رۆژئاوای كوردستان كام رێگە هەڵبژێرێت ؟
Monday, 26/12/2011, 12:00
ئەگەر لەڕوانگەی مرۆڤدۆستیەوە تەماشای رووداوەكانی وڵاتانی عەرەبی بكەین بێگومان دەبێت بەبێ جیاوازی لە نێوان سەرجەم وڵاتەكاندا لایەنگری لە جەماوەری ڕاپەڕی و بكەین و دژی دەسەڵاتە نادیموكراتی وخۆسەپێنەكانبین، بەڵام لەكاتێكدا تەواوی جیهان هەرلایەك بەجۆرێ بەدوای بەرژەوەندی وڵات وگەل ونەتەوەی خۆیدا وێڵە گەلی كوردیش پێویستە بەرلە هەرشتێك بەرژەوەندیە نەتەوەیەكانی خۆی لەبەرچاوبگرێت، سەیركردنی رووداوەكان لە گۆشەنیگای سۆزو بەزەیەوە مژرێكە لەو بڕوایەدام جگە لە كوردی مافخوراو هێچ نەتەوەیەكی خاوەن ماف ودەوڵەتیش پێوەی پەیوەست نیە، بۆیە پێویستە ئێمەی كوردیش خوێندنەوەیەكی ژیرانەتر بۆ گۆڕانكاریەكان بكەین، هەروەك چۆن دەبێت بۆبەرژەوەندی گەلەكەمان لایەنی سۆزداریمان فەرامۆش بكەین هاوكات نابێت بێ ئاگایانەش چەپڵە بۆ براوەی كێبەركێیەكە لێبدەین، ئەوەی ناوی نراوە بەهاری عەرەبی بڕوام وایە بەرلە عەرەبەكان بەهاری وڵاتە بەرژەوەندیخوازە رۆژئاوایەكانە بەتایبەت ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی، دەستێوەردانی هێزەكانی ناتۆ لە دوای روداوەكەی یانزەی سیبتەمبەرەوە بۆڕۆژهەڵاتی ناوین وناوچەكە بەهێرشی سەربازی بەبێ زیان ئامانجی خۆی نەپێكا لەگەڵ ئەوەشدا وەك هێزێكی داگیركەروماڵوێرانكەرناسران نەك هێزێكی فریاد ڕەس وپشتیوانی خەڵكی ئازدیخواز، ئەگەرئێراق وەك میناك بێنینەبەرچاو دەبینین قەبارەی كارەساتەكان و قوربانیەكانی خەڵكی ستەمدیدە لەدوای هاتنی هێزەكانی هاوپەیمانان لە چ ئاستێكدایە، راستە روخاندنی رژێمی بەعس وسەركردە دیكتاتۆرەكەی دەسكەوتێكە بۆگەلانی ئێراق بەڵام سەرهەڵدان وزیادكردنی ئاریشەی نەتەوەیی و ئاینی وئاینزایی وتەنانەت خێڵەكیش نەهامەتیەكی گەورەیە بەرۆكی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتەی گرتووە، ئەمەجگەلە رشتنی خوێنی سەدان هەزارمرۆڤ كە باس لەوە دەكرێت سەدهەزار ئێراقی بەدەستی سەربازەكانی ئەمریكا ژیانیان لەدەستداوە، كەواتە ئەو میكانیزمەی هێزەكانی ناتۆ كاریان لەسەركرد سەركەوتونەبو، بۆیە بەدوای ئەلتەرناتیڤێكی تردا گەڕان بۆڕوخاندنی ئەو ڕژێمانەی یان نەیاریان بوون یان نۆكەرێكی خەراپ بون و بەكەڵكی خزمەتكاریان نەمابون، پرسیارێكی گرنگ كە وڵامەكەی تەمومژاویەو هێشتا بەرونی بەدی ناكرێت ئەوەیە ئایا بەهاری عەرەبی بۆ گەلی عەرەب بەراستی بەهاردەبێت یان خەزانێك لەبەرگی بەهاردا ؟ سیاسەتی دووفاقی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە وڵاتە عەرەبیەكاندا ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە بەهارەكە بەهارێكی گشتگیرنیە و تێكڕای گەلانی ئازادیخوازبۆنی گوڵی ئازادی ناكەن، ئەگەر ئامانج روخاندن و گۆڕینی ڕژێمە ستەمكارەكان بێت كام وڵاتی عەرەبی خاوەنی سیستەمێكی دیموكراتییە لە حكومڕانی كردندا؟ ئایا جیاوازی لە نێوان دەسەڵاتی پاشا ورگنەكان وكەسێكی وەك قەزافی دا چیە لەتەرازوی دادپەروەری رۆژئاوادا ؟ جگە لە وەی هەندێكیان نۆكەرێكی باش و ئەوانی تر بەنەیارپێناسە دەكرێن، تەنانەت ئەوڕژێمانەی ڕوبەڕوی سەرهەڵدانی جەماوەری بونەتەوە درێژە بەتەمەنیان ئەدرێت و دەستێوەردانی ناتۆ بونی نیە هاوشێوەی ئەوەی لە لیبیا ڕویدا، ئەوەی بە رونی و ئاشكرایی دەبینرێت ئەوەیە كە هێزەكانی ناتۆ سەدلەسەد بەرژەوەندیەكانی خۆیان لەبەرچاودەگرن ئیدی جەلاد چەند زیاترسەربپەڕێنێت وقوربانی چەند زیاتر خوێنی بڕژێت بۆئەوان گرنگ نیە، بێگومان بۆئەم بۆچونەش رژێمی سوریا باشترین نمونەیە ، لە راستیدا گەشەدان بەئاگرەكە لەپێناوی ئەوەی ماڵسوتاوهانات بۆ بێنێت بۆ خامۆشكردنی، تاوانێكە مەزنترە لەتاوانی ئەوەی ئاگرەكەی داگیرساندووە ، لەم وەرزی بەهاری عەرەبییەی كە باس دەكرێت ئەوەی كورد پەیوەندیدار دەكات گۆڕانكاریەكانی سوریاو ڕوخان یان مانەوەی ڕژێمەكەی بەشارئەسەدە، ئاشكرایە سوریا ئەگەر لەڕابردوودا هاوكاری شۆڕشەكانی باشوری كوردستان وباكوری كوردستانی كردبێت هاوكات هەروەك و دەسەڵاتدارە داگیركەرەكانی دیكەی سەركوردستان گەلی كوردی لە رۆژئاوای كوردستاندا بێبەش كردبوو لە سەرەتایی ترین مافەكانی تەنانەت مافی هاوڵاتی بونیشی بە بەشێك لە كوردانی رۆژئاوی كوردستان بەڕەوانابینی و بێ ناسنامەیانی كردبوو، جگە لە تیرۆركردن وكوشتن وزیندانی كردنی چەندین تێكۆشەری كورد یەكێ لە تاوانە هەرە مەزەنەكان كە هەرگیز لەیاد ناكرێت ولە مێژودا تۆماركراوە كۆمەڵكوژكردنی منداڵانی كوردبوو، لە سیانزەی یانزەی هەزارونۆسەدو شەست لە شاری عامودا منداڵانی كورد لە ناو سینەمایەكدا ئاگریان تێبەردراو لە ئەنجامدا دوسەدوهەشتاوسێ منداڵ بون بە قوربانی، بێگومان تەنها ئەو تاوانە مەزنە بەسە بۆئەوەی كردەوەنامرۆڤانەكانی ئەورژێمە درك پێبكەیت، ئەوەی زیاتر مەبەستی باسەكەمانە روداوەكانی ئێستای سوریاوحكومەتەكەی بەشارئەسەدە، هەڵبەتە هاوڵاتیانی سوریاش هەروەك بەشێك لە وڵاتەعەرەبیەكانی دیكە لە دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەیان دەستیان دایە سەرهەڵدانی جەماوەری ، بەڵام تائێستاش سەرەڕای قوربانیەكی زۆر كە زیاترلە چوارهەزاركەس ژیانیان لەدەستداوە هیچ ئەنجامێكیان بەدەست نەهێناوە، ئەمەش دوڕویی وسیاسەتی دوفاقی ناتۆباشترئاشكرادەكات كەئەوان لەخەمی گەلانی ستەم لێكراونین، ئەوەی لە بەرامبەر توندوتیژیەكانی رژێمی بەعسی سوریادا لە هەموكەس زیاتر دێتە دەنگ ئەردۆغان وحكومەتەكەی ئەكەپەیە!! بەراستی مایەی سەرسوڕمانە دەسەڵاتێك رۆژانە سەركوتی گەلێكی بیست وپێنج ملوێن كەسی بكات لە سەرەتایی ترین ماف بێبەشی بكات كایگەرترین چەكی قەدەغەكراو لە بەرامبەری بەكاربێنێت زیندانەكان تژی بكات لەخەڵكی ئازادیخواز، لەهەمانكاتدا خۆی وەك فریادڕەس بناسێنێ وفرمێسكی تیمساحی بۆقوربانیەكانی سوریابڕێژیّت ؟!! ئەوە چەواشەكاریەكی ئەوەندە گەورەیە كە پێویست ناكات مرۆڤ گومان لە راستی وناڕاستی ئەوهەڵوێستەبكات، هەرچەندە توركیا ئەندامی رێكخراوی ناتۆیەو دووەم هێزی سەربازی ئەورێكخراوەپێك دێنێت، بەڵام هەڕەشەكانی لە دەسەڵاتەكەی بەشارئەسەد لە رونگەی دڵسۆزی ومرۆڤدۆستیەوەنیە بەڵكو زیاتربەمەبەستی شەڕانگێزی دژایەتیكردنێتی لەبەرامبە مافەڕەواكانی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان ،حكومەتی توركیا باش دەزانێت گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان سەرەڕای یەك نەگرتنی سەرجەم لایەنەسیاسیەكان بەڵام بەشێوەیەكی زۆر تۆكمە خۆیان بەرێكخستن كردووە، لە ئامادەباشییەكی زۆر بەرچاودان بۆهەرگۆڕانكاریەك كە لەسوریادا رووبدات، هەربۆیە كەوتۆتە پەلەقاژەكردن وهەڕەشەوگوڕەشە كردن لە حكومەتی سوریا، توركیا دەیەوێت بە پاڵپشتی ناتۆ هێز بەكاربێنێت لە دژی سوریا بەبیانوی پاراستنی ژیانی خەڵك بەڵام ئەوە تەنها روكەشەوناوەڕۆكی پیلانەكەی دەستگرتنە بەسەر ناوچە كوردنشینەكاندا، بۆئەوەی رۆژئاوای كوردستان لەكاتی روخانی حكومەتەكەی ئەسددا وەك باشوری كوردستان نەبێتە خاوەنی پێگەی سیاسی ومافە زەوتكراوەكانی بەدەست نەخاتەوە، پێشنیاری توركیا بۆئەوەی ناوچەیەكی ئەمنی لە سەرسنورەكانی هەردو وڵات دروست بكرێت رونتر پیلانەكەی حكومەتی ئەكەپە دەخاتەبەرچاو، ئاشكرایە رۆژئاوای كوردستان دەكەوێتەنێوان هەردووڵاتی توركیاوسوریاوە ،دروستكردنی پشتێنەی ئەمنی لە سنوری هەردووڵات واتا داگیركردنی ئەوبەشەی كوردستان لەلایەن رژێمی داگیركەری توركیاوە، ئەگەر وەك توركیا پێشنیاری كردووە نەتەوە یەكگرتۆكان یان ناتۆ ناوچەی ئەمنی دروست بكات نزیكترین هێزی ناتۆ بۆئەوەی ئەركەكەی پێبسپێرن سوپای توركیایە كەواتە ئیتر گومان لەوەدانیە وەك دڵێن شیوەنەكەی ئەردۆغان بۆحوسێن نیە بەڵكو بۆهەلیسەكەیە، پرسیارێكی تر كە بۆئێمەی كورد گرنگە وڵامەكەی بزانین ئەوەیە ئایا بەشداركردنی كورد لە خۆپێشاندانەكانی دژی ئەسەد چ دەسكەوتێكی تێدایە، لە كاتێكدا ئۆپۆزسیونی ئەو وڵاتە بە ئیسلامی و عەلمانییانەوە كە هیشتا خەوبە دەسەڵاتەوە دەبینن ئامادەنین دان بەمافەكانی گەلی كورد دابنێن، كەسێكی وەك بورهان غلوین كە ئێستا سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی سوریایە و پێشتروەك كەسایەتیەكی بیرمەندورۆشنبیری لیبراڵ ناسرابوو، ئاماژەبەوەدەكات كورد لە سوریادا موهاجیرە واتا نە نەتەوەیەو نەخاوەنی خاكەو نەهاوبەشی دەسەڵاتی ئایندەی ئەوڵاتەیە!! ئەمەبۆچونی كەسایەتیە لیبراڵەكەی ناوئوپۆزسیونی سوریایە ، هێزی دووەمی ئوپۆزسیوینی سوریا ئیخوان موسلمینەكانن سەرۆكە كەی ئەوانیش هەروەكو ئەردۆغانی هاوفكری پارتی كرێكارانی كوردستانی بە(تیرۆریست) پێناسەكرد !! لە كاتێكدا كە باش دەزانێت زۆرینەی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان هاوسۆزو هاوبیری پەكەكەن و لە چورچێوەی پارتی یەكێتی دیموكراتیدا كاروخەبات دەكەن، راوبۆچونی ئوپۆزسیونی سوریا سەبارەت بە كوردو بە مافەرەواكانی بەوشێوازەبێت كە ئاماژەم پێكرد، ئیدی بەشداری كردنی گەلی كورد هاوشانی ئەوان لە پێناوی روخاندنی دەسەڵاتەكەی ئەسەد دا بەچ واتایەك دێت جگەلەوەی كە تەنها خزمەتكردنە بە ئامانج وسیاسەتی توركیاو عەرەبە شۆڤیەنیەكان، جیاوازی چییە بۆ كورد دیكتاتۆرێك بروخێت وشۆڤیەنیەك جێگەی بگرێتەوە؟ پێموایە ئەورەخنانەی ئاراستەی پەكەكەوپەیەدە دەكرێت گوایە پشتگیری لە مانەوەی دەسەڵاتەكەی بەشارئەسەد دەكەن لە جێی خۆیدا نیە ،لەراستیدا هێرش نەكردنە سەركەسێك بەواتای پشتگیریكردنی نایات ، چونكە جیهان پێك نەهاتووە لە رەش و سپی و رەنگەكانی تریش دەتوانن گوزارشت لە خۆیان بكەن، سیاسەتی یان لەگەڵ منی یان لە دژی منی خۆی لە خۆیدا سیاسەتێكی دیكتاتۆریانەیە ئەگەر هەركەسێك پەیڕەوی بكات، تائێستاش رون نییە چارەنوسی دەسەڵاتەكەی ئەسەد بەرەو كوێ دەڕوات ، لە لایەك لە روی نیودەوڵەتیەوە چین و روسیا پارێزگاری دیبلۆماسی لێ ئەكەن لە لایەكی تر ئێران ولبنان بەتایبەت ئێران ئەگەری ئەوە هەیە لە روی سەربازیەوە هاوكاری بكەن هەمان كات ئێرق لە هەوڵی ئەوەدایە ناوبژیوانی بكات ، كۆمكاری وڵاتانی عەرەب پرۆژە پێشنیار دەخەنە بەردەستی بەشارئەسەد ، سەرۆكی رێكخراوی ناتۆ ئەڵێت ئەگەری هێرشی سەربازی لە لایەن ناتۆوە بۆسەر سوریابونی نیە ، كەواتە ئاماژەیەكی رون وئاشكرا بەدی ناكرێت بۆ ڕوخاندنی رژێمەكەی ئەسەد ئیدی بۆدەبێت كورد خۆی بكات بە كەواسوری بەرلەشكر لە كاتێكدا ئەوانەی خۆیان مەڵاسداوە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات هیچ جیاوازیەكیان لە گەڵ حزبی بەعسدانیە سەبارەت بەكورد، بەبڕوای من باشترین سیاسەت كە كورد بیگرێتەبەر ئەوەیە كە خۆی زیاتر بە رێكخستن بكات و تەبایی و یەكڕیزی سەرجەم لایەنەسیاسیەكان بتەو بكرێت و ڕێگە نە درێت كەلێن بخرێتە نێوانیانەوە ، ئەگەركورد بەو ئاراستەیەدا هەنگاو بهاوێت لە هەرگۆڕنكاری و پێشهاتێكدا سەركەوتن گەرنتی دەكات ، بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە بێت ئەوە مەحكومی شكستێكی حەتمییە ، گەلی كورد كە دووەم پێكهاتەی ئەووڵاتەیە و ژمارەی چوارملوێن كەس دەبێت ئەگەر یەكگرتو ڕێكخسوبێت لە هەرحاڵتێكدا سەركەوتو دەبێت، لە حاڵەتی روخانی دەسەڵاتی ئەسەد دا كورد بە هێزێكی تۆكمەوە دەتوانێت پیلانەكانی دوژمنان پوچەڵ بكاتەوەو مافەكانی خوی بە دەست بێنێت، لە حاڵەتی دووەمیشدا ئەگەر ئەو رژێمە مایەوەو خۆی لە سەرپێ راگرد دیسان كورد دەتوانێت سەربەرزانە داوای مافەكانی بكات چونكە نەبووە بە داردەستی هیچ هێزێكی دەرەكی ، باشترین رێگا بۆ گەیشتن بە سەركەوتن ئەوەیە نە پاڵپشتی لە دەسەڵاتی ئێستای سوریا بكەن نە هاوكاری هیزولایەنێك بكەن كە هێشتا لە یەكەم هەنگاویدایە نكوڵی لە بونی گەلی كورد دەكات و بە موهاجیرو (تیرۆریست)ی دەزانێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست