ژنێك لەباران
Thursday, 19/12/2013, 12:00
1957 بینراوە
ژنێك هەموو شەوێ بەبەرچاوی مانگەوە
دەسماڵێ لەئەستێرە دەچنێتەوە
زریانی هەموو سپێدەیەکی پۆلێ پەپوولەی پاییزی بەڕێ دەکات
ژنێك فەرمان ڕەوای
خەمێکی هەتا هەتاییە، و
بەگەردەلوولی خەونێکی بڕۆنزییەوە
بووەتە ڕێبواری شیعری زەمەن و
قوبەی نهینی عەشق و جوانی ڕژاندوەتە پێلووی دەریاوە
نە ئەم ئەخەوێ و...
نەئاسمان چاو لێک دەنێ
لەبەر پێی خاکا سەر هەڵ ئەبڕێ، و
لەپێناوی ژیانەوەی هەر گوڵێکدا
ئازایانە دەمرێ
هەرزەکارانە دەست بەرداری
جوڵەی ئۆقیانووسی ئاواتی دەبێ
ژنێ قەتارەی ژیانی
سارای خەونێکی تێپەرێوی سەر شەقامێکی پڕ لەگلەیی کۆ دەکاتەوە
ئەفسانەی جەنگی مۆمێک لەتاریکی شەودا بۆ ئەبەدی دەنوسێتەوە
نمە نمی بارانی بێدەنگی
لەسەفەری زەکری عەشقدا
سۆفییەکی ڕیش سپی و قەسیدەیەکی ئاوی ئاوییە
و
بووەستەیەك لەشەماڵی وشە دەکات بەشیعر و
دیوانێك بەمرواری دەڕازێنێتەوە