کێ بەرپرسیارە لە دۆخی چەقبەستووی هەرێمی کوردستان ؟
Friday, 17/01/2014, 12:00
1955 بینراوە
زۆر بەداخەوە لەکاتێکدا کە دەمان ووت شتێك نیە بەناوی ئەزمونی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە یاخود ئێمەی خەڵکی کوردستان خاوەنی دەسەڵاتی سەربەخۆ نین زۆربەی ڕۆشنبیران و هەردوو حیزبی بنەماڵەیی بە کەسانی توندەڕەو تێکدەر ناویان دەبردین بەڵام خۆش بەختانە واقیع درۆ ناکات ئەوەتا هەموومان بەچاوی خۆمان دۆخی چەق بەستووی هەرێمی کوردستان دەبینین.
یەکێتی و پارتی ئەوندە بڕوایان بە هەڵبژاردن هەیە کە خۆیان براوە بن.
هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ سەلماندی کە دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی ئەوندە بڕوایان بە سندوقی دەنگدان هەیە کە خۆیان تێیدا براوە بن. ئەگینا لە سیستەمی دیموکراسیدا تەنانەت چەند سەد دنگێکیش براوەو دۆڕاو دیاری دەکات کەچی یەکێتی و پارتی لە
هەڵبژاردنی ١٩٩٢ دا هەرچەندە براوەو دۆڕاو هەبوو کەچی کەسیان خۆی بەدۆڕاو نەدەزانی و بە ناچاری لەبەر ڕوونەدانی شەڕی ناوخۆ دەسەڵاتیان پەنجا بە پەنجا بەش کردوو ئێستاشی لەگەڵدا بێت وەکو کەلتورێکی سیاسی دزێو و نامۆ بەردەوامی پێ دەدەن و وەکو مۆتەکەیەك سواری کۆڵی ئەم میللەتە بوون وبە دۆڕاندنیشیان لەهەڵبژاردنەکاندا دەست بەرداری کورسی دەسەڵات نابن.
لەوەتەی هەردوو حیزبی بنەماڵەیی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست زۆر بەئاگایی یەوە کار لەسەر گەمژەکردن وبێ ئاگایی تاکی کورد دەکەن لەئەرك و مافەکانی خۆی . دەسەڵات و حیزبە کوردیەکانی ترو تێکڕای چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی بەرپرسیارن لەم نەهامەتیەیەی کەبەسەر میللەتەکەماندا دێت و دەگوزەرێت.
لە بیست و دوو ساڵی ڕبوردودا یەکێتی و پارتی زۆر بەئاگایی و بە ئەنقەست نەیانوویستووە کە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دەزگای مەدەنی لەکوردوستاندا دروست ببێت و کاریشیان لەسەر کردووە چونکە ئەمڕۆیان لەبەرچاو بووەو بەباشترین میکانیزمیان زانیوە بۆ دەست بەسەراگرتنی ژێر خانی ئابوری کوردستان و گەمژەکردنی تاکەکانی کوردو کڕینی ئیرادەیان.
کۆمەڵگای کوردی وەکو چۆن دەسەڵات نایەوێت پێش بکەوێت و بە مافە نیشتمانی نەتەوەیی یەکانی خۆی ئاشنا بێت لەلایەکی تریشەوە تاکی کورد هەوڵی نەداوە کەوا ئیرادەی ئازاد بێت و خۆی ڕۆشنبیر بکات و بە مافە نیشتمانی و نەتەوەیی و سیاسیەکانی ئاشنا بێت بەڵکو هەمیشە مل کەچی موچەو بڕێك لە خزمەت گوزاری کە پارەی خۆی بۆی ئەنجام دەدرێت و لە بنەڕەتدا مافی خۆیەتی و دەسەڵات پێ ی دەفرۆشێتەوە.
هەڵبژاردن چ مانایەکی هەیە ئەگەر پەیماننامەی ستراتیژی پێوەر بێت.
یەکێتی و پارتی لە بنەڕەتدا بڕوایان بە هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان نیە بەڵکو تەنها بۆ چەواشەکردنی جەماوەرو ڕای گشتی نێو دەوڵەتی ئەنجامی دەدەن ئەوەندەش قەناعەتیان بە هەڵبژاردن هەیە کەوا خۆیان تێیدا براوەبن.
لەهەڵبژاردنی ٢١ی ئەیلولی پاردا پارتی لەڕێگەی پارەو ئیمتیازات و تەزویرەوە بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بەڵام هاوپەیمانە ستراتیژیەکەی ئەو شانسەی ئەوی پێ نەبڕاو بووە سێ یەم ئەگەرچی یەکێتی لەڕوالەتدا بونی بە هێزی سێ یەم و شکست هێنانی ئاسایی بوو بەڵام ئەوەتا لە پراکتیکدا جێ بەجێ ی ناکات و بڕوای بە دۆڕاندن و شکست نیەو مێژووی خۆی و هێزی ئەمنی و چەکدارو ئابووری و جوگرافیای دەسەڵاتی خۆی بە پێوەر دەزانێت بۆ دروست کردنی کابینەی نوێ نەوەک ئیستحقاقی سندوقی هەڵبژاردن، خۆ ئەگەر پارتیش لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی یەکەم نەبوایە ئەوا دڵنیام ئێستا شەڕی ناوخۆ ڕووی دابوو. یەکێتی هەرگیز نایەوێت دەسەڵات تەسلیم بکات و ئیدارەی سلێمانی ڕادەستی گۆڕان بکات بەو پێ یەی براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکانە هەر بۆیەشە پەنای بردۆتە بەر ڕژێمی ئێران بۆ ئەوەی قەناعەت بە پارتی بکات کەوا بۆ دروست کردنی کابینەی نوێ پەیمانی سترتیژی بکاتە پێوەر نەوەك سندفوقی دەنگدان.
ئەوەی دیموکراسی بێت لەم هەرێمەدا بونی نیە ، ئەوەی لەم کۆمەڵگایەدا بونی هەیە دوو کۆمپانی خزمەتگوزاری گەندەڵن لەسەر بنەمای بنەماڵەیی بنیات نراون ، ئەوەی باس لە ئەزمون و ستراتیژی نیشتمانی نەتەوەیی لەم هەرێمەدا بکات گاڵتە جاڕیە.
لەدوای ٢٣ حوکم ڕانی بەناو خۆماڵی ئێستا بۆ دروست کردنی کابینەی هەشتەمی حکومەت لە پایتەختی ووڵاتێکی دوژمن بەگەلی کورد بڕیار دەدرێ ت و پۆستەکان دابەش دەکرێن.دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا هێشتا کابینەی حکومەت پێك نەهاتووە لەکاتێکدا بە پێ ی یاساو دەستور دەبێت دوای ئاشکرا کردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەبێت سەرۆکی هەرێم حیزبی براوەی هەڵبژاردنەکان ڕادەسپێرێت بۆ پێك هێنانی کابینەی نوێ ی حکومەت.پارتی جگە لەوەی گاڵتە بە لایەنە سیاسی یەکان دەکات کۆمەڵگای کوردی بە گەمژە دەزانێت ئەوەتا چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێ پەڕیوەو تاکو ئێستا هیچ کەسێك بۆ پێک هێنانی حکومەت بەفەرمی ڕانەسپێرراوە بۆ؟ لەبەرئەوەی مەسعود بارزانی ئەزانێت لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا ئەگەر نێچیر نەتوانێت کابینەی هەشتەم پێك بهێنێت دەبێت ڕاستەوخۆ هێزی دوەم کە بزوتنەوەی گۆڕانە ڕابسپێرێت بۆ دروست کردنی کابینەی نوێ بەڵام بۆ چی سەرۆکی هەرێم ئەو کارە ناکات چونکە دەزانێت بە ٣٠ ڕۆژ لایەنە سیاسیەکانی براوەی هەڵبژاردنەکان لەو ماوەیەدا ناتوانن پێك بێن وحکومەت پێك بهێنن بۆیە نایەوێت حیزبی براوە کە پارتەکەی خۆیەتی ڕابسپێرێت بۆ دروست کردنی کابینە تاکو حیزبە کوردیەکان بگەنە ڕێك کەوتن و دواتر ئینجا بارزانی نێچیر ڕابسپێرێت بۆ پێك هێنانی حکومەت.
ئەوەی کە بەرپرسیارە لەم دۆخە چەق بەستووەی هەرێمی کوردستان بە پلەی یەکەم یەکێتی و پارتی و دواتر لایەنە کوردیەکان و جەماوەری کوردستانیش بە پلەی سێ یەم دێن.سودمەند لەم دۆخەی ئێستای هەرێم تەنها دەسەڵات ولایەنە کوردیەکانن زەرەرمەندی سەرەکیش تەنها جەماوەری کوردستانە . یەکێتی و پارتی نایانەوێت بەم زوانە کابینەی نوێ پێك بێت چونکە هیچ گۆڕانکاریەك بۆ ئەوان ڕوونادات بە پێچەوانەوە درێژەدان بە حکومەتی کار بەڕێکخەر لەبەرژەوەندی ئەواندایە لەبەر ئەوە دەتوانن بۆ ماوەیەکی زیاتر پارەی نەوت و گومرگەکان بۆ خۆیان بدزن و دەست بەسەر جەمگەکانی دەسەلات و ئیدارەی هەرێمدا بگرن .
ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان و دروست نەکردنی حکومەتی نوێ بە پێ ی ئیستحقاقی ئینتیخابی درێژەدان بە حکومەتی کار بەڕێکخەر سوکایەتی کردنە بە ئیرادەو دەنگی هاووڵاتیان و گاڵتە جاریشە بە سیستەمی دیموکراسی و مافی مرۆڤ.