لەو دیو کتێبە سوتاوەکانی جەمال غەمبارەوە (نامەیەکی کراوە لەکوچەکانی مەڵکەندییەوە بۆ کورە غەمبارەکەی)
Saturday, 20/07/2013, 12:00
کاتێک مرۆڤ لەخودەوە دەچێتە پلەی باڵا، دەبێت هەست بە بونی ئەو هێزە گەورە بکات کەلەپشت ئەو مرۆڤەوە خۆیان مەڵاس داوە، دەبێت مرۆڤ چاو لەرابردوی نەنوقێنێت و هەمیشە تەماشای ئەو پلیکانانە بکات کەپێیدا سەرکەوتوە و گەیاندویەتییە ئەو ئاستەی کەپلەی باڵابونی ئەوی تیادا راگەیەنراوە، هیچ پلیکانەیەک نییە چەندین مرۆڤی بەسەردا تێنەپەریبێت و چەندین جوتە پێڵاوی نەدڕاندبیت، ئەو پلیکانانەی تۆی بەسەردا سەرکەوتیت نە پێڵاوی دراندویت نە ماندوی کردویت، نە ئارەقت کردۆتەوەو نە لەسەرە گرتنی سەرکەوتنتدا ئازاری چاوەڕوانیت چەشتوە، چونکە هەمیشە مرۆڤە باڵاکان لەهەر بوارێکی ژیاندا باڵا بونیان لەنێو کۆمەڵگاکەیانەوە دەستکەوتبێت، دڵنیابە کە چەندین دەستی ماندو خۆیان بەو مرۆڤەوە خەریککردوە بۆ ئەوەی بیپاریزن تاوەکو ئەو مرۆڤە ببێتە سومبول لەهەر بواریکدا بیت و دواجار لەریگەی ئەو سوبولبونەوە پلەی بالابونی وەردەگریت، کاتێک دەڵێم غەمبار ماندو نەبوە تاوەکو بوە بەو مرۆڤە باڵایەی نێو ئەدەبی کوردی، رەنگە بڵێیت تۆ غوربەتە تەنهاییەکەی من نازانیت،؟١..
من دەزانم تۆ هەمیشە وەک غەریبی پێدەشتی تەنهایی لەداهاتوت دەنۆڕیت،!.. بەلام بەهۆی خۆ کردە تەنهاییت ئەو هێزە نابینیت کەخوێنەری جدی تۆ بون و بەکۆڵی پڕ هیوایان قەسیدەی عەشقی تۆیان گەیاندە کەنارەکانی ئاوابون، تۆ ئەو کاتانە تەنها نەبویت کە هەستت بەتەنهایی دەکردو خوێنەرە جدییە ئازادی خوازەکان و نوسەرە بێ پارەکان و رۆژنامەنوسە نەدارەکانی ئەم خاکەت لەتەک بو، بەلام کەئێستا هەست بەشوێنێک دەکەیت بۆ ئەوەی رۆحی شەکەتتی تیادا بلاوێنیتەوە، کەئەمێستا هەست بەبونی خانەقایەک دەکەیت بۆ ئەوەی ساباتی شیعرتی تیادا بخوێنیتەوە، ئیدی تەنهایی تۆ دەست پێ دەکات، چونکە دۆستانی خۆت لەدەست ئەدەیت بێ ئەوەی هەست بەوە بکەیت، تەنهای تۆ لەو ساتەوە کە دەچیتە ئەو دیو دەرگای ئەو تەکێ سیاسییەی کە چەندین دەروێشی شوشەخوری تیادایەو شیعرەکانت لەبەرمیلە نەوتەکانی ژێر پێی مندالانی کەرکوکەکەم بەکەمتر دەقەبڵێنن و هەمو ساتێک لەخاچدانی خۆت دێتە یاد، کە دەبینیت لەو گەورە سیاسییە چەندین بزنمژە بەجێگای بەتاڵی سوچەکاندا لەسەر میل لەئامادە باشیدان بۆ ئەوەی گوانی ساباتی وەسفەکانت بمژن و جەمال غەمبار لەگۆری وندا بتوێننەوە، ئەو کات هەست بەخنکان دەکەیت و لەغەمبارییەوە بەرەو کپبونی ئاگردانی شیعرت هەنگاو دەنێیت، تۆ دەبیت پێش ئەو هەنگاوەت ئەوەت بزانیبایە کە موڵکی وشەکانتیت نەک گیرفانت، تۆ کوڕی کوچەی ئەو وەسفانەیت کەغەمباری تۆیان لەپیرمەنسوردا خەڵق کرد، نەک کوری سیاسەت و مامەڵەی خوێن، تۆ ماسییە زەردەکانی حاجیحانت لەملی قەسیدە کردوە، نەک کوری بەدەستهێنانی دیموکراتییەکی مەحاتی لەنێو سوتانی جەرگی گەنجە تەنهاکانی شارەکەم.. من پێت دەڵێم خۆت بگرە ئازیزم خۆت بگرەو وەک قانیح هەژاری هەڵبژێرە، خۆت بگرەو بیر لەو فیشەکانە بکرەوە کەسەری شەهید رێژوانی لە١٧ شوباتدا پڕ لەخوێنی ئاڵکرد، خۆت بگرەو بیر لەگیرفانی شەهید شێرزاد بکەرەوە، کەبۆ ئازادی گەنجەکانی شارەکەی، شەقامی لەزوڵم گرت وبەرد بارانی کرد تا بەفیشەک گیانیان پێ سپارد، بەلام تۆش دەست لەو تاوانەدا تێکەڵ دەکەیت و دەچیت بەرگری لەو کەسانە دەکەیت کەگەرمیان و ئومێدیان شەهید کرد، هێندەی سورکێوت پێ ناکرێت، کە لەهەرەتی لاوید بو بەدەستیک بەردی دەگرتە نادادپەروەری و بەدەستەکەی دیکەیشی کتێبەکانی گرتبو بۆ ئەوەی وشەکان هەڵنەوەرێن، ئەوەندەی بیلال و هەردیت پێ ناکرێت، شەهید هەردی بەدەستگیرانداری شەهیدی هەڵبژارد و بەرگری لەو گەنجە زوڵم لێکراوانەکرد کەگرتوخانەی بەعسیان نەدیبو بەلام لەسەر وتنەوەی داری ئازادی خاولیان بەدەمیاندا دەکرد هەردی لەشیعرو قەسیدەکانی تۆ بۆ ئەم خاکە بەنرخترە چونکە بە فیشەکی ئەو زاڵمانە سەری بەرزیان پڕ لەئازادی کرد کە تۆ دەچیت مکیاجی سیاسییان بۆ دەکەیت، خۆت بگرە و هەمیشە غەمباری هەڵبژێرە، وەک سەردەشت و عەبدوالستار مەجید و سۆرانی مامە حەمە و بێستون محەمەد بکە ئەو کورەی کەلەپێناوی گەیاندی هەواڵەکانیدا و دور لەکەسوکاری گیانی سپارد..
خۆت بگرەو ئازادی هەڵبژێرە و موڵکی گەلبە نەک حیزب، دڵگران مەبە بەسوتاندنی کتێبەکانت ئەی چۆلەکە پاسارییەکەی نێو دەقی تەنهایی، چونکێ لەو دیو دیوانە سوتاوەکانتەوە هێزێکی گەورە هەیە، خوێنەری جدی و عاشقی قەسیدەی غەمگین هەیە، چەندین چاوی شەو نخونکارو چەندین دەستی ماندو هەیە کە وشەکانی تۆی بۆ پێناسەی عەشقی یارەکەی ریز کردوە، ئێستاش تۆ دەتەوێت حیزب بەکۆڵێک تاوان و سیاسەت بە کۆڵێک گوناه و گەندەڵییەوە هەڵسێنیتەوە.؟! واز لە گەمەی پارە بهێنەو هەمبانەی شیعرت پڕ بکە لەسەمفۆنیای ئازارەکانی ئەو گەنجانەی کەلەشەقامەکانی شاردا بەدیار چرای مەرگەوە لەدور نمای تاریکی دەنۆڕن.
رۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەری رۆژنامەوانی
زمناکۆ ئیسماعیل
بەرەبەیانی ١٩-٧-٢٠١٣
لەیەکێک لەماڵە گڵینەکانی کوچەکانی مەڵکەندییەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست