ماهییەتی هەڵبژاردن
Saturday, 16/05/2009, 12:00
2423 بینراوە
بە داخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ هێندەی ئیش لە سەر ناشیرینكرددنی وێنەی هەڵبژاردن دەكرێت، ئیش لە سەر جوانكردنی ناكرێت. زۆرێك بە شێوەیەك ئەو پرۆسەیە وێنا دەكەن كە هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر ئەزموونی كوردستان! هێندێكیش ئەو وێنەیە بە شێوەیەك لە زیهنیاندا درووست بووە كە بوونی لیستی جیاواز رەنگبێت دەستی دەرەكی لە پشتەوە بێت!
لە كاتێكدا ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنێكی بێ غەل و غەش نەك دەبێت بە مایەی هەڕەشە بۆ سەر هەێم و ئەزموونەكەی، بەڵكو هەم ئەزموونەكە دەوڵەمەند دەكاو هەمیش هەڕەشەكان و مەترسییەكان دەڕەوێنێتەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئەوە وەبیری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بهێنمەوە: ئایا مەبەستییان چییە لە بەشداریكردنییان لە پرۆسەی هەڵبژاردن؟ ئایا خۆیان خاوەنی ئیرادەی هەڵبژاردنن، یان دەبێت ئاراستە بكرێن؟ پێیان باشە گۆڕان لە كوردستاندا ئەنجام بدرێت یان ئەم دۆخە هەروەكو خۆی بمێنێتەوە؟! ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە بەڕای من تا ئێستا بێ وەڵامن! چونكە تا ئێستا ئەو خەڵكە بە شێوەیەكی تەندرووست لە ماهییەتی هەڵبژاردن نەگەیشتوون و بە شێوەیەك لەو پرۆسەیە دەڕوانن كە هێندەی عاتیفە كاریگەری هەیە بە سەریانەوە و ئیشی پێدەكەن، ئەقڵیان فەرامۆشكردووە. هێندەی بە چاوی گوومانەوە لە هەڵبژاردن دەڕوانن، باوەڕیان بە دەرەنجامەكانی نییە! ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەو تێڕوانینە سەقەتە لە دەرەنجامی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئەزموونی هەڵبژاردنی ساڵی 1992 و ئەو وێنە شكاوەی ئەم پرۆسەیەی لە لایان درووست كردووەو بووە بە هۆكاری ئەوەی ئەوان وا خۆیان نەبینن كە دەتوانن ببن بە فاكتەری گۆڕان و لە واقیعدا بەرجەستەی بكەن! بۆیە گرنگە لەم ساتە وەختەدا خەڵكانی رۆشنبیر هەڵبستن بە بەستنی كۆڕو كۆبوونەوەو سیمینارو ئەوە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی روون بكەنەوە كە ئەوان لە نێو ئەم پرۆسەیەدا خاوەنی بڕیارن و دەتوانن سندووقەكانی دەنگدان بكەن بە سەنگی مەحەكی داخوازییەكانییان، چونكە ئەگەر ئەوان بە باشی لە چییەتی ئەم پرۆسەیە بگەن، كە بریتییە لە پرۆسەیەك كە ئەرزش بۆ ئەوان دەگەڕێنێتەوە و هەڵگری پەیامێكە بۆ دەسەڵات كە راستەوخۆ بە بێ دڵە راوكێ ئەوە دەدات بە روویدا ئەگەر هەر دەسەڵاتێك دادپەروەرو یاسا پەروەرو شەفاف نەبێت، ئەوە ئێمەین لە تواناماندایە كورسێكان لە ژێرتان رابكێشین و یەكێكی دیكە بهێنین لە شوێنەكەی ئێوە دایبنێین! ئەم پەیامە بۆ ئەو دەسەڵاتەشە كە دێتە سەر حوكم بەوەوە وا بەستەی دەكات كە بیر لەوە نەكاتەوە میللەت بە خزمەتكاری خۆی بزانێت، بەڵكو دەبێت ئەوان لە خزمەتی ئەماندا ببن! جگە لەمانەش ئەم پرۆسەیە ئەو لێكدانەوەیە رەتدەكاتەوە كە دەسەڵات لە نێو بۆتەی خێزانێك قەتیس بكاو تا دونیا دونیا بێت خەڵكی بە چاوی موقەدەسەوە لێیان بڕوانن!
گرنگە لێرەدا ئەوەیان بۆ روون بكەینەوە : ئایا كاتێك كە بۆشی كوڕ لە سەر كورسی حوكم لاچوو ئەمریكا وێران بوو؟! یان لاچوونی ئەو حزبە لە سەر كورسی حوكم داخوازیی میللەتی ئەمریكا بوو؟! ئایا ئەگەر بە چاوی سۆزدارییەوە لە كۆمارییەكانیان بڕوانیایە، دەیانتوانی دەنگ بە دیمۆكراتەكان بدەن؟! ئایا ئەمریكا بە باڵا دەست بوونییەوە جوانە، یان ئەوە ئەو دیمۆكراسیەتەیە كە ئەمریكای گەیاندە ئەم دۆخەی ئێستاو لە پێش چاوی جیهان جوانتری كردووە؟! خۆ هەر بە بڕیاری كۆمارییەكان دوو وڵاتی وەكو ئێراق و ئەفغانستان لە ژێر چنگی دوو رژێمی ستەمكارو دیكتاتۆر رزگار كراو گەورەترین سەروەریان بۆ وڵاتەكەیان تۆمار كرد، كەواتە لە زیهنیی میللەتی ئەمریكادا شەڕ و داگیركردنی وڵاتان و رزگاركردنی گەلان و فەرامۆشكردنی خۆیان كاریگەری ئەوە ناكاتە سەر هەڵبژاردنەكان، بەڵكو تاكە فاكتەر كە لە هەڵبژاردنەكاندا ئەوان ئیشی لە سەر دەكەن، بەرنامەی كاری ئەو حزبە و ئاستی تێگەیشتنی پاڵێوراوەكەو ئەو زوبانەی كە پێی دەدوێ و تێزی كارنامەكەیەتی، نەك هێندێك شتی سەر پێی و گەڕاندنەوە بۆ مێژووی درووستبوونی ئەو حزبەو سەروەرییەكانی، بەڵكو ئەوان داواكارییان لەو لایەنەی كەدەنگی پێدەدەن ئەوەیە لە داهاتوودا چییان بۆ دەكات؟!
بۆیە بە پێویستی دەزانم كە هەوڵبدرێت كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەم پرۆسەیە ئاشنا بكەین، تا هەوڵ بدەن لە رێی هەڵبژاردنەوە قسەكان و گلەییەكانیان بۆ واری پراكتیكی تەرجەمە بكەن، چونكە ئەگەر بە بێ بوونی ئیرادە بەشداریی لەم پرۆسەیە بكەن، ئەوا ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت كە جارێ ئێمە لە چییەتی هەڵبژاردن نەگەیشتووینەو ئەوە ئێمەین ناتوانین ئەزموون لە گەلانی خاوەن ئەزموونی راستەقینەوە وەربگرین!
[email protected]