کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بە فیکەیەکی ئەنقەرە نێچرڤان بارزانی دژ بە مام جەلال بە دەنگ هات

Monday, 29/11/2010, 12:00


دەستتێکەڵاوکردن و وابەستەیی بە داگیرکەرانی کوردستان و شەڕی ناوخۆو کورد کوژی، هەمیشە یەکێک بووە لە ستراتیژیە بنەماییەکانی سەرچاوەی هێزو پێگەی سەرەکی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و پارتی. دانەرو داڕێژەری ئەم ستراتیژیەش مەلا مستەفا بارزانی بوو، بۆ پاراستن و بە دەستهێنانی بەردەوامی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی بنەماڵەکەی خۆی، بە بێ گوێدان و لە بەر چاو گرتنی بەرژەوەندیەکانی کوردو شۆڕشەکەی. هەروەک بینیمان و دەیزانین کاتێک کە بە مەلا مستەفا بارزانی ووترا درێژە پێدانی شۆڕشی ئەیلول ناکۆکەو دژە بە بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، بە تایبەتیش دەوڵەتی ئێران، مەلا مستەفا بارزانی زۆر مێر خاسانەو بە سەخاوەتەوە وە بە جورئەتێکی کەم وێنە لە مێژووی پیاوانی شۆڕشگێڕو ئازاو قارەمان ئاشبەتاڵی ڕاگەیاند، وەکو دیارییەکی بە بەهاو چارەسەرێک بۆ کێشەو قەیرانی نێوان عیراق و ئێران، لە لایەک وە بە سودو قازانجیش بۆ بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی بنەماڵەکەی خۆی لە لایەکەی تر.مەلا مستەفا بارزانی بە ڕاگەیاندنی ئاشبەتاڵ بۆ هەتا هەتایە لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان ویژدان و ئەستۆی خۆی پاککردەوە لە ئێش و ئارزارو فرمێسک و چەرمەسەری میللەتی کوردو شۆڕشە ڕزگاریخوازەکەی، هەروەها بەرائەتی یەکجارەکیشی دا لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان و ویژدان و ئەستۆی خۆی پاککردەوە لەو دەریا خۆێنەی کە نەتەوەی کوردمان لە پێناو ئازاد بوونی دژ بە وان ڕشتبووی. مەلا مستەفا بارزانی ئاشبەتاڵی کردە کارتی سەوزی ئیقامە لە ئەمریکاو تێی قوچان خۆی بنەماڵەکەشی پێ دەربازکرد.
بنەماڵەی بارزانی تا ئەم ساتە وەختەی ئەمڕۆ بەر دەوامن لە پەیڕەوکردنی ئەم ستراتیژیەتەو گەشەی پێدەدەن وە لە گەڵ بارو زروفی سیاسی سەردەم و ڕۆژگاردا دەیگونجێنن. هەر کاتێک بەرژەوەندی یەکێک لە نەتەوە داگیرکەرەکان، لە ناو کوردستان مەترسی کەوتبێتە سەر ئەوا بنەماڵەی بارزانی و پارتی دڵسۆزانە کەوتوونەتە بەرگریکردن لە بەرژوەندیەکانی داگیرکەران لە کوردستان، جا ئەوەتا ئەم بەرگرەیەیان یان بە کورد کوژی بووە، یان بە هەڕەشەو گوڕەشە ی تێکدانی ڕەوشە سیاسیەکەی کوردستان و کوشتنی خەڵکانی ئادیخوازو لە ژێر پێنانی دیموکراسیەت بووە، یان بە دژایەتیکردنی ڕێکخراوە مەدەنی و دیموکراتیەکان و حزبە سیاسیەکان بووە، ئەویش بە دروستکردنی ڕێکخراوو حزبی کارتۆنی سەربەخۆیان و کۆک لە گەڵ بەرژەوەندیەکانیان و بەرژەوەندی دەوڵەتە ئیقلیمیەکان.هەر لە مەلا مستەفا بارزانیەوە ئەوانە نە بڕاوایان بە کوردایەتی و کورد بوون بووە، نە شۆڕشیان بۆ کوردیش کردوە. کوردایەتی و شۆڕشکردن، جگە لە وەزیفەک بۆ بازرگانی و دزی و تاڵانی میللەتی کورد بەو لاوە بۆ بنەماڵەی بارزانی شتێکی تر نەبووەو نیە...!!
ئەوەتا نێچیر بارزانی فاشل لە هەر هەموو شتێک بە تایبەتیش لە خوێندن و لە سیاسەت، کاتێک لە ئەنقەرەوە ڕێشمەکەی ڕادەتەکێنن، دەستبەجێ دەکەوتە گەڕ بۆ وەڵامدانەوەی مام جەلال ، لە سەر ئەو لێدوانەی کە ووتی تورکیاو سعودیە لە پیلانی ئەوە دابوون و نەیاندەویست جارێکی تر من ببمەوە بە سەرۆک کۆماری عیراق. حکومەتی تورکی و تەنانەت عەبدوڵا گولیش وەڵامی مام جەلالیان دایەوە... ئەمەش زۆر سروشتیە کە شتی وا لە نێوان دەوڵەتان و سەرۆکەکان لە کاتی بوونی کێشەی سیاسی و ئابووری و نەهاتنەوەی بەرژوەندیەکان بە پێی ویستەکان ڕوودەدات. بەڵام ئەوەی نا ئاسایی و ناسروشتیە سیفەت و وەڵامەکەی نێچیرڤان بارزانیە و بەدەنگ هاتنیەتی لە سەر تورکیا. ئەمە لە ڕوانگەی کەسانێکلی دەروێش و ساوێلکە شتێکی ئاسایە نە سەرنج و نە گرنگیشی پێدەدات، بەڵام لە ڕاستی و واقیعدا ئەم لێدوانەی  مام  جەلال لە سەر تورکیاو سعودیە و پەرچە وەڵامەکەی نێچیرڤان بارزانی بێ بنەماو هەروا لە خۆڕا نیە!
ئەگەرچی لایەنەکی ئاشکرای لێدوانەکەی مام  جەلال ڕاستەو خۆ پەیوەست بوو بە تورکیاو سعودیە، بەڵام ئەوا بەدڵنیاییەوە لایەنە شاراوەکەی ناڕاستەو خۆ دژ بە بنەماڵەی بارزانی و پارتی بوو. چونکە ئەوانیش لە سەرەتا ڕەزامەند بووینە لەسەر ئەوەی مام  جەلال جارێکی تر نەبێتەوە بە سەرۆک کۆمار. بۆیە ئێستا لە دژی  مام جەلال، نێچیر بارزانی یش بە فیتی تورکیا هاتە سەر هێڵ و ناو هاوکێشەکە، لە بەر بوونی یەک ئامانج و یەک بەرژەوەندی ستراتیژی لەگەڵ تورک و دەوڵەتی تورکیادا. ئەو دەستپێشخەرییەی کە سەنەویەکەی کرا بە ناوی مەسعود ، هەر لە بنەماو سەرەتادا نە بیرکردنەوەو بیرۆکەی ئەو بووە، وە نە دەستپێشخەری ئەویش بووە، بەڵام ڕازی بووە لە سەری، مەسعود بارزانی نەیدەویست نەبوونەوەی مام جەلال بە سەرۆک کۆمار بە دەستی خۆی بێت، وەک چۆن مەسەلەکە دەڵێت زۆرم پێ خۆشە بە دڵم بێت بەڵام بە دەستم نەبێت. چونکە مەسعود بارزانی بەردەوام لەوە دەترسێ و دەشزانێت ئەگەر مام جەلال لە بەغدا نەبێتە سەرۆک، ئەوا مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم فنیتۆ دەکرێت و لە سەرۆکایەتی دەکەوێت و تا ماویشە بە ئاسانی جارێکی تر نابێتەوە بە سەرۆکی هەرێم.
بڕیارو خاوەنی دەستپێشخەریەکە و داڕێژەرەکانی ئەمریکا بە پلەی یەک پاشان سعودیەو ئوردن و تورکیا و لیستی عیراقیە بووە بە پێخۆش بوون و ڕەزامەندی بنەماڵەی بارزانی و پارتی. لە سەرەتا مەسعود بارزانی و پارتی زۆر بە دڵیان بووە، وە زۆر بە جددیش ژێر بە ژێری کاریان لە سەر کردووە بۆ ئەوەی جارێکی تر  مام جەلال نە بێتەوە بە سەرۆک کۆماری عیراق، هەروەک بینیمان چەندین لێدوانی جۆراو جۆر لە سەر پۆستی سەرۆک کۆماری دەدرا زۆر بە تایبەتیش لە لایەن دکتۆر مەحمود عوسمانی کۆنە جێگری مەلا مستەفا بارزانی!! بەڵام دوای نە چوونە سەری ئەم فەقەڕەی نەبوونەوەی مام  جەلال بە سەرۆک کۆمار بە حوکمی بە هێزی هاوپەیمانیەتی و هاوپەیمانەکانی  مام جەلال، مەسعود بارزانی بەپەلە خستیە بەگ و گەڕایەوە بۆ دواوەو سەر داکۆکی کردن بۆ بوونەوەی مام جەلال بە سەرۆک کۆمار. بۆیە هەر دوای تەواو بوونی پڕۆسەی سەرۆک کۆماری،  مام جەلال هەر لە یەکەم لێدوانی تووڕەیی خۆی بە ناحەزەکانی هەڵڕشت. من پێموایە ئەمە کۆتایی مانگی هەنگوینی نێوان بنەماڵەی بارزانی و یەکیەتیە، وە سەرەتای مانگی تەڵاقدان و هەڵوەشاندنەوەی گەندەڵیەتی بە ناو(ئیتیفاقی) ستراتیژییە. وە پێشموایە کە ئەم چوار ساڵە وا بە ئاسانی و بە خۆماتکردن تێناپەڕێت. ئەم چوار ساڵە کۆتایی پێهێنانی زەمەنی تەنازولات و داشکان و خۆ بچووککردنەوەی یەکیەتیە بۆ بنەماڵەی بارزانی و پارتی، زەمەنی کۆتایی پێهێنانە بە وە بەر شەق تێهەڵدان لە ئەندام و کادێرەکانی یەکیەتی لە لایەن بنەماڵەی بارزانی و پارتیەوە. گەڕاندنەوەی سومعەو هەیبەتی یەکیەتی نیشتمانیە وەکوو حزبێکی سۆسیال دیموکرات و پاککردنەوەی جەستەکەیەتی لە مۆرفینی خۆ بە کۆیلە کردن و خۆ ژێر دەستکردنی بۆ ئەقڵیەتی خێڵی بنەماڵەی بارزانی. وای دەبینم ئەم دوا چوار ساڵەی سەرۆکایەتی مام جەلال گەڕانەوە بێت بۆ پڕنسیبە بەرزەکانی یەکیەتی نیشتمانی و هاتنەوەی بۆ بەرەی گەل و ئۆپۆزسیۆن بۆ دوا ڕۆژێکی ئازادانەو دادپەروەرانەو شەرافەتمەندانەتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و یەکیەتی نیشتمانی بە تایبەتی. هیوادارم هەرواش بێت، چونکە بە جیا لەمە یەکیەتی نیشتمانی و سەرکردایەتیەکەی بە ناچاری دەبێت خۆیان چەشنی ماشێنی مۆدێل بە سەرچوو بۆ مۆزەخانەی مێژوو ئامادە کەن وە تیایا بکوژێنەوە بۆ یەکجارەکی.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە