فرامۆش كردنى سەنتەرى گورچیلەى دەستكردى ڕانیە
Sunday, 24/03/2013, 12:00
بە هۆى كەمتەرخەمى و فرامۆش كردنى سەنتەرى گورچیلەى دەستكردى ڕانیە و ئەو پاشاگەردانى و دزى و گەندەڵیەى ناوەندەكانى تەندروستى سنورى بەڕێوەبەرێتى تەندروستى ڕاپەڕینى گرتۆتەوە , مانگانە بایى زیاتر لە 11,000 یازدە هەزار دۆلار مەوادى شۆردنى گورچیلە دەدزرێ كە خودى بەرێوەبەرى كارگێڕى سەنتەرەكە كە چاككەرەوەى مۆلیدەیە و بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە لێى بەرپرسیارن .
لە سەرەتاى كردنەوەى سەنتەرى گورچیلەى دەستكردى ڕانیە لە كۆتاییەكانى ساڵى 2009 تاكو ئێستا هەموو پێداویستى یەكانى شۆردنى گورچیلە لە ڕێگەى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى و سەنتەرى گورچیلەى دەستكردى سلێمانیەوە بۆ سەنتەرەكەى ڕانیە دابین دەكرێ و بەڕێوەبەرێتى گشتى تەندروستى ڕاپەڕین یەك فلس بە كڕینى ئەو مەوادانە نادات , چونكە بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە (د . محمد ڕەسوڵ حمە سوور) بە بێ گوێدانە بەها ئەخلاقى و مرۆییەكان و ئەو خزمەتگوزاریە تەندروستیانەى دەكرێ لە ڕێگەى ئەو سەنتەرەوە پێشكەش بە دەیان هاووڵاتى پەككەوتووى گورچیلەى هەژار و كەم دەرامەتى ئەم نیشتمانە بكرێ , دەیان جار لاى كەسە نزیكەكانى خۆى ووتوویەتى بە دەست من بێت ئەو سەنتەرە دادەخەم و پێویستم پێى نیە .
هەر بۆیەشە هیچ مەوادێك و دەرمانێكى شۆردنى گورچیلە بۆ سەنتەرى گورچیلەى ڕانیە دابین ناكات بەڵكو كارمەندانى سەنتەرەكە لە سەنتەرى گورچیلەى سلێمانى دابینى دەكەن .
جا كارەساتەكە لێرەدایە , ئەوە جگە لەوەى كە بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى ڕاپەڕین هەوڵى داخستنى سەنتەرەكە دەدات و خۆى ووتەنى (چارەى بەشێك لە كارمەندانى سەنتەرەكەى ناوێ) و داودەرمانى بۆ دابین ناكات , لە ئێستادا زانراوە كە هەردوو كارگێڕى سەنتەرى گورچیلەى ڕانیە و سلێمانى دەستیان تێكەڵ كردووە لە دزینى بەشێك لەو مەوادانەى مانگانە سەنتەرى گورچیلەى سلێمانى بۆ سەنتەرى گورچیلەى ڕانیەى دابین دەكات , كە بۆ هەر مانگێك بایى زیاتر لە 11,000 یازدە هەزار دۆلار دەبێت لە بابەتەكانى (ئەسید , بەیسك , كلین كارت , فلتەر) و بابەتەكانى تر .
هەر بۆیەشە كارگێڕى هەردوو سەنتەرى گورچیلەى ڕانیە و سلێمانى ڕازى نابن جگە لە خۆیان هیچ كەسى تر هەستێ بە وەرگرتن و گواستنەوەى ئەو دەرمانانە لە سلێمانیەوە بۆ ڕانیە جگە لە خۆیان , لە كاتێكدا لە هەردوو سەنتەرەكە كۆگاى دەرمان تایبەت بە خۆیان هەیە و چەندین كەسى بێ ئیش و كار دەوامى تێدا دەكات و پێویستە ئەوان بە حیساباتى دەرمان و وەرگرتن و پێدانى هەستن .
بەڵێن بە خوێنەرانى كوردستان پۆست دەدەم لە ئایندەیەكى نزیك هەموو ئەو گەندەڵى و دزیانە بە بەڵگە و وێنەوە بخەمە ڕوو كە مانگانە لە سەنتەرى گورچیلەى ڕانیە دەكرێ و لە قووتى نەخۆشى هەژار و پەككەوتووى دەگرنەوە و گیرفانى خۆیانى پێ پڕ دەكەن .
23_3_2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست