پزیشکان داوای مۆڵەتی چەک هەڵگرتن دەکەن !!!
Tuesday, 05/03/2013, 12:00
بۆ بەرچاوی بەرپرسانی ئەم حکومەتە بێ گیانە ...
هێرشکردنە سەر پزیشک و کارمەندانی تەندروستی هاوشێوەی هێرش کردنە سەر رۆژنامەنوسان لە حاڵەت دەرجوە و بوەتە دیاردە بە شێوەیەک بەردەوام ماوە ماوە لیرە و لەوێ دوبارە دەبێتەوە.
ئەگەر هێرشکردنە سەر رۆژنامەنوسان هۆکارەکەی ئەو بێت کە هەوڵی ئاشکراکردنی گەندەڵیەکان دەدەن و بەوەش بەرپرسان جەویان پێیان ئەگیرێت،ئەوا هێرشکردنە سەر پزیشکان لێکدانەوەی تر هەڵدەگرێت چونکە ئەمان لە نەخۆشخانەکان و دور لە سیاسەت خەریکی کاری خۆیانن، بۆ دەبێ هێرشیان بکرێتە سەر ؟!!
بۆ چی هێرش دەکرێتە سەر پزیشکان ؟!
هێرشی هاوڵاتیان لەو نارەزاییانەوە سەرچاوەی گرتوە کە لە کەرتی تەندروستی هەیانە بەڵام ئامانجێکی هەڵە نیشانە دەکەن، بەداخەوە هاوڵاتیانی ئێمە ''دەمیان بە شیر سوتاوە و فو لە دۆ ئەکەن'' ،نەخۆشخانەکانی ئێوە ناتەوانن و ئەوان، ئێمە بە کەمتەرخەم ئەبینن،ئێوە ناتوانن سنوریک بۆ بەرەڵایی مافیاکانی دەرمان دابنێن و لە کاتی رودانی کارەسات دا ئەوان روی دەمیان لە ئێمەیە،ئێوە دکتۆری مناڵبون بۆ قەزاکان دابین ناکەن و خەڵک لە کاتی مردنی منداڵەکەیدا پەلاماری ئێمە ئەدات،ئێوە ساڵەی عەمەلیات کەم ئەکەنەوە و ئەوان شەری دوری سەرەکەیان بە ئێمە ئەفرۆشن،ئێمە باجی ناتەواوی رێگەوبان و هاتوچۆکانی ئێوە ئەدەین،باجی ئەو هەمو چەقۆ وەشین و چەک بەدەستە ئەدەین کە بە وڵات دا بلاوتانکردوەتەوە, ئێمە قوربانی یەکەمی ئەم سیستەمە دواکەوتوی ئێوەین،لە سایەی ئەم سیستەمەوە ئێمە و هاوڵاتیان تان کردوەتە دوژمن و بوینەتە بنێشتە خۆشەی دەمی خەڵک و راگەیاندنەکان.
مۆدێلێکی تر ئەم هێرشانە، هێرشی بەرپرسەکان و میلیشیاکانی حیزبە, هەرچەندە ئەمان پێویستیان بە نەخۆشخانەکانی ئێرە نیە بە کەمی نەبێت، بەڵام خۆیان بە خاونی هەمو شتێکی ئەم ولاتە ئەزانن و دەیانەوێت لە هەمو بوارێک دا قسەی خۆیان هەبێت بێ ئەوەی گوێ بەوە بدەن کە بواری تەندروستی بوارێکی زانستیە و ناکرێ بە مەزندەی عەقڵ قسەی تیابکریت.
هەر لەو مانگانەی پێشو دا بو لە راگەیاندنەکان دا بڵاوکرایەوە کە سەرەرای برینی رێگەیەکی دور و درێژ بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە تەندروستی مام جەلال،بەڵام پزیشکەکان رێگەیان نەدا بە کە کاک مسعود چاوی پێێ بکەوێت ،تەنانەت هێرۆخانیش هەمو جارێک ناتوانێت بیبینێت،لەم هەرێمە بێ یاساییەی ئێوەش دا بەرپرسان بە سەر خۆشیەوە دێنە نەخۆشخانە و کام بەشیان بوێت لە خزمەتیاندایە و جارەجارە ش هەر بۆ خۆشی سوکایەتی بە پزیشک و کارمەندی بەشەکە دەکەن و تەنانەت چەندین جار لەگەڵ خۆیان پزیشکەکەشیان پێچاوەتەوە بۆ زیندان ! !
هێرشەکەی ئەم دواییە قایمقامى چمچماڵ مشتێکە لە نمونەی ئەو خەروارە سوکایەتیانەی کە بەردەوام حیزب بە پزیشک و پیرۆزیەکانی کەرتی تەندروستی دەکات.
کاتێک باڵاترین کەسی ئێداری بە خۆێ و کۆمەڵێ حیمایەوە بە بۆکس لێدان و جنێو پێدان لە بەردەم نەخۆش و هاوەڵی نەخۆش و کامێرای چاودێری دا سوکایەتی بە پزیشکێک دەکات،راشکاوانە پێمان دەڵێت ئەوەی کە ئەو نرخی بۆ دانەنێت یاسایە.
هەڵبەت ئەم رەفتارە ئێمە توشی شۆک نەکردوە چونکە ئەمە یەکەمجار نیە بەرپرسە حیزبیەکان حەرەمی نەخۆشخانە بشکێنن ، بەڵام دەپرسین چ یاسایەک ماف بە بەرپرس ئەدات بە ناوی کەمتەرخەمیەوە سوکایەتی بە فەرمانبەر بکات و دواتر بێ بریاری دادوەر دەسگیری بکات ؟!!
تاکەی ئەتانەوێ بمانگەوجێنن ؟!! کامەیە ئەو سەروەریەی یاسا کە سەرۆکی هەرێم باسی دەکات؟با وادابنێن ئەم پزیشکە هەڵەیەکیشی کردوە کە نەشی کردوە ]بە پێێ پێوەرە زانستیەکان و بە لەبەر چاوگرتنی بارودۆخی تەندروستی قەزاکان]، فەرمون یاسا و دادگا و زیندان هەموی هی خۆتانن،بۆ لە دادگا علوجەکانتان دادگایی ناکەن ؟؟
لە کوێ دونیادا هەبوە کەسێکی خاون دەسەڵات و دەرچوی بەشی یاسا بە جنێو و لێدان سزای فەرمانبەرێکی بدات ؟کوا رولی دادگاکان ؟
ئەگەر ئەم بەرپرسە یەک تۆزی هەستی بە بونی یاسا بکردایە..
ئەگەر پشتی بە حیزبەکەی قایم نەبوایە..
ئەگەر حکومەت زەلیل و داماوی دەستی حیزب نەبوایە..
نەیدەتوانی ئەوەندە بێباکانە حەرەمی فەرمانگەیەکی حکومی بشکێنێت و لە کاتی کارکردنی دا سوکایەتی بە فەرمانبەرەکەی بکات لە کاتێک دا ئەمە بە پێێ یاسا هێڵی سورە و سزای زیندانی کردنی بۆ دانراوە!! ئەمە ئەوپەری بەرەڵایی و فەراغی یاسا یە لە وڵاتە بێ خاوەنەدا ی ئێوە دا !! ئەوپەری بێرێزکردنە بە مرۆڤ ! ئەگەر هەڵە و کەمتەرخەمی سزاکەی لێدان بوایە دەبوایە زۆربەی بەرپرسانی ئەم هەرێمە 3 ژەم لە جیاتی نان شەقیان بخواردایە !
لێتان ناشارمەوە خۆتان و حیزبەکانتان بێزارتان کردوین ،ئاخر ئستە ئێوە هەمو شتێکن،کێتان بوێت تەمێی ئەکەن ,کەرامەتی ئەشکێنن،زیندانی ئەکەن،تەنانەت ئەگەر پێویست بکات ئەمانکوژن , کێمان چی لە دەست دێت ؟!!
ئەوەی ئەم وڵاتە بەرێوە دەبات حیزبە نەک حکومەت، ئەوەش کە لای میلیشیا حیزبیەکان بونی نەبێت یاسایە...
شێرپەنجەی حیزب تەنها بە توشکردنی لایەنە چەکدارەکانەوە نەوەستاوە بەڵکو پەل و پۆی هاویشتوەتە سەرجەم بوارەکانی تر بەرێوەبردن و سەندیکا و رێکخراوە پێشەییەکان بە شێوەیەک هێز لە ئەژنۆیان دا نەماوە و ناتوانن بەرگری لە ئەندامەکانیان بکەن، سەندیکای پزیشکانیش وەک سەرجەم سەندیکاکانی تری دەستەمۆی حیزب ، ئەوەندەی نوێنەری حیزبە نیو ئەوەندە نوێنەری پزیشکان نەبوە و نیە و ناتوانێت بەرگریان لێبکات،دوای 2 رۆژ بایاننامەیەکیان دەرکردوە و دەنوسن ''ئەگەر ئەمە دوبارە بێتەوە مان دەگرین'' وەک بڵێی ئەمە یەکەمجار بێت !!
ماوەتەوە بڵێن ، کاتێک وەڵامی هەڵە و کەمتەرخەمی بە شەق و جنێو و بۆکس لە لایەن کاربەدەستان و بەناو پیاوانی یاساوە بدرێتەوە ،ئتر بۆ درگای دادگاکان داناخەن ؟ بونى دادگاکان چ سودێکی هەیە کاتێک کاری دادوەرەکان تەنها تەڵاق دان و مارەبرین بێت ؟!!
یان حورمەتێک بۆ سەروەری یاسا بگەرێننەوە یان دەرگای دادگاکان دابخەن و رێگە بە ئێمەش بدەن چەقۆ و کەتەر و چەک هەڵگرین و خۆمانی پێ بپارێزین لەم وڵاتە پر لە چەک بەدەستەدا...
د.حەمید محەمەد زەڵمی
پزیشکی پلەبەند
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست