کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حكومەت و هێلكەو ڕۆن

Sunday, 05/01/2014, 12:00








ئەگەر كەسێك تەنها لەئامادەكردنى هێلكەوڕۆن بزانێت بەكەڵكى ماڵ و ماڵدارى نایەت و نابێت پێى بوترێت چێشتلێنەر.

هێلكەوڕۆن ناسراوە بە خواردنى داخلى لەبەر ئاسانی و كەمیى كەرەستەكانى ئامادەكردنى، عەیبە كەسێك هەبێت بڵێت نازانم هێلكەوڕۆنیش ئامادەبكەم، چونكە ئیتر پێویستە ئەو كەسە دەستى لێبشۆیت لەكاروبارى مەتبەخدا.

خۆئەگەر حكومەت نەزانێت كارێك بكات كە لە هێلكەوڕۆن ئاسانترە، ئەوە فەزاحەتەكە گەورەتر ئەبێت، بەوپێیەى وتوویانە هەتا كەسەكان گەورەتربن هەڵەكانیشیان گەورەترو زەقتر ئەبێت.

هەموومان دەزانین لەسایتەكانى بەڕێوەبەرایەتى هەر شارێك بەشى زانینى غەرامەكان هەیە كە بەداخڵكردنى ژمارەى ئۆتۆمبێل و جۆرەكەى، دەزانیت ئۆتۆمبێلەكەت غەرامەى لەسەرە یاخود نا، ئەمەش كارئاسانیەكى زۆرى بۆ هاوڵاتیان كردووەو پێویست ناكات بەدواى وەسڵدا بگەڕێن یان سەردانى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆ بكەن.

سایتى زانكۆلاین خومەتى چەند ساڵێكە خزمەت بە خوێندكاران دەكات و لەوڕێگایەوە فۆرمەكانیان بۆ وەرگرتنیان لە زانكۆو پەیمانگاكان پڕدەكەنەوەو هەر لە رێگاى ئینتەرنێتەوە دەتوانن بزانن ناویان لەكوێ هاتووەتەوە.

ئەى چیدەبێت ئەگەر سایتێكیش هەبێت یان هەر لەڕێگاى سایتى وەزارەتەكان خۆیانەوە، كە هاوڵاتیان بتوانن رسوماتى ئاوو كارەباو غەرامەى ئۆتۆمبێل و قیستە بچوكەكان و هەرجۆرە رسوماتێكى تر لەڕێگاى ئەو سایتەوە تەسلیمى حكومەت بكەن، بۆدەبێت دەیان هاوڵاتى لەبەردەم بنكەى وەرگرتنى پارەى ئاوو كارەبا بەزستان هەڵ بلەرزن و بەهاوین بقرچێن بۆئەوەى پارەى ئاوو كارەبا و شتى تر تەسلیم بكەن، بۆدەبێت چەند كاتژمێرێك لەتەمەنى خۆیان لەسەرەگرتندا سەرف بكەن و بەئۆتۆمبێلەكانیشیان قەرەباڵغییەكى زۆر لەسەر شەقامەكان دروستبكەن و رووداوى هاتوچۆ دروستبكەن و ژینگە پیس بكەن؟!

رەنگە كەرەستەكانى ئەم كارە لەهێلكەو ڕۆنێك ئاسانتربێت ئەگەر بەراوردیان بكەین، چونكە هێلكەوڕۆن پێویستى بە (هێلكە، خوێ، رۆن، تاوە، شقارتە، غاز، هەندێكجار دۆشاوى تەماتە) هەیە، بەڵام دەكرێت وەرگرتنى رسومات لەرێگاى ئینتەرنێتەوە كارێكى زۆر ئاسان بێت بۆ حكومەت، بەوپێیەى تەنها پێویستى بە بانكێك هەیە كە هاوڵاتیان بڕەپارەیەكى لێ بخەوێنن و رەقەم حسابێكیان هەبێت، كەبتوانن لەرێیەوە لەپارە نوستووەكانیان خەرج بكەن، بوونى ئینتەرنێتیش بە نزیكەیی لەهەموو ماڵیكدا ئەو كارە ئاسانتر دەكات.



گرتنەبەرى ئەم هەنگاوە كۆمەڵێك تەنگوچەڵەمە و گرفتى نەبوونى كات و قەرەباڵغى هاتوچۆو شەڕو سەرماو گەرمامان لەكۆڵ دەكاتەوە، هەربۆیە ئەگەر حكومەت نەتوانێت دەستبەردارى دۆسیە گەورەو تۆزلێنیشتووەكانى فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتى و وەزارەتەكانى بێت و نەتوانێت بەئاسانى داخڵى كۆمپیوتەریان بكات و حكومەتى ئەلیكترۆنى رابگەیەنێت، ئەوا دەتوانێت هەنگاوى یەكەم هەڵبگرێت و لەهێلكەوڕۆنەوە دەستپێبكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە