کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"ئامانج غازى لاى من 20 نمرەى وەرگرت و ساقیت بوو، بە زۆرى پێیان كردمە 75، بوو بە یەكەمى كۆلێژ"

Wednesday, 27/05/2009, 12:00


دكتۆر جەلیل ئازید كە لە وڵاتى سویسرا ژیان بە سەردەبات، خاوەنى بڕوانامەى دكتۆرایە لە ئەتنۆموزیكۆلۆجى زانكۆى بۆلۆنیاى ئیتالى، هەروەهاپۆست دكتۆرا لە زانكۆى زوریغى سویسرى، ناوبراو بۆ ماوەى سێ ساڵ گەڕایەوە كوردستان، وەك مامۆستا لە كۆلێژى هونەرە جوانەكانى شارى هەولێر وانەى گوتووە، بەڵام بە هۆى دروست بوونى هەندێ كێشە لە نێوان خۆى و كۆلێژەكە دەستى لە كار كێشایەوە و كوردستانى جێهێشت، لە دیمانەیەكیدا، د. جەلیل ئازید باس لەو كێشانە دەكات.

- هەولێر

+ تۆ لە ساڵى چەند و بە بانگهێشتى كێ گەڕایتەوە كوردستان؟
_ لە ساڵى 2004 لەگەڵ كردنەوەى كۆلێژى هونەرە جوانەكان لەسەر داوەتى سەرۆكایەتى زانكۆ و راگرى ئەو كاتى كۆلێژى هونەرە جوانەكان دكتۆر محەمەد عارف و دكتۆر محەمەد زازا من هاتمەوە كوردستان وەك مامۆستا وانەم گوتووە لە بەشى میوزیك، واتا من یەكێك بووم لە دامەزرێنەرى ئەو كۆلێژە.
+ ماوەیەكە لەگەڵ كۆلێژى هونەرە جوانەكان كێشەیەكتان دروست بووە و دەست لە كار كێشایەوە، هۆكارى ئەوە چى بوو؟
_ دیارە ئەگەر باس لە كێشەكانى ئەو كۆلێژە بكەم زۆر زۆرە، بەڵام دەتوانم تەنیا باس لە كێشەكەى خۆم بكەم، جارى یەكەمم كە هاتمەوە كوردستان پێش شتێك ئەو كۆلێژە گیروگرفتى ئەوەیان بۆ دروست كردم گووایە بڕوانامەكەم ساختەیە، لە كاتێكدا بڕوانامەكەم لە زانكۆكانى دنیادا یەكەمە، لە وەزارەتى خوێندنى باڵا لێژنەیەكیان بۆ دروست كردم دەرئەنجام هیچیان بۆ نەمایەوە، داواى لێبوردنیان لێ كردم، دواتر هەوڵیان دەدا بەهەر شێوەیەك بێت لە كۆلێژ دوورم بخەنەوە، چونكە لایان ئاشكرا بوو كە من چاوپۆشى لە گەندەڵى و بێ سەروبەرى كەسانى بەرپرس ناكەم، بە راستى لێرەوە بە راشكاوى دەڵێم ئەو كۆلێژەى كە بەو شێوەیە هەیە نەبێت باشترە، هەتا خودى راگرى كۆلێژ لە كۆلێژەكەى خۆى رازى نییە.
+ ئەى نەتدەتوانى بە دانیشتن و گفتوگۆ كێشەكانتان چارەسەر بكردایە؟
_ وەك گوتم كێشەكان زۆر بوون، لەوە بەدەر بوو بە دانیشتن چارەسەر بكرێ، مووچەم بۆ سەرف نەدەكرا، لە كاتێكدا بڕوانامەى دكتۆرام هەبوو و هیچ كەسێك لە كوردستان ئەو بڕوانامەى نییە، تەنیا تاریق حەسووم لە بەغداد ئەو بڕوانامەى هەیە، بۆیە من پێم باش بوو بگەڕێمەوە كوردستان دوو منداڵى كورد سوودمەندى بڕوانامەكەم بن، بەڵام ئەو كۆلێژە پێویستى بە عەرەبە و نایانەوێ شارەزایانى كورد خزمەت بكەن و لەبەر عەرەب ئاگایان لە كورد نەماوە.
+ تۆ بڕیارى كۆتایت چییە؟
_ من دەستم لە كار كێشاوەتەوە و جارێكى دیكە ناگەڕێمەوە ئەو كۆلێژە بێ مانایە.
+ ئاخر راگرى كۆلێژ باسى ئەوە دەكات، كە تۆ بە رسمى دەستت لە كار نەكێشاوەتەوە و بەمنزیكانە دەگەڕێتەوە كوردستان؟
_ راست دەكات، من بە رسمى دەستم لە كار نەكێشاوەتەوە و وەرقەى سپیم بۆ رەش نەكردوون، لەبەرئەوەى نە ئیعترافم بە ئیستقالە و نە ئیعترافم بەو كۆلێژە كردووە، هەروەها لەبەرئەوەى كۆلێژەكە ئەوەندە فشە و هیچ و گەندەڵە پێویست ناكات ئیستقاڵەش بدەى، بۆیە ئەوەندە كێشەیان بۆ دروست كردم و ئەوەندە گەندەڵیم تیادا بینیوە بە هیچ شێوەیەك جارێكى دیكە ناگەڕێمەوە بۆ لایان و راگرى كۆلێژ لە خۆیەوە قسە دەكات، گووایە من دەگەڕێمەوە دەبمە شەریكى گەندەڵییەكانیان.
+ تۆ زۆر لە قسەكانت تەئكید لە گەندەڵییەكانى ئەو كۆلێژە دەكەیتەوە، پێمان بڵێى كام گەندەڵى؟
_ چۆن كام گەندەڵى، بۆ نموونە لە ساڵى 2008 ئێمەى مامۆستایان كە لە من و دكتۆر محەمەد زازا و مامۆستا لانسوو پێكهاتبوو لە لێژنەیەك دانیشت بووین بۆ دانانى نمرەى قوتابیانى ساڵى پار، دكتۆر محەمەد زازا سەرۆك بەشى میوزیك بە ئاشكرا داواى لێكردم نمرەى قوتابییەك زیاد بكەم، منیش گوتم حەقى خۆم داوەتێ و یەك نمرە زیاد ناكەم، كە ئەوەش پێچەوانەى یاساى زانكۆى سەلاحەدینە، دواتر ئەو نمرەى من دامنابوو بە پێچەوانەوە گەڕایەوە و زۆر زیاد كرابوو، زۆریش داوام كرد دەفتەرى قوتابییەكە ببینمەوە نەیانهێشت، دكتۆر محەمەد زازا قەڵەمێكى وەشاندمێ هێندەى نەما بوو چاوم گوێر بكات، بۆیە من دڵنیام ئەگەر بگەڕێمەوە كوردستان و بەدواداچوونێك لە نمرەى قوتابیان ساڵى پار بكەم سەد لە سەد هەموویان نمرەى زیادیان دراوەتێ، لەلایەكى دیكەوە ئامانج غازى لە ساڵى 2008 قوتابى من بوو لە كۆلێژى هونەرە جوانەكان، لە لێتوێژینەوەى دەرچووان 20% وەرگرت و ساقیت بوو، بە زۆرى پێیان كردمە 75 و كردیانە یەكەمى كۆلێژ، لەبەرئەوەى نووسینەكەى بێ سنوور هەڵەى تێیدا بوو، یەك لە هەڵەكانى كفرێكە بە حەقى دینى ئیسلام، لە نووسینەكەیدا لە جێگایەك لە برى ئەوەى بنووسێ (ان اللە جمیل و یحب الجمال)، نووسیبووى (ان اللە جمیل و یحب العمال).
+ بۆ رازى بووى ئەو كارە بكەى، كێ بە هۆكار دەزانى؟
_ ئاخر هەڕەشەیان لێكردم، ئەگەر نمرەى ئامانج غازى زیاد نەكەم راپۆرتێكم لەسەر بنووسن و لە كۆلێژ دوورم بخەنەوە.
+ كەواتە تۆش لە پێناو مانەوەت لە كۆلێژ قبووڵت كرد؟
_ بەڵام یەكەم شت خۆم بە تاوانبار دەزانم و دەبوو ئەو كارەم نەكردبا و تەسلیمى دادگام بكردبووایە، بەڵام پیلانەكە لە ئەساسەوە لەلایەن سەرۆكى زانكۆ و راگرى كۆلێژ و سەرۆك بەشى میوزیك رێككەوتبوون كە دەبێ ئەو ساڵ ئامانج غازى یەكەمى كۆلێژ بكرێ.
+ راگرى كۆلێژ لە بەشێكى قسەكانیدا دەڵێت "گووایە تۆ كێشەى خێزانیت هەیە" و بە نەخۆشى دەروونى تۆمەتبار دەكات، لەوبارەیەوە رات چییە؟
_ لە كوردستان وا باوە هەر قسەیەكى حەق بكەى، دەڵێن نەخۆشى دەروونى هەیە و تەواو نییە، ئەو بڕادەرانەى كە دەڵێن دكتۆر جەلیل نەخۆشى دەروونى و كێشەى خێزانى هەیە، بابێن لە رۆژنامەیەك ئەو قسانە بكەن، وەكات من داوایان لەسەر تۆمار دەكەم لە دادگا بۆیان رروندەكەمەوە كێ نەخۆشە و كێ تەواو نییە، ئەوكات با خەڵك بزانێ كێ نەخۆشى دەروونى هەیە من یان ئەوان.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە