کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


كۆنفراسەكانى پارتى هەنگاونانە بەرەو پێشەوە یان بەرەو دواوە؟

Friday, 22/06/2012, 12:00


(نوێبونەوە، دادپەروەریى، پێكەوەژیان) تەنها دروشمی بێ ناوەڕۆكه‌

لە هەموو جیهان وا زانراوە ئەنجامدانى كۆنگرە بۆ بەرەوپێش بردنى حزب و چارەسەركردنى كێشەو هێنانە دى بیرۆكەى نوێ و شتى تازەیە لە پێناو خزمەتكردن بە ووڵات و ئەندام و لایەنگرانى هەرحزبێك كە كۆنگرە دەبەستێت ، پارتى دیموكراتى كوردستان حزبێكى دەسەڵات دارە لە هەرێمى كوردستان و تەمەنى(65) ساڵە، لە كاتى دامەزراندنیەوە لە ساڵى (1946) سێزدە كۆنگرەى جۆراوجۆرى لە شوێن و بارودۆخى جیاواز ئەنجام داوە، هەریەكەیان بە چەندان كەم وكورى كۆتایى هاتووە، بەڵام گلەى ناكرێت، چونكە ئەوەى ئەو كات كراوە بارودۆخەكەى جیاواز بووە لە ئێستا خۆیان گوتەنى لە خەباتى شاخ و پێشمەرگایەتى دابوون ئەوەى بە دەست هاتووە زۆر زۆرترە لە چاو ئەو بارودۆخەى كە هەبووە، واتە لە ماوەى 45 ساڵ (10) كۆنگرە بەستراوە ، بێگومان ئەوەى لێرە دا گرنگە مەبەستمانە تیشكى بخەینە سەر كۆنگرەكانى پارتییە دواى ڕاپەرینى 1991 كە بەدرێژایى (21) ساڵى ڕابردوو تەنها سێ كۆنگرە بەستراوە كە ئەمەش جۆرەها شیكردنەوەو پرسیارى بۆ دروست دەبێت، ئەم كۆنگرانەش هەریەكەیان بە شێوازێك و بەڕێوەچوون جۆرێك لە ڕووداوى سەیر و سەمەرە تێدا بینراون، پارتى بۆ هەریەك لە كۆنگرەى 11 و 12 كاتى ئەوەى هەیە پۆزش بۆ خۆی بهێنێتەوەو ئەندام و لایەنگرانى پێ بخەڵەتێنن وەك پیشەى هەمیشەی، چونكە ئەم دوو كۆنگرەیە هەریەكەیان لە بارودۆخێكى تایبەت بە ستراون كۆنگرەى 11 كە لە ساڵى 1993 بەستراوە یەكەم كۆنگرە بوو كە دواى راپەرین ئەنجامەكەى هەرچیەك بوو چى كرا قبولە ، كۆنگرەى 12ش كە لە ساڵى 1999بەسترا، واتە دواى شەڕى ناوخۆ یەكەم كۆنگرە بوو كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەرى شەڕى ناوخۆى لە سەر دەمێنێت ، ئەم كۆنگرەیە بە كۆمەڵێك دەست كارى وپۆست كڕین بەڕێوەچوو دڵى چەندان كەسى لە ئەندامانى پارتى شكاند و چەندانى تریشى دڵ خۆش كرد كە تا ئێستاش ئاسەوارى بەسەر ئۆرگانەكانى پارتى داماوە ، لە هەمووى سەمەرەتر سنورى زانكۆ و پەیمانگاكان لە هەولێر لەو كات بێ بەش نەبوون لە سلبیاتى كۆنگرەى 12 ، لەناوچەى زانكۆ جۆرە كۆنفرانسێك بەڕێوەچوو ئەگەر داخلى كتێبى گینس بكرێت بێ سڵ كردنەوە وەردەگیرێت ، (د.سەعدى بەرزنجى) بە زۆرى زۆردارى كرا بە بەرپرسى ناوچەى زانكۆ، ئەگینا خۆى ئەم كەسە نەبوو كە دەربچێت ، (د.فازل نەبى) پارەیەكى زۆرى سەرف كرد لە پێناو دەرچوونى ئەمە جگە لە كارى ساختەكارى لەلایەن ئەوانى تر كرا، ئەگەرئەم دەرگایە بكرێتەوە زۆر هەڵدەگرێت .... لەوانەیە خوێنەر پرسیار بكات: ئایا كۆنگرەى 12 تەنها ناوچەى زانكۆ دەگرێتەوە كە باسى بكرێت ؟ لە وەڵامدا دەڵێم: بۆیە وەك نموونە ئەو ناوچەیە دەهێنمەوە، چونكە ناوەندێكى ڕۆشنبیرى و ئەكادیمى وەك زانكۆهەڵبژاردن بەم شێوەیە بێت ئاخۆ لە شوێنەكانى تر چۆن دەبێت ؟
دوا كۆنگرەى پارتیش كە كۆنگرەى 13یە دواى (13) ساڵ ئینجا بەسترا ، ئەمیش بە ناچارى یاخود جوانتر بڵێن لە شەرمى خەڵك و ئۆپۆزسیۆن كە ئەمەش بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ناوى پارتى ناگونجێت كە (پارتى دیموكراتى كوردستان) ە، دواى چەندین ساڵ كەڵەكە بوونى ناعەدالەتى و دابەشكردنى پلەكان لە ناو پارتى لەسەر بنەماى بەرژەوەندى تاكەكەسى ، خزمایەتى ، بازرگانى و داناى خەڵك بە تەزكیەى ئەم و ئەو خۆشى كەوتە نێو ئەندامە پلە دوو ماف خوراوەكانى پارتى گوایە ئۆخەى دواى ئەم هەموو ساڵە بە هەڵبژاردن پلە وەردەگیرێت ...... داخ بۆ ئەمانە دەخۆم نەیانزانى كۆنفرانسەكەش وەكو بیرە نەوتەكان و سەروەتى كوردستان لە نێو بەرپرسە نابەرپرسەكان دابەشكراوە نەك لە پێناو خزمەتكردن بە پارتى، بەڵكو لە پێناو خزمەتكردن بۆ خۆ دەوڵەمەند كردن. ئەوەمان زانیوە لە كارووبارى بازرگانى بە مقاولات لەم دەست بۆ ئەو دەست دەگوازرایەوە كەچى لەسەدەى بیست و یەكدا كە پارتى خۆى بە حزبێكى خەباتگێرو مۆدێرن دەزانێت و لاف و گەزافى قوربانى دان و بەرخودان بە سەر میللەت لێ دەدات، ئینجا وەرگرتنى پۆستەكان لەنێو پارتى لە پێش و دواى كۆنگرەى 13 بوون بە كارى مقاولات و میراتگرى دابەش دەكرێت لە نێو خزم و بنەماڵەكان بێ ئەوەى حیساب بۆ هیچ بنەمایەك بكرێت، تەنانەت بێ ئەوەى حیساب بۆ دروشمەكانى كۆنگرەش بكرێت كە (نوێبونەوە، دادپەروەرى، پێكەوەژیان) ە وابزانم سادەترین ئەندامى پارتى دەتوانێ لە مانا زلەكانى ئەم دروشمە بگات چ جاى ئەم هەموو ڕاوێژكارو فەیلەسوفانەى كە پارتیان بە بیرو راكانیان دەوڵەمەند كردووە، بەڵام ئایا لەسەر ئەرزى واقیع ئەم دروشمانە جێ بەجێ دەكرێن؟
لە قۆناغى یەكەم هەڵبژاردن بۆ ئەندامانى كۆنگرەى(13) بەڕێوەچوو گوایە بەو پەرى دادپەروەرى ئەنجام درا لە هەنگاوى سەرەتادا ئامادەكارییەكانى كۆنگرە بە ناعەدالەتى دەستى پێكرد كۆمەڵێك كادرى پێشكەوتووى پارتى بە پلانى چەند مافیایەك دەرنەچوون و توڕەبوون و چوونە ماڵەوە. ناوچەى زانكۆش واتە ئاسۆى ئێستا بێ بەش نەبوو لەم پلانە دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردن و دەرچوونى ئەنجامەكان 3 كەس بوون بە ئەندامى كۆنگرە، بەڵام لە بەرئەوەى كەسى دووەم و سێ یەم بە دڵى ئاراس خۆشناوى بەرپرسى ئەو كاتى ناوچە نەبوون نیگەرانى كردن، بە هەموو شێوەیەك هەوڵى ئەوەیان دا كەسى سێ یەم كەمافى خۆشى بوو، بەڵام بە بیانووى ئەوەى كە ڕێژەى بەشداربووان كەمتر بووە لە ڕێژەى یاسایى بێ بەشكرا بە ئەندامى بوونى لە كۆنگرە لە جیاتى ئەو هەتاو خانى هاوڕێ ى ئاراس خۆشناو بە 190دەنگ كرا بە ئەندامى كۆنگرە جگە لەوەش چەندان ماستاوچى و ئەوانەى كە لە فرۆكە دابەزین و ساردى و گەرمى ئەم ووڵاتەیان نەچەشتووە بە بڕیارێك كران بە ئەندامى كۆنگرە كە تەنها كارێك كە دەیانكرد چەپڵە لێدان و هەتاف لێدان بوو بۆ بەرپرسان و دەیانووت پێشرەوى كورد پارتیە سەرۆكمان بارزانیە... هەروەك ئەوەى پارتى هیچ كێشەى نەبێت.
هەرچۆنێك بوو كۆنگرە تەواوبوو دواى سەرف كردنى سەروەت و سامانێكى زۆرى میللەت داوەت و داوەتكارى گۆرانیبێژان و ئەم وئەو ، دواى چەند ڕۆژێك كات بە فیرۆ دان هەموو ئەو دەمووچاوانەى كە پێشتر هەبوون دووبارە بوونەوە كران بە ئەندامانى مەكتەبى سیاسى و سەركردایەتى، تەنها چەند كەسانێك نەبن كە بە پەنجەى دەست هەژمار دەكران كە ئەوانیش لە دەربارانى خۆیان بوون لێرەدا مافى هەموو كوردستانیەك و پارتییەكە پرسیاربكات: ئایا ئەمەیە نوێبونەوە ؟
قۆناغى دووەم كە گەورەترین كێشە بوو پارتى نەیتوانى خۆى لێ دەرباز بكات ئەنجامدانى كۆنفرانسى ناوچەو لقە كان بوو كە بە ناچارى ئەنجامدران بە جۆرێك بەڕێوەچوون هەموو سەركردایەتى پارتى پێوە ریسواو شەرمەزاربوون، تا چەند ساڵى تریش خەریك بن پێیان چارەسەرناكرێت، ئەگەر بە ووردى سەیر بكرێت و بەپێى هەموو پێوەرو ئامارەكان لە ساڵانى 1996 بە دواوە، دواتریش پاش شەڕى ئازادى ئێراق بەردەوام كێرڤى پارتى لە زۆربەى ناوچەكان لە دابەزین دابووە بێ ئەوەى بەرپرسانى پارتى بە هەندى وەربگرن و بیر لە دۆزینەوەى چارەسەرێك بكەنەوە.... لەبەرئەوەى هەر لە بنەماڵەى بارزانى تا دەگات بە بچووكترین بەرپرس خەریكى كارى بازرگانیین بەتایبەت دواى ناردنە دەرەوەى نەوت لە هەرێمى كوردستان بەرپرسە باڵا دەستەكان بۆندى گەورەى بازرگانى مۆردەكەن كارە بچووكەكانیش بۆ بەرپرسە بچووكەكان، بۆیە لێرەدا من پێشنیار دەكەم كە پارتى بیر لەوە بكاتەوە لە پارتێكى نەتەوەى ببێت بە كۆمپانیایەكى سەرمایەدارى گەورەى جیهانى باشترە لەوە خەڵكێكى سادە و ساكار خەریك بكات بە كارێك كە ئەنجامى نەبێت، چونكە ئەوەى ئێستا هەیە كۆمپانیایە، نەك حزب واتە ناو ناوەڕۆك لەگەڵ یەكترى ناگونجێن .


ئەوەى كە لە چەند ساڵى ڕابردوو جێگاى ئومێدى پارتى و سەركردایەتى پارتى بوو، ڕاستكردنەوە و بەرزكردنەوەى بڵانسى پارتى بوو خەڵكى شارى هەولێر بوون كە بەوپەرى خۆبەخشى و دڵسۆزى هەوڵیان دەدا لە پێناو سەركەوتنى پارتى وەكو حزب نەك وەكو كۆمپانیا، بەڵام دڵنیام لەوەى كە دواى ئەو هەموو گەندەڵیانەى كە ڕۆژانە بەرپرسانى پارتى بەبەرچاوى خەڵك ئەنجامى دەدەن بێ شەرم كردن لە خواو خەڵك ئەو بەزمانەى كە پارتى لە كۆنفرانسەكانى لق و ناوچەكان بە گشتى و لقى دوو بە تایبەتى بە هەڤاڵانى خۆى كردووە، بەتایبەتیش لە سنورى ناوچەى زانكۆ (ئاسۆى ئێستا) و ناوچەى قوتابیان (ئایندەى ئێستا) ئەنجامەكەى بەم زووانە دەبینێت لەبەرئەوەى لقى دوو بە هەموو تواناى خۆى هەوڵى دەدا كە ئەنجامى كۆنفرانسى ئەم دوو ناوچە بەپێ ى پلانى داڕێژراوى خۆى بێت، واتە بەكورتى پیاوەكانى خۆیان دەربچنەوە كە بێگومانم لە وەى ئەو هەموو تاكتیكەى بۆ گۆڕینى ئەنجامى هەڵبژاردن كرا لەم دوو ناوچەیە لە پێناو دەرچووانى (جوتیار بارزانى) و (عبدالسلام بارزانى) لەپێناو سەربەخۆى كوردستان بكرایە ئێستا كوردستان خاوەن ووڵاتێكى سەربەخۆ بوو....... ئایا ئەمەیە دادپەروەرى و پێكەوە ژیانى پارتییە لە ناوچەى ئاسۆ و ئایندە ئایا لێهاتووى تواناى ئەمانە هێندە گرنگە بۆ پارتى كە ژمارەیەكى زۆرى ڕێكخستنیان بۆ بكرێتە قوربانى تەنانەت پێش كۆنفراس لەگەڵ هەبوونى ژمارەیەكى زۆر لە كارگێرانى بە توانا لە ناوچەى زانكۆ كەچى لە شوێنى ئاراس خۆشناو جوتیار بارزانى كرا بە بەرپرسى ناوچە واتە پلانەكە پێش وەختە دارێژرابوو، ئایا عبدالسلام بارزانى چ تایبەتمەندییەكى تێدایە كە دوو بەرپرسى پێشووترى ناوچەى بۆ سوتێنرا كە یەكەمیان(ئارام نەجمەددین) بوو ڕەوانەى ناوچەى ئاشتى كرا و دواتر لەوێ لە بەین برا، دووەمیشیان (بێستون)ە كە هەر پێش كۆنفرانس هیچ دەسەڵاتێكى نەمابوو تەنانەت ڕێگەى پێنەدرا بچێتە ناو پرۆسەكەش نەبادە ئەو كەسانەى ناعەدالەتیان پێ قبوڵ ناكرێت دەنگى پێ بدەن و پلانەكەیان سەرنەگرێت، كەچى بە پێى پەیڕەوى پارتیش گوایە خۆپاڵاوتن مافێكى سادەى هەموو كەسێكە.
لاتان سەیر نەبێت كە هەڵوەستەكردنم زیاتر لەسەر ناوەندەكانى زانكۆ و پەیمانگاكانە، بەڵام هەروەك لەسەرەوە ئاماژەم پێدا: ئایا لە ناوچەكانى سنورى شوێنێكى ئەكادیمى و ڕۆشنبیرى حاڵ وابێت ئەى دەبێت لە ناوچە جوگرافیەكانى پارتى حاڵى كادیرانى پارتى چۆن بگوزەرێت، پێم خۆشە ئەى هەڤاڵانى پارتى خۆتان بڕیار بدەن و دەنگ هەڵبرن تاكەى بێ هەڵوێست دەبن لە ئاست پێشێل كردنى مافەكانتان ئایا مرۆڤى بێ هەڵوێست نرخى چیە ؟ ئەى خەڵكینە ئایا پارتێك نەتوانێ لە گەڵ دۆست و لایەنگران و كادیرە بەتواناو پێشكەوتووەكانى خۆى كە چەندین ساڵە ماندوونەناسانە خەبات دەكەن دادپەروەربێت وكەسانێك بە سەریانەوە فەرز بكات كە شایەنى ئەم پۆستە نین و بەزۆر بیانسەپێنێت بە چاو سوركردنەوەو و سیاسەتى پەرتكەو زاڵ بە نەهێڵن كەس خۆى كاندید بكات دەتوانێت لەگەڵ كەسانى تر دادپەروەربێت ؟؟ ئایا پارتێك نەتوانێ لەگەڵ دۆست و هاوەڵانى خۆى بژیت بە بێ ترس و بە متمانەى تەواو دەتوانێت لەگەڵ كەسانى تر بژیت؟
ئێمەو ئێوەو ڕۆژگار زۆربە دڵنیاییەوە دەڵێم باجى ئەم هەموو پلان و بێ متمانەى پارتى لەم كۆنفرانسانەى كۆنگرەى 13 بە لە دەست دانى دۆست و لایەنگرانى ئەنجامەكەى لە هەڵبژاردنەكانى ئەنجوومەنى پارێزگاكان وەردەگرێتەوە.... با زۆر دووریش نەڕۆین هەموومان یادكردنەوەى 37 ساڵەى شۆڕشى گوڵانمان بینى لە كەناڵەكانى ڕاگەیاندنى پارتى شایەد حاڵى دابەزینى وورەو كێرڤى ڕێكخستنەكانى پارتین لە شارى هەولێر.... دڵنیام ئەم یادكردنەوەیە سەركردایەتى پارتى و لقى دووى تووشى شۆك كردووە، چونكە بە هەموو تواناى خۆى و ئەو هەموو ڕێكخستنەى كە بە حیساب لە هەولێر هەیەتى یاریگایەكى بچووكى كۆلێژى پەروەردەى وەرزشى پێ پڕنەكرابووەوە.. ئایا ئەمە كارەسات نیە؟ ئایا ئەمە ئیفلاسى حزبێك نییە كە 65ساڵ تەمەنیەتى؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە