کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەكی كراوە بۆ بەڕێزان كاك نەوشیروان مستەفاو مامۆستا عەلی باپیرو مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین

Tuesday, 08/03/2011, 12:00


بەڕێزان كە ئێستە وەك سەركردەی هەر سێلایەنی ئۆپۆزسیۆن ئەندامانتان لەپەرلەماندا هەیەو بەشداری ئەو حكومەتە ئیفلیجەتان نەكرد كە هەر لەسەرەتاوە یەكێتی و پارتی ئامادە نەبوون سەرۆك و جێگرو وەزیرەكانی كاندیدی حكومەت بگێڕنەوە بۆ وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان، بۆیە ئێستە كاتی ئەوە هاتووە وەفاداری تەواو بنوێنن بەرامبەر بەو دەنگانەی كە دەكاتە 37 كورسی پەرلەمان و زۆرینەی دەنگی ئەم خەڵكە بووە كە ئێستە ماوەی 19 ڕۆژە لەمەیدانی ئازادی ڕوبەڕووی حكومەت وەستاونەتەوەو داخوازییان هەیە، بەڵام حكومەت هیچ وەڵامێكی نییەو خۆی كردووە بە كەڕ لەئاست داوا ڕەواكانماندا، ئێوە لەبەڵێنەكانی پێش هەڵبژاردندا پەیمانتان پێداین هەموو تواناتان بۆ بەجێهێنانی داخوازی خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان بخەنەكار، ئێستە گەنجان خوێنیان بەخشیوە بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی لەم وڵاتەدا بۆیە كاتی ئەوە هاتووە چیتر لەگەڵ یەكێتی و پارتی دەست هەڵگرن لە كۆبونەوە، چیتر بڕوا مەكەن بەوەی كەبەڵێنەو پێتان دەدەن، ئەوان كەنەیانتوانیوە لە 20 ساڵادا خاوەنی بەڵێنەكانیان بن و خوێنی شەهیدان و كەسوكاری قوربانیانی كیمیاباران و ئەنفالیان گۆڕیوەتەوە بەم بارودۆخە، ئیتر دەبێ ئێوە چی هیوایەكتان بەبەڵێنی ناڕاست مابێت؟ دڵنیاتان دەكەینەوە كە ئەوان هەرچی بكەن بۆ مانەوەی خۆیانە كە لەگەڵ ئێوە كۆدەبنەوە، پێیان وایە ئێوە دەتوانن ئەم خەڵكە ڕاپەڕیووە هێور بكەنەوە، دڵنیاتان دەكەمەوە ئێمە هێور نابینەوە ئەگەر ئێوەش بەڵێنی هێور بونەوە بدەن!! دڵنیاتان دەكەینەوە بەبێ وەڵامی تەواوەتی داخوازییەكانمان هەرگیز ئەم مەیدانەو مەیدانەكانی تری شارو شارۆچكەكان چۆڵ ناكەین ئەگەر زیاترمان لێ شەهید بكەن و سەدانی تریشمان زیندانی بكەن و ماڵ بەماڵ بەشوێنماندا بگەڕێن ئێمە هەر لەمەیدانی ئازادین و هەر لێرەش دەمێنینەوە.
بۆیە كاتی خۆیەتی ئەی سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن كاك نەوشیروان و مامۆستا سەلاحەدین و مامۆستا عەلی باپیر وەرنە مەیدانەكەمان، ئەگەر تاكو ئێستەش دودڵن لەوەی لەهەولێر پارتی پەلاماری بارەگاكانتان دەدات، كاك نەوشیروان دڵنیات دەكەینەوە كەلەوە زیاتریان پێناكرێ كە بارەگاكانی گۆڕانیان سوتاند.
مامۆستا سەلاحەدین ئەگەر مەترسی دوبارە بونەوەی كارەساتی سوتاندنی بارەگاكانی بادینانتان هەیە ئەوە دڵنیا بن ئەمجارە ئێمە هەموومان دەبینە درعی بەشەری بۆ پاراستنی بارەگاكانتان ئەگەر چەك بەدەستەكانی یەكێتی و پارتی بیانەوێ بێنەوە سەرتان.
مامۆستا عەلی باپیر ئەگەر ترسی پەلاماری پارتیتان هەیە، باوەڕناكەم لەوە بترسن و لەگۆڕان زیاتر بن، خۆت باش دەزانی هەر یەكێتی و پارتی بوو وایانكرد تۆ 2 ساڵ بكەنە زیندانەوە دڵنیابن ئێستە ئەو قۆناغە نییە، ئێستە گەل هۆشیارترەو دەستی بەخەباتێكی گەورەی سپی كردووە تكایە وەرنە سەر شەقام، بەڵێنتان دەدەینێ ئەم بارودۆخە دەگۆڕین، تەمەنی زوڵم و ستەم و گەندەڵی و ناعەدالەتی حكومەتی كوردیی هێندەی نەماوە، وەرنە سەر شەقام وەك سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن لەوڵاتانی میێرو تونس كە پشتیوانی ڕاستەوخۆی گەلەكەیان بوون و لەناو خۆپیشاندانەكاندا بوون..
ئێمە ئەوانەین كە تەمەنێكە ناڕەزایەتیمان هەیەو هەریەكەمان لەشوێنی خۆیەوە هەوڵیداوە ئەم بارودۆخە بگۆڕێ بەڵام ئێستە هەموومان 17ی شوبات كۆیكردوینەتەوە، ئێمە ئازادیخوازین و ژیانمان دەوێ ئێمە گێرەشێوێن نین و مافی خوراومان لەیەكێتی و پارتی دەسەنینەوە، تكاتان لێدەكەم پشتیوانی ئەم شۆڕشە بن بەكەناڵە ئاسمانییەكانتان بڵێن پەخشی ڕاستەوخۆیان بێننە ئەم مەیدانە، وەك چۆن گەلی تونس و میێرو لیبیا قەرزاری كەناڵی ئەلجەزیرەن با ئەم شۆڕشەی مەیدانی ئازادیش قەرزاری كەناڵی كەی ئێن ئێن و پەیام و سپێدە بێت دڵنیابن ئەگەر بیانەوێ وەك نالیا و ڕادیۆی دەنگ كەناڵەكانتان بسوتێنن ئەمجارە دەبێت بەئێمەوە كەناڵەكانی میدیای گوازەرەوەی ڕووداوەكانی مەیدانی ئازادی بسوتێنن، ئەگەر بیانەوێ بێنە سەر ماڵەكانتان ئامادەین شەوان پاسەوانی ماڵەكانتان بكەین، بەڕاشكاوی و بە ئاشكرا بەئەندام و لایەنگرەكانتان بڵێن با بێنە مەیدانەكانی ئازادی .
لەكۆتایی ئەم نامە كراوەشدا بەفرسەتی دەزانم كە چەپەكانی كوردستان ئاگادار بكەمەوە ئەوانەی بەردەوام لەدەسەڵات ناڕازی بوون بەڵام ئێستە تاكە وەزیرێكیان هەیە لەحكومەتەكەی بەرهەم ساڵحدا با بیكێشنەوە لەحكومەت بەتایبەت كەئێستە وەزیرەكەی بەدەنگی ئەوان چۆتە حكومەت بووە بەوتەبێژی ئەو حكومەتە كەڕو لاڵە، هەمان كات داوا دەكەم بزوتنەوەی ئیسلامی كە خاوەنی وەزیری ئەوقافن، بڕیاری كشانەوە لەو حكومەتە بدەن كەهەر دەبێت بگۆڕێ بەحكومەتێكی تەكنۆكرات لەسەر داخوازی خەڵكی خۆپیشاندەر.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە