کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ڕۆژنامەنووسێكی پارتی: جەنابی سەرۆك تكایە بێدەنگی بشكێنە

Thursday, 23/05/2013, 12:00







ڕۆژنامەنووسێكی پارتی ڕایدەگەیەنێت كە رۆژ بە رۆژ گەندەڵی و ناعەدالەتی لە رۆژنامەی هەولێر زیاتر دەبێت و بەشێكی زۆر لە كارمەندان هێندە ستەمیان لێ دەكرێت كە تەواو هەست بە بێزاری و پەراوێزخستن دەكەن.
داواش لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دەكات لەمڕۆوە ناوی لە لیستی كارمەندانی دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دەربهێنێت، چونكە بە وتەی خۆی: "دوای هەژدە ساڵ قوربانیدان بە ماڵ و گیان بۆ ئەو حزبە و دەردەسەری و ئاوارەیی و كوێرەوەریی، پێم شەرمە ناوم لەو لیستەدا بێت."

ئومێد پشدەری كە لە بەشی سیاسەتی ناوخۆی ڕۆژنامەی هەولێر رۆژنامەنووسە، ئەمڕۆ دەستلەكاركێشانەوەی لەو رۆژنامەیە ڕاگەیاند و لە ڕوونكردنەوەیەكیشدا داوا لە سەرۆكی حزبەكەی دەكات بێدەنگی بشكێنێت.
ئەو دەڵێت: "لە كاتێكدا كە پێرێ سەرۆك مەسعود بارزانی لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بە ئەندامانی مەكتەبی ڕاگەیاند كە پێویستە ژیان و گوزەرانی كادرانی خوارەوە لە ڕاگەیاندنی پارتی دابین بكرێت و چیدیكە فەرامۆش نەكرێن، كەچی لە رۆژنامەی هەولێر كە سەر بە دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتییە، رۆژ بە رۆژ گەندەڵی و ناعەدالەتی زیاتر دەبێت و بەشێكی زۆر لە كارمەندان هێندە ستەمیان لێ دەكرێت كە تەواو هەست بە بێزاری و پەراوێزخستن دەكەن، چونكە زۆربەیان كرێچین و ئەو 500 هەزارەی كە لە دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندن وەریدەگرن، تەنانەت بەشی كرێی خانووەكانیشیان ناكات."
ئومێد هەروەها گوتیشی: "ئێستا لە رۆژنامەی هەولێر كە تازە سەرنووسەرەكەی گۆڕدراوە و كەسێكیان هێناوە كە بێجگە لەو پۆستە تازەیە سێ پۆستی تری حزبی و حكومییشی هەیە، بە ئاشكرا جیاكاری لە نێوان كارمەنداندا دەكرێت و مووچەی كەسە نزیكەكانی بابای سەرنووسەر، زۆر لە مووچەی ئەو رۆژنامەنووسە ئەكتیڤانە زیاترە كە دامەزرێنەری رۆژنامەی هەولێرن و پشكی شێریان لە پێشڤەبردنی رۆژنامەكەدا بەردەكەوێت، جگە لەوەش جەنابی سەرنووسەر وێڕای فەسڵكردن و گواستنەوەی چەند كەسێكی ڕەشوڕووت، چەند دەموچاوێكی نوێی هێناوە و بە ئاشكرا مووچەكەیان لە مووچەی ئەو كەسانە زیاترە كە نزیكەی 9 ساڵە لەو رۆژنامەیەدا دڵسۆزانە و چالاكانە ئەركەكانی سەرشانیان ڕاپەڕاندووە و تەنانەت لەو ماوەیەدا رۆژێكیش مۆڵەتیان وەرنەگرتووە. وێڕای هەموو ئەوانەش كاتێك ستاف داوای چاوپێكەوتن لەگەڵ جەنابی سەرنووسەردا دەكات بۆ ئەوەی موعانات و كێشەكانیانی بۆ باس بكەن، ئاغای سەنوورسەر دەبێژێت "با تەنها دوو كەسیان بێنە لام!" ئەرێ بەڕاست ئەوە گەندەڵی نییە بەڕێوەبەری كارگێڕیی رۆژنامەكە نە وەڵامی تەلەفۆنی كارمەندان دەداتەوە و نە حسابیشیان بۆ دەكات؟
نادادپەروەری لەوە زیاتر چی كە رۆژنامەنووسە دڵسۆزەكانی پارتی لەو رۆژنامەیە وەك كرێكاریش سەیریان ناكرێت و لە شەڕێكی دەروونیی سەختدا دەیگوزەرێنن؟"
پشدەری ڕوو لە مەكتەبی ئیعلامی پارتی دەڵێت: "ئەو شەڕە دەروونییە واتای چییە كە لە لایەن بابای سەرنووسەرەوە بە كارمەندانی دڵسۆز و خاوەن ئەزموون و قوربانیی ئەو رۆژنامەیە و پارتی، دەفرۆشرێت؟ دواجار درێژەی بابەتەكە بۆ كاتێكی تر هەڵدەگرم و دەڵێم، جەنابی سەرۆك، ئەوانە خەمی زۆربەی كارمەندانی خوارەوەی دەزگا و میدیاكانی پارتین، بۆیە حەق وایە خەمێكیان لێ بخۆیت تا كار لە كار نەترازاوە. ئەگەریش ئەوانەی پێرێ لەگەڵیان كۆبوویتەوە، بڕیارەكانت پێشێل دەكەن و لەجیاتی باشتركردنی دۆخەكە، خراپتری دەكەن، تكایە بێدەنگی بشكێنن و هۆكارەكەیمان بۆ ڕوون بكەنەوە، چونكە ئێمەش حەقمانە بزانین كادرێك كە 18 ساڵە قوربانیی بۆ ئەو حزبە دەدات، بۆچی ئەو شەڕە دەروونییەی دەرهەق دەكرێت و بەو جۆرە پەراوێز دەخرێت!"
ئەو رۆژنامەنووسە لە رێگەی سەرۆكی حزبەكەشیەوە، داوا لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات كە "لەمڕۆوە ناوی من لە لیستی كارمەندانی دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دەربهێنێت، چونكە بەشبەحاڵی خۆم دوای هەژدە ساڵ قوربانیدان بە ماڵ و گیان بۆ ئەو حزبە و دەردەسەری و ئاوارەیی و كوێرەوەریی، پێم شەرمە ناوم لەو لیستەدا بێت."



07504302755
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە