کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی پەیەدەدا سۆسیالیزمی ڕاستەقینە دەبینم

Thursday, 05/06/2014, 12:00


خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، ماوەی سێ ساڵە چونەتە نێو خەباتی شۆڕشگێڕانە دژی کۆی پایەکانی دەوڵەتی فاشیستی بەعسی سوریا. ئەو دەوڵەتە دیکتاتۆریەی ماوەی چەند دەیەیە، ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی لە سوریا خستۆتە ژێر تەنگەژە و نەبوونی و سەپاندنی هەرچ ستەم و زۆرداریەکەوە هەیە. خەباتی خەڵکی چەوساوە، بۆ هەرساتێک لەوەستاندندا نیە، کاتێک ئاستی ناڕەزایەتی هەست پێ بکەیت لە نێو خەڵکی هەژارکراودا دژی ئەو هەلومەرج و ژیانەی هەیەتی، کە بەتاکێتیش بێت دەریبڕیوە. بەڵام ئەوەی تا ئێستا بۆ نەتوانراوە، خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی بەش مەینەت بە ئاکامی خۆی بگات، دیارە هەر تەنها تاوانەکەی ناگەڕێتەوە بۆ خەڵکە ڕاپەڕیوە شۆڕشگێڕەکە خۆی، چونکە خودی ئەو خەڵکە خۆبەخۆ خاوەن وشیاری سیاسی چینایەتی نین، کە ڕاستەوخۆ بتوانن خۆیان ڕێکخراو تەیار بکەن دژی دەسەڵاتی چەوسێنەری سەرخۆیان، بەڵکو ئەوان(واتە خەڵکە بەشخوراوەکە) هەمیشە ئامادەیی بەرەنگار بونەوەیان هەیە دژی دەسەڵاتی حاکم، وە دەرئەنجامی ئەو پارتە بەناو ڕکابەرانەی دژی دەسەڵاتە دێنە مەیدان و خۆیان دەکەن بە پشت و پەنای خەڵکی ڕاپەڕیوو، ئەرکە سەرەکیەکە لە ڕووی ڕێکخراو بوون و پەروەردە کردنی خەڵکی ڕاپەڕیو، بەرەو دوائامانج لە ئەستۆیانە. دواجار، تا ئێستا لە زۆرترین ئەو پارتانەی خۆیان بە پشتووپەنای خەڵکی ڕاپەڕیوو بەیان کردوە، لە دوا ساتی سەرکەوتنیان، نەک هەرنابن بە پشتووپەنای خەڵکە ڕاپەڕیوەکە، بەڵکو ڕێک بەهەمان شێوازی دەسەڵاتی دوێنێ، ئەمانیش دەکەونە چەوساندنەوەی ئەو خەڵکەی دوێنێ شۆڕش و ڕاپەڕینی بەرپاکرد دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و چەوسێنەر. هۆکاری ئەو پشت هەڵکردنەی پارتە ڕکابەرەکان زۆر ئاسانە، خودی ئەو پارتانە، لە بنەڕەتدا سەر بەخواست و داخوازیەکانی خەڵکی بەشمەینەت نین، بەپێچەوانەوە، ئەوان، لە بەرەی چەوسێنەری کۆمەڵگان و سەر بە چینی دەرەبەگ و بۆرژواکانن.
مێژووی ڕابردوی مرۆڤایەتی پڕاوپڕە لە نمونە ی ئەو پارتە بەناو ئازادیخواز و دیموکراتیانە. پارتە کوردی و عەرەبیەکانی عێراق بەشێکی سەرەکین لەو پارتانەی بەردەوام خۆیان وا نیشان دەدا کە لەگەڵ خواست و ئامانجەکانی خەڵکی عێراق و کوردستاندان، بەڵام دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، هەرهەمویان بەگشتی، هەر دەڵێی ڕێکاوڕێک لەنێو قۆڵی پاڵتۆکەی سەدامەوە هاتونەتە دونیاوە. وڵاتانی عەرەبیش، لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی لەو وڵاتانەدا، دواجار، نەک بەرژەوەندیەکانی خەڵکی چاوی لێکرابێت و ئازار و مەینەتیەکانیان کەمتر کرابێتەوە، بەپێچەوانەوە، دوو تا سێ هێندەی تر ژیانیان لێ ئاڵۆزتر کراوە، چونکە خاوەن پارت و بەرنامەی کۆی پارتە قەمی و دینیەکان، درێژکراوەی ئەو دڕندایەتیەن کە خودی سیستەمی سەرمایەداری بەشوێنیەوەیەتی، یانی چەوساندنەوەی کۆمەڵگا لە پێناو، تاقمێکی خۆسەپێنەردا کە ناوی خۆیان ناوە دەسەڵاتدار و سەرۆک.
خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوەی جێگا ئومێدیەتی، خودی ئەو پارتە شۆڕشگێڕەیە کە ناوی پەیەدەیە، خۆ گەر کاروچالاکیە ئازادیخوازی و پەروەردەییە سۆسیالیستیەکەی ئەو پارتە نەبوایە، ئەوا جەنگەڵساتانی تەواو یەخەی بەخەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەگرت، چونکە، ئەو خەڵکە کورد زمانە، لەوەتەی لەژێر دەستی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسدان، تەواو بێبەش کرابوون لە کۆی مافە سەرەتاییەکان، تا دەگاتە ئاستی نەدانی شوناس پێیان، کەواتە لەکاتێکی واشدا ئاستی وشیاری کۆمەڵگا هێشتا لە خوارە، ئاستی چونەپێشی ئابوری و بژێوی ژیان هێشتا زۆر لەدوایە. لێرەدا، ئەوەی تەنها توانی ئەو خەڵکە سیڤیلە لەو مەینەتیانە ڕزگار بکات، خەباتی سیاسی و سەربازی ئەو پارتەی پەیەدەیە، نەک هیچ لایەنێکی تر.
بۆهەرکەسێک شارەزاییەکی هەبێت لەگەڵ جیهانبینی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیدا، بڕواناکەم بتوانێت خۆی گێل بکات لەو پەروەردە مەزنەی کۆمەڵگای ڕۆژئاوای کوردستانی تێدا پەروەردە دەکرێت و بە کارێکی ناسیۆنالیستی بیبینێت و جومگە سۆسیالیستیەکەی لێ بەدەربکات، چونکە سۆسیالیزم، بەمانای یەکسانیخوازی لەنێو پەروەردەی کۆمەڵگا و ڕاهێنانی کۆمەڵگا بۆکاری خۆبەڕێوەبەری و نەمانی چەوساندنەوەی چینایەتی و چەوساندنەوەی ڕەگەز پەرستی و دابین کردنی یەکسانی لەنێوان ڕەگەزی مێینە و نێرینەدا. ئاخۆ لەبەرەی ڕۆژئاوای کوردستاندا، ئەم کارانە دەبینرێت یان پێچەوانەکەی؟ من خۆم نەچومەتە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەیەقینەوە دەتوانم بڵێم، خەباتی ئەو پارتە بەهەموو مانایەک خەباتە لەپێناو بنیات نانی کۆمەڵگایەکی خاوەن ئیرادەی خۆبەڕێوەبەر، کە تێیدا گشت نەتەوە و ئاین و لایەنێکی تر (گەر بۆ گشت نەبن بەگرفت)جێگایان دەبێتەوە بە یەکسانیانە ژیان بەرنە پێشەوە.
زۆرجار، گوێم لێبوە یان باس دەکەن، کە خەباتی پێکاکاش، دواجار هەروەک خەباتی پارتەکانی هەرێمی باشوری کوردستانی لێدێت، چونکە ئەوانیش ئێستا لە شاخن و دواجار کەی خەڵک شۆڕشی کورد و دەسەڵاتی ڕوخان، ئەوانیش دەکەونە وێزەی کۆمەڵگا و هەمان تاس و حەمامی دوێنێ دوبارەدەکەنەوە لەسەر کۆمەڵگا. باشە گەر گریمان پێکاکا وایە و ئەو ئێستا لە شاخە، بەڵام خۆ پەیەدە(دیارە پەیەدە جێبەجێ کەری ئەو بەرنامە مەزنەیە کە پێکاکا چەندین ساڵە خەباتی بۆ دەکات) ئەوە ماوەی سێ ساڵە لەنێو دڵی کۆمەڵگادایە و لەنێو جەنگەڵستانێکدا کە جەنگی بەرەی دەسەڵاتی سوری و بەرەی موعارەزەی سوری بە لیبراڵی و قەمی و ئیسلامی سیاسیەوە، خەریکی کاول کردنی کۆمەڵگان، ئەوان نەک هەرنەچونە لایەنگیری هیچ لایەکیانەوە، بەڵکو بەخەباتی کردارییان کۆی فەرهەنگ و کەلتوری ئەو دولایەنەیان توڕداوەتە دەرەوەی پەروەردە کردنی کۆمەڵگاوە. وە ئەوان لەگەڵ ئەو پارتانەی دیکە کە بڕوایان بە دیموکراسیەتی خەڵک و ئیرادەی ئازادانەی کۆمەڵگا هەیە، هەموو پێکەوە دەست لە نێو دەست لەگەڵ خەڵکی ئازادیخوازدا، وا کۆمەڵگایەکی کەم وێنە لەنێو ئەو جەنگەڵستانەدا بنیات دەنێن.
ئەوەی پەیەدە و هاوەڵانی لە پارتە کانی دیکەی هاوخەباتیان دەیکەن بۆ بنیات نانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیە. خۆگەر وانەبوایە، ئەوا دڵنیام پارتی دیموکراتی کوردستان، خەندەقی لێ نەدەدا دژیان، خۆ گەر وانەبا، ئەوا بەرەی تیرۆریستی داعش و ئەلنوسرە، نەدەکەوتنە ڕەشەکوژی خەڵکی سیڤیلی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە. ئێستا کۆی هێزە کۆنەپارێز و بەرەی بۆرژوازیەت لە سەنگەرێکدا کۆ بونەتەوە دژی خەباتی ئازادیخوازنەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، هەر وەک ئەو سەردەمەی کە شۆڕشی کۆمۆنەی فەرەنسا لە ساڵی ١٨٧١ دا بەرپاکرا، وەک مێژوو پێمان دەڵێت، کە بەرەی پاشایەتی لەکارخراو، چۆن لەگەڵ کۆی ڕژێمی ئەو کاتی وڵاتانی ئەوروپا بەدژی ئەو شۆڕشە کرێکاریە وەستانەوە، ئەو خەباتەی پەیەدەش بەهەمان شێوەی خەباتی کڕێکارانی کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ ی ڕوسیایە. سەرکەوتنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بە ڕابەرایەتی پارتی پەیەدە، سەرکەوتن دەبێت بۆ بەرەی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی گشت کۆمەڵگا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا.
خوێندنەوەی ئەو نووسینانەی کاک زاهیر باهیر کە خۆی بە کرداری سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردوە، زۆر بەپێزە بۆ خوێنەرانێک کە تا ئێستاش بە چاوێکی گوماناویەوە لە پەیەدە دەڕوانێت، من کاک زاهیر ناناسم، بەڵام لەڕێی نووسینەکانی پێشوتریەوە دەتوانم بڵێم ئەو کەسێکی ئازادیخواز و ڕاستگۆیە بەرانبەر ئەوەی دەیڵێت و دەینووسێت، ڕێزم بۆ کاک زاهیر هەیە.

تاهیر حاجی حەسەن
٥/٦/٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە