ئاوا مه‌مره، تاڵه‌بانی!
Monday, 21/04/2008, 12:00
2176 بینراوە
سه‌رنج:
دوای سه‌دان وتار‌و هاواری ره‌خنه‌یی، ئه‌م هۆنره‌اوه‌یه‌م له نیسانی 2008 دا نووسی و له رۆژنامه‌ی ستاندارد و سایته‌کاندا بلاو بۆوه، به مه‌به‌ستی به خه‌به‌رهێنانی به‌ریز مام جه‌لال تا بزانێ خۆی و داروده‌سته حیزبییه بێ‌ویژدان و گه‌نده‌ڵه‌که‌ی چی‌یان به سلێمانی کردووه‌و چارههیهکی وه‌زعه‌که بکا. دیاره ئه‌مه پێش دروستبوونی گۆڕان و ئه‌و به‌زمانه‌ی دوایی بوون، به‌لام تا ئێستا رادده‌ی گه‌نده‌ڵی و بهرهلاییی مافیایی و وره‌وشی ژیانی مه‌رگه‌ساتی گه‌ل به ده‌ست جیاوازی و بێدادی و داگیرکاریی و نایه‌کسانییه‌وه له‌لایه‌که‌وه‌و وه‌زعی سیاسی کوردستان له‌لایه‌کی تره‌وه هه‌ر به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوا بۆیه به پێویستم زانی دووباره ئه‌م هۆنراوه‌یه بلاو بکه‌مه‌وه، به‌شکم ئێ، ویژدانێکێ مردوو زیندوو ده‌بێته‌وه‌و راده‌چه‌نێ؟ ته‌نیا که‌مێ ده‌سکاریم کردوه‌و چه‌ند وشه‌و رسته‌ی دووبارهبۆوهم لابردووه.
پێشه‌کی ئه‌سڵی هۆنراوه‌که:
[له‌م سه‌فه‌ره‌ی دواییدا، له کاتی نه‌ورۆزدا (2008)، به‌رێز مام جه‌لال ماوه‌یه‌کی باش له سلێمانی مایه‌وه. گوتم: ئێ ئه‌م جاره، به تایبه‌تی دوای نه‌خۆشییه‌که‌ی، گوێ له خه‌ڵک ده‌گرێ و هه‌ر نه‌بێ شتێ ده‌ڵێ! عاقیبه‌ت فه‌رمانی زمانبهستی ئه‌ندامانی حیزبه‌که‌ی خۆی کرده دیاری نه‌ورۆز بۆ شاره‌که‌مان. ئه‌م حه‌یرانه، یان هه‌رچی ناوده‌نێن، زاده‌ی ئه‌و حه‌یران بوونه‌یه).
(1)
ئاوا مه‌مره، تاڵه‌بانی!
مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که خوا نه‌خواسته، پێت له سه‌ر رۆخی قهبرهو، خه‌ریکی چڕینی دوا گۆرانی
نا..ره‌ببی عه‌مرت سه‌د ساڵی دی درێژ بێ، دوو سه‌د ساڵی دی:
به ساغیی، به سڵامه‌تیی، به سه‌ربه‌رزیی و کامه‌رانیی!
وه‌لی ئه‌من ده‌ڵێم مامی من! گه‌ر بۆ خۆت ده‌ژی، بۆ خۆت بژی: دنیا بۆ که‌س نامێنێ،
دوای ئه‌و هه‌موو ده‌ردی سه‌رییه،
کاتی هاتووه بۆ ته‌قاویتی و پشووی ره‌حه‌تی و وچانی!
بۆ خۆت بژی له قه‌سرێکی به‌غدایی سه‌ددامی،
له کۆشکێکی ئهستهمبوولیی ئه‌تاتورکیی،
له دیوه‌خانێکی ئه‌سه‌دیی دیمه‌شقی،
یان له ته‌لارێکی ئه‌حمه‌دیی تارانی!
واز بێنه، له هاوینه‌هه‌واری دوکانی،
له کۆشک و سه‌رای قه‌ڵاچوالانی،
له زه‌وی و زاری بابانی،
له کوخته‌ی که‌رکووکیان و خێوه‌تی ئه‌نفالکراوانی گه‌رمییانی
خوا نه‌یبڕێ، دۆستت زۆرن له چوار قورنه‌ی ده دنیایه،
گه‌ر میم سینی خۆشت سپڵه بن، که‌سێک ده‌بێ
تهقاویتییهکت بۆ ببڕێته‌وه‌و نه‌هێڵێ
بکه‌ویه حاڵی نه‌بوونی و سه‌رگه‌ردانی!
(2)
وه‌لی، گه‌ر بۆ ئێمه ده‌ژی، ئه‌وا چیدی وا مه‌ژی، نه واش بمره،
جه‌نابی شێخ جه‌لاله‌ددینی شێخ حیسامه‌ددینی تاڵه‌بانی!
ئه‌من له تۆ ده‌پرسم پرسێکی ساده، وه‌لامم ده‌وه به ئاسانی!
کوا مرۆڤی کورد، کوا کوردستان، کوانێ شاری سڵێمانی!
به مه‌زدا، ئه‌م شاره ناناسمه‌وه، ده‌گه‌ڕێم، وێڵم بۆ رۆحه‌که‌ی دارولمولکی بابانی!
نه نالی گه‌راوه‌ته‌وه حوجره‌که‌ی، نه مه‌وله‌وی چۆته‌وه هه‌له‌بجه،
نه ده‌بیسم سه‌دای سالم و کوردی و مه‌حوی و ساحێبقڕان و سه‌لام و گۆران - ی!
کوا پیره‌مێرد و پرۆژه‌ی زانستی ئه‌وروپا بۆ کچانی؟
کوان ئه‌و کچانه‌ی سنگیان له هه‌ڵمه‌تا ده‌کرده قه‌ڵغانی؟
کوا شێره برسییه‌که‌ی فانی؟
کوا بۆ نه‌ژیاوه‌ته‌وه جه‌مال عیرفانی؟
بۆ نه‌هاتۆته‌وه جه‌مال غه‌مباری، شارباژێریی، په‌شێوی،
سه‌رجه‌می نوخبه‌ی ئاواره‌ی هه‌نده‌رانی؟
بۆ نابیسم جۆش و خرۆشی ئۆپه‌را و سینه‌ماو شیعر و شانۆ و گۆرانی؟
بۆ قه‌ندیل نایه‌ته ئه‌زمڕ و ئه‌زمڕ ناچێ ماچ کا پێیه‌کانی؟
بۆ دیاربه‌کر دیداری دیار نییه و عاجزه شێخ سه‌عیدی پیرانی؟
چی به‌سه‌رهات هه‌ڵه‌بجه‌ی ئاهورامهزداو هه‌ورامانی؟
بنکه‌ی که‌لتووری نه‌ته‌وه‌و بێشکه‌ی گه‌وره زانایانی؟
کوا هێمای هێرۆشیمای کورد‌و ناونیشانی؟
تۆ قه‌ت نه‌تپرسی چما خۆیان ده‌کوژن، گه‌نجانی؟
چما خۆیان ده‌سووتێنن ژنانی؟
تۆ قه‌ت رۆژێ، راوێژێکت کرد له گه‌ڵ عادیله خانی
پرسێکت کرد به قوربانیانی؟
(3)
هاتمه‌وه وامزانی کچه حه‌ڤده ساڵییه‌که‌م ئێستا قسان ده‌کا به پێنج شه‌ش زمانان
له قوتابخانه‌ی بالیه ده‌رچووه‌و ده‌یبه‌م بۆ ئه‌وروپا
بۆ پێشبڕکه‌ی جیهانی
که‌چی بینیم پرچیان بڕیوه، سه‌ریان تاشیوه، (تاله‌بان) ی عه‌لمانی
(دوعا)ی کچم ده‌که‌ن به‌رده‌بارانی
مامه، له تۆم ده‌وێته‌وه رۆحی شاره‌که‌م
شاری ئازادی و رۆشنبیریی، شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی
له تۆم ده‌وێته‌وه ده‌زگیرانه‌که‌م: که به جێم هێشت، منداڵ بوو، خوێنده‌وار بوو،
ده‌هات بۆ کۆڕی نووسه‌ران و سه‌رگه‌رمیی شاعیرانی
که هاتمه‌وه به دوای دا گه‌ڕام، سه‌ریان بڕیبوو، له به‌رده‌می جه‌نابتدا،
فڕێیان دابووه ناو گۆمی (دوکان)ی
هه‌موو جارێ که دێیه‌وه شاری، ده‌ڵیم حه‌تمه‌ن
ئه‌م جاره مامه شتێ ده‌ڵێ، شتێ ده‌کا، ده‌زانێ دنیا هیچه،
خۆ ته‌مه‌نی درێژ ناکا ژماره‌ی دۆلاره‌کانی
ئاخر خوا هه‌ڵناگرێ: ئه‌م خه‌ڵکه وا به‌جێ ناهێڵێ به نیگه‌رانی
وتم نا بۆ خۆم ده‌چم دادی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی بۆده‌به‌م،
رێ‌یان نه‌دا پاسه‌وانی
(4)
که‌چی که دێیه‌وه ئه‌م شاره قڕوقپ ده‌که‌ی
خه‌ریکی تێکه‌و لێکه‌ی رازی په‌نهانی:
باران بڕانه،
کچ کوژرانه
ژن سووتانه
خۆکوشتنی لاوانه
مه‌رگی به‌کۆمه‌لی سهرجاددهکانه
زیادکردنی سه‌ره‌تانه
هێرشی تورکانه،
تۆپبارانی ئێرانه،
ئاواره‌بوون و قوڕبه‌سه‌ریی خه‌ڵکی بنارهکانه،
کۆچی به لێشاوی گه‌نجانه،
گرتن و تێهه‌ڵدانی لاوه غه‌مبار و رهشپۆشهکانه،
رێلێگرتن و راوه‌دوونانی رۆژنامه‌نووسانه،
چه‌ندباره کوشتنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کانه،
جه‌ژنی گه‌نده‌ڵ و چه‌په‌ڵ و ده‌غه‌ڵ و دزانه
ده‌ڵیی په‌یامی نه‌فره‌تیی ئه‌هریمه‌نێکی ئاسمانی
ئه‌م شاره‌ت کردۆته شاری دزیی و داوێنپیسی و دواکه‌وتن،
شاری گه‌وادیی و گه‌نده‌ڵیی و گرانیی
یه‌ک به یه‌ک ئینتیحاریان کرد هه‌موو شته جوانه‌کانی
زانکۆکانت زیانکۆن، "مه‌عمه‌لی مریشکی بووده‌ڵه و هێلکه‌ی پیسن"،
ستانداردیان سفره به پێوانه‌ی ئه‌کادیمیای جیهانیی
تاقه به‌رهه‌مێكی خۆماڵی له‌م خاکه پاکه‌دا نه‌ما
له گه‌ڵ کاکه (نێچیر) ی هه‌مووتان به گه‌نده‌ڵی به‌خشی
به شه‌ریکه‌ی خایه‌نی تۆرانیی
پاشه‌رۆژی ئه‌م گه‌له‌ت وه‌ک که‌باب فڕێداوه‌ته ناو زێراب،
كه‌چی مێشیشت میوان نییه، نقه‌ت لێوه نایه،
قسه‌یه‌ک بۆ ئه‌م خه‌ڵکه ناکه‌ی،
ده‌ڵێی کوردیت له بیرچۆته‌وه و، بوویته عاره‌ب یان ئێرانی
باوه‌ڕ ناکه‌م، هێشتا، هێشتا،
هه‌ر پاره‌ی پارووی دزراوی ده‌می منداڵانی ئه‌نفال ده‌به‌شیه‌وه،
بۆ گه‌نده رۆشنبیر‌و رۆژنامه‌نووسی سۆزانی
هه‌تا بیان که‌ی به سه‌ی هاری پاسه‌وانی
بۆ تهکهتتولی گهندهڵچییان و په‌لاماری ئازادیی و بیری یه‌کسانیی!
"پاره‌یان ببڕن، ده‌ریان که‌ن، مه‌حکه‌مه‌ی تایبه‌تیان بۆ دانێن
گه‌ر که‌سێ هه‌ناسه‌ی ئازاد با و ره‌خنه بگرێ له مامانی!"
ئافه‌رین، سهرکۆمـاره پارێزه‌ره یاساناسه رۆشنبیره دیمۆکراته‌که‌ی ئاخیر زه‌مانی،
ئاخر، حیزب پاره‌ی له کوێ بوو: جگه له خوێن و خیانه‌ت،
یان گه‌نده‌ڵیی و دزیی و تاڵانیی!
مامه، له تۆم ده‌وێته‌وه رۆحی شاره‌که‌م
شاری ئازادی و رۆشنبیریی، شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی
مامه، نغرۆ بووه شاره‌که‌م ، نایدۆزمه‌وه،
هه‌ڵی لووشیوه (ئیداره‌ی گشتی)
به قوولیی، به به‌رزیی، به درێژیی، به پانیی
گه‌نده‌ڵ بووه هه‌ر شتێ ده‌ستی ده‌ده‌یتێ
مانا‌و ناوی نه‌ماوه کۆمه‌ڵگای شارستانی
ژیان نه‌ماوه بۆ دانیشتووانی
قه‌سته‌م به زاتی شێخ ره‌زا، گه‌ر ئه‌و بێرهزایه مابا،
ئێستاکه نه‌تده‌توانی
به‌م حاڵه‌وه، پێ بنێیته‌وه سه‌رئه‌رزی سه‌ربه‌رزی بابانی
نه‌یده‌پرسی له خزم و خوێش، یان پیریی و نه‌وجه‌وانی،
.(..........................) ....
(5)
ئاوا مه‌مره، تاڵه‌بانی!
گه‌ر خاوه‌نی تاقه یه‌ک رۆژ تێکۆشانی
گه‌ر خاوه‌نی تۆزقاڵێ هه‌ست و ویژدانی
ئاوا مه‌مره، تاڵه‌بانی!
ئاوا مه‌مره، حه‌یفه بۆ خۆت و بۆ ئێمه‌ش،
که ویستمان، ده‌مانه‌وێ، ببیه سه‌رۆکێکی سه‌ربه‌رزی،
گه‌لێکی ئاماده‌ی قوربانیی
گه‌لێکی بێ سه‌رکرده و پشتیوانیی
ده‌رفه‌ت ماوه، گه‌ر بته‌وێ ده‌توانی، ده‌زانم که ده‌توانی،
بژێیته‌وه، بژێیته‌وه، بژێیته‌وه، به نه‌مری، به جاویدانی:
شه‌قێ هه‌ڵده له بنه‌ماڵه‌چێتیی، پێوه‌ندی پیسی خێزانیی،
شه‌قێ هه‌ڵده له حیزبایه‌تی و حیزیی حیزه‌کانی
ته‌قاویت که، هه‌موو ده‌سته‌ی شاخ،
به یاسای رێزلێگرتن و به‌خشنده‌یی و میهره‌بانی
رێگه خۆش که، بۆ جیلێکی نوێی رۆشنبیر و لێزانیی:
ده‌ستووری دیمۆکراتی،
دادوه‌ریی سه‌ربه‌خۆ،
په‌رله‌مانی راسته‌قینه،
کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی سه‌ربه‌ست،
میدیای ئازاد،
حوکمی یاسا،
هیوا، بڕوا، به‌ها،
داد و ده‌رفه‌تی یه‌کسانیی
ئازادی بێسنووری رۆڵه‌کانی،
بکه بناغه و میراتی خۆت،
بۆ ده‌وڵه‌تی کوردستانیی.
(6)
مامه، تو هه‌ققی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی
كه دێیته‌وه وا وه‌ره‌وه - ده‌نا مه‌یه‌وه سلێمانی
مامه. مادام مردن هه‌یه، به گیانی تۆ بێسووده، دارایی و ده‌سه‌لاتی سوڵتانیی
ده‌سه‌ڵاتت ناڕوا به سه‌ر لێدانی دڵی خۆشتدا و ، چۆڕاوگه‌ی چرکه‌کانی
ئاوا مه‌یه‌وه ئه‌م شاره
بۆ خۆت بژی له قه‌سرێکی به‌غدایی سه‌ددامی،
له کۆشکێکی ئهستهمبوولی ئه‌تاتورکیی،
له دیوه‌خانێکی ئه‌سه‌دیی دیمه‌شقی،
یان له ته‌لارێکی ئه‌حمه‌دیی تارانی!
[جێنوه/له‌نده‌ن نیسانی 2008)