خۆیەتی. هۆكاری ئەوەی كە لەناو پارتی چارەسەریدا تێكۆشانی رەگەزی بە باوەڕییەوە دەكرێت، بۆ ئەوەیە كە باوەڕی لە نێو كۆمەڵگادا بگەڕێتەوە، چونكە لە ئەنجامی بەلاوەنانی رۆڵی ژن لەنێو كۆمەڵگادا، بێ باوەڕی و بی مۆڕاڵی لە ناو گەلەكەماندا پێشكەوتووە و ئەمەش كۆمەڵگای لاواز و پارچە كردووە و دەستی دەسەڵات و دەسەڵاتی پیاو سالاری بەهێز كردووە. لەبەرئەوە لەتێكۆشانی ئازادیدا وەكو پرەنسیپ سەیری ئەو مەسەلەیە دەكرێت. تێكۆشەری ئازادی بەهەمان هێز و توانایی خۆیەوە كە تێكۆشانی نەتەوەیی دەكات، تێكۆشانی رەگەزیش دەكات. جا ئەمە چ ژن بێت یان پیاو. ئەمەش پێناسەیەكی نوێ لە تێكۆشانی نەتەوەیی دیموكراتی دەردەخاتە پێش.
ماوەتەوە بڵێین لە پێشماندا دوو هەڵبژاردنی گرنگ هەن یەك لە باكوور ئەویتریان لەباشووری كوردستان. پێویستە لەباكوور پشتیوانی بۆ دەتەپە پێشبخەین و لەباشووریشدا پیشتگیری لە پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بكەین و رێگە نەدەین كە فەتحوڵڵاییەكان و سیخوڕەكانی توركیا و ئێران یاری بە چارەنووسی نەتەوەكەمان بكەن. پێویستە خاوەن لە دەنگی ناڕەزایی خۆمان دەربكەوین نوێنەری ئەو دەنگە ببینە پەرلەمانی كوردستانەوە.