کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێشمه‌رگه‌دێرینه‌ به‌سته‌زمانه‌کان ..

Thursday, 24/09/2009, 12:00


ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دێرینی شۆڕشی نوێ ڕه‌خنه‌مان له‌ هاوپیشه‌کانی پێش خۆمان ده‌گرت که‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌ناوی خه‌بات و به‌رخۆدانه‌وه‌ له‌ ژێر دروشمی کوردایه‌تی گه‌نج و لاوانی کوردیان وه‌ک ڕه‌وه‌ مه‌ڕو ماڵات ڕاپێچی ته‌نوری مه‌رگ ده‌کرد‌ و له‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕدا به‌کۆی زوخاڵیان ده‌کردن.
فرمێسکی تازه‌ بوکێک و گریانی کۆرپه‌یه‌کی باوک نه‌دیو و قژڕنینی خوشکێکی برا تاقانه‌ شه‌هیده‌که‌ی و کۆستکه‌وتنی دایکو باوکێکی کوڕ له‌ خوێنا گه‌زیو که‌وته‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌، ئێمه‌ی به‌ ووشه‌ی ناو په‌ڕتوکه‌کان باشترین شۆڕشگێر، ئێمه‌ی پیاده‌که‌ری ده‌ستورو یاسای ڕه‌نجده‌ران، ئێمه‌ی نوێنه‌ری ده‌ست زبره‌ قڵێشاوه‌کانی شار و دێ، ئێمه‌ی دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌و به‌دیهێنه‌ری ژیانێکی وه‌ک یه‌ک بۆ کۆمه‌ڵگا، ئێمه‌ و ئێمه‌و هه‌تا دوایش ئێمه‌.
ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دێرین نه‌ توانیمان هاوڕێ نابیناکانی سه‌رده‌می ئه‌یلول و گوڵان چاوزه‌ق بکه‌ینه‌وه‌و نه‌ئه‌و که‌سایه‌تیه‌ش بووین بتوانین ساڕێژی برینه‌کانی زه‌مه‌نی پێش خۆمان بین، به‌ڵکو ئێمه‌ دووباره‌که‌ره‌وه‌ی مێژوویه‌ک بووین له‌ قووت کردنه‌وه‌ی تاکه‌ سه‌رکرده‌و واڵاکردنی ده‌ستی مه‌کته‌ب سیاسی و سه‌رکرده‌کان به‌ شێوه‌یه‌ک خه‌ڵک ده‌یگووت سه‌د ڕه‌حمه‌ت له‌ کفن دز.
21-9-2009 به‌هادینی حه‌لیم کۆچی دوای کرد، گرفت نیه‌ به‌هادین که‌ی بۆته‌ (کۆمه‌ڵه‌و کام ساڵیش بۆته‌ پێشمه‌رگه‌) گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌و مێژووه‌ درێژه‌دا چه‌ند جار له‌سه‌رخواستی خه‌ڵک هاتۆته‌ زمان و چه‌نده‌ها جاریش له‌ژێر کاریگه‌ری به‌رپرسه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بێ زمان بووه‌، بێ ده‌نگ بووه‌، بێ هه‌ڵوێست بووه‌، مه‌به‌ست له‌م ووشانه‌ هێنانی خه‌تێکی ڕاست وچه‌پ نیه‌ به‌ مێژوی ئه‌م مرۆڤه‌ خێرله‌خۆنه‌دیوه‌دا به‌ڵکو ڕۆشن کردنه‌وه‌ی دیده‌ی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دێرینانه‌ن پاش مردنیان، پیری ئه‌قڵ و زۆری ته‌مه‌نی سکرتێره‌که‌یان شانسی ناردنی بروسکه‌یه‌کی سه‌ره‌خۆشیشیان پێنادا بۆ بنه‌ماڵه‌که‌یان.
کاکه‌ به‌هادین دڵگیر مه‌به‌ له‌وه‌ی نه‌کۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان به‌ نوسراوێک خه‌موپه‌ژاره‌ی خۆیان له‌ ڕاگه‌یاندنێکدا په‌خش کرد نه‌ مه‌کته‌بی سیاسی و نه‌ ده‌زگای ڕاگه‌یاندن، ته‌نهاو ته‌نها بروسکه‌یه‌کی سه‌ره‌خۆشی به‌ ناوی تاڵه‌بانی سکرتێره‌وه‌ ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ت کراوه‌ که‌ بێجگه‌ له‌ خوا که‌س نازانێت کێ ده‌قه‌که‌ی نوسیوه‌.
له‌ کۆتایدا دوا قسه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌سته‌زمانه‌کان وه‌رنه‌ زمان.
24-9-2099



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە