کام لەم دوانە هەڵببژێرین
Friday, 19/07/2013, 12:00
1548 بینراوە
لەدوای ٣٠ حوزەیرانەوە ئەوەندەی ڕەشبینی خولقاند، ڕەنگە زیاتر لەوەش گەشبینی دروست کردبێ. لێرەوە چیدی ئەو گومانە نەما کەوا دەسەڵات چەندە دیکتاتۆر و خۆسەپێنە. لەماوەی ٢٢ ساڵی ڕابردوو گەر بۆهەندێك ئاشکرا نەبوو بێ کەوا ئەم دەسەڵاتە چەندە ئارەزووی کورسی و پلەو پۆست و پارەن. ئەوا بێ دوودڵی و هیچ گومانێك لای هیچ کامێکی هاوڵاتی ئاسایی ئەو گومانە نەما بۆ ئەوەی پێناسە و ناسنامەی تەواوی ئەم دەسەڵاتە بناسن و ئاشنای ببن. ڕەنگە گەر تا دوێنێ نەختێ دڵە ڕاوکێ لای هەندێ هاوڵاتی هەبوایە لەمەڕ چۆنێتی ئەم دەسەڵاتە، ئەوا لەدوای کودەتاکەی پەرلەمان هەمووی ئاوەڵا بوو. ئێدی سەردەمێك هاتۆتە کاراوە کەوا چیدی باس لە دیموکراسی و هەڵبژاردن و خەباتی مەدەنی نەکرێ. لێرە بەدواوە ، پێوستە هێڵێک دیاری بکرێ کەوا باش و خراپ چیدی تێکەڵاو بەیەك نەکرێن و سوور و سپی بە ئاسانی لەیەکتر جوێ بکرێتەوە. ئێدی کاتی ئەوە نیە خۆمان بەبەڵگەو دۆکیومێنت و نووسراوی مێژوویی سەرقاڵ بکەین. ئێدی کاتی ئەوە بەسەر چوو کەوا پرسیاری ئەوەمان لا دروست بێت، ئەم دەسەڵاتە بەچاکسازی و خۆپیشاندان بگۆڕدرێت.
ئەم وویستگە نوێیە، پێوستی بە داڕشتنوەیەکی نوێ هەیە سەبارەت بە دوو جۆر لە ئۆپۆزیسیۆن. حەتمەن ئەو دوو جۆرەش ئەتوانین ناوی لێبنێین بە (نەیاری شەقام و نەیاری حزب) وەیان ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەو ئۆپۆزیسیۆنی دەسکردی دەسەڵات.
پێشەکی بابزانین کە دەسەڵات کێیەو لەکێ پێك دێت. هەڵەیەکی کوشندەیە گەر وابزانین کەوا دەسەڵات تەنها بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیە. بەپێچەوانەوە، ئەم دوو بنەماڵەیە تەنها وەك(واجیهە)وان و جگە لەمانیش چەندین پارتی پاشکۆ و چەندینی سێبەر هەن کەوا تەنها خزمەتکردن لەپێناو ئەم دوو بنەماڵەیەدا بۆ بڕێك پارەو پۆست و پلە بەئەنجام ئەگەیەنن. سەرباری ئەو پارتە بچوك و بێ ئەرزشانە، چەندین پارتی نەیار هەن کەوا دەسەڵات دروستی کردوون تا بتوانن لەتەمەنی دەسەڵات زیاد بکەن.
لای هەموان ئاشکرایە کەوا دروست بوونی ئۆپۆزیسیۆن لەکوردستانی باشوور گەر بێتو لەخزمەت دەسەڵاتدا نەبوایە هەرگیز و هەرگیز ڕێگەیان پێنەئەدرا.. ڕۆژانی خۆپیشاندانەکانی کوردستانمان بیرە کەوا هەردەم بە گوللە وەڵام درانەوە، ئەی بۆچی بۆ دروست بوونی ئۆپۆزیسیۆن خۆیان پارەو گردیان ئەدەنێ و ڕێگایان لێناگرن؟ کەواتە جۆرێك لەم ئۆپۆزیسییۆنە کە بەم شێوەیەبێ،ئەوا حەتمەن بۆ چەواشەکاری و هەڵخەڵەتانی هاوڵاتیان کوردە. هەنووکە چۆن ئەو گومانەی دەسەڵاتمان لا ڕەوییەوە کەوا چەند خۆسەپێن و دیکتاتۆرن، ئاوهاش ئەو ئۆپۆزیسیۆنە دەست کردەی دەسەڵاتمان بۆ دەرکەوت کەوا تەنها لەخەمی تەمەنی دەسەڵاتدان.
شەقام و دەنگە ناڕەزاییەکانی ئەوێ تاکە سەرچاوەی ڕاستەقینەی خەم و ئازار و ئاواتەکانی گەلەکەمانە کەخۆی لە توێژەکانی کۆمەڵگا بەگشتی و گەنجان ئەبینێتەوە. ئەم شەقامە توانایەکی هەژمار نەکراوی هەیەو تەنها ئەوانن ئەتوانن گۆڕانکاری لەنەخشەی سیاسی کوردستاندا بکەن. پێوستە لەمەو بەدوا شەقام جلەوی کارەکان بگرنە دەست و نەیدەن بەکەسانی تر. ئەو بەناو ڕووناکبیر و فەرهاد بیرپاڵەکان و جەمال بێ غەمەکان و ڕەهەندیەکان و سەردەمیەکان، پێوستە سڵیان لێبکرێنەوەو باوەڕیان لێبستێننەوە. گەنجان جگە لەهاوڕێی شەقام و بێکارەکان کەسی تریان نیە. هەروەك چۆن کاتی خۆی کورد جگە لەچیاکان هاوڕێی تریان نەبوو، ئەوا ئەوڕۆ گەلی کورد جگە لەهێزی شەقام کەهێزێکی ڕاستەقینەیە، هیچ پاڵپشتێکی تر شك نابەن و پێوستە خۆیان ڕێك بخەن بۆ سبەیەکی باش و ڕۆشن بۆ نەوەکانی تر.