لە (چاكسازى ڕیشەیى) مەترسە... سەرۆك !!...
Wednesday, 14/03/2012, 12:00
گەنجێك بۆ هەردوو ڕاسپێردراوى تەشكیلەى حوكمەت لەبەردەم مەكۆى سەرەكى بزوتنەوەى گۆڕان نوسییبوى:
((لە چاكسازى مەترسە...لە خۆتەوە دەست پێبكە...مێژوو بۆ خۆت تۆماربكە!!...))
دواى بڵاوبونەوەى ڕاگەیەندراوى لیژنەى چاكسازى سەرۆكى هەرێمى كوردستان ، ڕاسپاردەو بەدواداچون و لێكۆڵینەوەكان زۆر ڕوون و ئاشكرا بەردێكى قورس و گرانیان خستە سەردیوارى ناڕەزایى ڕاى گشتى و ئۆپۆزسیۆن كە(خۆى لە كۆمەڵێ داواكارى و پاكێجدا چڕكردۆتەوە).
هەموو پێویستە سوپاسى بێ پایانى ئەم لیژنەیە بكەین، ئەگەر تا ئێستا سەرۆكى هەرێمى كوردستان قەناعەتى نەكردبێ كە (قەیرانى قوڵ و كەڵەكەبوو)لە پڕاوپڕى سنورى دەسەڵاتى حوكمڕانى و سیستمى حوكم لە هەرێمى كوردستاندا(مەجازەن ئەو پرۆسەیە هەبوە دەنا شتێك نیە بەو ناوە) ،ئەوا دواى ڕاگەیاندراوەكە بوارێك بۆ (گومان) و گەیشتن بە (یەقینى موتڵەق) نامێنێتەوە .
ئیدى نە (چاكسازى، پرۆژە،لیژنە،ئیرادەى سیاسى،ژێرخانى ئابورى قۆرغكراو،هێز،سومبول،كاریزما،ئیدارە بەقەیران،كوشتنى كات، ئیتیفاقى ستراتیژى، كابینەى نوێ......) ،وڵات بەرەو كەنارى ئارامى نابات.
پێویستە زۆر جەریئانە سەرۆكى هەرێم بڕیارى یەكلاكەرەوە بدات بۆ:ــ
(((((چاكسازى ڕیشەیى)))))!!!...
گرتنەبەرى ئالیەت و میكایزمى گونجاو بۆ سەرخستنى پرۆسەى بونیاتنانى (ستراتیژى نەتەوەیى ونیشتمانى درێژخایەن).
دەشێ(یەك لەم دوو هەنگاوە پەیڕەو بكرێت):ــ
هەنگاوى یەكەم:ـــ بۆ ئەوەى هەرێم لە (فراغ)ى سیاسی گینگڵ نەخوات.
ئیدارەو بەڕێوەبردنى وڵات دووچارى قەیرانى زیاتر نەبێ ، دەشێ سەرۆكى هەرێم ، (هێڵەگشتیەكانى) كە بەنیازە لە نەورۆزى ئەمساڵدا بخاتە ڕوو لەم خاڵانەدا چڕبكاتەوە:-
1/ پەیڕەوكردنى دەستور و یاساو ڕێسا پەیوەندارەكان بۆ هێنانە كایەى (حوكمەتێكى ئینتیقالى) كە لە ئاست قۆناغەكەدا هەم مەسئولیەتى سیاسى ، هەم مەسئولیەتى ئەخلاقى بگرێتە ئەستۆ(وردەكارى و تەفاسیل و جوزئیاتى ئەم هەنگاوە ئێستا باسى لێ ناكەین ، لەكات و ساتى خۆیدا بە ئەمانەتەوە هەموو هاوكارو سەربازێكى وون دەبین بۆ سەرخستنى پرۆسەكە).
2/ هەڵوەشانەوەى (پەرلەمانى كوردستان)بەپێى یاسا پەیوەندارەكان ، پەیڕەوكردنى دەسەڵات و ئەرك و فەرمانى كە بەپێى یاساى ژمارە (1)ى ساڵى 2005 ى سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستان دیاریكراوە.
3/ دیاریكردنى كات بۆ هەڵبژاردنى پێش وەخت ، باشترین هەل و فرسەت بۆ دەست بەكاربون سەبارەت بەم هەنگاوە لەیەك كاتدا پرۆسەى (هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاو پەرلەمانى كوردستان) ئەنجام بدرێت. لە ڕووى عەمەلیەوە ئاسانترو سەرلەنوێ تەواوى دام و دەزگاكان نۆژەن بە خوێنى تازە دەبنەوە لەلایەك، لەلایەكى تر لە ڕووى ماڵ و سامانى گشتیەوە (خەس خەسە)یەك دەكرێت .
4/دواى ئەم (3)هەنگاوە ، وادەى هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم با لەوادەى دیاریكراوى خۆیدا كە 25/7/2013ئەنجام بدرێت، ئیدى هەركەس و لایەنێك كاندیدى خۆى هەیە با بفەرمێت.
هەنگاوى دووەم:ــ وەك ئەو گەنجە بێنازەى ئەمڕۆى بەردەمى مەكۆى سەرەكى بزوتنەوەى گۆڕان ، كە دروشمى سەرەوەى لەبەرابەر (هەردوو ڕاسپێراوى تەشكیلەى حوكمەت) بەرزكردبووەو، هیچ كام لەو بەڕێزانە مێشێك میوانى نەبوو!!...
ئەزیش دەنگ دەخەمە پاڵ ئەو گەنجە لە خۆشەویستى نیشتمان و ئایندەى نەتەوەكەم ، ڕوو لەسەرۆكى هەرێم دەكەم و دەڵێم:
لە (چاكسازى ڕیشەیى) مەترسە...
لە(خۆتەوە) دەست پێبكە...
(مێژوو)بۆ خۆت تۆمار بكە....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست