به‌دران حه‌بیب له نێوان یاسا و خۆپیشاندان و تۆقان دا
Thursday, 27/01/2011, 12:00
به‌شی یه‌که‌م
به‌دران حه‌بیب ماوه‌یه‌که له هه‌ندێك ماڵپه‌ڕدا وه‌کو گوڵی مه‌جلیس له‌گه‌ڵ کردنه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕه‌که دێته به‌ر چاو و هه‌میشه جێگایه‌کی تایبه‌تی پێبه‌خشراوه. وا پێده‌چێت جگه له موچه‌که‌ی وه‌کو (به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ئاراس بۆ بڵاوکردنه‌وه) پارتی موچه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ ئه‌م نوسینانه‌ش بۆ بڕیبێته‌وه تاکو خۆی بگه‌یه‌نێته ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی که که‌م تا زۆر بیروڕای ڕه‌خنه‌گرانه بڵاوده‌که‌نه‌وه. به‌و مه‌به‌سته‌ی بیری ژه‌هراوی و لادان له ویژدان و ڕاستیه‌کان به ناوی دڵسۆزی بۆ هه‌رێمه‌که و دیموکراتیه‌ت بڵاوبکاته‌وه. ئه‌گه‌رچی بڕیارم وابو که نوسینه‌کانم ته‌نها ئاراسته‌ی خاوه‌ن کۆیله‌کان بکه‌م. به‌ڵام وا پێده‌چێت قه‌ڵه‌مه کۆیله‌کان ناچارم ده‌که‌ن ڕووی ده‌مم له‌وانیش بکه‌م و به پێی ئه‌و بواره‌ی بۆم ده‌ڕه‌خسێت ئه‌وانه‌ش بێبه‌ش نه‌که‌م که به ووشه‌ی ڕازاوه و پاراوی کوردی ده‌یانه‌وێت ببنه ده‌ڵالی بیری خۆبه‌ده‌سته‌وه دان. پێویسته بێده‌نگی له‌وانه نه‌کرێت که ناوه‌رۆکی نوسینه‌کانیان هه‌وڵدانه بۆ ترس خستنه به‌ر وره‌ی جه‌ماوه‌ر و هه‌وڵی ڕاهێنانیان به ترس وه‌کو که‌روێشك له‌به‌ر ده‌م گورگه‌کانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه‌که. ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز به‌و ئامانجه ناگه‌ن.
پێویسته بابه‌ته‌کانی به‌دران حه‌بیبه‌کان له لایه‌ن قه‌ڵه‌مه ئازاده‌کانه‌وه بێده‌نگیان لێ نه‌کرێت و ڕووی ڕاست و مه‌به‌سته‌کانیان ههڵماڵڕێت. مه‌ترسی ئه‌مانه له‌وه‌دایه لێره و له‌وێ به پێی پرنسیپه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتداران "قاچی کۆیله‌کان بگره و به شان و باڵی خاوه‌ن کۆیله‌کاندا هه‌ڵده" له کاردان. ڕه‌خنه‌ی لاوه‌کی و بێ کاریگه‌ر له نمونه‌کانی وه‌کو خۆیان ده‌گرن و له ڕوکه‌شدا به‌رگریکه‌رن له دیموکراسیه‌ت و مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و له ناوه‌رۆكدا دژ به وویستی جه‌ماوه‌ر له کاردان.
به‌دران حه‌بیب له بابه‌تێك دا که له 30 ی کانونی یه‌که‌می 2010 له ماڵپه‌ڕی کوردستان نێت دا به ناوی (ئازادی به‌رپرسیاره‌تییه)(1) بڵاوکراوه‌ته‌وه، به جۆرێك یاسای پێناسه کردووه که جێگای نرخاندن و ستایشه. بهدارن حه‌بیب خۆی پرسیار ده‌کات و خۆشی وه‌ڵام ده‌داته‌وه:" یاسا چییه؟ یاسا رێكخستنی پێوه‌ندیی نێوان دوو لایه‌نه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌رده‌وام به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵبكه‌ن بێ ئه‌وه‌ی كه‌سیان بۆی بلوێ سنووری ده‌سه‌ڵاتی خۆی ببه‌زێنێ و پهلدرێژی بۆ بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وی تر بكا، یان خۆی له ئه‌ركی سه‌رشانی بدزێته‌وه له به‌رامبه‌ر مافی ئه‌وی تر. ئه‌مه پێناسه‌یه‌ك بۆ یاسا، ده‌شێ پێناسه‌یه‌كی تریشی بۆ بدۆزینه‌وه و بڵێین یاسا به‌ده‌ردانه‌وه‌ی هه‌ڵكه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی سه‌رده‌مێكی مێژوویییه، نه‌ینۆكی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه بۆ پێشاندانی خۆی" ئه‌م پێناسه‌یه شایانی ئه‌وه‌یه له گۆڤارێکی ئه‌کادیمی به‌رزدا بڵاو بکرێته‌وه،
به‌ڵام ئایا ئه‌م پێناسه‌یه به‌رهه‌می بیری به‌دران حه‌بیب خۆیه‌تی؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و به‌ڵێ بێت. ده‌که‌ومه گومانه وه و ناچارم ده‌کات ده‌ست بده‌مه ئه‌وه‌ی به سه‌رچاوه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی یاسادا بگه‌ڕێم و نزیكترین پێناسه‌یه‌ك که گومان بکه‌م به‌دران حه‌بیب لێوه‌ی کۆپی کردبێت بخه‌مه ڕوو. ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی نه‌خێر بێت. ئه‌وا له نێوه‌نده ئه‌کادیمیه‌کان دا ده‌کرێت پێی بوترێت "Plagiarism" و شێوه‌یه‌که له "قۆپی" و ڕێگا پێنه‌دراوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه له بابه‌ته‌که‌دا و نه له په‌ڕاوێزدا ناوی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پێناسه نایابه‌ی نه‌هێناوه. بۆیه من ناچارم به شێوه‌یه‌کی کاتی ناوی بنێم ؛"پێناسه‌که‌ی به‌دران حه‌بیب بۆ یاسا". بۆ ئه‌وه‌ی که‌سی تر نه‌بێت به خاوه‌نی و مافه‌کانی پارێزراو بن، تاکو ئه‌و کاته‌ی ڕاستیه‌کان ساغ ده‌کرێنه‌وه.
ڕێکه‌وتێکی سه‌یره له لێکسیکۆنی ئێتیك لاپه‌ره‌ی 278 دا که له لایه‌ن چوار له ناسراوترین فه‌یله‌سوفی هۆڵه‌ندیه‌وه نوسراوه(2)، پێناسه‌یه‌کی به هه‌مان ئارسته بۆ یاسا هه‌یه, ئه‌گه‌رچی له داڕشتندا جیاوازه. لێکسیکۆنی ئێتیك یاسا به مانا فراوانه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه بۆ یاسای سروشت. یاسای سروشت به مانای هه‌لومه‌رجی سروشتی هۆبیانس نا که شه‌ڕی هه‌موان دژ به هه‌موان و یاسای جه‌نگه‌ڵه، به‌ڵکو به مانای یاسای سروشت، که مرۆڤ ئازاد تیایدا دێته دونیاوه. ئه‌و بونه‌ش مافی ژیانی پێده‌به‌خشێت،(بابه‌ته‌که په‌یوه‌ست نیه به لایه‌نه‌کانی یاسای سروشته‌وه تا بێمه سه‌ر وورده‌کاریه‌کانی ئه‌وه‌ی له چ قۆناغێکه‌وه مرۆڤ ئه‌و مافه‌ی هه‌یه، که په‌یوه‌سته به له‌بار بردنی منداڵه‌وه له سکی دایکی دا). به پێی یاسای سروشت، مافی ژیان بنه‌مایه بۆ کۆمه‌ڵێك ئازادی تر. له دونیای دیموکراتیدا یه‌کێك له‌و مافه گرنگانه، ئازادی ده‌ربڕینه، که بابه‌تی باسه‌که‌یه. ئه‌م ئازادیه گه‌ردونیه و هه‌میشه‌ییه به‌کورتی په‌یوه‌ست نیه به کات و شوێنه‌وه. کاتێك ڕێگیری له‌م یاسایانه بکرێت لادانه له یاسای سروشتی و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ هه‌ل و مه‌رجی سروشتی. کاتێك له وڵاتێك دا ئه‌م یاسایه ڕێگیری لی بکرێت به یاسایه‌کی پێچه‌وانه، ناکرێت بڵێی ئه‌وی تریاسا نیه، به‌ڵام به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی ڕێگریه‌که له ئازادیه‌کان یاساکه له هه‌ل و مه‌رجی سروشت یان جه‌نگه‌ڵ نزیك ده‌بێته‌وه.
یاسا کۆمه‌ڵێك دیاری کردنی ڕێکه‌وتنه‌کانه یان سنوردارکردنی پێ ڕاکێشیهکان و دهستدرێژیهکانه، هه‌ر به یاساش مامه‌ڵه‌ی نێوان تاکه‌کان و نێوان ده‌زگاکان له‌لایه‌که‌وه و له نێوان تاکه‌کان و له نێوان ده‌زگاکان له لایه‌کی تره‌وه ڕێکده‌خرێن. ده‌زگاکان ده‌کرێت تاکێك بێت که نوێنه‌ری فه‌رمی ده‌زگایه‌ك بێت و له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و ده‌زگایه‌دا له کاردا بێت یان له گوتار ده‌ربڕین و نوسین داڕشتندا بێت. ئیتر جیاوازی نیه سه‌رۆك کۆمارێك بێت یان پۆلیسێکی ئاسایی یان پاککه‌ره‌وه‌ی شه‌قامێك.
گه‌ل یاسا داده‌نێت، ده‌وڵه‌ت وه‌کو ده‌زگایه‌ك جێبه‌جێی ده‌کات، دادگا سه‌ربه‌خۆ له ده‌وڵه‌ت چاودێری جێبه‌جێکردنی ئه‌و یاسایه ده‌کات و له کاتی لادان لێی ڕاستی ده‌کاته‌وه و به ئامراز و شێوازی جیاواز ده‌یگێڕێته‌وه سه‌ر ڕێچکه‌ی خۆی. ئه‌م سێ لایه‌نه وه‌کو تاك و ده‌زگا خۆشیان ده‌چنه ژێر ئه‌و یاسایانه‌وه.
یاسای ڕۆمانی له یاسا ده‌ڕوانێت وه‌کو هونه‌ری باشه و مۆراڵی باش و نیه‌تی باش.
مۆنتسگۆی نه‌ك بهدارن حه‌بیب بۆ یه‌که‌م جار په‌نجه بۆ ئه‌وه ڕاده‌کێشێت که "یاسا پێویسته له‌گه‌ڵ کاراکته‌ری ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا بگونجێت که تیایدا ده‌ژین." ئه‌گه‌ر چی ئه‌مه ڕه‌خنه‌ی لێگیراوه که دور که‌وتنه‌وه‌یه له یاسای سروشت. ڕه‌خنه‌گران له‌و باوه‌ڕه‌دان که له کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراوی خۆپارێزدا، خۆ به‌ستنه‌وه به ڕه‌وشی کۆمه‌ڵگاکه‌وه شکاندنی مافه‌کانی به‌شێك له ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه. با لیره‌دا مافه‌کانی ئافره‌ت له کۆمه‌ڵگا پیاوسالاریهکاندا وه‌به‌رچاو بگرین. یان مافه‌کانی کرێکاران له کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری سه‌ده‌کانی 18 و 19 ی ئه‌وروپا. یان مافه‌کانی سه‌رمایه‌داران و چینه‌کانی ناوه‌ند له کۆمه‌ڵگا کۆمۆنیستیه‌کان دا.
هه‌ندێکی تر له‌و باوه‌ڕه‌دان مۆنتیسگۆ مه‌به‌ستی ئه‌وه بووه که تاده‌کرێت یاساکان له یاسای سروشته‌وه نزیك تر بن و نه‌بنه ئامرازی پێشێل کردنی ئازادیه‌کان. یاساکان هونه‌ری باشه و مۆراڵی باش و نیه‌تی باش بن. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره ڕوبه‌ڕومان ده‌بێته‌وه، تا چه‌ند ڕێگا پێدراوه یاساکان وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌دران حه‌بیب ده‌ڵێت:" به‌ده‌ردانه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمانه نه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر". تاچه‌ند ده‌کرێت پرنسیپه‌کانی دیموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ بکرێن به قوربانی ئه‌و بارودۆخه؟.
له‌م خاڵه‌دا به‌دران حه‌بیب مه‌سه‌له‌ی یاسا به مانا فراوانه‌که‌ی ده‌به‌ستێته‌وه به هه‌ل و مه‌رجی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی کوردستانه‌وه و لای وایه نه‌رمی له یاسای خۆپیشاندان دا دوور نیه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی "كه ئاڵای توركیا یان ئێران یان وێنه‌ی هێمایهلی ئه‌و وڵاتانه‌ی تێدا بێته سووتاندن، بۆ نموونه وێنه‌ی ئیمان خومه‌ینی یان مسته‌فا كه‌مال. یان ره‌سمی ئاپۆی تێدا بێته به‌رزكردنه‌وه، ئه‌مه كێشه‌ی "سه‌ر" بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم و سه‌رتاسه‌ر ئه‌و ئازادییه ده‌نێته‌وه كه تیێدا ده‌ژین". به‌دران حه‌بیب له‌و پێشهاتانه ده‌سڵه‌مێته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: " كوردستان ئابووریی پته‌وی نییه به‌رگه‌ی ئازاردان بگرێ. دۆخی سیاسیی كوردستان له هێلكه‌ی ده‌ڵه‌مه ده‌چێ، ئه‌گه‌ر نابه‌رپرسانه گه‌مه‌ی له‌گه‌ڵدا بێته‌كردن ئه‌وه‌ی هه‌یه له ده‌ست ده‌چێ یان تووشی كێشه‌ی گه‌وره ده‌بێته‌وه كه پاشان باجه‌كه‌ی گران ده‌كه‌وێ له‌سه‌ری. (...) كوردستان سوپا و هێزی چه‌كداری ئه‌وتۆی نییه به‌رگه‌ی په‌لامار یان ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه و بڕ و بیانووی ده‌ره‌كیش بگرێ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ گێچه‌ڵی پێ بکه‌ن".
وا پێده‌چێت ئه‌م تێڕوانینه له گۆشه‌یه‌که‌وه کورتی هێنابێت و له سێ گۆشه‌وه به هه‌ڵه‌دا چون بێت، بۆچی چوار گۆشه‌یی نه‌ك چوار خاڵ؟ چوار گۆشه‌یی به‌و مانایه‌ی له هه‌ر گۆشه‌یه‌که‌وه سه‌یری بکه‌یت کورتهێنان و هه‌له‌کان دروست که‌ری یه‌کترین و تێکه‌ڵ به‌یه‌ك بون و په‌یوه‌ندیه‌کانیان ئاڵۆزن و له‌یه‌کتر جیا ناکرێنه‌وه. ئه‌وانه‌ش بریتین له کورتهێنانی مۆراڵی و هه‌ڵه‌ی تیۆری و سیاسی و ئامارگهری.
(1) ئازادی به‌رپرسیاره‌تییه ... به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب
http://www.kurdistannet.info/2011/index.php?option=com_content&view=article&id=133:2010-12-30-09-25-20&catid=463:2010-04-24-07-53-52&Itemid=146 (2) Lexicon van de ethiek, Marcel Becker, Bas van Stokkom, Paul van Tongeren en Jean pierre Wil, 9400 AA Assen, Nederland 2007.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست