گۆڕان و بە هانە بۆ شەرعیەت پێدان
Saturday, 17/01/2015, 12:00
1420 بینراوە
لەبرى شاعیرى ناودارى كلاسیكى كورد"مەحوى" دەڵێین:
"شكور هۆشیارە خەڵكى كوردستان تێدەگات دونیا چییە".
وەك دەنگدەرى گۆڕان و ڕاگەیاندنكارێك لە ڕاگەیاندنى ئەو بزوتنەوە، دەمەوێت لەم وتارەدا پەیامێك بە سەرانى بزوتنەوەكە و دەزگا ئیعلامیەكەى و ئەوانەشى لەسەر میلاكى ئەم بزوتنەوەیە لەدەسەڵاتدان بگەیەنم.
تكایە كارێك مەكەن لەو تێڕوانینەمان پەشیمان بین كە لەساڵى 2009 وەك هەڵهاتنى خۆرى نەفەس هەڵكێشانمان بە ئازادى لەم بزوتنەوەیەمان دەڕوانى.
وەك ئاشكرایە ساڵى 2009 بوو بە تەوقیتێ:ى زەمەنى ئاماژە بۆكراوى مێژووى و لەیادەوەرى هەمووماندا چەسپى و ئەگەر عاقیبەتەكەى پرشنگدار بێت، ئێمەى نەوەى نوێى هیوابڕاو بە ئەزموونى حكومڕانى ڕابردووى ئەم هەرێمە لەلایەن دوو حیزبى شەرعیەت نەماو لە ئەدەبیاتى سیاسى هەرێمەكەماندا هەوڵدەدەین تەلیسمە سیحراویەكانى ئەم زەمەنە مێژووییە بۆ نەوەى دواى خۆمان بگوازینەوە.
بە پێچەوانەوە ئەگەر هەوڵ و تەقەلاكان بە هەمان شێوە و هەمان ئەزموون
خۆیان بۆ ئێمە نمایش كردەوە، ئەوا هەموو ئەو ئومێدانە دادەگرینە خوارەوە كە بەدیوارى دڵماندا، بە پشت بەستن بە ڕێچكەى كارى ئەم بزوتنەوەیە، هەڵمان واسى بوو.
دروشمەكانى "هۆشیاركردنەوە،فێركردنى خەڵك بۆ هاتنە دەنگ،چاوكردنەوە،ڕەواندنەوەى ترس.....هتد" ئەمانە كۆمەڵێك دروشم بوون، ڕاستە پێمانوایە ئەم بزووتنەوەیە،هێنەرى بوون بۆناو پڕۆسەى سیاسى لەم هەرێمەدا،بەڵام ئەمانە گوزەران و چوونە فۆڵدەرە جوانەكانى مێژووە وە.
سەردەمێكە زۆرێكمان لە هاوڵاتیانى كوردساتان،پارتى و یەكیەتى بەوە ڕەخنەدەكەینن كە دەڵێین: ئەمانە لەسەر شەرعیەتدان بە خەباتى شۆڕشگێڕییەوە
دەژین و سەروەت و سامانى ئەم وڵاتە بە لێشاو بۆ خۆیان دەبەن.
هەمووان پێمان وایە كە ئەمانە لەشاخەوە هاتوون و دەیانەوێت تا مردن بەسەر
شەرعیەتى شاخ و خەباتى شاخەوە بژین.
بزوتنەوەى گۆڕانیش كە هێنەرى ئەو دروشمانە بوون كە لە دێڕەكانى سەرەوە ئاماژەى پێكراوە.
نابێت ساڵانێكى زۆر، لەسەر ئەو ئەزموونەى ڕابردووى بژیەت و خۆى بە كلیلدارى كردنەوەى دەرگاى چاو و عەقڵى هاوڵاتیان بزانێت و بەم بۆنەیەوە شەرعیەت بدات بە هەر جۆرە یاریكردنێكى سیاسى كەلەبەرژەوەندى دەنگدەرانى بزوتنەوەكەى و خەڵكى كوردستانیشدا نەبێت.
نامەوێت بە گێڕانەوەى زەمەنى گوزەر پێداكراو خوێنەر ماندوو بكەم،بەڵام هەمووان باش دەزانین كە ئەم بزووتنەوەیە چوار ساڵى ڕابردوو بە كۆمەڵێك دروشمى هەڵتەكێنەرى سیستەمى سیاسى لەكوردستاندا، دەستى بە یارى و ململانێى
سیاسى كردوو پاشان بەهەموو توانا و باوەڕبەخۆبوونیەوە بە دەنگدەرانى و خەڵكى
كوردستانى ووت بەشدارى لە سیستمى حكومڕانیدا دەكەین بۆ ئەنجامدانى چاكسازى و بەمەش كردنى چاكسازى كرد بەماڵ بەسەر خۆیەوە لەڕووى مێژووییەوە. وە هەموو دەنگدەرانى و خەڵكى كوردستانى كرد بە چاودێر بەسەر خۆیەوە.
بەڵام ئێستا وەك دەبینین بە هۆى تەنگە نەفەس بوونى ئەم بزوتنەوەیە لەتونێلى داخراوى سیاسى كوردستان و حكومڕانیە شكست خواردووەكەى لە هەرێمدا. ئەمیش خەریكى دووبارەكردنەوەى هۆتافەكانى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارە كەلەسەرەتاى
نەوەدەكانەوە، دواى وەرگرتنى نیمچە سەربەخۆیى لە دەسەڵاتى بەعس بە گوێى
خەڵكى كوردستانیدا دەدا، بە وەى كە دەیان ووت ئێمە هاتووینەتە سەر هەرێمێكى ڕووخاوو و خاوەن حكومەتى ساواین.
ئەم دوو حیزبە لەڕابردوودا بە بەگوێدادانى ئەم دروشمە ماڵ وێرانكەرە بە گوێى خەڵكى كوردستاندا، بیست و سێ ساڵ ماڵ و سامان و زەوى ئەم هەرێمەیان بە تاڵان بۆ خۆیان بردووە و بەشى پشتا و پشتیان گیرفانیان لێ پڕ كرد.
بەمەش كەوتنەبەر نەعلەتى خەڵك و مێژووە وە.
نابێت بزوتنەوەیەكى پشت بەستوو بەدەنگى دەنگدەرانى و نەبوونى هیچ پشتێكى دەرەكى،بەهۆى تەنگە نەفەس بوونیەوە لە ئەداكردنى حكومڕانیەكەى لەدەزگا ئیعلامیەكەیەوە و لەسەر دەستى لایەنگرانیەوە بكەوێتە فرۆشتنى دروشمى
"بەهۆى شكستى ئەزموونى حكومڕانى ڕابردووە وە"ئەم جاڕدانە بە گوێى خەڵكدا.
نابێتە هۆى درێژكردنەوەى زەمەنى شەفاعەت بۆ كردن بۆ سیاسەتمەداران و كادیرانى ناو حكومەتى ئەم بزووتنەوەیە. خەڵك هەر دوو خولى هەڵبژاردن لێتان
دەوەستێت دواتر بەدەنگەكەى لەڕۆژى دەنگداندا دادگایتان دەكات و كێرڤى جەماوەرى و باڵانسى دەنگەكانتان یەكسان دەكات بە سفر.
تكایە هەرگیز پێتان وانەبێت خەڵك لە ئێستەدا حەوسەڵەى ئەوەى ماوە كە بیست و سێ ساڵى تریش موراعاتى ئێوەش بكات، كە بزانێت دەیگەیەننە كەنارى ئارامى یان نا.